محەمەد بەرزی: پلان کۆڵەکەی دەوڵەتە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پلان بریتییە لە ئامادەکردنی بەرنامەیەکی تێروتەسەلی تۆکمە و تایبەت، بۆ ئامانجێکی دیاریکراو، کە زادەی بیرکردنەوەیەکی زۆر وردی کەسانی زاناو و زیرەک و بلیمەتە، بەرلەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. تا لە دواڕۆژدا هەموو کار و پڕۆژەکان بە پێی ئەو پلانە جێبەجێ بکرێن. واتە ( بیرکردنەوەی ژیرانە بەر لە جێبەجێکردن ). بێگومان سودەکانی پلانیش بریتیین لە:
1 – کەمکردنەوەی مەترسی هەنگاوی کوێرانەی بێ بنەما.
2 – کەمکردنەوەی ڕێژەی برسێتی و بێکاری و بە فیڕۆدانی سەروەت و سامانی وڵات.
3 – سود وەرگرتن لە داهاتەکانی سەرزەوی و ژێر زەوی، کە لە بەردەستدان بە شێوەیەکی زۆر باشی کاریگەر.
4 – دروستبوونی هاوسەنگی لە نێوان پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئابورییدا. بە تایبەتی لە نێوان هەموو ئاستەکانی کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵدا.
دیارە بوونی پلانیش هۆکارە بۆ گەیشتن بە ئامانجە دیاریکراوەکان، کە خۆی لە خۆیدا بریتیین لە : بوژاندنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی کۆمەڵگا و نەمانی بێکاری و پێشکەوتنی وڵات. بێگومان پەندێکی بیانی هەیە دەڵێت: ( ئەگەر پلانت بۆ سەرکەوتن دانەنابێت ، واتە پلانت داناوە بۆ شکست و هەرەس ).
ئەوەی شایانی باسە دوو جۆر پلان هەیە. یەکێکییان پلانی کورتی ساڵانەیە، دووەمیشیان پلانی درێژخایەنە، یان ستراتیجییە، کە دەسکەوتی مەزن و پڕ بەهای هەیە، چونکە توانای گۆڕانکاریی بنەڕەتی هەیە. جا چەند پلانی ستراتیجی ورد و تۆکمە بێت، ئەوەندە زیاتر پیشکەوتن و تواناکانی دەوڵەت بەرەوپیش دەبات و گەلەکەی بەختیار و کامەران دەکات. بێگومان هەر تەنها پلانی ستراتیجیشە وڵاتانی وەک: ژاپۆن، ئەڵەمانیا، یۆنان و مالیزیایان گەیاندۆتە تروپکی ئەو پیشکەوتنانەی ئەمڕۆ.. بە گشتیش لە هەموو وڵاتێکدا خاڵە گرنگەکانی بوژاندنەوە و پێشکەوتن، بەندن بە بوونی: نەوت، ئاو، کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە، بە مەرجێک لە پلانی ناوازە و سەرکەوتوودا کاریان لەسەربکرێن. لە هەمان کاتیشدا خاڵەکانی دواکەوتن و تەپین و ڕمانی کۆمەڵگا بریتیین لە: دانانی نەزان لە جێگای زانا، نەبوونی پلانی ستراتیجی، ناتەبایی، پشتبەستن بە داگیرکەر، دزی و گەندەڵی و دەستپانکردنەوە و پەنا بردن بۆ سواڵ.
ئەوەی جێگای باسە جگە لە حکومەتەکانی عیراقی دوای سەدام و حکومەتی هەرێم، کە دەڵیی لە گەندەڵیدا تفیان لە زاری یەکتری کردووە، هەموو حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان بە حکومەتی پادشایەتیشەوە، دەوری کارای خۆیان گێڕاوە و پلانی کورت و ستراتیجیان هەبووە و توانیویانە سەدەها پڕۆژەی سەرکەوتووی گرنگ دابمەزرێنن و کۆمەڵگا بەرەو پیش بەرن. جا لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی بەعس تا ئێسقان دوژمنی کورد بووە، بەڵام پلانەکانی شارە کوردییەکانیشیان گرتۆتەوە. هەر بۆ نموونە چەند ڕۆژێک دوای ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991، لە سلێمانی سەردانی فەرمانگەکەی خۆمم کرد، سەرتاپای ژوورەکان تاڵان کرابوون. ژووری بەڕێوەبەری گشتیش جگە لە کتێبەکانی ناوی، بە تەواوی گسکی لێدرابوو. کتێبەکانی ناو کتێبخانەکەشی لەسەر زەوی ژوورەکەی پەرشوبڵاوکرابوونەوە. کتێبێکییان سەرنجی ڕاکێشام، چونکە لەسەر بەرگی دەرەوەی بە عەرەبی نووسرابوو ( سری للغایە ) واتە زۆر نهێنییە. ئەو کتێبەیانم هەڵگرت، کە نزیکەی( 200 ) لاپەڕە دەبوو، بریتی بوو لە پلانی ستراتیجی وەزارەتی پلاندانی حوکمەتەکەی بەعس بۆ شاری سلێمانی. ئەو کتێبە جگە لە باسی سەربازی، هەموو بوارە گرنگەکانی شارەکەی گرتبووە خۆی، وەک بوارەکانی: پەروردە، پیشەسازی ، کشتوکاڵ، ڕێگاوبان و … هتد. لە بواری پەروردەدا و لە یەکێک لە بەندەکانیدا، کە سەرنجی زۆر ڕاکیشام، ئاماژەی بۆ ژمارەی منداڵانی ساوا کردبوو، کە لە ماوەی پێنج ساڵدا لە سلێمانیدا لە دایک دەبن و تەمەنییان دەگاتە باخچەی ساوایان. بە پیی ئەو ژمارەیە بڕیاری دامەزراندنی ژمارەیەک باخچەی ساوایانی دابوو ( بە داخەوە ئەو ژمارانەم لە بیر نەماوە ). ئەمەش نیشانە بوو ، کە پلانی وەزارەتی پلاندانان، پلانێکی گشتگیر بوو ، هەموو لایەنەکانی گرتبۆوە. بێگومان لە ڕابوردووشدا هەر بە پێی ئەو پلانانە، ژمارەی خوێندنگا و زانکۆ و کارگەکانی جگەرە و پوختەکردنی تووتن، چیمەنتۆ، شەکر، ئاوی بانی خێڵان و جلوبەرگ و بەنداوەکانی دەربەندیخان و دوکان و… هتد دامەزراون. هەموو ئەو پڕۆژانەش بەر لە دامەزراندنییان، لە لایەن وەزارەتی پلادانانەوە توێژینەوەی زۆر وردیان لەسەر کراوە، ئەگەر کاریگەری و لایەنی ئەرێنییان هەبوو بێت، ئنجا بڕیاڕی دامەزراندنییان دراوە. هەر بۆ نموونە کاتێک بڕیاری دامەزراندنی کارگەی جگەرەیان داوە، پێشتر توێژینەوەی وردیان لەسەرکردووە ، زانیویانە جگە لە قازانج و داهاتی زۆری ساڵانەی جگەرە ، ئەو کارگەیە دەتوانێ ئیش بۆ هەزاران کرێکار و فەرمانبەر و جوتیار و شۆڤێری گواستنەوەی تووتن و فرۆشیاری گونییە و گوش و سووشن و جگەرە فرۆشەکانی ناو بازاڕ دابینبکات. هەر بۆیە هەزاران خێزان لە سایەی ئەو پڕۆژەیەدا ژیانێکی شایستە و سەربەرزانەی بێ کێشەیان بردۆتە سەر. بەڵام کاتێک حکومەتی هەرێم دادەمەزرێت ئیتر شتێک نامینێ بە ناوی پلانەوە. بەڵکو ئەو پڕۆژە ستراتیجییانەی بە پێی پلانەکانی حکومەتی عیراقیش دامەزرابوون وەک کارگەکانی شەکر ، جگەرە، جلوبەرگ و بەنداوی بێخمە و … هتد، بە تەواوی وێران دەکرێن..
ئیتر پڕۆژەی بازرگانی وەک ڕووکەشێکی هەڵخەڵەتێنەری پێشکەوتن، جێگای پڕۆژە ستراتیجییەکان دەگرێتەوە، کە دامەزراندنییان جگە لە دەوڵەمەندکردنی چەند کەسێک، نەیانتوانیوە کاریگەرییان لە بوژاندنەوە ئابوری و ژیانی خەڵکی و قەیرانە داراییەکاندا هەبێت. ئاخر وڵاتێک نەتوانێ ڕۆژانە کارەبا و ئاو بۆ هاوڵاتییەکانی دابین بکات و تەپە تەپ و چەڕەدووکەڵی مولیدەکان شارەکانی هەراسان و گێژ و وڕ کردبێت، ئەگەر پلانی ستراتیجی هەبووایە ، کەی هەرێم کێشەی نیشتەجێبوونی هەیە تا رێگا بە دروستکردنی ئەو هەموو کۆشک و تەلار و باڵەخانانە بدا، کە هەموویان پێویستییان بە کارەبا و ئاوە و سەرچاویەکیشە بۆ بە عەرەبکردن و چۆڵکردنی دێهاتەکانمان. یان پڕۆژەیەکی گرنگی وەک دەرهێنان و پاڵاوتنی نەوت، چۆن دەکرێت بێ پلانی ستراتیجی بدرێتە دەست کەسانی هەلپەرستی مشەخۆری بازرگان ، کە خۆیان بە دەمی خۆیان دەڵێن: ( نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە 100 دۆلاریش هێشتا ناتوانێ قەیرانی قەرز و برسێتی و ماڵوێرانی چارەسەر بکات ). جا ئەگەر پلانێک هەبووایە و ئەو ( 100 ) دۆلارەی پێ ڕاستبووایە، ئەوا هەرگیز ڕیگای نە دەدا دەستکاری نەوت بکرێت ، چونکە پلان بۆ قازانج دادەنرێت نەک بۆ زیان. ئەی کە ئەوەتان دەزانی بۆچی ئەو هەموو سامانە بە نرخەی وڵاتتان بە فیڕۆدا. پاشان ئەگەر پلانتان هەبووایە ، چۆن وڵاتێک نەوت بفرۆشێت زیان دەکات و قەرزاری و پشێوی بە دوای خۆیدا دەهینێ و هاوڵاتییەکانی دەخاتە سواڵ و مووچەی پێشمەرگەکانی لە لایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانەوە دابین دەکرێت.. بە ڕاستی مرۆڤی بە رومەت شەرم لە خۆی دەکات، کاتێ دەبینێ نە پارەی نەوت و باج و گومرگەکانمان، نە بریق و باقی ئەو هەموو مۆڵ و باڵە خانە و یانەی شەوانەیە، نەیانتوانی ڕێگا بگرن لە هەژدە جار چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغداد، تا حکومەتی عیراق لایەکمان لێبکاتەوە. ئەمەش نیشانەیە، کە حکومەتی هەرێم نەک هەر نەیتوانیوە لا لە پڕۆژەی ستراتیجی پیشەسازی و کشتوکاڵی بکاتەوە و ژێر خانێکی ئابوری پتەو دابمەزرێنێت، بەڵکو ڕۆژانەش خۆی لە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان دەدزێتەوە و ئەوەندی تر زوخاو دەکات بە قوڕگی ئەو میللەتە کڵۆڵەدا.. ئەمانەش هەمووی نیشانەی باوبۆرانێکی زۆر خراپی مەترسیدارە، چونکە پارە و سامان بەر لووتی سیاسییە بازرگانەکانی گرتووە، هەرگیز ناتوانن بۆنی مەترسی هەرەس و نسکۆ و ڕاپـەڕیـن بکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت