شێرزاد ڕۆژهەڵاتی: ڕیشەی دوشمنایەتی دێموکڕاتەکانی چوار پارچەی کوردستان بەرامبەر پ ک ک/ بەشی دووەم.
پوختەی وتارەکە:
لە چوار پارچەی کوردستان دا دوو ڕێبازی جیاواز لە ململانیەکی توندی فکری، فەرهەنگی و سیاسی دان.
زۆرینەی حیزب و ڕێکخراوەکانی کورد لە یەکێک لە دوو بەرەی پ ک ک و دێموکڕاتەکان جێ دەگرن.
هەرچەند کە بەشێک لە هێزە کوردیەکان لە نێوان ئەم دوو جەمسەرە دا دەبیندرێن، بەڵام مەیلیان بە لای یەکێکیان دایە.
کۆمەڵگای کوردستان لە چین و توێژی جۆراوجۆر پێک هاتوە کە بیر و بەرژوەندی جیاواز و تەنانەت دژ بە یەکیان هەیە. حیزبە کوردیەکان نوێنەری ئەم چین و توێژانەن.
پ ک ک نوێنەری چینی ژێردەست و ڕووناکبیرانی چەپە و دێموکڕاتەکانی چوار پارچەی کوردستان نوێنەر و پارێزەری بەرژوەندی چینی سەردەستی کۆمەڵگای کوردین.
چینی سەردەست پێکهاتەیێکە لە کۆمەڵەتوێژێک کە 10٪ی جەماوەر پێک دێنن.
دێموکڕاتەکانی چوار پارچەی کوردستان “پ ک ک” بە خەتەرێکی گەورەتر لە دەوڵەتانی ناوچە بۆ سەر بەرژوەندی چینی سەردەستی کورد دەبینن.
شەڕی دێموکڕاتەکان بۆ دەسەڵاتە بە سەر کۆمەڵگای کورد دا. بەڵام ئامانجی پ ک ک گۆڕینی بنەڕەتی سیستمی ئابوری، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و سیاسیە.
لە دابەشکاری ڕێبازی سیاسی دا، دێموکڕاتەکان ڕاستی سوننەتی و پ ک ک چەپی سەردەم نوێنەرایەتی دەکەن.
خوێنەری بەڕێز، پێم خۆش بوو لە مەدحی برایەتی، یەکگرتویی و هاوخەباتی گشت حیزبە کوردیەکان لە پێناو ئازادی و ڕزگاری نەتەوەیی بنوسم. ئەمە خەونی من، تۆ و ملیۆنان کوردە. بەڵام واقەعیەتەکانی سەر زەوی جیاواز لە حەز و ئارزۆکانی ئێمەن. منیش ناچارم خەونەکەم بۆ خۆم ڕاگرم؛ و وتارەکەم بکەمە ئاوێنەی ڕاستیەکانی گۆڕەپانی سیاسی کوردستان.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی بزوتنەوەی نەتەویی کورد تا ئێستا دوو بیر و باوەڕی دژ بە یەکی ڕاست و چەپ لە ململانێی ناوخۆیی دابوون:
کورتە مێژووی سەد ساڵەی ململانێی ڕاست و چەپ لە کوردستان(1921- 2021).
5- حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان
“کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان” لە بەهاری 1979 لە لایەن بەشێک لە کادر و پێشمەگەکانی پێشووی حیزبی دێموکڕات کە زیندانی شا ئازاد کرابون، لە ژێر دروشمی ” دایبڕێژین کۆشکی یەکسانی ژیان” دامەزرا.
بەڵام هەر زوو کەوتنە بەر دوشمنایەتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران. لە مەولاناوای سەقز دێموکڕاتەکان هێرش دەکەنە سەریان. کەسێک بە ناوی حەسەن ئیقباڵی دەکوژن، چواری دیکەشیان دەستگیر دەکەن.
کۆمەڵەی یەکسانی لە تا ساڵی 1997 درێژەی بە خەباتی ڕێکخراوەیی خۆی دا.
6- حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
لە ساڵی 1979 تا 1984 کۆمەڵە و دێموکڕات لە لە ململانێکی توند دا بوون و لە هێندێک ناوچە شەڕی یەکتریان دەکرد و دوایە بە ئاگربەس کۆتایی دەهات.
لە 1984 دوای ئەوەی کۆمەڵە بە تۆڵەی کوژران و ئیعدامکرانی سێزدە پێشمەرگەیان لە نەوسودی پاوە، بیست پێشمەرگەی دێموکڕاتیان کوشت، حیزبی دێموکڕات شەڕی سەراسەری لە دژی کۆمەڵە ڕاگەیاند، کە تا دوای شەهید بونی دوکتور قاسملو( 1989 ) درێژەی کێشا. لەم شەڕانەدا هەشتسەد پێشمەرگەی هەر دولا بوونە قوڕبانی.
ململانێی دێموکڕاتەکانی چوار پارچەی کوردستان و پ ک ک
چۆنیەتی پەیدابوون و تەشەنەی ئەم ڕکابەریە لە هەر پارچەیێکی کوردستان:
ئەلف- دێموکڕاتەکانی باشور بە ڕێبەری بنەماڵەی بارزانی
ساڵی 1992 پارتی دێموكڕاتی کوردستانی ئێراق بۆ ئاغایەتی بە سەر باشوری کوردستاندا، دوو بەربەست لە پێش خۆی دەبینێت.. یەکیان یەکیەتی نیشتمانی بو، کە پێکەوە حکومەتی شەریکایەتیان پێک هێنابوو.
دوهەمیان پ ک ک بوو کە لە قەندیل و چیا سەختەکانی نێوان باکور و باشوری کوردستان جێی گرتبو.
کۆمەڵەی ڕەنجدەران هەڵوەشابۆوە. بیری چەپ لە ناو یەکیەتی دا کز ببو. سەرکردایەتی یەکیەتی تامی سامان و دەسەڵاتیان چێشتبو. مەسعود بارزانی ساڵی 1992 بە فەرمانی تورک توانی یەکیەتی نیشتمانی ڕاپێچی شەڕی هاوبەش لە دژی پ ک ک بکات. ڕێبەرایەتی یەکیەتی نیشتمانی کە زەمانێک ڕۆڵی هێزی پشتیوانی پارچەکانی دیکەی دەگێڕا، لە بەهاکانی پێشووی خۆی بەتاڵ بوو. _ دیتمان کە دۆستایەتی بنەماڵەی بارزانی زۆر لە دوشمنایەتیان خەتەرناکترە_ شەڕی پارتی لە دژی پ ک ک بە شێوەکانی جۆراوجۆر تا ئێستا درێژەی کێشاوە..
بێ- دێموکڕاتەکانی ڕۆژهەڵات و پ ک ک
ساڵی 1999 دوای گیران و ڕادەستکرانەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان، چواور پارچەی کوردستان کەوتە جۆش و خرۆش. کتێبەکانی عەبدوڵا ئوجەلان بوو بە میوانی زۆربەی ماڵان. پێگەی جەماوەری پ ک ک چەند قات زیادی کرد..
پ ک ک توانی لەم هەلە کەڵک وەرگرێ. ڕەگ و ڕێشەی خۆی لە گشت کوردستان داکوتا. تا ساڵی 2004 کۆپی حیزبی خۆی لە سێ پارچەکەی دیکەی کوردستان دامەزراند.
دێموکڕاتەکانی ئێران کە لە پێشدا کۆمەڵەیان پێ تەحەمول نەدەکرا، ئەم جارە هێزێکی پتەوتر و خاوەن پڕۆژەی ئامەدەیان لە ڕۆژهەڵات دیت کە دەتوانێ خەونی هەر جۆرە ئاغایەتی و سەروەریەک بەتاڵ بکاتەوە.
تەنانەت بەشی موهتەدی و ئێلخانیزادەی کۆمەڵەکانیش ترسیان لێنیشت دەنگی خۆیان ڕەپاڵ دەنگی دێموکڕاتەکان خست.
دێموکڕاتەکان، بۆ ئەوەی پ ک ک لای جەماوەری ڕۆژهەڵات ناحەز بکەن، دەستیان کرد بە تەبلیغاتی ژاراوی.
بەڵام لەم مەیدانە دەست کورت بوون. نەیاندەزانی چی خراپی پێ ببەستن، بە ناچار پەنایان بردە بەر خۆراکی ئامادەی تەبلیغاتی میتی تورک و پاراستنی پارتی.
وتیان «پ ک ک مناڵ دەڕفێنێ، تیرۆریستە، جاشی ئێرانێیە، جاشی سوریەیە، کوردایەتی قەبوڵ نیە، عەبدوڵا ئۆجەلان شیعەیە و زمانی کوردیش نازانێ، بێدینن، لە باری سێکسی بێبەند و بارن، لە قەندیل هەزاران کاندۆم بیندراوەتەوە…»
دەیان شایەر، قەڵەمفرۆش،کۆنەسیاسی ماندوو و دۆڕاو، لۆمپەن، دەمشڕ و خۆفرۆشیان ڕەوانەی ئەم زێرابە بۆگەنە کرد. تا بتوانن بە کاوێژی پاشماوەی خۆراکی میتی تورک، لایەنگرانی خۆیان و خەڵکی ساویلکە لە پ ک ک دوور بکەنەوە.
پێ- دێموکڕاتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان(ئ ن ک س)
تا ساڵی 2011 پارتی دێموکڕاتی کوردستانی سوریە زیاتر لە دە حیزب و ڕێکخراوی لێ جیا ببۆوە. بارزانی و تورکیا بۆ دوشمنایەتی پ ک ک، لە ژێر نێوی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستانی سوریە(ئ ن ک س) لێکیان گرێ دانەوە. لە سەر حیسابی بودجەی باشوری کوردستان لەشکری ڕۆژیان بۆ ساز کردن.
ئەم لەشکرە تا ئێستا فیشەکێکیان بەرەوڕووی داعش یان دوشمنێکی دیکەی کورد نەتەقاندوە. بەڵام دەیان گێچەڵیان بە پ ک ک و ڕۆژئاوا فرۆشتوە.
تێ- دێموکڕاتەکانی باکور
ساڵی 1971 تورکیا داوای کوشتنی ڕێبەرانی پارتی دێموکڕاتی کوردستانی تورکیا( پ د ک ت) لەمەلا مستەفا دەکات. مەلا نەیدەویست تەجروبەی ئابڕووبەرانەی کوشتنی ڕاستەوخۆی کاک سلێمانی موعینی و هەڤاڵانی( 1968 ) دوپات کاتەوە.
دەسگای پاراستنی پارتی بە دەستوری مەلا مستەفا لە چوارچێوەی پیلانێک دا هەر دوو ڕێبەری پارتی دێموکڕاتی کوردستانی تورکیا بەم شێوەی خوارەوە دەکوژێ:
چەکدارەکانی پاراستنی پارتی سەعید ئاڵچی تیرۆر دەکەن و دوایە دوکتور شڤان و دوو کادری پ د ک ت بە ناوەکانی چهکۆ و بروسک دەستگیر دەکەن و هەر سێکیان بە تاوانی درۆیینی کوشتنی سەعید ئاڵچی ئیعدام دەکەن.دوای ئەم زەربەیە، پ د ک ت بەرەو توانەوە چوو و نەیتوانی هەستێتەوە.
بنەماڵەی بارزانی بە یارمەتی دەوڵەتی تورک لە 2013 پارتی دێموکڕاتی کوردستانی تورکیان ساز کردۆتەوە. ئەم پارتە بە تەواوی گوێ لە مستی بارزانیە و تا ئێستا نەیتوانیوە پێگەیێکی جەماوەری بە دەست بێنێ و لە گەمەی سیاسی باکوری کوردستان دا ڕۆڵێکی بەرچاوی نیە. لە گەڵ پارتەکەی ئەردۆغان(ئا ک پ) دژی ه د پ هاوپەیمانە.