ڕەوەند عەبدوڵا حەمە: حوکمەت دەبێت لە هەموو باروو دۆخێکدا پشت لە گەلەکەی نەکات.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
حوکمەتی تەندروست ئەو حوکمەتەیە کە لەسەر حەزوو خواستی زۆرینەی میلەت دابمەزرێت، لە هەموو باروو دۆخێکدا، پشتی میلەت بگرێت و لە خزمەتی میلەتدابێت، بتوانێت مافەکانی مرۆڤ و ئاشتی و ئارامی و خزمەت گوزاری گشتی فەراهەم بکات، لە کاتی خراپی باروو دۆخی میلەتدا، حوکمەت دەبێت بەشێوەیەکی ئاشتیانە هەوڵی چارەسەری کێشەکانی میلەتەکەی بدات، نابێت هیچ ڕێگایەکی توندوو تیژی بگرێتە بەر لە کاتی ناڕەزاییەکانی میلەت، کە داواکاری مافەکانی خۆی بکات.
جان جاک ڕۆسۆ دەڵێت: حکوومەتی ڕاست ئەوەیە لەسەر ئاوات و حەزی خەڵک دامەزرابێت، وە گەل بۆی هەیە لە حکوومەتەکەی ڕاپەرێت هەر کاتێک کە زانی لە مەرجەکانی گرێ بەستەکە پەشیمان بووەتەوە یان لایداوە، واتە ئەو حیزبانەی کەزۆرینەی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکان بەدەست دێنن، دواتر بەپێی زۆرینە حوکمەت پێک دێنن دەبێت لەسەر ئەو بەڵێنانە بن کە لەکاتی هەڵبژاردنەکان، بە میلەتەکەیان داوە.
جان جاک ڕۆسۆ لە کتێبەکەیدا بەناوی گرێبەستی کۆمەڵایەتی یاخود پەیمانی کۆمەڵایەتی کە لە ساڵی 1762 ز دا دەری کرد، دادەنرێت بە پوختەی بیروڕا سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی وە بە ناڕەزاییەکی توند دژی حوکمی زۆردارانە دەست پێ دەکات و دەڵێ” مرۆڤ بەسەربەستی لەدایک دەبێت، بەڵام لە هەموو شوێنێکدا بە کۆت و زنجیر، بەستراوەتەوەو مافەکانی سنور دار کراوە.
وە تیایدا داوای گەڕانەوە بۆ سرووشت دەکات بۆ ڕزگار بوون لە کۆت و زنجیری (شارستانێتی). حکوومەت بە پێی ڕای ئەو لە دامەزراندنا قەرزاری پەیمان و گرێ بەستێکی کۆمەڵایەتییە، کە پاراستنی خەڵک مسۆگەر بکات بەرامبەر بەمەش خەڵک واز لە هەندێک مافی خۆیان بهێنن بۆ حکوومەت لەگەڵ ئەوەشدا، مافی شۆڕش و ڕاپەڕینی دژی حکوومەت داوە ئەگەر لە کاتێکدا حوکمەت نەیتوانی بەڵێنەکای بەرێتە سەر.
حوکمەتی نا تەندروست بریتییە لەو حوکمەتانەی کە بەڕێگەری زۆرەمڵێ یاخود بەڕێگەی زەبری هێزەوە یاخود ساختەکاریی لەکاتی هەڵبژاردندا دادەمەزرێت، کۆمەڵێ بەڵێن و پەیمان دەدات بە میلەت، بەس لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا میلەت یان لەبیرەو مەسروفاتێکی زۆر دەکەن لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا، ئەم مسروفاتەش لە سەر خەرجی گشتییە لە بەرژەوەندی ئەو حزبانەن کە بەزۆرە ملێ حوکمەت دادەمەزرێنن، هەڵبژاردنەکان تەنها بۆ فریو دانی میلەت بەکاردێنن لە ڕاستیدا هیچ باکێکیان بە میلەت نییە، ئەم جۆرە حوکمەتانە بۆ مانەوەی خۆیان هەموو ڕێگایەکی ناشەرعی دەگرنە بەر بۆمانەوە یان لە دەسەڵاتدا لە گەڵ دوژمنی نەتەوەیوو نیشتمانی ڕێک دەکەوون بۆ مانەوەی خۆیان، ڕێگای زەبری هێزوو ترس و تۆقاندن و ناشەرعی دەگرنە بەروو مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن، ئاشتی و ئارامی لەم جۆرە حوکمەتانەدا جێگایان نابێتەوە، هەر کەسێکیان بوێ لەهەر کات و ساتێکدا بێت سیناریۆیەکی بۆ درووست دەکەن، لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانی حزبەوە دانپێدانی زۆرەملێیان بڵاو دەکەنەوە و دواتر لەڕێگای دادگایەک کە ڕاستەوخۆ لەڕێگەی حزبەوە دادوەرەکان دانراون، حوکمیان دەدەن، هەندێ کاتیش بەبێ دادگای کردن ئەو کەسانەی کە لە لایەن حزبی دەسەڵاتەوە تۆمەتیان بۆ دروست کراوە، بەشێوەیەکی نامرۆڤانە دەی کوژن و دواتر حوکمەت خۆیانی لێ بێ ئاگا دەکەن، ئەم جۆرە حوکمەتەش وەک حوکمەتی هەرێمی کوردستان.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە