عەبدولکەریم شێخانی: كاری لەپێشینەو لە پێشینەتر, ئەرێ وێرگول چییە ؟ بەشی دووەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

من لەجیاتی ئەوەی پێشەکی بۆ ئەو زنجیرە نووسینە بنووسم, بڕیارم کۆتایی بۆ بنووسم.
گومان لەوەدا نییە کە مامۆستا شکور مستەفاى خوا لێ خۆشبوو پیاوێکی بە توانا و زمانزانێکی هەرە لێهاتوو بوو و جگە لە کوردی ,عەڕەبی و تورکی و فارسیشی باش دەزانی و ئەمەش لە و کتێبانەی وەریگێڕاون بە ئاشکرا دیارە . بەڵام مامۆستا وەک هەموو کەسێکی دیکەى وەک من و تۆ و خەڵکێکی دیکە هەست و سۆزی هەیە دەشێ هەندێک شتی پێ خۆش بێ و هەندێکی دیکەى بەدڵ نەبێ . بۆ ڕوون کردنەوەی زیاتری قسەکانم, ناچارم کەمێک بگەڕێمەوە بۆ دواوە , بۆ چەند ساڵیک لەمەوبەر و دەڵێم لە مرۆڤایەتی و دۆستایەتیی ئێوە بێ بەری بم ئەگەر لە گێڕانەوەی ئەو ڕووداوانە درۆم کردبـێ یان لە ڕاسـتی و دروستی لام دابێ . مامۆستای شکوری خوا لێ خۆشبوو بە قسەی من لە مامۆستایەتی ناکەوێ , بەڵام دەلێم ئەوەی دەیگێڕمەوە و لەگەڵ من ڕووی داوە هیچ گلەییم نییە بە تایبەتی کە ئەو ئێستا چووەتە جێی حەقی خۆی و هەزار ڕەحمەتی لێ بێ و گەردەنی هەزار جار خۆش وئازاد بێ .
واتێ بگەم ساڵێ یەکەم و دووەمی حەفتاکانی سەدەی ڕابووردوو بوو , کتێبێکی تازەی ( قواعیدى عەڕەبی ) بۆ قوتابخانەکانی کوردستان دانرا کە جیابوو لەوەى قوتابییانی عەڕەب دەیانخوێند و مامۆستا شکور ئەندامی لیژنەی دانانی ئەو کتێبە بوو. من ئەو سەردەمە ( 1973ـــ 1969) لە بەڕیوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی دانرابووم بە ( تنسیب) لە هۆبەیەک کە تازە کرابووەوە بە ناوى ( المناهج والکتب ـــ بەرنامەو کتێب) و هەر شتێک پەیوەندیی بە بەرنامەی خوێندنەوە بایە , ئەوا دەهات بۆ لای ئێمە . ئەو ماوەیە من و مامۆستا ( صدیق شێخ محمود ) کە لەسایەى خواوە ئێستا لەژیاندا ماوە و نێوانمان زۆر برایانەیە, لەو هۆبەیە کارمان دەکرد و زۆریش بەیەکەوە سازا بووین.
مامۆستایانی سەرەتایی , کە ئێستا بۆتە بنەڕەتی, لێکدا لێکدا نووسراویان دەنووسی لەبارەی گرانیی بابەتەکانی ئەو کتێبە کە بۆ منداڵی کورد زۆر قورسە. مامۆستا سامی بەڕێوەبەری پەروەردە لیژنەیەکی پێک هێنا لە ( شێخ رۆوف قەرەداغی کە دەرچووى بەشی عەڕەبی بوو و ست سعدیة چەلەبی کە ئەویش هەر دەرچووى زمانی عەڕەبی بوو و نجاح توفیق مامۆستاى سەرەتایی بوو ومنیش . دواى تاوتوێ کردنی ئەو ڕەخنە و پێشنیازانەی مامۆستایان کە هاتبوون , کاری لیژنەکە لە چەند خاڵێک چڕ بووەوە . شێخ رۆوفی خوا لێ خۆشبوو بەمنی گوت : تۆ ڕاپۆڕتی کۆتایی لێژنەکە بنووسە . منیش پیکەنیم و گوتم: یاشێخ تۆ و سعدیەخان هەردووکتان تایبەتمەندی زمانی عەڕەبین و کاک نجاحیش هیچی لە ئێوە کەمتر نییە . گوتی : حەز دەکەم تۆ ڕاپۆڕتەکە بنووسی . پاش ئەوەی ڕاپۆرتەکەم نووسی خستمە بەردەمیان و هەموویان بەدڵیان بوو . لە بەشێکی ڕاپۆڕتەکە نووسیبووم : ( و یبدو من کل هذا أن أی تربوی کوردی لم یستشر فی هذا الموضوع و خاصة معلمو المدارس الإبتدائیة لأنهم أولی بغیرهم من الإستشارة والإستئناس برأیهم کونهم یعانون من تدریس لغة غریبة عن التلامیذ ) .
من نەمزانی بەشداریم لەو لیژنەیە و نووسینی ئەو ڕاپۆڕتە قوڕم بۆ دەگرێتەوە , چونکە دواى ماوەیەک مامۆستا شکور هات بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی و لە ژووری جێگری بەڕێوەبەری پەروەردە ( خوا لێ خۆشبوو فۆاد عزة ) , بەڕووی دادامەوە کە نووسیومە ( أى تربوی کوردی لم یستشر فی هذا الموضوع ) گوتی باشە ئەى من ( تربوی کوردی ) نیم و قسەیەکی دیکەشی کرد من نایڵێم . نازانم چۆن ئەوەی پێ گەییبووەوە , گوتم مامۆستای بەڕێز تۆ ( تربوی کوردی ) , بەڵام ئەوەی دێتە بەر دەستی مامۆستای سەرەتایی منداڵێکە کوردی بە تەواوی نازانێ و مامۆستای سەرەتایی گیانی دەردەچێ هەتا فێری پیتە عەڕەبییەکانی دەکات .
من وامزانێ شتەکە لێرە کۆتایی دێ , بەڵام وا دەرنەچوو . دواى ماوەیەک جارێکی دیکە سەری لە سلێمانی دایەوەو هاتە ژوورەکەی ئێمە بەو پێیەی مامۆستا شێخ صدیقی هاوڕێمی دەناسی , تەواوێک دانیشت و دوای ئەوە لەگەڵ کاک صدیق ڕۆیشتن . بۆ بەیانی کاک صدیق گوتی مامۆستا شکور داوای لێ کردووم ناوی چەند کەسێکی بدەمێ لەوانەی دەسەڵاتیان بەسەر وەرگێڕاندا دەشکێ و من خۆم و خۆت و چەند کەسێکم نووسیوە و ئەگەر تۆش کەسێکی دیکە دەناسی ناوەکانیانم بدەیە و با بیکەم بە لیستێک . منیش هەندێک ناوم دایە . مامۆستا گەڕایەوە بەغدا , دوای ماوەیەک ناوی چەند لێژنەیەک هات کە دانرابوون بۆ وەرگێڕان و ناوی هەموو ئەوانەی تێدا بوو کە من دەستنیشانم کردبوون , بەڵام ناوی من لە هیچ لیژنەیەکدا نەبوو و هەتا مامۆستا لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خوێندنی کوردی بوو من پەڕاوێز خرابووم , بەڵام کە مامۆستا گوێزرایەوە بۆ کۆڕی زانیاری کوردی , بە هەوڵی هەندێک دۆست ئەو تارمایی قەدەغە کردنەم لەسەر لاچوو و ئیدی کتێبی زۆرم بەسەردا باری . دووبارەی دەکەمەوە و دەڵێم لەمرۆڤایەتی بێ بەری بم دۆستایەتیی ئێوەم لێ حەرام بێ ئەگەر درۆم کردبێ و ئەوەی دەینووسم کاردانەوەیەکی نەرێیانە نییە بەرانبەر مامۆستای خوا لێ خۆشبوو , بەڵکو منیش ڕاو بۆچوونی خۆم دەربڕیوە و ئاماژە بۆ ڕای ئەو دەکەم و منیش قسەی خۆم هەیە و ئێوە سەر پشک بن و ڕای خۆتان دەربڕن .
کە مامۆستا شکوری خوا لێ خۆشبوو هاتە هەولێر , پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا کە شایانی بوو و ڕیزە گۆشەیەکی لە ڕۆژنامەی برایەتیی بەڕێز نووسی بە ناوى
با بە سەبکی کوردی بنووسین کە هەموویانم لای خۆم پاراستبوو و ئێستا بۆم نادۆزرێنەوە . من ڕەنگە لەگەڵ هەندێکیان بووبم , بەڵام تێ بینیشم لەسەر هەندێکیان هەبووبێ و منیش ئەو ئازادییەم هەیە کە ڕای خۆم دەربڕم با مامۆستاش نەبم , بەڵام خۆ منیش وەک ئەو و هەموو خەڵکی دیکە مرۆڤم . جارێکیش بەبۆنەی یادی دامەزرانی یەکێتیی نووسەرانی کورد , پێم وایە شوباتی ساڵی 1996 بوو , هەندێک قسەى کرد و گوتی نانبدە لە ناندەر ڕاستترە . ناندەر لە ( نان) و ( دەر ) کەناوی بکەر( اسم فاعل ) نانە و لە یەکێک لە گوتارەکانی پێشووم ئاماژەم بەوە کردووە کە ناوێکی لێکدراوە . لە زمانی عەڕەبی ( مشتقات ) هەیە کە لە ( فعل ) وەردەگیرێ وەک ( اسم فاعل , اسم مفعول , صفة مشبهة , صیغة مبالغة و گەلێکی دیکە) کەنامەوێ سەرێ ئێوەى پێ بێشێنم . بۆ نموونە ( رازق ) کە ناوی بکەرە(اسم فاعل) واتە ناندەر , بەڵام ( رزاق ) ( صغة مبالغة) یە واتە زۆر ناندەرە. ڕەنگە مەبەستى مامۆستا ئەوە بووبێ و کاریگەری زمانە عەڕەبییەکەى بەسەرەوە بێ . دوای ئەوە ئێمە وشەی دیکەمان هەیە وەکو ( ڕەنجدەر , هەوڵدەر , پیشاندەر ) , ئایا دەکرێ ئەوانیش وەکو ناندەر مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ ؟ ئینجا , بە داوای لێ بوردنەوە گاندەر و قووندەر چ لێ بکەین ؟ هەروەها لەسەر پێش خستنی ئاوەڵناو , ئەو دێرزەمانی بە نموونە هێنابووەوە , واتە زەمانی کۆن و گوتبووى ئەمە هەڵەیە و دەبێ بگوترێ لە زەمانی زوویەوە , یان زووەوە و ئاماژەى بەوە کردبوو کە ئەم جۆرە داڕشتنە تورکییە فەرمایشتەکانی مامۆستا شکور لەبەر ئەوەى تورکییەکی باش دەزانێت و شارەزاییەکی باشى لەو زمانەدا هەیە کە چاوی بەو لێک چوونە کەوتووە پێی وایە کە کوردی کەوتۆتە بەر کاریگەریی زمانی تورکی . من پێم وایە ئەو ڕایە ڕاست نییە , چونکە کورد لەم ناوچەیە لە تورک کۆنترە , بۆیە ئەو ڕایەم پێ ڕاست نییە و دواى ئەوە بۆنەڵێین کوردیی کاریگەریی لەسەر زمانی تورکی هەبووە ؟ پێش کەوتنی ئاوەڵناو و دواکەوتنی ناو و دروست بوونی وشەی ڵێکدراو لە زمانی کوردی زۆر ئاساییە و تورکیش لەم ڕووەوە چاوى لە ئێمە کردووە , یان ئەوانیش وەکو ئێمەیان کردووە . بۆ نموونە تورک دەڵێت : گویزاڵ قز ( جوانە کچ ) . بەیوگ قارداش ( گەورە برا , یان برا گەورە ) .
ئەمە سەبارەت بە ناو و ئاوەڵناو , سەبارەت بە ( مضاف و مضاف الیە ) یش ئەوان هەر ئەو جێگۆڕکێیە دەکەن , وەکو ( کرکوک کبابی, واتە کەبابی کەرکوک , مال مدیری , واتە مدیر مال ) .
ئینجا دەڵێم ئەگەر ئێمە لەم ڕووە چاومان لە تورکان کردبێ , دەبێ ئینگلیزیش چاویان لە تورکان کردبێ چونکە ئەوانیش زۆر جار ئاوەڵناو پێش ناو دەخەن و دەڵێن ( goldenapple ,redstar . bluesky ). بەرپرسێکی گەورەی وەزاڕەتی دەرەوەی ئەمریکا ناوى ( redman ) بوو . هەروەها یەکێک لە دیپلوماتکارەکانی ئینگلیز ناوى ( whitehead ) بوو , و حاکمى قوبروس پێش ئەوەى سەربەخۆیی خۆی وەدەست بێنێ ناوى میستەر ( hugefoot ) بوو . وەکو دەبینی ئەمانە هەموو ئاوەڵناون پێش ناو کەوتوون . من ئەم تێ بینییانەم خۆم نووسى و بە ڕێکەوت تووشی کاک زاهیر ڕۆژبەیانی بووم و گوتم وەڵامی مامۆستا شکورم داوەتەوە . گوتی زۆر باشە بۆمانی بنێرە و منیش ناردم و گوتارەکە تایپیش کرا , بەڵام لەبەر هەر هۆیەک بێ بڵاو نەکرایەوە و تەنانەت کاک زاهیر گوتی لە لوولەی شووشەکە قورگیت گرتووە . سەرەتا زۆرم پێ ناخۆش بوو , بەڵام دوایی زۆر سوپاسم کردن کە بۆیان بڵاو نەکردمەوە , چونکە ئەوسا کەمێک پەلەم کردبوو , بەڵام دوایی , گوتارەکە هەندێک پەلی دیکەی لێ بووە وە کە زووتر باسم نەکردبوون و ئێستا لێرە لێیان دەدوێم و هیوام وایە کە لەم نووسینەدا شتێکی بە سوودم باس کردبێ و لە هەردوو حاڵەتەکەدا , بەدڵتان بێ , یان بەدڵتان نەبێ , ئەگەر بەریشمى دابەنەوە هەر سوپاستان دەکەم . تکایە چاوەڕوانی بابەتی دیکە بن . لە کۆتاییدا دەڵێم ئەم گوتارەم لە ساڵی 1998 نووسیوە و بڵاوم نەکردۆتەوە و لێم یزر بوو بوو و بەم دواییانە دۆزیمەوە و بەزنجیرە لێرە بڵاوم کردەوە . بۆ ئینگلیزییەکانیش لەبەر ئەوەى شارەزایی تەواوم نییە نەمتوانی یەکەم پیتى ناوەکان بە ( کەپیتەڵ ) بنووسم داواى لێ بوردن دەکەم .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت