عەبدولکەریم شێخانی: خۆ لێتان نەبوومەتە قیری کەواى سپی؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە کوردەواریی خۆمان ئەگەر یەکێک لەکۆڵ کەسێک نەبێتەوە دەڵێن بووە بە قیری کەوای سپی , چونکە قیر ڕەشە بە ئاشکرا بە کەوای سپییەوە دیارە , خوا بکا منیش وا نەبم .
پێش ئەوەى هیچ بنووسم , دەڵێم بە ئەوپەڕی پێ زانینەوە و لە دڵەوە سوپاسی هەموو ئەو خۆشەویستانە دەکەم کە بە پیر نووسینەکانمەوە هاتوون و ئەو دەستخۆشییەى ئەوان لێێان کردووم پتر هانم دەدا ئەو ڕێچکەیە بەرنەدەم چونکە ئەو خۆشەویستانە پێیان خۆشە و بە دڵیانە و پێشم وایە کەم و زۆر سوودی هەیە و ڕەنگە تا ڕادەیەک پێش لەو پاشەگەردانییەش بگرێ کە هەندێ زماننەزان دەستیان داوەتێ و دەتوانم بڵێم ئەوەى ئەوانە بە ناوی چاکسازی بەسەر زمانی کوردییان هێناوە , دوژمن بە دوژمنایەتیی خۆی بەسەری نەهێناوە و باشترین نموونەش گەشەى زمانی کوردی بوو لەناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەى ڕابوردوو هەرچەندە ڕژێم بەوپەڕی دڕندایەتییەوە دژایەتیی کوردی دەکرد . پاش ئەم پێشەکییە داواى لێ بوردن دەکەم کە ئەگەر لە ڕێچکە تایبەتەکە لام دابێ و لاڕێ بووبم, بەڵام لە هەندێک ڕووەوە ناچارم ئەوە بکەم بۆ ئەوەی وەڵامی ئازیزان بدەمەوە و بەپێی توانای خۆم هەندێک شت ڕوون کەمەوە بۆ ئەوەی گلەیی و گازاندەم نەیەتە سەر.
وەک تێ بینیی دەکەم بێژەر و وەرگێڕەکانی تەلەفزیۆن لەگەڵ ڕێزم بۆیان یان شت ناخوێننەوە, یان هەر خۆیان بە ڕاست دەزانن.
هەر بۆ نموونە گوتم بابە ئاژەڵ بە ماناى ( حیوان ) عەڕەبی نایە , ئاژەڵ جۆرە (حیوانێکە) و بە عەڕەبی پێی دەڵێن ( ماشیة, مواشی ), چونکە ( حیوان ) بەمانای گیاندار , یان گیانلەبەر, هەموو جۆرێک دەگرێتەوە , گیانداری ماڵی و گیانداری کێوی بە گۆشتخۆر و گیاخۆرەوە و هەموو ئاژەڵێک ( حیوانە) , بەڵام هەموو حەیوانێک ئاژەڵ نییە, بەڵام بە داخەوە هەندێک کەس نایانەوێ تێ بگەن. ئەگەر ( حیوان) بکەی بە کوردی دەبێ بڵێی (گیاندار), واتە هەموو ئەوانەی گیانیان لەبەردایە و هەندێک خەڵکی ڕەشۆکی ( عامی ) دەڵێن ( رۆح لەبەر ). ئەگەر بە وردی سەیر بکەیت دەبینی وشەى ( حیوان) لە ( حیاتەوە ) هاتووە . ئاژەڵ ئەو گیاندارە وردە ماڵییانەن کە گۆشتیان دەخورێ و سوود لە شیرەکەشیان وەردەگیرێ وەک مەڕ و بزن و وەکو گوتووشمە مانگا و گا و گامێش پێیان دەگوترێ ڕەشەوڵاخ وئەگەر گوتمان مەڕ و ماڵات, ئەوا هەموویان دەگرێتەوە و هەندێک جار تەنیا بۆ هەموویان دەڵێن ( ماڵات ). سەگ ئاژەڵ نییە, پشیلە ئاژەڵ نییە, ئەوانە گیانداری ماڵین . دوو شەو لەمەوبەر تەلەفزیۆنی کوردسات نیوز لە بارەی سەگی بێ خاوەنەوە دەیگوت ( سەگی بێ لانە) و کردبووشی بە ئاژەڵ. من ئەوەی تێ بینیم کردبێ بێژەری تەلەفزیۆنی عەرەبی ئەگەر هەڵەیکى بینی ڕاستى دەکاتەوە و دەڵێ ( أو بالأحرى .. ئینجا وشە ڕاستەکە دەڵێ ), بەڵام بەداخەوە ئەوە لای خۆمان بەدی ناکەم. دواى ئەوە بۆ شوێنی سەگ ناڵێین لانە , بەڵکو دەڵێین (کولانە) و ئەمە تەنانەت بۆ مریشکیش بەکار دێت. ئینجا با من بەو بەڕێزانە بڵێم گیاندارێک کە بە کۆڵاناندا بسووڕێتەوە پێی دەڵێن ( بەڕەڵلا ) و بەو جۆرە سەگانە دەگوترێ سەگێ بەڕەڵلا. تەنانەت لەو ماڵانەی لە قەراغ شارن و لەگوندەکانەوە هاتوون و مەڕو ماڵات بەخێو دەکەن, هەندێک جار بزن یان مانگایان بەڕەڵلا دەبن و بە کؤڵاناندا دەسووڕێنەوە زیانیش بە خەڵک دەگەیەنن. ئەى گوێتان لێ نەبووە هەندێک کەس بە منداڵی سەرەڕۆ و گوێ لە قسەنەگر دەڵێن سەگەبەڕەڵلا و ناڵێن سەگە بێ لانە.
ڕەنگە هەندێ جار ناچار بم بگەڕێمەوە, لەبەر ڕۆشنایی ڕاو بۆچوونی ئەو خۆشەویستانەى بە بۆچوونە بەپێز وگرنگەکانیان بەسەریان کردوومەتەوە و تا سوپاسیان بکەم و ئەگەر پێویستى کرد منیش ڕوون کردنەوەى خۆم هەبێ.
زۆر جار ناوى شوێنێک, یان کەسێک ڕەنگێکی پێوە دەنووسێ. کاک مستەفا شوانی وەک نموونە ئاماژەى بەقەرەسالم و قەرەهەنجیرکردبوو کە هەردووکیان تورکین . ئیمەش بە کوردی سەبارەت بە ڕەنگ هەمان شتمان هەیە بۆ شوێن و بۆ ناوی مرۆڤ . تەنانەت بۆ زۆر گەرما و لەبەر خۆر دەڵێن (سوورەهەتاو) . بۆ شوێنیش ئەوەتا ( شیوەسوور , بەردەسپى, کێوەڕەش, گردەڕەشە, تەپەسپی, قووڵەڕەش ) مان هەیە و ڕەنگە شوێنی دیکەش هەبێ من پێم نازانیبێ . ئینجا هەر بۆ نموونە دوو شتی خۆشتان بۆ دەگێڕمەوە . جاران کە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان دادەهات, فەقێ هەوڵێان دەدا لەگوندێک دابمەزرێن و مەلایەتی ڕەمەزان بۆ خەڵک بکەن تا سەرفترەو زەکاتی ئەو مانگە وەربگرن بۆ خەرجیی خۆیان. جارێکیان فەقێیەک دەچێتە خزمەتی شێخ مەحموودى نەمر بەڵکو وەک مەلای ڕەمەزان بیخاتە سەر گوندێک. شێخ دەڵێ : فەقێ ئاخر تۆ درەنگ هاتی و شوێن نەماوە. فەقێ دەڵێ قوربان ئاخر ئەگەر جەنابت بتەوێ شوێنێکم هەر بۆ دەدۆزیتەوە. شێخیش حەزی بە قسەى خۆش دەکرد, بۆیە پێی دەڵێ: فەقێ شوێن نەماوە , مەگەر بتخەمە سەر ( تەڕەمار ). فەقێ لە فیتی خۆی دەگات و دەڵێ: قوربان حەز دەکەم بمخەیتە سەر ( قووڵە ڕەش ). ئەمانە ناوی دوو گوندن. بەخوا ئەمەشتان هەر بۆ دەگێڕمەوە سەبارەت بەوەى شێخ حەزی بە گاڵتەو قسەی خۆش کردووە. شێخی نەمر لە ( داریکەلی ) دادەنیشت و مەلا حەسەن ناوێک هەموو جار کە دەچووە خزمەتی دەستى ماچ دەکرد . ڕؤژێک شێخ لەبەر دەرگاى دیوەخان ڕاوەستاوە و سەیردەکا مەلا حەسەن لە دوورەوە دەردەکەوێ. کە نزیک دەبێتەوە, شێخ هەردوو دەستى لە پشتیەوە تێک دەئاڵێنێ . کە مەلا حەسەن دەگا سڵاو دەکات و دەوەستێ. شێخ دەفەرموێ: مەلا دەستت ماچ نەکردم . مەلاحەسەنیش دەڵێ: قوربان تۆ هەردوو دەستت شاردۆتەوە مەگەر ( دەعباکەت ) ماچ کەم. ئیدى شێخ وئەوانەی لەوێن دەست دەکەن بە پێکەنین .
هەروەها ڕەنگ وەک ئاوەڵناو بە ناوی هەندێک کەسەوە دەڵکێ وەک ( حەمە سوور, کاکەسوور , حەمەشین , حەمەڕەش, حەمەبۆر, عەوڵاڕەش ) ئەو ڕەنگانە بەزۆری یەخەو بەرۆکی ( حەمە ) دەگرن. جاری وا هەیە ( تام) یش بە ناوی حەمەوە دەنووسێ وەک ( حەمەشیرین, حەمە تاڵ ). نموونە زۆرن و هى دیکە ئەگەر هەبێ بۆ ئێوەى بەڕێزی جێ دەهێڵم.
کاکە شاسوار هەرشەمیی بەڕیز کە تازە لەسایەى خواوە کۆڕۆنای تێ پەڕاندووە و چاک بۆتەوە ئاماژەى بە ناو و ئاوەڵناو کردووە و گوتوویەتی: مەرج نییە ئاوەڵناو هەمیشە پێش ناو بکەوێ. منیش دەڵێم ئەمە زۆر ڕاستە و هەر بۆ نموونە, دەڵێین سوورە گوڵ و ناڵێین زەردەگوڵ, بەڵکو دەڵێین گوڵەزەرد. دەڵێین تەڕەپیاز و ناڵێین وشکەپیاز و بۆ وشکەکە هەر دەڵێین پیاز .
هەروەها کاک بورهان هەژاری هونەرمەند و دەستڕەنگین ئاماژەى بۆ دوو شت کردووە. یەکێکیان ڕەیحانە ڕەشەى بە نموونە هێناوەتەوە و دەڵێ ڕیحانە ڕەشە ڕاستە نەک ڕەشە ڕەیحانە, منیش دەڵێم بەڕێزەکەم هەردووکیان ڕاستن. ئینجا دەڵێ بەهەڵە دەڵێن ئیبراهیم پاشا و دەبێ بڵێین پاشا ئیبراهیم . کاکە بورهان کورد هەر گوتوویەتی:
(برایم پاشا, مەحموود پاشاى جاف, وەسمان پاشای جاف, ئەحمەداغا, خدراغا, بابەکراغا, عەلی بەگ, قادربەگ ) و گەلێکی دیکە. رێز و خۆشەویستیم بۆ هەموو ئەو ئازیزانەی بە ڕاوبۆچوونە سوودبەخشەکانیان نووسینەکەیان دەوڵەمەند کردووم و دیسانەوە دەڵێم پڕ بە دڵ سوپاسیان دەکەم.
من دەبوایە ئاماژەم بەلایەنێکی دیکەش بکردایەوە. بۆ نموونە, ئەگەر گوتم گوڵەسوورەکە کە( پێی دەڵێن ناسراو ــ معرفة) وئاوەڵناوەکە دوا کەوتووە, ئاوەلناوەکە کۆدەکرێتەوە دەڵێین گوڵەسوورەکان. بەڵام ئەگەر ئاوەڵناوەکە پیش کەوتبوو ( سوورەگوڵ ) ئەوا ناوەکە کۆدەکرێتەوە و دەڵێین سوورەگوڵەکان.
گیاسەوزەکان
سەوزەگیاکان
ئەگەر ناوەکە ناسراو ( معرفة ) بوو وەکو ( پیاوە گەورەکە ) ئەوا ئامڕازی ناسینەکە (ەکە ) دەکەوێتە سەر ئاوەڵناوەکە, وەکو:
منداڵە هەتیوەکە ـــ هەتیو
کوڕە ژیرەکە ـــ ژیر
خزمەدوورەکە ـــ دوور
ژنەدەستڕەنگینەکە ــ دەستڕەنگین
پیاوەئایینییەکە ـــ ئایینی
بەڵام ئەگەر ناوەکە نەناسراو ( نکرة ) بوو و ئاوەڵناوەکە دواکەوتبوو , ئەوا ناوەکە کە لەپێشەوەیە کۆ دەکرێتەوە, وەکو:
منداڵێ بێکەس ـــ منداڵانی بێ کەس
ڕۆشنبیری دڵسۆز ـــ ڕۆشنبیرانی دڵسۆز
خزمى دوور ـــ خزمانی دوور
ژنی دەستڕەنگین ـــ ژنانی دەستڕەنگین
مەلاى شارەزا ـــ مەلایانی شارەزا
نموونە زۆرە و ئیوەش دەتوانن چەندان نموونەى دیکە بێننەوە .
بەشەکەی دیکە بەناوی ( لێک چواندنە ) و درێژە و نەمویست بینووسم چونکە بەڕاستی لەگەل ئەم بەشە زۆر درێژ دەبوو, گوتم با دواى خەم بۆ دوو سێ ڕؤژى دیکە , بۆیە دەڵێم بەخواتان دەسپێرم و هەموو کاتێکتان خێر و خۆشی و بەختیاری بێت ودووربن لە کۆڕۆنا و هەر پەتایەکی دیکە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت