ئارام حسێن: رۆمانی “داگیركردنی تاریكی” شایسته‌ی خوێندنه‌وه‌یه.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
“چ وڵاتێكی ناشیرینمان هه‌یه، مرۆڤ ته‌نیا له شێتخانه‌دا ده‌توانێت به زمانی خۆی قسه بكات”
“داگیركردنی تاریكی” دوا رۆمانی نووسه‌ر و رۆماننووسی ناودار به‌ختیار عه‌لی-ه، گه‌رچی ماوه‌یه‌كی كورتیشه چاپ و بڵاوبۆته‌وه، گومانی تێدا نییه ئه‌م رۆمانه و رۆمانه‌كانی تریشی جێی شایسته‌ی خۆی له ئه‌ده‌بی كوردیدا گرتووه. به‌بڕوای من ئه‌م رۆمانه شایانی خوێندنه‌وه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌نا كه ده‌ستیبردووه بۆ مێژووی سیاسیمان و ئه‌و زوڵم و چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ی له‌سه‌ر تاكی كورد هه‌بووه و به‌شێوه‌یه‌كی سیستماتیك به‌ڕێوه‌چووه. ئه‌م رۆمانه له ماهییه‌تی مرۆڤ ده‌كۆڵێته‌وه به‌بێ جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی، له یه‌ككاتدا ده‌توانێ كه‌سێكی ئازادیخواز و ئاشتیخوازبێ و به دیوێكیتریشدا ده‌توانێ شه‌ڕانگێز و ره‌گه‌زپه‌رست بێت تا ئه‌و ئاسته‌ی وه‌ك دڕه‌نده پهلاماربدا و جگه له ره‌گه‌زی خۆی هه‌موو رهگهزهكانیتر به گێڕ و ناقۆڵاو كه‌م عه‌قڵ ته‌ماشا بكات.
ئه‌م رۆمانه و رۆمانه‌كانی تریشی پڕپڕن له‌و ئایدیایه‌ی كه مرۆڤ له بوویه‌كی بچووكه‌وه ده‌كه‌نه‌وه به بوویه‌كی گه‌وره و ده‌یان پرسیار رووبه‌ڕووی چییه‌تی مرۆڤ خۆی ده‌كرێته‌وه كه بۆ ده‌بێت وا بێ و ده‌كرێ له كه‌سێكی بێ پرسیار و قسه‌نه‌كه‌ره‌وه بگوازێته‌وه بۆ كه‌سێكی پڕ له پرسیار و ئالووده‌بوو به‌و دنیابینییه‌ی كه ده‌بێت ناڕێكییه‌كان راستبكرێنه‌وه. ئه‌م رۆمانه به وردی گه‌ڕاوه به‌ناو مێژووی سیاسیی و ژیانی رۆژانه‌ماندا، به‌ڕۆشنی دوو په‌یامی بنچینه‌یی گه‌یاندووه كه ده‌بێت له رۆمان‌دا ئاماده‌ییان هه‌بێت، په‌یامی مه‌عریفی و په‌یامی ئینسانییه. ئۆرهان پامۆك كه یه‌كێك له رۆماننووسه گه‌وره‌كانی توركه زیاتر پێ له‌سه‌ر ئه‌و ئایدیایه داده‌گرێ، به‌ختیاریش له رۆمانه‌كانیدا و به‌دنیایه‌ك فه‌نتازیا و رووداوه‌وه په‌نای بۆ بردووه، واتا پامۆك و به‌ختیار ئه‌گه‌ر له هیچ شتێك‌دا یه‌كنه‌گرنه‌وه له‌وه‌دا یه‌كده‌گرنه‌وه كه ژیانی مرۆڤ شایسته‌ی ئه‌وه‌یه وه‌كو باقی گیانله‌به‌ره‌كانی تر جێ و رێی باشتری بۆ ده‌سته‌به‌ربكرێ له‌به‌رئه‌وه‌ی كه مرۆڤه، پامۆك به‌ڕوونی ئه‌وه‌مان نیشانده‌دات كه “رۆمان تا زیاتر ورده‌كارییه ئاساییه‌كانی ژیانی رۆژانه و خه‌یاڵه بچووكه‌كان و خووهكانمان و شته‌كانی رۆژمان پێشان بدات، ئێمه به په‌رۆشه‌وه ته‌نانه‌ت بهشهیدابوونهوه ده‌یخوێنینه‌وه”1.
رۆمانی “داگیركردنی تاریكی” درێژبوونه‌وه‌ی ئه‌و چهوسانهوهیهیه كه لانیكه‌م له سه‌ده‌ی رابردووه‌وه درێژبۆته‌وه كه چه‌ندینجار و به به‌رچاوی دنیاوه جینۆسایدكردنی كوردی له باكووری كوردستان لێكه‌وتۆته‌وه. یه‌كێك له هێڵه سه‌ره‌كییه‌كانی ناو رۆمانه‌كه بریتییه له‌وه‌ی كه زمانی كوردی زمانێكی قه‌ده‌غه‌یه و هه‌ركه‌سێكیش پێی بئاخڤێ و پێی بنووسێ جا ئیتر كورد بیت یا تورك، دۆزه‌خ بۆ خۆی دروستده‌كات كه سه‌ری له تیاچوونه‌وه ده‌ردێنێ!
رووداوه‌كانی ناو رۆمانه‌كه وه‌كو زۆربه‌ی ده‌قه جیهانییه‌كان به‌ده‌ر نییه له فه‌نتازیا و له‌وێوه ده‌ستپێده‌كات كه عیسمه‌ت ئۆكتای كه بابایه‌كی توركه و سه‌ر به گورگه بۆرهكانه، تا شه‌و خه‌و ده‌یباته‌وه هیچ گیروگرفتێكی عه‌قڵی و جه‌سته‌یی نه‌بووه كه به‌یانی به ئاگادێت ئه‌و زمانه‌ی له‌وه‌وپێش پێیدواوه و پێی نووسیوه له‌بیری چۆته‌وه و له‌جێی ئه‌و به زمانی كوردی ده‌ئاخڤێ. رۆماننووس باس له‌وه ده‌كات توركه كه‌مالیسته‌كانی ناو ده‌وڵه‌ت و رێكخراوی گورگه بۆره‌كان كه به ده‌وڵه‌تێك له‌ناو ده‌وڵه‌تێكی تردا ناوده‌برێ، ئه‌و له‌بیرچوونه‌وه‌یه وه‌كو په‌تایه‌ك ته‌ماشا ده‌كه‌ن كه زۆر پیستر بێت له تاعوون و شێرپه‌نجه‌یه‌ك كه كه‌م كه‌س لێی رزگار ده‌بێت!
دووتوێی رۆمانه‌كه ئه‌و وێنانه‌مان نیشان ده‌دات كه كورد له‌و وڵاته‌دا به‌چ شێوازێكی دڕندانه ده‌چه‌وسێنرێته‌وه، گرنگ نییه به‌لای كه‌مالیسته‌كانه‌وه جگه له زمانی كوردی به‌چ زمانێكی تر ده‌دوێی و ده‌نووسیت، مه‌به‌ست له‌لایان ئه‌وه‌یه به زمانێك نه‌دوێی و نه‌نووسیت كه خاوه‌نی خاك و چیا و ئاوی خۆیه‌تی كه خۆرهه‌ڵاتی ئه‌نادۆڵه. ئه‌و توركه كهمالیستانهی خۆیان به خاوه‌نی وڵاته‌كه و ده‌وڵه‌ته‌كه ده‌زانن و وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست به هه‌میشه‌یی ماشینی رق و چه‌وسانه‌وه و كوشتوبڕ دههاژون، هیچ به‌ربه‌ستێك نا ناسن بۆ ئه‌وه‌ی په‌شیمانیان بكاته‌وه له رق و تووڕه‌یی، هیچ كاتێك دانبهوهدانانێن كه وڵاتێكیان هه‌یه چه‌ند نه‌ته‌وه و زمانێكی جیاوازی تیا ده‌ژی و ئه‌وانیش خاوه‌نی هه‌موو مافێكن وه‌ك هه‌ر هاووڵاتییه‌كی تورك.
گفتوگۆی نێوان كاره‌كته‌ره جیاوازه‌كانی ناو رۆمانه‌كه، دهمانباتهسهر هێڵه راسته‌قینه‌كه كه مافی هاووڵاتیبوونه له توركیا، كه له‌ژێر میكرۆسكۆبیشدا و له سایه‌ی كهمالیستهكاندا نادۆزرێته‌وه، هه‌وێنی رۆحی كهمالیستهكان كه له به‌رگی گورگه بۆره‌كاندا خۆی حه‌شارداوه، به‌شێوه‌یه‌ك گۆشكراوه و په‌روه‌رده كراوه و گه‌وره بووه تۆ بابایه‌كی خۆشبه‌ختیت له‌كاتێكدا به زمانی توركی بنووسی و بخوێنیته‌وه و نوكته بكه‌ی و جوێن بده‌ی و ئامۆژگاری ببه‌خشیته‌وه، له یه‌ككاتدا و به پێچه‌وانه‌وه نه‌تتوانی ئه‌و وه‌زیفانه به ئهنجامبگهیهنیت تۆ دوژمنیت و شتێك نامێنێته‌وه پێیبووترێت هاووڵاتی توركی و ئۆتۆماتیكی هه‌موو مافێك كه هاووڵاتییه‌كی ئاسایی له ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی خۆی ده‌یه‌وێت لێی بێبه‌ش ده‌بی و ده‌كه‌ویته نێوان دوو به‌رداشه‌وه كه یه‌كیان ده‌وڵه‌ته و ئه‌ویتریشیان رێكخراوی گورگه بۆرهكانه! یهكێكیتر له كاره‌كته‌ره‌كانی تری ناو رۆمانه‌كه عه‌لی ئیحسان-ه، روو له ئارسین-ی برای دهكاو پێیده‌ڵێت:”چ وڵاتێكی ناشیرینمان هه‌یه، مرۆڤ ته‌نیا له شێتخانه‌دا ده‌توانێت به زمانی خۆی قسه بكات”.
یه‌كێك له هێڵه به‌هێزه‌كانی ئه‌م رۆمانه رۆچوونه به ناخی هه‌ریه‌كێك له كاره‌كته‌ره‌كاندا و ده‌رخستنی ناخیانه بۆ خوێنه‌ر، داخۆ چۆن بیرده‌كه‌نه‌وه و گۆڕانی عه‌قڵی كاره‌كته‌ره‌كان له‌ناو ئه‌و رووداوه جیاوازانه‌ی له به‌شه جیاوازه‌كانی رۆمانه‌كه‌دا رووده‌ده‌ن بهكوێدهگا؟ هه‌ركاتێك رۆماننووس نه‌یتوانی ئه‌و وه‌زیفه‌یه به قوڵی جێبه‌جێ بكات وه‌كو ئه‌وه وایه مه‌لێك به باڵێكی شكاوه‌وه بیه‌وێت لاسایی مه‌لێكی ته‌ندروست بكاته‌وه كه به دووباڵی بێكێشهوه هه‌وره‌كان ده‌بڕێ. ئۆرهان زۆر به‌جوانی گوزارشتی له‌وه كردووه كه وه‌سفی كاره‌كته‌ره‌كان هاوشێوه‌ی دارستانێك وایه كه بایه‌خ به دره‌خته‌كانی ناوی بدرێ”نووسینی رۆمان وه‌ك ئه‌وه وایه له‌م سه‌ره‌وه تا ئه‌وسه‌ری دارستانێك بایه‌خ به دانه‌به‌دانه‌ی داره‌كان بده‌ین و هه‌ر دارێك تۆمار بكه‌ین و وه‌سفی بكه‌ین. دواجاریش ئامانجی گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهات وه‌ك گه‌ڕان به سه‌رانسه‌ری دارستاندا دێته پێشچاو”.2
ده‌وڵه‌تی تورك به ئێستاشه‌وه هه‌موو هه‌وڵێكی خۆیداوه و ده‌دات، وه‌ك ده‌ستاڕ هه‌موو ئه‌و گه‌له جیاوازانه‌ی توركنین بهاڕێ و ده‌ستیبردووه بۆ هه‌موو ئه‌و شێوازانه‌ی مرۆڤ لهتلهت ده‌كه‌ن تا بوونیان به یه‌كجاری بسڕێته‌وه! زۆرجار و له زۆر قۆناغی جیاوازدا له ده‌ریای خوێنیشی هه‌ڵكێشاون! تاریق ئاكانسۆ-ی باوك پسپۆڕی زمان و مامۆستای زانكۆی ئه‌نكه‌ره، بۆ سڕینه‌وه‌ی زمانی كوردی به پڕۆژه‌یه‌كی ته‌واو ورده‌وه، ده‌وڵه‌ت ده‌ینێرێت بۆ خۆرهه‌ڵاتی ئه‌نادۆڵ تا به ته‌واوی زمانی كوردی له‌ڕیشه‌وه هه‌ڵكێشێت، خاوه‌نی دوو كوڕ ده‌بێت به‌ناوی ئارسین و عه‌لی ئیحسان، وه‌ك چۆن باوكیان ده‌كه‌وێته ناو گێژاوی سڕینه‌وه و پاكتاوكردنی جه‌سته‌ی كورد و جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ی، ئاوه‌هاش به به‌رنامه ده‌یه‌وێت هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی بباته ناو گێژاوهكهوه و هه‌ریه‌كه‌یان بكاته دڵسۆزی جمهورییه‌ت و ده‌روێشی راسته‌قینه‌ی بیروبۆچوونه‌كانی ئه‌تاتورك.
هه‌ر له منداڵییه‌وه رایانده‌هێنێت كه توركبوون مایه‌ی خۆشبه‌ختییه و زمانی كوردی به قه‌ولی تاریق ئاكانسۆی باوكیان زمانی قهلهباچكهكانه و هێزی ئه‌وه‌ی تیانییه پێی بنووسرێ و گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ئه‌م و ئه‌ودا پێ بكرێ، یه‌كێك له خه‌ونه‌كانی ئاكانسۆ ئه‌وه‌یه به‌تاڵیان بكاته‌وه له به‌زه‌یی و وه‌ك دڕنده و نێچیر ته‌ماشای به‌رامبه‌ره‌كانیان بكه‌ن كه ئه‌و هه‌میشه كوردی به دڕنده و نێچیر چواندووه! دواجار هیچ راهێنانێك ناتوانێت یه‌كێك له كوڕه‌كانی به‌ناوی ئارسین له خشته‌به‌رێ و نه‌ك هه‌ر به پێچه‌وانه‌ی هه‌وای فاشیستانه‌ی باوكیه‌وه شه‌ن ده‌كات، ته‌نانه‌ت ده‌بێت به یه‌كێك له ره‌مزه دیار و كاریگه‌ره‌كانی بزوتنه‌وه‌ی چه‌پ له توركیا.
له كاتێكدا تاریق ئاكانسۆ له به‌رده‌م ورچێكی دهستگیركراویی چیاكانی خۆرهه‌ڵاتی ئه‌نادۆڵ كه له ماڵه‌كه‌ی خۆیدا و له چوارچێوه‌یه‌كی ئاسنیندا بهندیكردووه، ئامۆژگاری هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی ئارسین و عه‌لی ئیحسان دهكاو پێیان ده‌ڵێت:”ده‌زانن بۆ ئێمه هاتووین بۆ خۆرهه‌ڵاتی ئه‌نادۆڵ؟ بۆ راوی ئه‌م دڕندانه. به‌وردی سه‌یری ئه‌م ئاژه‌ڵه گه‌وره‌یه بكه‌ن، مۆن و كپ، به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌و كپی و ئارامییه‌ی نهتانخهڵهتینێت، هه‌ر یه‌كێك له ئێمه بكه‌وینه به‌رده‌ستی هه‌لاهه‌لامان ده‌كات. ئێمه لێره‌ین تا ببینه پاسه‌وانی ئه‌وه‌ی، ئه‌و رۆحه كێوی و دڕنده و رام نه‌كراوه بۆ هه‌میشه له‌م قه‌فه‌زه‌دا بمێنێته‌وه. ئێمه بۆ راو لێره‌ین. هه‌م ورچ راودهكهین، هه‌م ئاسك، هه‌م پڵنگه‌كان. به‌ڵام سه‌ختترین شت بۆ ئێمه، راوی ئینسانه كێوییه‌كانی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌یه، بزانن هه‌ركاتێك رۆحێكی كێوی له‌مانه دهستهمۆدهكهین، هێشتا ده‌یان رۆحی دڕنده‌ی تر ماوه له پشته‌وه ده‌ژین و ده‌سته‌مۆ نه‌بوون.. زنجیره‌یه‌كی ناكۆتایه.. زنجیره‌یه‌كی ترسناكی ناكۆتایه”. راهێنانه‌كانی باوكیان ئاكانسۆ، كاریگه‌ری له‌سه‌ر عه‌لی ئیحسانی كوڕی داده‌نێ و ده‌بێته یه‌كێك له هێزه ئه‌منییه‌كان.
“گه‌ر خه‌ڵك ئازادی ئه‌وه‌یان نه‌بێت جۆری ژیانی خۆیان هه‌ڵبژێرن، ئه‌و ئازادییه له مردن‌دا تاقیده‌كه‌نه‌وه. له ئه‌تاتوركه‌وه تا ئه‌مڕۆ ده‌وڵه‌ت خه‌ڵك فێر ده‌كات وه‌ك تورك بژین و وه‌ك تورك بمرن، لات سه‌یر نه‌بێت خه‌ڵكێكی تر هه‌بن هه‌موو جوانی ژیان و مردن له‌وه‌دا ببیننه‌وه رێگایه‌كی تر بگرنه‌به‌ر”. ئه‌وه وته‌ی عه‌لی ئیحسان كوڕی تاریق ئاكانسۆیه، دواجار ئیحسان خۆڕاگرییه‌كه‌ی كوردان به چاوی خۆی ده‌بینێ و شه‌ڕ له پێناو مانه‌وه‌ی زمانیان وه‌ك شه‌ڕێك ته‌ماشا ده‌كه‌ن كه له پێناو پاراستنی رۆحی خۆیاندا بیكه‌ن، له‌وه تێده‌گات ئه‌وه‌ی كه ده‌وڵه‌تی تورك كردوویه‌تی و ده‌یكات ئاسن كوتینه و نایانه‌وێت به‌زۆر و زۆرداری زمانیان لێ بسه‌نرێته‌وه. به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو هه‌وڵێكی ئاكانسۆی باوكه‌وه، رووداوه‌كان دێن و ده‌ڕۆن، تاسه‌ر ناتوانێ ده‌ست به ره‌شوه‌ی پڕۆژه‌كه‌یه‌وه بگرێ و دواجار و له‌به‌رده‌م خۆڕاگری كورددا ده‌ستی لێ به‌رده‌بێ و ده‌بێته قوربانی ئه‌و رێگا هه‌ڵه‌یه‌ی كه وزه‌ی له تۆرانییه‌ت و فاشییه‌ت وه‌رده‌گرت.
ده‌وڵه‌ت ده‌گاته ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی بیرچوونه‌وه‌ی زمانی توركی بیرچوونهوهیهكی مه‌ترسیداره و ئه‌نجامی ئه‌و بیرچوونهوهیهش خاك و ئاو زمانی توركیا لهبهریهكههڵدهوهشێنێ، كۆكردنه‌وه‌ی نه‌خۆشه‌كان له یه‌ك جێگادا كه ژێرزه‌مینی یه‌كێك له خه‌سته‌خانه‌كانی پایته‌خته، له دوای هه‌ندێ ده‌رمانی هێوركه‌ره‌وه و كاره‌بادان له‌سه‌ریان بێ ئه‌نجام ده‌بن له‌وه‌ی كه هیچ شتێك له‌وشتانه‌ی به‌كاریانهێناوه بۆ نه‌خۆشه‌كان كاریگه‌ری ئه‌وتۆی نه‌بووه تا جارێكی‌تر زمانی توركیان بۆ بگێڕێته‌وه، زۆربه‌یان ده‌كه‌ونه ئه‌و دڵه‌ڕاوكێیه‌ی كه رۆژێك بێت ئه‌وانیش رووبه‌ڕووی ئه‌و دهردهببنهوه.
دزه‌كردنی رووداوێكی له‌و چه‌شنه‌ش بۆ ناو رۆژنامه‌كان ئه‌وه‌نده‌یتر ده‌وڵه‌ت دههێنێتهپای ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی ریشه‌یی بۆ ئه‌و جۆره نه‌خۆشییه بدۆزنه‌وه و ئه‌گه‌ر بۆ كاتێكی دیاریكراویش بووبێت خۆیان له شه‌ڕی رۆژنامه‌كان لاده‌ن، هه‌ربۆیه بڕیار له‌وه ده‌ده‌ن بیانكه‌ن به شێت و له شێتخانه‌ی ئالازگای ئامه‌ددا زیندانیان بكه‌ن، ره‌وتی رووداوه‌كان به ئاستێكی ترسناكی وادا تێده‌په‌ڕن رێكخراوی گورگه بۆره‌كان پێیبزانن و له پرۆسه‌یه‌كی ته‌مومژاویدا له‌ناویان به‌رن.
به‌شێكی تری رۆمانه‌كه ته‌رخانكراوه بۆ ئه‌و بێ مافییه‌ی به‌سه‌ر ئهرمهنهكانیشدا هاتووه، رۆماننووس مه‌به‌ستێتی ئه‌وه‌مان پێ بڵێت كه به ته‌نها هه‌ر كورد رووبه‌ڕووی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه نه‌بۆته‌وه له توركیا، ئه‌رمه‌نه‌كانیش له سایه‌ی جمهورییه‌تدا چه‌ندینجار كه‌وتوونه‌ته به‌رده‌م ئه‌و لافاوه و تاڵان كراون و ده‌ستیان له كوشتنی گه‌نج و پیر و مناڵ نه‌پاراستووه. ئه‌و كۆمه‌ڵكوژیانه مێژوویه‌كی دوور و درێژیان هه‌یه و له‌لای تۆرانییه‌كان وه‌كو ئه‌وه وایه هێشتا ئه‌و پرۆسه‌یه زۆری مابێت! به‌ختیار ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌مان به بیربهێنێته‌وه هێشتا مێژووی سیاسی توركیا خوێنی لێ ده‌تكێ و رهگهزپهرستهكانیان تینوون به خوێنی گه‌لانی وڵاته‌كه جگه له‌و توركانه‌ی كه خوێنی سوڵتانه‌كان له جه‌سته‌یاندا ده‌سووڕێ، نه‌ته‌وه‌كانی تر به به‌رده‌وامی له‌به‌رده‌م نه‌شته‌ری عه‌قڵی دواكه‌وتووی رهگهزپهرستهكاندان. كۆی ئه‌و تراژیدیایانه‌ی له توركیادا روویانداوه، پامۆكیشیان هێناوه‌ته قسه‌و بوێرانه و روو له فاشیسته‌كان بڵێت”پێموایە پرسیاركردن لەوەی چی بەسەر ئەرمەنییەكانی سەردەمی عوسمانی‌دا هاتووە، بۆ خۆی جۆرێكە لە پیشاندانی ئازادی رادەربڕین ئەو جۆرە پرسیارانەش پرسگەلێكی نەبڕاوەو پێكەوە گرێدراوی یەكترین”.3
رۆمانی “داگیركردنی تاریكی” كۆمه‌ڵێ رووداوی به یه‌كه‌وه به‌ستراون و له هه‌ناوی هه‌ریه‌ك له رووداوه‌كاندا خۆڕاگریی و ده‌ستهه‌ڵنه‌گرتن له زمان كه گوزارشت له نه‌ته‌وه‌یه‌كی زیندووی وه‌ك كورد ده‌كات، بووه‌ته سومبول و شه‌ڕێكی سه‌ختی له پێناودا ده‌كرێ، هه‌ربۆیه تا شه‌ڕه‌كه سه‌ختتربێ دیواری دانبه‌خۆدا گرتنیش تهنكتردهبێتهوه و ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشیش ئه‌گه‌رێكی نزیك ده‌بێت.
ئه‌م رۆمانه به‌ڕاسته‌وخۆیی به پاسه‌وانانی زمان ده‌ڵێت، هه‌رچ هه‌وڵێك بۆ سڕینه‌وه‌ی زمان بده‌ن بێ هوده‌یه و دواجار به سه‌رنه‌كه‌وتنی ئێوه كۆتایی پێدێ و له رق و ترس زیاتر شتێكی تر ناچننه‌وه! ئاكانسۆی باوك بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی فێری زمانی كوردی بكات، مامۆستایه‌كی كوردیان بۆ ده‌گرێ به‌ناوی مه‌هدی، له گفتوگۆیه‌كی نێوانیاندا مه‌هدی به ئاكانسۆ ده‌ڵێت”جه‌نابی ئاكانسۆ، من نازانم چی بۆ تۆ و بۆ نه‌ته‌وه‌ی تورك باشه، به‌ڵام ده‌مه‌وێت له‌گه‌ڵتدا راستگۆبم، له جێگای هه‌ر وشه‌یه‌ك له بیری ئێمه‌ی ده‌به‌یته‌وه، رقێكی گه‌وره سه‌وز ده‌كه‌یت، رقێكی بێده‌نگ به‌ڵام تاریك. تۆ چه‌ند به‌هێز بیت، سوپاكهت چه‌ند به‌هێز بێت، شه‌ڕتان له‌گه‌ڵ بێده‌نگیدا بۆ ناكرێت. هه‌ر وشه‌یه‌ك ده‌ته‌وێت بیخنكێنیت، له بێده‌نگیدا هه‌ڵده‌گیرێت، بێده‌نگی هه‌ندێجار خه‌زنه‌یه‌كی گه‌وره‌یه مرۆڤ ده‌توانێت قووڵ هه‌موو زمانی خۆی له ناودا بشارێته‌وه. هه‌وڵمه‌ده بكه‌ویته ئه‌و زهلكاوانهوه. ئه‌و رۆژه‌ی ئێمه ئیدی زمانێكمان نابێت قسه‌ی پێبكه‌ین، ئیتر نامانبینیت، نه تۆ، نه هیچ كه‌سێك شه‌ڕی له‌گه‌ڵ بێده‌نگیدا بۆ ناكرێت، بێده‌نگی ناسڕدرێته‌وه، بێده‌نگی ترسناكه ده‌توانێت بتخنكێنێت”.
دیمه‌نه‌كانی رۆمانی “داگیركردنی تاریكی” وه‌كو هه‌ر رۆمانێكی تر له جێگایه‌كدا ده‌وه‌ستێ و كۆتایی رۆمانه‌كه راده‌گه‌یه‌نێ، به‌ڵام دوا دیمه‌نی سیاسی و تووندڕه‌ویی ده‌وڵه‌ت هێشتا شه‌پۆل ده‌دا و له سه‌ره‌تادایه! ئه‌و بارودۆخه سه‌خته سیاسییه‌ی كوردی تیایه هه‌وێنی نووسینی سه‌دان رۆمانی تره، دوا دیمه‌نه‌كان به‌ڕاسته‌وخۆیی پێمانده‌ڵێن هێشتا سیاسه‌تی ره‌گه‌زپه‌رستانه به‌رده‌وامه و خۆڕاگریی و پاراستنی زمان له‌لایه‌ن كوردانی باكوریشه‌وه جۆرێكه له شه‌ڕ و به به‌رده‌وامی ململانێی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن. خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه گرنگه بۆ خوێندنه‌وه‌ی عه‌قڵی ئه‌و توركه ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ی كه هێشتا پێیانوایه جگه له تورك هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر له‌سه‌ر خاكی توركیا و خۆرهه‌ڵاتی ئه‌نادۆڵ بوونی نییه.
سه‌رچاوه‌كان
1- رۆماننووسی ساده‌و رۆماننووسی بیركه‌ره‌وه، نووسینی: ئۆرهان پامۆك، وه‌رگێڕانی: به‌كر شوانی.
2- هه‌مان سه‌رچاوه.
3- ڕەنگەكانی تر، ئورهان پاموك، لەسویدییەوە: هیوا قادر.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە