بارام ئیبراهیم: بۆنی کەباب وزڕەی پارەلەیاسای بودجەی 2021 عێراقدا.
دەگێڕنەوە پیاوێک بەبەردەمی کەبابخانەیەکدا تێدەپەڕێت بۆنی کەباب پەرێشانی ئەکات و پارەی کڕینی پێنابێت، جگە لە هەندێک پارەی وردەی مەعدەنی، ناچار نانێک ئەکڕێت و دێتەوە بەردەمی کەباب خانەکەو بەخەیاڵ نانەکە بە بۆنی کەبابەوە ئەیخوات، خاوەنی کەبابخانەکە دەیبینێ بەگیروگازی دێنێ تاپارەی لێ وەر بگرێت، کابراش ناچار دەبێت زڕە لەوردەکەی گیرفانی بەرزدەکاتەوەو دەڵێت: فەرموو ئەوە زڕەی پارە من بۆنی کەبابم کردوە ئەبێت تۆش زڕەی پارە وەربگریت.
ئەگەر بەوردی لە م11 لەیاسای بودجە 2021عێراق بڕوانین پێکهاتوە لە چوار خاڵ و پێنج بڕگە، لەکۆی مادەکە چوار خاڵ و چوار بڕگەی ئەرک وپابەندبون لەسەحوکمەتی هەرێم دادەنێت کە جێبەجێکردنیان خۆی داوە لە محاڵ، لەخاڵی یەکەمدا هەرێم پابەند دەکات بە وردبینی کردنی چۆنیەتی ئیرادات ونەفەقاتی هەرێم ـە ئاشکراکردنی ژمێرەی کوتای لە 2004وە تا 2021،کە سەیرو سەمەرەکانی قابیلی ئاشکراکردن نیە، خاڵی دوەم بڕگەی (أ) هەرێم ناچاردەکات بەڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە یان نرخەکەی بە نرخی سۆمۆ 210هەزار بەرمیل زیاتریشی کردوە بەخاتر بۆ دەرهێنانو گواستنەوەوپێویستی ناوخۆ و… هتد.
لەبڕگەی (ب) دا وەزارەتی نەوتی عێراق دێتە ناو بابەتەکەوەو چ وەکو وردبینی چ وەک چاودێری کردنوسەرپەرشتی کردن بۆ بڕگەی (أ) بۆڕێگری کردن لە گزی و فزی، بڕگەی (ج) هەرێم پابەند دەکات بە ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتیەکان کە بریتیە لە داهاتی ناوخۆو خاڵە سنوریەکان بەگوێرەی یاسای ئیداری ومالی عێراق کەدەبێت نیوەی ئەو داهاتانە بدات بە ناوەند لەمەشیاندا ڕەقابەی مالی و وەزارەتی دارای ناوەند باڵادەستن بەرپرسانی هەرێم ناتوانن وەک رابردوو لف لەو داهاتەبەن، لەبڕگەی(د)هەرێم ناچاردەکات بەتەسویەکردن و گێرانەوەی ئەو پارانەی بانگی بازرگانی ناوەند کەلە ئەستۆی حکومەتی هەرێم دایەو قەرزەکانی بەگوێرەی جەدۆلێک لە حسەی هەرێم دەشکێنرێت بۆ ماوەی حەوت ساڵ تاتەواو دەبێت، خاڵی سێیەم هەرێم ناچاردەکات بە گوێرەی خشتەیەکی کامل و شامل میلاکاتی مەدەنی و سەربازی تاوەکو 30- 06- 2021 ڕادەستی ناوەند بکات کە ئەمەش ناوەند توشی شۆک دەکات لەڕوی ژمارەو پلەو پایەی سەربازی و مەدنیو خانەنشینانەوە.
خاڵی چوارەمیش هەرێم پابەند دەکات بەرلەهەموو شتێکی تر موچەوی فەرمانبەران بدات و قەربوشیان بکاتەوە لەو بەشە بودجەی کە بۆی دێت، لەبەرامبەردا خاڵی (ها)بەغداد پابەند دەکات بە ناردنی بەشە بودجەی هەرێم بەمەرجێک هەرێم بڕگەکانی (ا- ب- ج- د) جێبەجێ بکات.
لەڕاستیدا هەموو ئەو خاڵ و بڕگانەی کەلە م11 ئەم یاسایەدا هاتوە بۆ هەرێم مەرجی تەعجیزین و جێبەجێکردنیان ئەستەمە، لەبەر ئەوەی سیحری ئەو هەموو هەڵپەوکوشتن و بڕینە بۆ کورسی حوکم لەهەرێم بەتاڵ ئەکاتەوە بۆیە خۆی دەدات لەمەحاڵ و جێبەجێی ناکەن، بۆیە ئەنجامی ئەم ڕێککەوتنە هەرێم تەنها بۆنی کەباب دەدات بەلوتی ناوەندداو بەغدادیش تەنهازڕەی پارە دەدات بەگوێی هەولێردا، لێرەدا دەکرێت پرسیاریک بکەین ڕیککەوتنەکەجێبەجێ ناکرێت ئەوهەمو بێنەو بەردەیان بۆچی کرد؟ لەسەرچی ڕێک کەوتن؟