بێستون عبدالکریم: نه‌ورۆز وه‌ك هێمای بەرخۆدان و به‌ره‌نگاری.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
نه‌ورۆز له‌وێ چیرۆكێكی ئه‌فسانه‌یی نیه، به‌ڵكو بوونێكی مێژوویی حه‌قیقی ڕه‌سه‌نی هه‌یه. له‌وێ مه‌شخه‌ڵی جاڕی ئازادی خانی و جه‌زیری و شێخ سەعید له له‌ناخی كێوه سهربڵندهكانهوه دائهگیرسێتهوه. له‌وێ هێماى نه‌ورۆز ته‌نها بڵیسهى ئاگر و دیداری سروشت و هه‌ڵقوڵانی كانیاوه‌كان و شكۆفه‌ی نێرگز و گوڵاڵه سوره و ئاهه‌نگ و ڕه‌شبه‌ڵه‌ك نییه، خهونهكان و په‌یامه‌كان و به‌هاكان و ماناكانی كوردبوونیش نوێده‌بنه‌وه و كڵپهدهسێنن. فرمێسك و خوێن و ژان و تاوانه‌كانی نێو یادگه و هه‌گبه‌ی مێژوو ده‌بنه به تۆپهڵیك له حه‌ماسه‌ت و ئیراده و له ئاپۆڕای نێو گۆڕه‌پان و مه‌یدانه‌كاندا خۆڕاگری‌دا به‌رجه‌سته ده‌بن. ئاكار و به‌ها نیشتمانییه‌كان جۆشدهدرێنهوه، ئه‌مه‌یه چیرۆكی ڕاسته‌قینه‌ى نه‌ورۆز.
نه‌ورۆز هه‌ژان و ڕابوونی میلله‌تێكی مه‌زڵوم و نكۆڵیلێكراوه. ئاوێنه‌ی خۆپێناسهكردنهوه و خۆسه‌لماندنی بوونێكه ئێستاش به شوێن ئازادی‌دا وێڵه و عه‌وداڵی سه‌ربه‌ستییه.
له‌م دیمه‌نانه‌دا به سیاسی بوون و به سیاسیكردنی نه‌ورۆز به زه‌قی دركی پێده‌كرێت، بۆنه و یاده‌كان دیارده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتووری ڕووت وبێخه‌وش نین، ده‌توانین ره‌مز و ئاماژه‌ى تریان پێببه‌خشین و به شتی تر بارگاویان بكه‌ین و بۆ مه‌به‌ست و ئامانج و شه‌ڕی تر به‌كاریان بێنین.
له‌م وێنانه‌دا سه‌رباری ئه‌وه‌ى نه‌ورۆز ناوه‌ڕۆكه مێژوویی و سروشتییه‌كه‌ی خۆی له ده‌ست نه‌داوه و مژده‌ی ڕه‌هایی و سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵگرتووه، هاوكات ئه‌م كه‌رنه‌ڤاڵه، نه‌ورۆز له ڕه‌هه‌نده كه‌لتوورییه بێگهردهكه داده‌ماڵێت و به‌رگێكی سیاسی و جه‌ماوه‌ری پێده‌خشێت و پڕی ده‌كات له غرور و شعوری نیشتمانی.
گه‌ر به وردی سه‌رنجی ئه‌م كهرنهڤاڵهى نه‌ورۆز له باكووری كوردستان بده‌ین كه لانكه‌كه‌ی شاری ئامه‌ده، تێده‌گه‌ین كه نه‌ورۆز ته‌نها ڕه‌مزی مانه‌وه و به‌ره‌نگاری نیه، شانۆیه‌ك نیه ته‌نها بۆ نمایش و خۆنواندن، به‌ڵكو خرۆشانه و ئیراده‌یه‌كی شۆڕشگێڕانه‌ى پۆڵاین ڕایگرتووه.
نه‌ورۆز كورت ناكرێته‌وه بۆ ئاهه‌نگ گێڕان و سازكردنی ڤستیڤاڵ و دۆڵمه خواردن و خۆبادان، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا له باشووری كوردستان ڕه‌واجی هه‌یه، به‌ڵكو سیمبولی نوێكردنه‌وه‌ی په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و تۆخكردنه‌وه‌ى هه‌ستی هاودڵی و هاوخه‌می و هاوچاره‌نوسی و ژیانه‌وه‌ی خه‌بات و به‌رخۆدانه. به‌گژداچوونه‌وه‌ی سته‌مكارییه.
ئه‌مه‌یه گرێدانه‌وه‌ی نه‌ورۆز به خه‌مه نیشتمانی و سیاسیه‌كانه‌وه. ئه‌مه‌یه تێكۆشانی ڕه‌وا له پێناو دۆزێكی ڕه‌وا. پێویسته نه‌ورۆز شیته‌ڵ بكه‌ین و مانا و حه‌قیقه‌تی تری لێ به‌رهه‌م بێنین، مانا شاراوه و نادیاره‌كانی نهورۆزكهشف بكه‌ین. ئه‌م دیمه‌نانه مژده‌ى داهاتوویه‌كی گه‌ش و چاره‌نوسێكی پرشنگداری هێناوه. خۆری ئازادی له‌وێ هه‌ڵهاتووه.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە