شه‌ریف هه‌ژاری: ئایا بەم ڕێکەوتنە كێشه‌ی هه‌رێم و به‌غداد چارەسەر دەبێ، چارەنوس و چارەی کورد چییە!؟
پێش ئه‌وه‌ی ڕژێمی سه‌دام بڕوخێت، له ڕوی سیاسییه‌وه هه‌رێم خاوه‌نی سه‌ربه‌خۆیی بڕیاری سیاسیی بو. سه‌ركرده‌كانی ئه‌وسای ‘یه‌كێتیی، پارتیی، بزوتنه‌وه و حسك’ له‌بری ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ییانه بیربكه‌نه‌وه‌و ستراتیژێكی تۆكمه بۆ حوكمڕانی هه‌رێمێكی یاساسەروەر دابڕێژن و جێ به‌جێی بكه‌ن، زۆر زوو ده‌ستیان كرده شه‌ڕی ناوخۆ و دیلكوشتن و هێنانی سوپای داگیركه‌ران بۆ سه‌ر خاكی كوردستان و، بردنی ملیاران دۆلاری بودجه و سامانی هه‌رێم و، ئاودیوكردن و فرۆشتنی زۆربه‌ی كه‌ره‌سته‌كانی فه‌رمانگه‌كانی هه‌رێم به ئێران.
ئه‌زانم له‌لای مرۆڤه حیزبییه هه‌ڵچووه چهقهسرۆكان: ناشوكری كردن به‌رانبه‌ر خودای خالق ئاساییتره تاوه‌كو ڕه‌خنه‌گرتنی لۆژیكی له سه‌ركرده‌كانیان. به‌ڵام له‌و هه‌مو نه‌هامه‌تییه‌ی كه توشی خه‌لكی هه‌رێم هات، سەرکردەکانی حیزبەکان كه هه‌مویان سه‌رپه‌رشتی شه‌ڕه‌كانی ناوخۆیان كردوه، به‌رپرسیارن. شه‌ڕی ناوخۆ و خۆدهولهمهندكردنی بنه‌ماله‌كانی سه‌ركرده‌كان بوبه‌هۆی ئه‌وه‌ی زێڕینترین ده‌رفه‌ت بۆ ‘خۆسه‌لماندنی حوكمڕانییه‌كی ته‌ندروست له هه‌رێمی كوردستان’ له‌بار ببرێت و، خۆ ئاماده‌سازیه‌كی ستراتیژییان نه‌بێت بۆ ساتی ڕوخاندنی سه‌دام.
زۆرینه‌ی به‌ڵگه‌نامه نهێنییه‌كانی به‌ریتانیا و سی-ئای-ئه‌ی سه‌باره‌ت به سه‌ركرده‌كانی كورد جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه، كه: سه‌ركرده‌كانی كورد خاوه‌ن تێفكرینی ستراتیژی نین. زۆرینه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كان به مام جه‌لال ده‌ڵێن: ”سیاسییه‌كی ته‌كتیكییه”. به نه‌وشیروان ده‌ڵێن: ”سیاسییه‌كی ڕۆژنامه‌نوس”، واته ئه‌میش هه‌ر به ته‌كتیكی پێناسه ده‌كه‌ن. به مه‌سعود به‌رزانیش ده‌ڵێن: ”نه‌ته‌وه‌ییه‌كی كلاسیكییە”.
كاتێك له ڕوی سیاسییه‌وه سه‌ركرده‌كانت غیابی تێفكرینی ستراتیژییان هه‌بێت، كه‌وابو نازانن چاره‌سه‌ری ستراتیژی پرسی كورد چیه. خۆ ئه‌گه‌ر بشی زانن، ماده‌م عه‌قڵیه‌تیان ستراتیژی نیه، هه‌ر نازانن چۆن هه‌نگاو بۆ هێنانه‌دی ئامانجی ستراتیژی بده‌ن!
به‌كرده‌وه سه‌لمێنرا، كاتێك ڕژێمی سه‌دام ڕوخا، ‘مام جه‌لال و مه‌سعود به‌رزانی و نه‌وشیروان مسته‌فا’ هیچ هه‌نگاوێكی ستراتژیان نه‌بو، عه‌لی باپیریش له ته‌له‌فزیۆنه محەلییەکەی خۆیەوە غه‌زای دژی ئه‌مریكای تاغوت ڕاده‌گه‌یاند! به‌لام دواتر كه دۆلار له په‌رله‌مانی به‌غدا بو، ئه‌مریكا بو به ڕزگاركه‌ر!
مام جه‌لال و مه‌سعود به‌رزانیی و نه‌وشیروان مسته‌فا له بری ئه‌وه‌ی هه‌نگاوی ستراتیژییان له موسڵ و كه‌ركوك بگرتبایەتەبەر، كه‌وتنه دوای نییەتە ڕۆژنامهنوسییهكانی نه‌وشیروان مسته‌فا گوایه: ‘له ده‌ستوری عێراقی نوێ دا مافه‌كانی كورد ده‌چه‌سپێنن’.
ئه‌م عه‌قڵییه‌ته ڕۆژنامهنوسییانهی كه نه‌وشیروان هه‌یبو و ئه‌ندامی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستور بو، فڕی نه‌بو به مرۆڤێكی ستراتیژیزانی تورك و فارس و عه‌ره‌ب ناس! ئه‌گینا خۆ عه‌بدولكه‌ریم قاسمیش له ده‌ستوردا چه‌سپاندی كه كورد و عه‌ره‌ب بران و جێگری سه‌رۆككۆمار و دوو وه‌زیر و قائید فیرقهشی به كورد به‌خشی، ئه‌وكات مه‌لا مسته‌فا سه‌ركرده‌یه‌كی زۆر به‌هێزیش بو و پارتیی هه‌مه‌كاره‌ی كوردستانیش بو، به‌لام سیاسه‌تی ته‌عریبكردن له موسل و كه‌ركوك هه‌ر نه‌ده‌وه‌ستا، بۆچی!؟ چونكه ده‌ستور لای تورك و فارس و عه‌ره‌ب هه‌رگیز جێ به‌جێ ناكرێت. به‌تایبه‌ت له ئاست مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد!
به‌كورتی، له مێژوو بڕوانن كورد له باشوری كوردستان له ڕوی دیمۆگرافیاوه چه‌ندێك پاشه‌كشه‌ی كردوه!
به پێی به‌ڵگه‌نامه‌كان، له ده‌ورانی چه‌رخی میژووی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست دا، سنوری باشوری كوردستان تا تكریت بوه. هه‌ربۆیه‌شه خانه‌واده‌ی سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی كورد له‌و سنورهبون، چونكه تا ئه‌وناچانه هی كورد بوه.
له سه‌ره‌تای چه‌رخی نوێی مێژو و فراوانخوازی عوسمانییه‌كانیش دا، موسڵ به ته‌واوی هی كورد بوه. ده‌یان به‌ڵگه‌نامه‌ی به‌ریتانیی و گه‌ڕیده‌ی ئینگلیز كه هی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ن ئه‌و حه‌قیقه‌ته پشت ڕاست ده‌كه‌نه‌وه. هه‌ر ئه‌وه‌ش بو، كاتێك كه به‌شێكی هه‌مه‌وه‌نده‌كان به سه‌ركردایه‌تیی مه‌حمود خدری هه‌مه‌وه‌ند به شۆڕشی پارتیزانی له لیبیایه‌وه تا گه‌شتنه‌وه به كوردستان نۆ مانگیان پێچ‌و و سه‌دان كه‌سیان لێ شه‌هیدكراو سه‌دانیشیان له عوسمانییه‌كان كوشت. كه‌چی كه هاتنه‌وه، سوڵتان عه‌بدولحه‌مید به فه‌رمی دانوستاندنی له‌گه‌ڵ مه‌حمود خدر دا كرد و كردیه لێپرسراوی لایه‌نی سه‌ربازی موسڵ وەک حوکمڕانی ناوچەکانی کوردستان. چونكه بە ناوه‌ندی موسڵیشەوە له‌و سه‌رده‌مه‌دا كوردنشین بوه. ئه‌مه من نایڵێم: به‌ڵگه‌نامه ئینگلیزه‌كان پشت ڕاستی ده‌كه‌نه‌وه.
له پاش دروستبونی عێراقیش، عه‌ره‌ب زیاتر كشان ڕوه‌و ناوچه‌كانی تری كوردستان، بۆیه مه‌لا مسته‌فا وه‌ك ئه‌مری واقیع ته‌نیا داوای كه‌ركوكی ده‌كرد و داوای ناوه‌ندی موسڵی نه‌ده‌كرد. ئه‌وكاته، عه‌ره‌به‌كان ئه‌وه‌یان نه‌ده‌شارده‌وه كه كه‌ركوك هی كورده و، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورد له عێراق جیانه‌بنه‌وه نایگه‌ڕێننه‌وه بۆ ناوچه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی مه‌لا مسته‌فا!
به‌ڵام له پاش ڕوخاندنی سه‌دام، سه‌ركرده‌كانی كورد چی‌یان كرد! نه‌وشیروان به بیركردنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌نوسانه‌وه ده‌ڕۆشت: ده‌ستوری عێراق بنوسنه‌وه‌و مافه‌كانی كورد دیاری بكه‌ن! واته: ده‌ڕۆشتن عێراق بۆ عه‌ره‌ب دروستبكه‌نه‌وه! له بری ئه‌وه‌ی به كرده‌وه كه‌ركوك بۆ هه‌میشه بكه‌نه موڵكی كورد. هه‌ر سه‌ركرده‌كانی كوردیش بون كه داهێنه‌ری دابه‌شكردنی پۆسته‌كانی كه‌ركوك بون به سێ به‌شی یه‌كسان به‌سه‌ر كورد و عه‌ره‌ب و توركمان دا! واته، به‌و پێیه بێت: كه‌ركوك دوو به‌شی هی عه‌ره‌ب و توركمانه و، ته‌نیا به‌شێكی هی كورده! ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ته‌واوی بنه‌ما یاسایی و میژوویی و جوگرافیی و دیموكراسییه‌كان بو! چونكه كه‌ركوك به‌ڕونی هی كورده. به‌لام ئه‌مان ده‌چون له‌وپه‌ڕی لاوازی عه‌ره‌ب و توركمان دا، دوو به‌شیان به‌وان ده‌دا. گوایه: دیموكراسیخوازن! له كوێ دیموكراسیخوازن: له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. به‌رانبه‌ر كێ: به‌رانبه‌ر عه‌ره‌ب و توركمان! عه‌ره‌ب و توركمان كێن له كه‌ركوك: داگیركهریشن! له ڕوی سیاسییه‌وه، وردببنه‌وه له‌م عه‌قڵیه‌تانه‌ی سه‌ركرده‌كانی كورد كه چه‌ندێك بۆ ستراتیژ زه‌ره‌ر له كورد ده‌دات! چونكه سیاسه‌تزانی قۆستنه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت نین و ئاماده‌سازی ستراتیژییان بۆ نه‌كردوه!
ئێستا سه‌ركرده‌كانی كورد چی ده‌كه‌ن، ته‌نیا خواستیان جێ به جێ بونی نیوه-بودجه‌یه‌كه له به‌غداد!
كه‌وابو، به‌هۆی نه‌بونی عه‌قڵیه‌تی ستراتیژی لای سه‌ركرده‌كانی كورد، كه ته‌نیا ته‌ركیزیان له‌سه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی بنه‌ماڵه‌كانیانه، تا دێت كورد له ڕوی دیموگرافییهوه پاشه‌كشه ده‌كات، به‌جۆرێك یه‌كێتیی و گۆڕان و كۆمه‌ڵ ڕازیبون ته‌نیا وه‌ك مقه‌با باره‌گاكانیان به‌بێ ده‌سه‌ڵاتانه له كه‌ركوك بمێنێته‌وه!
ڕێكه‌وتنی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غداد هه‌رگیز ستراتیژی نابێت. ڕێكه‌وتنی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غداد هه‌میشه ته‌كتیكییه چونكه له بنه‌مادا تورك و فارس و عه‌ره‌ب بڕوایان به مافی نه‌ته‌وه‌یی كورد نییه و ناشبێت! ئه‌گه‌ر ئێستاش به فشاری ئه‌مریكا و ئه‌وروپا نیوه-بودجه‌یه‌ك بۆ كورد بنێرن، له داهاتوش هه‌ر ده‌یبڕن. ئەوەش کە جه‌ماعه‌تی نه‌وشیروان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتو جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه كه دەبێت هه‌رێم مه‌له‌فی نه‌وت و غاز ته‌سلیمی به‌غداد بكات، ئیتر به‌غداد مافه‌كانی كورد ده‌دات، ئه‌و بیركردنهوەشیان هێنده‌ی هه‌ڵه گه‌وره مێژووییه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا و عه‌لی باپیر، هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره و زه‌قه. چونكه سالانی سه‌ره‌تای ڕوخاندنی سه‌دام، عه‌ره‌ب له به‌غدا خۆیان نه‌گرتبو و له ناو تهقینهوهدابون، به‌لام ئێستا خه‌ریكه خۆیان ده‌گرن. هه‌رچه‌نده ده‌یان هێزی میلیشیاشیان هه‌یه، به‌لام هه‌ر هه‌مویان بڕوایان به مافه‌كانی كورد نییه. گه‌ر كورد ههموشتێكیشیان ته‌سلیم بكات، ئه‌وان هه‌ر له ڕوی ستراتیژییه‌وه به ئاڕاسته‌ی له ناوبردنی هه‌رێم هه‌نگاو ده‌نێن. له سیاسه‌تیش دا: ‘پاشه‌كشه پاشه‌كشه‌ی به‌دوادا دێت’. كه‌وابو، تا هه‌رێم له مافه‌كانی پاشه‌كشه بكات، به‌غدا زیاتر هه‌نگاوی زاڵبون به‌سه‌ر هه‌رێم دا ده‌نێت.
ئه‌ی كه‌وابێت: چاره‌سه‌ری ستراتیژی چییه!؟
ته‌نیا چاره‌سه‌ری ستراتیژی بریتییه له: چاكسازی گشتگیری ستراتیژی كه هه‌رێم بیسه‌لمێنێت ئه‌توانێت حوكمێكی ته‌ندروستی خۆی بكات!
من له مه‌سرور و قوباد و چیای نه‌وشیروان كه پێكهێنه‌ری حكومه‌تن، ئه‌پرسم: به چ یاسایه‌كی مه‌ده‌نی په‌رله‌مانتار پێش ته‌مه‌نی شه‌ست ساڵی بۆیان هه‌یه به موچه‌ی قه‌به‌وه خۆیان خانه‌نشین بكه‌ن!؟ چۆن ده‌بێت په‌رله‌مانتار گه‌ر له هه‌ژده ساڵ گه‌وره‌تر بێت بتوانێت خۆی خانه‌نشین بكات، خۆ په‌رله‌مانتار له ڕوی زانستییه‌وه پله بالا نیه و هیچ پله‌یه‌كی حكومی، به‌لكو ته‌نیا نوێنه‌ری خه‌ڵكه بۆ چوار ساڵ!
من له عه‌لی باپیر ده‌پرسم: تۆ خودا په‌رستیت و حیزبه‌كه‌شت دادگه‌رییه، بۆچی به ته‌مه‌نی نیمچه-گه‌نجییه‌وه موچه‌ی قه‌به‌ی خانه‌نشینی پهرلهمانتاریت قبول كرد، بۆچی پهرلهماناره گهندهكانیشت قبولیان كرد، ئایا ئه‌مه‌یه خواپه‌رستییه ڕاسته‌قینه و دادگه‌رییه ڕهستهقینهكهتان!؟
من له مه‌سرور و قوباد و چیا، ئه‌پرسم: ئایا هه‌ریه‌كێك له په‌رله‌مانتارانی كوردستان، پاسهوانانیان بۆچییه!؟ ئیشی په‌رله‌مانتاران ناو خه‌لكه، پاسه‌وانیان بۆ چییه!؟
من له مه‌سرور و قوباد و چیا، ئه‌پرسم: كامه‌یه كاركردی ستراتیژی دبلۆماسیی نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم له ولاتانی ده‌ره‌وه؟ كاك قوباد له چاوپێكه‌وتنیك دا ده‌یوت: ”كاتێك نوێنه‌ری هه‌رێم بوم له ئه‌مریكا عاشقی ئه‌و كچه ئه‌مریكییه بوم و هه‌مو بیركردنه‌وه‌م له‌ودا كۆبوبویهوهو له ئاستیی دا خۆم نه‌ده‌گرت!”. سوپاس بۆ خودا كه عه‌شقه‌كه‌ت هاته‌دی و به نسیبت بو، به‌ڵام كاكه قوباد: دبلۆماتكار ده‌بێت نه‌هه‌ستی خۆشه‌ویستیی هه‌بێت، نه هه‌ستیی ڕق، به‌ڵكو ته‌نیا ئامانج و بیركردنه‌وه‌ی هێنانه‌دی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بێت! دبلۆماتكار و عه‌شق و غه‌رامات: كوجا مه‌رحه‌با!
به‌ئێستاشه‌وه، نه‌چوه بچێت. كورد گه‌ر له حوكمڕانیی هه‌رێم دا بهڕادیكاڵیی به‌خۆیدا نه‌چێته‌وه‌و چاكسازی گشتگیری ستراتیژی نه‌كات، له ڕوی ستراتیژییه‌وه، بهرهگهی په‌راوه‌ی سیاسیی به‌غداد ناگرێت!
بۆ ئه‌وه‌ی كورد له ڕوی ستراتیژییه‌وه بۆ هه‌میشه خۆی بسه‌لمێنێت: ده‌بێت له حوكمڕانیكردنی خۆی دا، خۆی بسه‌لمێنێت. به ئێستاشه‌وه ده‌توانم ستراتیژێكی تۆكمه‌ی گشتگیری چاكسازی دابڕێژم و پراكتیزهبكرێ و، حوكمه‌تی هه‌رێم خۆی بگرێت. به‌ڵام هه‌ر ده‌بێت هێزه‌كانی هه‌رێم به پراكتیكی بێنه سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته. ئه‌گینا ئیراده‌ی دانیشتوانی هه‌رێم و غروری سیاسیی كوردبونیان و بیری نه‌ته‌وه‌ییان تێك ده‌شكێت و داده‌ڕوخێت و، حیزبه‌كانی هه‌رێم لێی به‌رپرسیارن.
به‌سه چیتر با كورد توشی پاشه‌كشه‌ی دیموگرافیی نه‌بێت، ئه‌گینا چۆن سه‌د ساڵ پێش ئێستا موسڵ كوردنشین بو، په‌نجا ساڵی تر كه‌ركوك عه‌ره‌بنشینه! ستراتیژیش ده‌بینین!
به‌سه خۆتان له حوكمڕانیی دا بسه‌لمێنن چونكه به‌غداد وه‌ك ته‌كتیك و كات-كوشتن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ڕێكه‌وتنه‌كان له‌گه‌ل هه‌رێم ده‌كات. بۆ ئه‌وه‌ی ئێوه‌ش وه‌ك ته‌كتیك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕێكهوتنانهدا بكه‌ن، له ڕوی ستراتیژی حوكمڕانییه‌وه خۆتان بسه‌لمێنن و چاكسازی گشتگیری ستراتیژی بكه‌ن. ئه‌گه‌ر یه‌كێتیی نایكات: با پارتیی له دهۆك و هه‌ولێر بیكات. ئه‌گه‌ر پارتیی نایكات: با یه‌كێتیی له سلێمانیی و هه‌ڵه‌بجه بیكات! به‌سه دزینی پاره‌ی گومرگهگان و قاچاخچێتیی سنوره‌كان، به‌سه كڕینی وێبسایت و ڕۆژنامه‌نوس و په‌رله‌مانتار. به‌ڵێ بۆ نه‌مانی خانه‌نشینی په‌رله‌مانتاران، به‌ڵێ بۆ نه‌مانی پاسه‌وان بۆ په‌رله‌مانتاران، به‌ڵێ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی په‌رله‌مانتاران بۆ په‌نجا و پێنج كه‌س (تا كورد خۆی ده‌گرێت!). به‌ڵێ بۆ ستراتیژێك كه چاكسازی گشتگیری لێ به‌رهه‌م بێت.
ئه‌گینا ئه‌یڵێمه‌وه: پاشه‌كشه‌ی دیموگرافیی كورد له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حوكمڕانیی هه‌رێم و، داڕوخانی ئیراده‌ی دانیشتوانی هه‌رێم و، تێكشكاندنی غروری سیاسیی كوردبونیان و، لاوازی بیری نه‌ته‌وه‌ییان، ته‌نیا حیزبه‌كانی هه‌رێم لێی به‌رپرسیارن كه سه‌ركرده‌كانیان نه‌یانزانیوه پلانی ستراتیژی، تیۆریزه و پراكتیك بكه‌ن!
* خوێندكاری دكتۆرا له دبلۆماسییه‌تی نێوده‌وڵه‌تی به‌ریتانیی.