سەرکۆ یونس: هەرێم و ئێران، بەرژەوەندی هاوبەش.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ جاری چوارەم دوای سەردانیکردنی بەغدا، سەردانی هەولێری پایتەختی کردەوە. دوور لەڕەهەندە سیاسییەکانی ئەم سەردانە و پەیوەندیەدیبلۆماسییەکانی هەردوولا.
هەرێم و ئێران، لەم بارودۆخەدا دەتوانین بەدووانەیەکی بەیەکەوەگرێدراوی هاوبەش بناسێنین، لەڕووی ئابوری و بازرگانی و گەشتیاری و بوارەکانی تری پەیوەندی کلتوری و فەرهەنگی و… هتد… .
پەیوەندیەئابورییەکانی ئێران و عێراق، لەئاستێکی پێوانەیی زۆر باشدایە، سەرەڕای کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا هێشتا قەبارەی بازرگانی نێوان عێراق و ئێران، بەرزترین ڕێژە تۆمار دەکات و ساڵانە زیاتر لە (13) ملیار دۆلارە و بەشی زۆری لەڕێگەی هەر سێ دەروازەی نێودەوڵەتی(حاجی ئۆمەران و باشماخ و پەروێزخان ) و چەندین مەرزی نافەرمییەوە دەکرێت و لەهەندێ سنوری هەردوولا کاری قاچاخی گواستنەوەی کەلوپەل، لەڕێگەی کۆڵبەرییەوە ئەنجامدەدرێت و سەرچاوەی بژێوی بەشێکی زۆری دانیشتوانی سەر سنوری هەردوولایە. بەپێ ی ئامارە نافەرمیەکان، قەبارەی بازرگانی نێوان هەولێرو تاران، ساڵانە نزیکەی (4 بۆ 5) ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت. ئەم بابەتە، لەکۆبونەوەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆکوەزیرانی هەرێمدا، جەختی زیاتری لەسەرکرایەوە.
ئەمە جگەلەوەی دەیان خوێندکاری هەرێم، لەزانکۆکانی ئێراندا خەریکی وەرگرتنی بڕوانامەن، لەهەمانکاتدا سەدان کرێکاری کوردی ڕۆژهەڵات لەشارەکانی هەرێمدا، کار دەکەن.
هەروەها لەساڵانی ڕابردوودا، دوای ئاسانکاری هاتوچۆی هاوڵاتیانی هەردوولا، ڕێژەیەکی زۆری هاونیشتیمانیان، سەردانی کۆماری ئیسلامیان کردووە و لەهەمانکاتدا پشکی شێری گەشتیارانی هەرێم، لەئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت، بەتایبەت لەکاتی بۆنە نەتەوەییەکانی وەک نەورۆزدا، کە بەسەدان گەشتیار ئەژمار دەکران و شاروشارۆچکەکانی هەرێمیان قەرەباڵغ دەکرد.
ئەوەی بەلای حکومەتی هەرێمەوە، گرنگە و جێگەی بایەخە، بابەتی سەقامگیری و ئەمن و ئاسایشی هەرێمە بەگشتی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی، چونکە بۆ چەند جارێک لەلایەن ملیشیا چەکدارەکانی سەر بەئێران، فرۆکەخانەو هەولێر مووشەکباران کراوە، نزیکبوونەوە لەئێران، واتە کەمبونەوەی فشاری ملیشیاکانە لەسەر هەرێم و هەر ئەمەش لەبەرژەوەندی هەرێمە، پێمان وایە، حکومەتی هەرێم ناتوانێت و لەبەرژەوەندی نی یە، دژ بەئێران مامەڵەبکات، ئەمە واقیعە و پێویستە لەبەرچاو بگیرێت.
لەئێستادا، وادەردەکەوێت حزبە کوردیەکانی دژ بەکۆماری ئیسلامی لەهەلومەرجی هەرێمی کوردستان تێگەشتوون، ئاسایشی هەرێم بەلایانەوە گرنگە، هەربۆیە لەم هەلومەرجەدا ئەو حزبانە کاروچالاکییەک ناکەن، ببێتەهۆی مەترسی بۆ سەر قەوارەی هەرێم.
پێمان وایە، هەتاوەکو هەرێمی کوردستان، پەیوەندیەکی پتەو وتۆکمەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەبێت، لەڕووی سیاسی و ئابوری وبازرگانییەوە، لەبەرژەوەندی هەردوولایە و بەرژەوەندی هاوبەش ڕەهەندی سەرەکییە، هەرچەندە لەڕووی ئابورییەوە کۆماری ئیسلامی ئێران، قازانجی زیاتر دەکات. بەڵام بۆ هەرێم، ئێران سەرچاوەیەکی گونجاوە بۆ هاوردەکردنی پێداویستیەکانی دانیشتوان، بەنرخێکی گونجاو و تێچونێکی کەم.
* ئابووریناس
- Latest Posts by سەرکۆ یونس
سەرکۆ یونس: پارەو بێ پارەیی.
-سەرکۆ یونس: ووردە سەرنج، لەسەر بڕیاری ڕاگرتنی هەندێ لەباجەکان.
-سەرکۆ یونس: بڕوانامە، یان مەعریفە.
- All Posts