کاوسێن بابەکر: کاتێ کەلتورو ئادابی گشتی بۆئامانجی سیاسی بەکاردەهێنرێ.
گۆڕان لەکەلتور و داب و نەریتدا زۆر هێواشترە لەبوارەکانی تر، ئەو گۆڕانەش بەردەوام پێویستی بە بەهای تازەو نوێ ی ئینسانی و جیهانی هەیە کەلتوری پێ متوربە بکرێ، دیارە پارتە سیاسی و گروپە ڕوناکبیری و ئایینی و مەدەنیەکان کاریگەریان لەسەر ئەو گۆرانکاریانە هەیە. ئەم گۆڕانکاریانەش بەهێڵێکی بیانی ڕاست ناڕۆن، بەڵکو بەرزو نزمیان تیدەکەوێ و چوونە پێش و گەڕانەوەی هەیە. کاریگەری کەلتوری عەرەبی کە لەژێر عەبای دیندا خۆی بەکۆمەڵگای عێراق و کوردیدا کردوە نەیتوانیوە کتومت کەلتوری بیابانی عەرەبستان بسەپێنێ، هەرزوو دونیای پێشکەوتوی رۆژئاوا کاریگەری خۆی داناوەو بەباهای نوێ هاتۆتە ناو کەلتوری ناوچەکە، لەم هاتنەشدا رێکخراوە سیاسی و مەدەنیەکان وتوێژی ڕوناکبیران و هونەرمەندان رۆڵی گەورەیان هەبووە تەنانەت زانایانی ئایینی لەکوردستان ڕۆڵی سونبولی و بەرجەستەیان دیوە هەر لە مەلای گەورەو حاجی قادر و شاعیرە گەورەکان کە زۆربەی زۆریان هەر مەلاو پیاوی ئایینی بوون، مەحوی، نالی، مەولەوی و… هتد تا دەگاتە سەردەمی نوێ ی پیرەمێردو گۆران و هەردی و… هتد، زۆر لەمەلاکانی تری ئەو سەردەمەش، ئەگەر بەراوردی شعرەکانیان بکەی لەگەڵ ئەم سەردەمە دەبێ تەکفیر بکرێن کە بادە پەرست و ئەبرۆ پەرست و یار پەرست و دۆزەخ ویستی شعرەکانیانی پڕکردوە، وێنەکانی سەرەتای سەدەی رابردووی کچان و ژنان لەهی ئێستای پاریس سفورتر و کراوەترن،کەچی لەم دواییانەدا بەهەنگاوی گەورە ئەم فەزا کراوەیە بۆدواوە چووە بەتایبەتی لەدوای راپەڕینەوە، ئەوەش بۆ لاوازی و تەسلیم بونی دەستەڵاتی سیاسی و پارتەکان بە کەلتوری ئیسلامی سیاسی کە پارتە ئیسلامیەکان کاری لەسەر دەکەن، هەرچەند ئەو پارتانە لەمەیدانی سیاسی شکەستیان هێناوە، بەڵام لەمەیدانی کۆمەڵایەتی و خۆ بە وەکیلدانانی ئیسلام لەکوردستادا بەگشتی فەزاکەیان قۆستۆتەوەو زۆر چالاکانە کاردەکەن و ترسێکی مەعنەوی توندو تیژ پیادەدەکەن دەرهەق بەهەر نوزەیەکی کرانەوە لەهەر کوێ بی. دوێنێ شیرکۆی نەمریان دادگاییکرد لەسەر پێڵاوەکەی خواو لەکەلار بەگژشانۆدا چونەوە، ئیمڕۆ ماچ یەکسان دەکەن بە ئەتۆم و دانس بە بومەلەرزەو کۆمەڵگاشیان وابێدەنگکردوە وەک وهیچ یاساو ڕێسایەک لە ووڵاتدا نەبی لەخۆیان بەولاوە! کەچی ئەم ئیسلامیانە بۆ ئەنفال زمانیان لاڵ بوو بۆ کیمیابارانی هەڵەبجە لەخەودا بوون و تورکیە کوردستانی کردۆتە حەوشەی پشتەوە و سەدان گوندیان کاول و چۆڵ کردوە کوێرو کەڕن و نەدەبینن و نەدەبیستن. ئەم وەرگۆڕانە کەلتوریە کە ئێستا پێیدا تێپەڕدەبین موتوربەکردنەوە کۆنەکەی بەها کەلتوریە بیابانیەکەیە و پارتە سیاسیە ئیسلامیەکان پێی هەڵدەستن و پارتە بەناو سیکۆلارەکانیش نوققە ناکەن نەکا دۆخی سیاسی شەپڕێو و لەرزۆکی دەستەڵاتداریەکەیان لەدەست دەرنەچی!
خوینەری خۆشەویست، ئەم بێدەنگیە بەرانبەر بەم توندوتیژیە بەبیانوی ئادابی گشتی و ئایین هیچ نیە جگە لە زەمینە خۆشکردن بۆ دەستەڵاتی پارتیە ئیسلامیەکان کە بەسیستەمێکی دینی تۆتالیتار کۆتاییدێ کەلەباشترین حاڵەتدا لە سعودیەو ئێران باشتر نابێ، بۆیە ئەگەر هەموان بەگژ ئەم بێڕێزیە بە باوەڕە ئایینە جیاوازەکان و کەلتوری جوانی کوردەواریەدا نەیەینەوە کە پڕە لە لێبوردەیی و پێکەوە ژیان و هەمەڕەنگی ئەوە دۆخێک دەخوڵقێ هەموو ناخمان پڕدەبێ لەرق و هەڵاواردن و کەلتوریشمان دەگەڕێتەوە بیابانی گەورەی عەرەبی و کەس کوردستان ناناسێتەوە.
- Latest Posts by كاوسەین ىابەکر
کاوسێن بابەکر: حزب لەنێوان گۆڕان و پوکانەوەدا.
-کاوسین بابەکر: هەرێم لەئەگەری بەڕێوە نەچوونی هەڵبژاردندا.
-کاوسێن بابەکر: بێدەنگی مانای ڕازیبوون نیە!
- All Posts