زەبەنگ بەهادین: گێژ کردنی میللەت.
رۆژێک سەلاحەدینی ئەیوبی, رۆژێک مۆدیلەکان, رۆژی دواتر بەرازێک کوژراوە. ئەمانە مانشێتی سایت و هەوالەکان و میدیایە، یانە شەوانەکان نیشان دەدرێ لە بری رێکاری یاسایی دەبێتە ریکلام بۆیان و قەرەبالغتر دەبێت.
باشترین رێگا بۆ گێژ کردنی خەلک و بە لارێدا بردنی سەرقاڵکردنیەتی بە بابەتی لاوەکی تا تاکەکان مێشکیان کار نەکات و راستی کۆمەڵگا و سیاسەتی دەسەڵات نەزانن، دەبێت ئامانج لە پشت نمایشی ئافرەتێک چی بێت؟ وەختێ دەڵێت شوو بە کەسێک دەکەم رۆز رایسی هەبێت، ئامانجی کەسێکی دی چی بێت بڵێت پارە لە ژیانی هاوسەری گرنگترە، یان کورێک رەگەزی خۆی بگۆرێ تا سەرنجی خەلک راکێشێت، برەو دان بەم هەڵسو کەوتانە کۆمەڵگا بەرەو کوێ دەبات، ئاخۆ بیریان لەوە کردۆتەوە ئەمانە هانی گەنج و منداڵ دەدەن دوور بکەونەوە لە بەها پیرۆزەکان و رەوشتە رەسەنەکان.
دەسەلات ئامادەیە لە سەر رەخنەیەکی سیاسی کۆمەلێک چاڵاکەوان و رۆژنامە نووس زیندان بکا، بەلام بە پێچەوانەوە ئەوانەی بابەتی بێ ماناو تێکدەر بلاو دەکەنەوە پەرەیان پێ دەدرێت و لە شاشەی میدیاکن دەدەخرێن و قەبە دەکرێن، لە بری ئەوەی یاسای تایبەت بە رێکخستنی میدیا و کۆمەلگا دەربکەن یاسای رۆژنامەگەری بەرهەم دێنن بۆ بێدەنگ کردنی ئەو دەنگانەی راستی بابەتەکان دەلێن، ئەم کارە تەنها بۆ دۆگما کردنی خەلكە وەک لە جیهانی فەلسەفەدا پێی دەوترێت دیماگۆگیەتی دەسەلاتی سیاسی بە واتا کوردیەکەی خۆمان گێژ کردنی خەلک.
نەوەیەک لەسەر ئەم بنەمایانە گەورە بێت کە پارە گرنگترە لە رەوشت دزی باشترە لە دەست پاکی لەشفرۆشتن مافە و کەس بۆی نییە رێگری لێبکات نەوەیەک لەسەر بنەمای کامە زیاتر کاری نا بەجێ بکا زۆرتر ناسراو دەرکەوتو دەبێت، ئاخۆ ئەم نەوەیە لە داهاتو چی لێ دەربچێت، روون و ئاشکرایە ئەوەی لە پشت ئەم داروخانەیە کێ یە وە مەبەستیش تە نها شاردنەوەی راستی دزی و گەندەلی و وێرانکاریەکانیانە، لای ئەوان گرنگ نییە پەروەردە چی لێ بەسەر دێت گرنگ چەندێکی دی گیرفانەکانیان پر دەبێت، بۆ ئێستا رەنگە کاردانەوەی ئەم گێژکردنە نەبینین، بەلام دڵنیام لە داهاتودا نەوەیک پێدەگەیەنن خۆشیان ناتوانن ئاراستەیان بکەن و لەدەست خۆشیان و لە دەست کۆمەڵگای رەسەنیش دەردەچێت.