ئارام هادی: دادگا، کونسوڵخانەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا بە تاوانبار نازانێت!
باکەمێک ڕاستگۆبین لەگەڵ خۆمان، سەرەتای دروستبونی پەیوەندی نێوان دوو وڵات لە هەواڵگرییەوە دەست پێدەکات، ئەم پەیوەندییە تاچەند بەرە و پێش بچێت بڕیار لەسەر فراوانبونی پەیوەندییەکە دەدات بۆ بواری (سیاسی. بازرگانی. ئابوری. ڕۆشنبیری) و… هتد، جا ئەمە بۆ دوو وڵاتی زلهێزی وەکو ئەمریکا و ئەڵمانیا لەگەڵ حکومەتی هەرێم تا کۆتایی لەسەر پەرەپێدانی هەواڵگری دەمێنێتەوە، کەواتە ئەو دوو وڵاتە پێویستیان بەوەنیە زانیاری هەواڵگری لەڕێگەی چالاکوان و ڕۆژنامەنوسەوە کۆ کەنەوە، بەڵکو بە لێشاو لەڕێگەی دامەزراوە حکومیەکانەوە یان لە ڕێگەی مانگی دەستکرد و پێشکەوتنی ئەلکترۆنی یەوە زانیارییەکان کۆدەکەنەوە.
دواتر لەناو کەوانەیەکدا گەر ئەمە ڕاست بێت و ئەو دوو وڵاتە چالاکوان و ڕۆژنامەنوسەکانی بەکارهێنابێت!!، دادگای پێداچونەوەی هەولێر ئەمڕۆ بۆچی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە بەوەی، کە” کونسوڵخانەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا لە هەرێم بە تاوانبار نازانن!!؟”، یان جاری یەکەم پەکەکە و ئێستا ئەڵمانیا و ئەمریکا و دوورنیە لە داهاتوو وڵات و لایەنیتری پێ تۆمەتباربکەن!.
بەڕای من ڕاستی بابەتەکە پەیوەندی بە
1- پارتی دەیەوێت لە ڕێگەی کەیسی دەستگیرکراوەکانەوە بادینیەکان بێدەنگ بکات، کە تادێت دەنگی ناڕەزایەتی لە ناویاندا دژی پارتی بڵندتردەبێت.
2- تورکیا و پارتی بەم کەیسە تۆڵەی خۆیان لە خۆپیشاندانەکەی شیلادزێ وەردەگرنەوە کە تیایدا سەربازگەی تورکیا لە شیلادزێ لەلایەن هاونیشتمانیانەوە سوتێندران.
3- دروستکردنی دۆسیەی تیرۆر بۆ پەکەکە، کە ئەمەش بە قازانجی تورکیا و پارتی یە.
4- تورکیا لە ڕێگەی پارتی یەوە ناوی (ئەڵمانیا و ئەمریکا) دەزڕێنێت وەکو تۆڵە لە بەرامبەر هاوکاری ئەو دوو وڵاتە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.
لە بەشێکیتری ڕاگەیەندراوەکەدا دادگا و دەسەڵاتی دادوەری لە هەولێر دەڵێ “بەشێک لەوانەی قسەیان لەسەر پەسەندکردنی بڕیارەکە کردووە دەچێتە خانەی دەستوەردان له کار و باری دادگا”!!، کەواتە بەشەکەیترمان ڕاست دەکەین.
کۆنگرەی ناوحۆیی پارتی و هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، دوو پێشهاتی گرنگن لە بەردەم ئەو حزبەدا، فشاری ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا و شەقام هاوشانی فشاری لایەنە سیاسیەکانی هەرێم، دەبێتە هۆکاری ئازاد کردنی دەستگیرکراوانی بادینان، بەمەرجێک هەڵمەتی فشارەکە چڕ و پڕ و بەردەوام بێت.