ھوشیار ئەحمەدی: تاڵی”زوڵف ” لە تانوپۆی شێعرەکانی “بێسارانی”دا.
ئەر ئەو دەستەی زوڵف، شەماڵ بشانۆ
گشت عالەم زیندەی، جاوید مەمانۆ
لە شێعری شاعێرانی کورد، بەتایبەتی چوار شاعێری ھەورامی (سەیدی، بێسارانی ، مەولەوی و خاڵۆی کۆماسی)دا “زوڵف” تانوپۆی تابلۆی حەریر و ھەورێشمی خەیاڵیانی پێکھێناوە.
ئەوان بە سەر زوڵفا وەک “پردی سێرات” بەرەو پەرستگەی یار ئەپەڕنەوە، یان بە تای زوڵفی یار، مەجنون ئاسا، بە خەیاڵی وەسڵی لەیل شۆڕ ئەبنەوە ناو بیری ئەشق، یان بە تای زوڵفی دوڵبەرا وەک یوسف خۆیان لە بیرا ڕزگار ئەکەن، یان سیامەند ئاسا بە زوڵفی یار خۆیان لە ھەڵدێری مای ھەزار ما ئەگرنەوە و ڕزگار ئەکەن.
ھەڵبەت جاروباریش ھەر ئەو زوڵفە لێیان ئەبێتە ئەژدیھایەک و لە دەوری گەنجی جوانییان ئەبێتە پاسەوان، یان نا ئەبێتە حەی(مار) و دڵیان ئەگەزێ، جار واشە ئەبێتە ھەوری ڕەشی پەڕچەم و ئەگریجە و جوانی و تیشک و تریفە و وریشەی مانگی روخساریان دائەپۆشێ. جار واش ھەیە ئەبێتە رێحان، مەرزە، چنوور، شەوبۆ و تەنانەت عەنبەر و موشک و لە خەیاڵی شاعێرا عالەمێ مەست و سەرخۆش ئەکات.
لێرا بە چەند تاڵێ لەو زوڵفانا، پێکەوە دائەشۆڕێین بۆ ناو دونیای جوانیی ئەشعاری رۆمانتیکی شاعێری پایەبەرز، عاشقی جوانیناس و جوانیھۆن، مامۆستا “بێسارانی”. لە یەکێ لە شێعرەکانیا بەناوی “شیرین تار کەردەن” واتە شیرین تاڵ تاڵی کردووە، یان شیرین تاڵێکی جیا کردووەتەوە. لێرەدا مەبەست لە “شیرین” خاتو ئامینە”ی پایگەلان، واتە دڵبەرەکەی عەشقی ناکامیەتی. با ئەوەش بێژم، بێسارانیش، خودا ئاسا چەندین ناوی بۆ بانگ کردن و وەسفی دوڵبەرەکەی ھەس لەوانە شیرین، چراغ، خورشید، ئافتاو و….
لە دێڕی یەکەما ئێژێ دوڵبەر بە تاڵێ لە زوڵفی ڕەشی عەبنەر بۆی، گیانمی بەستووەتەوە، پەلبەس کردگە، کەلەپچە کردگەو ھەتا ڕۆژی حەشریش بەرم نادات. لێرە لای بێسارانی سێ شت گرینگن، یەکەم بەندو کەلەپچەکە تاڵی زوڵفن، زوڵفێکی تایبەت کە ھی یارەکەین، دووھەم زوڵفەکە ئاسایی نیە، بۆعەنبەرینە، سێحراوی سەڕخۆشکەرە، ئەمەش بەندکرانەکەی ھەتا قووڵایی ڕۆح و دڵ و عەقڵ و ئێحساس توند کردووە. سێھەم بەندکرانەکەی ئەبەدییە، ھەتاییە، لەم دونیا و لەو دونیاش لە ڕۆح و جەستە و ھۆش و زیکرو خەیاڵی نابێتەوە. واتە ھەتا تەسلیمی رۆژی جەزای نەکات، وازی لێ ناھێنێ.
لەواقێعا ئەمەش نیشانەیە لە عەشقێکی حەقێقی، زەوینی، عەشقی مرۆڤێ بۆ مرۆڤێکیتر، عەشقی مەخلوقێ بۆ مەخلوقێکیتر، ئەوەی ھەندێ بە عەشقی مەجازیی ناو ئەبەن کە لە ڕاستیدا عەشقی حەقێقیی ھەر خودی ئەوەیە.
ئەو بە تایێ زوڵف، سیای بۆ عەنبەر
بەند کەردەن گیانم، تا بەڕۆی مەحشەر
ئەر ئەو دەستەی زوڵف، شەماڵ بشانۆ
گشت عالەم زیندەی، جاوید مەمانۆ
بێسارانی بەمەش واز ناھێنێ و لە دێڕی سێھەما ئێژێ، ئەوە تاڵێ لە زوڵفی تۆیە وا منی ھەتا ڕۆژی حەشر بەند کردووە، خۆ دڵنیام ئەگەر بای شەماڵ بدات لە چەپکی زوڵفەکانت و چنوور و رێحان ئاسا بیانشەکێنێتەوە و باوەشێنیان بکات، گیانی ھەرمان و ڕۆحی نەمری ئەکاتە بەر لەشی مرۆڤەکانا و تەواوی دونیا بە بۆنی زوڵفەکانت بۆ ھەتا ھەتایە زیندوو ئەمێننەوە. ئەمەش جۆرێ شوبھاندن بەو ئاوی حەیاتەیە خزری زیندوو خواردوویەتەوە و بووتە ھۆی بە نەمری مانەوەی.
_ بەڵام ئاخۆ “عەنبەر” چەس؟
وەک ئەزانین عەنبەر و بۆی عەنبەرین و عەنبەربۆ بوونەتە بەشێ لە جوانی و سەرنجڕاکێشیی شێعری شاعێران، شاعێرانی ئێمەش زۆریان بەکار ھێناوە. عەنبەر ھاوتای موشک یان “میسک” یەکێ لە مادە بۆندارە تایبەتەکانە، ئەم مادەیە تایبەتە بە نەھەنگێ بەناوی “نەھەنگی عەنبەر” یان “شانەھەنگ”. ئەم نەھەنگە لە ئۆقیانوسەکاندایە، مادەیەکی تایبەت لە ناو زگ و گەدەی دایە بۆ پاراستنی لە بەرامبەر خواردنی شتی نەخوازراو و زیانبەخشا. ئەم مادەیە جارجارە لە دەمیەوە یان وەک پاشەڕۆ فڕێ ئەدات. سەرەتا شلەیەکی پیسی بۆگەنە، بەڵام پاش مانەوەی بۆ ماوەیەک، توند ئەبێتەوە و رەنگەکەی ئەگۆڕێ بۆ خۆڵەمێشی.
دواتر ئەو مادەیە بە شێوەی پارچە بەردێ، بەڵام سووک ئەکەوێتەسەر ئاو و کەسانی تایبەت بە دیتنەوەی عەنبەر، ئەڕۆن ئەیدۆزنەوە. ئەو مادەیە زۆر بەنرخە، بۆنێکی تایبەت و دڵڕفێنی ھەس. بۆنێ نەمر.
بە بۆنەی ئەم تایبەتمەندییانەوە، نەسڵی شانەھەنگ⁄نەھەنگی عەنبەر، لە لایەن راوچییەکانەوە کەوتە مەترسی. مادەی عەنبەر بە نرخێکی بەرز ئەکڕدرێ و لە پیشەسازیی بان و ئۆدکولۆنا بەکاردێ. عەنبەر ئەکرێتە ناو ھەندێ لە بۆنە تایبەتی و گرانبەھاکانەوە، بۆ ئەوەی بۆنەکە بە نەمری و ھەتاھەتایی بھێڵێتەوە. ھەندێ لەو بۆنانە وەک ” شانێل، تامفۆرد، کریستین دیۆر، میس دیۆر، ئەگونیست و…” عەنبەریان تێدا بەکارھێنراوە.
عەنبەر بێجگە لە بواری عەتر دروستکردن، تەنانەت بۆ پیشەسازیی دەرمانیش بەکار ئەھێنرێ.
سڵاو لە گیانی نەمری بێسارانی و سەرجەم شاعێرانمان کە خەرمان و ژێرخان و پاشخانی گرینگی زمان و ئەدەبیاتی ئەمڕۆیی و داھاتووی ئێمەن، وایان کردووە زوانەکەمان سەری پێیانەوە بەرز بێ.