شه‌ریف عه‌لی: چۆن سه‌رمایه‌گوزاری ستراتیژی به‌و هێرشانه‌ی كه كرایه سه‌ر هه‌ولێر، ده‌كرێت؟
له مێژووی ده‌یان ساڵه‌ی حیزبه‌كانی كوردستان به‌تایبه‌ت هی پارتیی و یه‌كێتیی، زۆر ده‌رفه‌تی زێڕینیان له ده‌ست داوه كه ده‌بو سیاسه‌تزانانه و دبلۆماتكارانه بۆ پرسی كوردی بقۆزنه‌وه. ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991 و، ڕوخانی سه‌دام له 2003 و، شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ری 2017، سێ پرسی هه‌ره ژیانین كه تا مێژوو ماوه سیاسییه‌كانی كورد ده‌خاته به‌رده‌م دادگای خۆی كه بۆچی نه‌یان قۆزتنه‌وه. بۆچی له پاش ساڵی 1991 شه‌ڕی براكوژیان كرد و ده‌یان هه‌زار كوردیان قه‌تڵوعام كرد. بۆچی له 2003 كه‌ركوكیان له پێناو پارەوپۆستی به‌غداد گۆڕییه‌وه‌و، بۆچی له شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ر حه‌شدی شه‌عبیان هێنا و شه‌ڕیان نه‌كرد. گه‌ر ده‌یان هه‌زار بڕوانامه‌داری حیزبیی و ڕۆژنامه‌وان و فهیسبوكهوانیشیان هه‌بێت، ڕه‌نگه بۆ ماوه‌یه‌كی كاتیی مێژوو ساخته بكه‌ن. به‌ڵام عاقیبه‌ت له داهاتودا هه‌ر مێژوو له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه بڕیاری خۆی به زانستییانه ده‌دات!
هێرشه‌كانی به‌ره‌ی ئێران بۆ سه‌ر هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان، ده‌چێته خانه‌ی هێرشی تیرۆریستیی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه. چونکە فڕۆکەی درۆنی تی-ئێن-تی ڕێژکراوی تێدا بەکارھاتوە و وڵاتێکی دەرەوەی عێراق سەرپەرشتی کردوە. لەڕاستییش دا حەشدی شەعبیش بەشێکن لە سوپای عێراق، کەوابو ھەر ئێرانە کە سوپای عێراقیش بەکاردێنێت. به‌ڵام بۆچی سه‌ركرده‌كانی كورد ئه‌و هێرشانه له ڕوی سیاسیی-دبلۆماسییه‌وه ناقۆزنه‌وه؟ چونكه توانای سیاسیی-دبلۆماسییان لاوازه و، چه‌ند هۆكارێكی تر!!
ئەم ھێرشانە بەشێکە لە ململانێی ستراتیژی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و، ئێران ‘ڕوسیا-چین’. بەڵام ئێران بە ئەمریکاو ئیسرائیل ناوێرێت و، هیچ تۆڵه‌یه‌كی به‌رانبه‌ر هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی ئێران نییه. كه‌چی ئێران لەم ھەموە ھاوپەیمانەی ئەمریکاو ئیسرائیل دا دێت دەنیشێت بە کوردەوە! ئێران ئه‌م هێرشانه‌شی بۆیه ئه‌نجام ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی له وێنه گه‌وره‌كه‌دا فشار بخاته‌سه‌ر ئه‌مریكا.
هه‌رچه‌نده، ڕاسته ئەم ھێرشانە له ڕوی ململانێی ستراتیژیی نێوان ئه‌مریكا و، ئێران ‘ڕوسیا-چین’، زۆر گه‌وره نین و، ئێران ئه‌یه‌وێت هه‌ندێك په‌یام و ئاماژه‌ی هه‌ڕه‌شه بۆ ئه‌مریكا و ھاوپەیمانەکانی بنێرێت. به‌ڵام له پاڵ ئه‌وه‌دا، ئه‌م هێرشانه زه‌ره‌رێكی گه‌وره به هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت. چونكه ئێران ئه‌و په‌یامه ده‌گه‌یه‌نێت كه: له ڕوی سه‌ربازییه‌وه هه‌رێمی كوردستان له ژێر هه‌ژمون و ھەڕەشەی دایه‌و، له ڕوی ئابوریشه‌وه ئه‌م هێرشانه ڕێگری ده‌كات له‌وه‌ی كۆمپانیا ‘ئه‌مریكیی، به‌ریتانیی، ئه‌ڵمانیی و، فه‌ره‌نسییه‌كان’ ڕوو له هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
له ئێستا پرسی ڕێكه‌وتنامه‌ی ستراتیژی ئه‌مریكا-عێراق هه‌ر دانوستاندنی له‌سه‌ر ده‌كرێت، بۆیە زۆر پێویسته فوئاد حوسێن له یه‌كێك له بڕگه‌كانی ڕێكه‌وتننامه‌ی ستراتیژی ئه‌مریكا-عێراق دا داوای ”پاراستنی ئاسمانی عێراق، به پاراستنی ئاسمانی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه” بكات. واته: زۆر پێویسته به ناوهێنان ده‌سته‌واژه‌ی ”پاراستنی ئاسمانیی ھەرێمی كوردستان” بخاته ناواخنی ئه‌و ڕێكه‌وتننامه‌یه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رپرسیارێتی پاراستنی بخاته ئه‌ستۆی ئه‌مریكاوه!
هه‌رچی سه‌باره‌ت به حكومه‌تی هه‌رێمیشه، پێویسته ئه‌م ھەنگاوانە بگرێته‌به‌ر:
یه‌كه‌م/ پرسی هێرشی به‌ره‌ی ئێران بۆ سه‌ر هه‌ولێر، بە ھەوڵی دبلۆماسیی بەردەوام، بباته ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌و، وه‌ك ‘دۆزی كورد’ ئیشی له‌سه‌ر بكات!
دووه‌م/ زۆر پێویسته حكومه‌تی هه‌رێم تیمێكی تۆكمه‌ی دبلۆماسیی له سه‌رجه‌م نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی خۆی له ‘ئه‌مریكا،به‌ریتانیا، ئه‌ڵمانیا و، فه‌رنسا’ پێك بێنێت و، داوای ”پاراستنی ئاسمانیی كوردستان” له ‘ئه‌مریكا-به‌ریتانیا-ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا’ بكات.
سێیه‌م: پێویسته حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به دبلۆماسییەتی- نھێنیی داوا له ‘ئه‌مریكا- به‌ریتانیا- ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا’ بكات كه تاوه‌كو شنگال-كه‌ركوك له ژێر ده‌ستی حه‌شدی شه‌عبیی دا بن، مه‌ترسیی له‌سه‌ر ئاسایشی هاوڵاتیان و ئاسایشی بنكه و نوێنه‌رایه‌تییه دبلۆماسییه‌كانی هاوپه‌یمانان له هه‌ولێر دروست ده‌كه‌ن. بۆیه گرنگه ‘ئەمریكا-به‌ریتانیا-ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا’ به كرده‌وه كار بكه‌ن كه حه‌شدی شه‌عبیی له شنگال-كه‌ركوك دوربخرێته‌وه. به‌تایبه‌ت زۆر پێویسته بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی-ستراتیژی ‘ئەمریكا-به‌ریتانیا-ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا’ له‌سه‌ر شاخی شنگال ‘یان له ناو شنگال’ له داهاتودا دابمه‌زرێت. ئه‌مه به سێ هۆكار به قازانجی ستراتیژی پرسی كورده، چونكه:
1- ئه‌گه‌ر بنكه‌ی سه‌ربازی هاوپه‌یمانان له‌سه‌ر شاخی شنگال ‘یان له ناو شنگال’ دروست بكرێت، هه‌ولێر له به‌رانبه‌ر هێرشی ئێران پارێزراوتر ده‌بێت.
2- ئه‌گه‌ر بنكه‌ی سه‌ربازی هاوپه‌یمانان له‌سه‌ر شاخی شنگال ‘یان له ناو شنگال’ دروست بكرێت، ڕێگه له هاتنه‌ناوه‌وه‌ی توركیاش بۆ شنگال ده‌گرێت.
3- ئه‌گه‌ر بنكه‌ی سه‌ربازی هاوپه‌یمانان له‌سه‌ر شاخی شنگال ‘یان له ناو شنگال’ دروست بكرێت، پرۆسه‌ی ته‌عریب كردن تا ڕاده‌یه‌ك خاوده‌كاته‌وه.
چواره‌م: پێویسته حكومه‌تی هه‌رێم خۆپیشاندانی ڕێكخراو، به‌بێ ئه‌وه‌ی پیشانی بدات كه حكومه‌تی هه‌رێم له پشت خۆپیشاندانهكانهوهیه، له ‘ئه‌مریكا-به‌ریتانیا-ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا’ ڕێك بخات و، خۆپیشانده‌ران له به‌رده‌م دامه‌زراوه‌ی سه‌ره‌كی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان، كۆنگرێس و په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاتانه داوای ”پاراستنی ئاسمانیی هه‌رێمی كوردستان” بكه‌ن.
پێنجەم: پێویسته حیزبه‌كانی زۆنی سلێمانی به‌تایبه‌ت یه‌كێتیی و گۆڕان، داوای دروستكردنی بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی هاوپه‌یمانان له سنوره‌كانیان بكه‌ن، به‌تایبه‌ت له سنوری سه‌رته‌ك-به‌مۆ، یان له سنوری زنجیرە شاخەکانی شنروێ-سورێن-ئه‌زمه‌ڕ-پیره‌مه‌گرون. چونكه به‌وه هه‌م ده‌ستێوه‌ردانی ئێران له زۆنی سه‌وز خاوده‌كاته‌وه و، هه‌میش ئه‌گه‌ری هه‌ر هێرشێكی داهاتوی ئێران بۆ ئه‌و زۆنه‌ش كه‌م ده‌كاته‌وه. پێویسته یه‌كێتیی به وردی ئه‌وه بزانێت گه‌ر ئێران له ڕوی ته‌كتیكیی و مادیشه‌وه بۆی سودمه‌ند بوه‌و ده‌بێت، به‌ڵام له ڕوی ستراتیژییه‌وه وه‌ك (خۆره) هه‌م جه‌سته‌ی یه‌كێتیی و، هه‌م جه‌سته‌ی گۆڕانیش، ده‌خوات!
شەشەم: له ناوخۆی هه‌رێمیش دا، پێویسته ئه‌كادیمیستان و چالاكوانان له به‌رده‌م نوێنه‌رایه‌تییه دبلۆماسییه‌كانی وڵاتان مان بگرن یاخود چالاكی مه‌ده‌نی ڕێك بخه‌ن و داوای ”پاراستنی ئاسمانیی کوردستان” لە ھاوپەیمانان بکەن. چونکە سیاسەت ودبلۆماسییەت شەرمی ناوێ. ئەمریکاو ھاوپەیمانان بەرژەوەندییان ھەیە، تۆش وەک ھاوپەیمانێکیان بەرژەوەندیت ھەیە و پێویستت بە ‘پاراستنی ئاسمانیی’ ھەیە! چونكه ”پاراستنی ئاسمانیی ھەرێمی کوردستان” بۆ پرسی تریش لە قۆناغەکانی داھاتو دا بۆ ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگە!! به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزاری ستراتیژی به هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌ولێره‌وه بكرێت، هه‌ر چوار خاڵی ‘یه‌كه‌م، دووه‌م، سێیه‌م و چواره‌م’ له گرنگترین ئه‌و خاڵانه‌ن كه پێویسته حكومه‌تی هه‌رێم له ڕوی سیاسیی-دبلۆماسییه‌وه بیانگرێته‌به‌ر. له هه‌مو ئه‌و خاڵانه‌ش دا، پێویسته دبلۆماتكارانی كورد جه‌خت له‌وه بكه‌نه‌وه، كه: ”ئه‌م هێرشانه‌ی ده‌كرێنه‌سه‌ر هه‌ولێر ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه كورد له به‌ره‌ی ئه‌مریكا-خۆراوایه و، هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌میشه به دۆستی هاوپه‌یمانان ده‌مێنێته‌وه، كه پێویسته ئه‌مریكا-هاوپه‌یمانانیش دۆسته ستراتیژییه‌كانی خۆیان بپارێزن، ته‌نیا به‌وه‌ش متمانه‌ی هه‌میشه‌یی بۆ ئه‌و دۆستایه‌تییه درێژخایه‌نه ده‌سه‌لمێت”.
زیاتر له‌وانه‌ش، پێویسته حكومه‌تی هه‌رێم داوا له ‘ئه‌مریكا-به‌ریتانیا-ئه‌ڵمانیا-فه‌رنسا و به‌تایبه‌ت (ئیسرائیل!)’ بكات بۆ فێركردن و پەروەردە کردنی چه‌ندین كادیری به توانای كورد له بواری ته‌كنه‌لۆژیای نوێی جه‌نگیی و ته‌كنه‌لۆژیای نوێی سیستمی دژه موشه‌كیی. مه‌لا مسته‌فا كه توانی له 1961 تا 1975 شه‌ڕی سوپاكانی حكومەتەکانی عێراق بكات، به‌شێكی به‌هۆی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی كورد بو كه له 1963 وە ئه‌فسه‌رانی مۆساد مه‌شقی به‌كارهێنانی موشەکی دژه فڕۆکەیان پێ ده‌كردن و، به‌و هۆیه‌شه‌وه چه‌ندان فڕۆكه‌ی عێراقییان خسته‌خواره‌وه، كه له به‌ڵگه‌نامه‌كانی به‌ریتانیادا به وردی باسی لێوه‌كراوه. ئه‌و فڕۆكه جه‌نگییانه‌ی عێراق فڕۆكه‌ی ئاسایی نه‌بون. بگره به‌شێكیان كه مانه‌وه هه‌مان ئه‌و فڕۆكانهبون كه جه‌نگی ئێران و كوه‌یتیان كرد. به‌ڵام له 1963 وە تا 1975 پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌رانی مۆساد چه‌ندانیان لێ خستنه‌خواره‌وه. بۆچی؟ چونكه ئه‌فسه‌رانی ئیسرائیل پسۆڕی ئه‌و بوارهبون و، ئه‌و بواری بەکارھێنانی موشەکی دژه فڕۆكه‌یه‌ش بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه پسپۆڕییه‌كی نوێ بو. بۆیه بۆ ئێستاش پێویسته له ڕێی ئه‌و وڵاتانه‌وه ‘به‌تایبه‌ت به‌نهێنیی له ڕێی ئیسرائیله‌وه’ چه‌ند كوردێكی لێهاتو له بواری ‘پسپۆڕی به‌كارهێنانی دژه موشه‌كی پێشكه‌وتو و شاره‌زابون له تەکنەلۆژیای نوێی جەنگیی’، په‌روه‌رده بكرێن و پێ بگه‌یه‌نرێن.
پێویستیشه سه‌ركرده‌كانی كورد به وردی بزانن: بۆچی به‌ره‌ی ئێران له یه‌ك ته‌وقیت دا هه‌م هێرشیان كرده‌سه‌ر هاوپه‌یمانان له هه‌ولێر و، هه‌میش هێرشیشیان كرده‌سه‌ر هێزه‌كانی توركیا له باشیك؟
كورد ده‌بێت خۆی بچوك نه‌كاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خۆی وابخاتهڕو كه به‌شێكه له به‌ره‌ی توركیا له ململانێی توركیا و ئێران. چونكه فارسه‌كان فێڵزانن و ئه‌یانه‌وێت ‘به‌م دوو شێوازی هێرشه له یه‌ك ته‌وقیت دا’ وا له حكومه‌تی هه‌رێم بكه‌ن به ته‌واوی خۆی بخاته به‌ره‌ی توركیاوه‌و، به‌وه‌ش شه‌ڕی كورد له دژی كوردیش بێتەکایەوە! په‌كه‌كه‌ش پێویسته خۆی له به‌ره‌ی حه‌شدی شه‌عبی-ئێران بپارێزێت، ئه‌گینا یاریكردن له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا-ئیسرائیل، واته: یاریكردن به ئاگر!
هه‌ربۆیه، تێفكرینیم وایه: بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و فێڵه‌ی ئێران پوچه‌ڵ بكرێته‌وه‌و حكومه‌تی هه‌رێم ته‌نیا له به‌ره‌ی توركیادا قه‌تیس نه‌كرێت، ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم و كورد به‌گشتیی خۆی گه‌وره بگرێت و له دبلۆماسییهتیشیی دا ئه‌وه بسه‌لمێنێت، کە: به‌شێكه له به‌ره‌ی هاوپه‌یمانان ‘ئه‌مریكا،به‌ریتانیا، ئه‌ڵمانیا، فه‌ره‌نسا و ئیسرائیل!’ و، هۆكاری هێرشكردنهسهریشی ته‌نیا به‌هۆی ئه‌وه‌یه كه له‌و به‌ره‌یه دایه!
شه‌ریف عه‌لی: خوێندكاری دكتۆرا له دبلۆماسییه‌تی نێوده‌وڵه‌تیی به‌ریتانیی.