ھوشیار ئەحمەدی: “قانع” ئەو شاعێرەی قەڕنێ زووتر لەدایک بووە..!
قانعم، ئەسپی خەیاڵم ، بەینێ تر سەرگەرم ئەبێ
موشتەریی ئەشعارەکانم، قەڕنێ تر بێشەرم ئەبێ
قانعی شاعێر ، تاکێکی تێگەییشتووی کورد بووە لە نەتەوە و نیشتمان و بەھاکانی. بەڕادەیەک کە بە ئاشکرا ئێژێ لەوانەیە ئێستا شێعرەکانم خوازیاریان نەبێ، موشتەرییان نەبێ، بەھای ئەوتۆیان نەبێ بۆ تاکی نائاگاو ناھوشیاری کورد. بەڵام دڵنیایە ھاونیشتمانییەکانی، ھیچ نەبێ قەڕنێ تر لە ناوەرۆکی شێعرەکانی تێئەگەن و بەدوای ئامانجەکانی قانعا ئەکەون و سەرئەنجام رووێەڕووی ویستی داگیرکەر نیشتمانەکەیان و چەوسێنەر نەتەوەکەیان ئەبنەوە. ئەمەش ئەبێتە ھۆی راپەڕین، ڕووبەڕووبوونەوە، شۆڕش و لە ئەنجامیشا گیران و ئەشکنجە و زیندانی کردنی ئازادیخوازان، ئەوانەی قانع مەبەستنی.
لە دێڕی یەکەمدا جەخت لەسەر ئەوە ئەکاتەوە، ھێشتا ئەسپی خەیاڵی، بەو جۆرەی بشێ، تاو نەداوە و سەرگەرم نەبووە. بۆیە پلانی ھەبووە بۆ سەرگەرم گردنی ئەسپی خەیاڵاتی شاعێرانەی خۆی، خەیاڵاتێ بە بنەماگەلی نەتەوەخوازانە و رزگاریخوازانەوە. خەیاڵاتێ بە قەولی خۆی، ببنە ھۆی بەرپابوونی شۆڕشێ. بە دڵنیاییشەوە مەبەستی ئەو لێرەدا زیاتر شۆڕشی مێشک و ئەقڵ و بیر و کولتور و زانست و مانایە. شۆڕشی رۆشنگەرانە، ھوشیارکەرانە.
ئەو بۆ خۆی ھەر ئەو دەمەی ئەم شێعرانەی ھۆنیوەتەوە، باوەکوو ھەموو ئیمکانی بۆ مەلایەتی و پارەدەرھێنان و خۆش ژیان وەکوو مەلاکانی دیکەی ھەبووە، بەڵام پشت لە پیشەی مەلایەتی ئەکات و رۆشنگەریی و شۆڕشە فیکرییەکەی ئەکاتە کاکڵی ئامانج و ئەنجام.
لە دێڕی دووھەما باسی بێشەرم بوونی موشتەریی شێعرەکانی ئەکات. ئەو بێشەرم بوونە ئەکرێ بە دوو مەبەست لێکبدرێتەوە:
1- بە واتای ھووشیار و چاوکراوە و سەرئەنجام چاونەترس و بێ باک بوونی موشتەریی شێعرەکانی.
2- بەو واتایەی کە موشتەریی شێعرەکانی چاوکراوە و بیرڕۆشن ئەبن و بەو ھۆیەشەوە لە لایەن داگیرکەرانی نیشتمانەکەیەوە ئەگیرێن، سووکایەتی و بێڕێزییان پێ ئەکرێ. بەڵام بۆچوونی یەکەم لە مەبەستی راستەقینەی شاعێر نزیکترە.
مامۆستا قانع بە مرۆڤێکی پێشکەوتووخواز ناسراوە. ئەو دژی خورافەپەرستی و نەزانی و نەخوێندەواری بووە و پێشی وابووە ئەبێ کوڕ و کەنیشک خاوەن مافی یەکسان بن و ھەردووکیشیان ھوشیار بکرێنەوە.
بەم بۆنەیەشەوە جارێ لە ناوچەی پێنجوێن، خۆبەخشانە قوتابخانەیەک بۆ فێربوونی بەتایبەت زمانی کوردی ئەکاتەوە و خەڵکیش قەناعەت پێ تێرێ مناڵەکانیان بێ جیاوازی، کوڕ و کەنیشگ بنێرن بۆ فێربوون.
پاش ماوەیەک وانە وتنەوە، مەلا خانەقایی و تەکیەیی و مێشک تەعریب کراوەکان، ھەڕەشەنامەیەکی بۆ ئەنووسن و تێیدا پێی ئێژن: تۆ ئەبێ دادگایی بکرێی لە سەر دوو تاوان:
یەکەم/ بە زمانی کوردی و غەیری زمانی خودا و قورئان(عەرەبی) وانە بە مناڵگەل ئێژیتەوە.
دووھەم/ لەوەش خراپتر ئەوەیە کەنیشکیشت لە تەک کوڕا بردووەتە ناو قوتابخانەکەت و فێری زانینیان ئەکەی!
دیارە ئەو ئازاتر لەوە بووە و حەساویشی بۆ نەکردوون، چونکی مەلای تۆبەکاری تەکیە و خانەقا نەبووە کە نانی ببڕن، ئامادە بووە کرێکاری و ئاسیاوانیش بکات، بەڵام دەستی نەنێتە ژێر بەردی منەتی کەس.
بیرم دێ کۆتایی ھەشتاکانی زایێنی بوو، لە رۆژھەڵات و باشوور گڕکانی شۆڕشی نەتەوەیی فووارەی ئەکرد، شێعرەکانی قانع بە موسیقایەکی تایبەت و دەنگێکی حەماسییانە خوێنرابوونەوە و لە سەر شریت تۆمار کرابوون. لە زۆربەی ئەو ماڵگەلا زەبتیان ھەبوو، ئەو شریتە دەس ئەکەفت. لە زۆربەی چایخانەکان، بە تایبەت لە ئاواییەکانا ئەخرایەسەر و ئەمدیو و ئەودیوی پێ ئەکریا.
بەگشتی ئێستاش ھەرچی زیاتر بە ناوئاخنی شێعرەکانیا ڕۆئەچی، زیاتر پەی بە ھوشیاریی نەتەوەیی قانع ئەبەی.
ناوی راستەقینەی مامۆستا قانع، “محەممەد کابولی” یان “محمد شێخ سەعید دۆڵاشی”یە کە لە (١٨٩٨-١٩٦٥) ژیاوە.
“قانع” وەک پێشڕەوێکی ھوشیاریی نەتەوەیی کورد؛
قانعا بێسوودە یاشێخ، دوژمنی پێشکەوتنە
ھۆش و بیر و یەکییەتی، دەردی وڵات دەرمان ئەکا
سەردەمێ کە فەقێ و مەلا تەکیەیی و خانەقاییەکان سەرو ملی خۆیان ئەشکاند بۆ ئەوەی شێعرێ لایەق بە باڵای شێخ “حەزرەتی پەروانە”دا بھۆننەوە و بیگەیێننە خزمەتی جەنابی، بەڵکوو پلە و پێگەیەکیان لە لای بەنسیب ببێ، خۆیان بە عاشقی عەشقی حەقێقی(عەشقی شێخی خانەقاکەیان) نیشان ئەدا، کەسێ وەک قانع دێ و باسی “ئەی وەتەن” و “ئەرێ ئەی کورد” و “نیشتمان” و “راپەڕین” و” زیندان” و “کەلەپچە” و… ئەکات.
قانع لە سەردەمی تاریکستانی نیشتمانەکەیا، ئەبێتە مەشخەڵی رێگا، ئەبێتە رێبەر و رێنوێنی رەوتێکی فیکری نەتەوەخوازیی لە جۆرێکی تێکەڵەی ئەدەبیاتی رۆشنبیری و شۆڕشگێڕی، بەرەنگاری و خەباتخوازانە.
ئەو ئەبێتە مەشخەڵێ کە خەوی ھەرچی دێو و درنج و دێوەزمە و جندۆکە و ئەنجەقۆتە و دایک ھاڵ و…یە ئەزڕێنێ، بەم کارەش ھەوڵی داگە پەردەی ڕەشی نەزانینی پشتیر و پەستووەکانی تەکیە و خانەقا و حوجرە بدڕێنێ و دەرمانی دەردی کاریی نەتەوەکەی (نەزانین) بکات. ئاخر ئەو خوێندن بە دەرمانی دەردی نەتەوەکەی ئەزانێ.
وەک لە بابەتی پێشوودا باسم کرد، ئەو زۆر بێمنەتانە، خۆی وتەنی بە ئێرادەیەکی پتەو و بیر و ھۆشێکی رۆشن و یەکلاوەو بوو و عیزەتی نەفسێکی چیاھەیبەتانەوە رێگای کوردایەتی و نیشتمانپەروەری ئەگرێتەبەر و بە تەنیا ئەبێتە رێبازێ، رێبەرێ بۆ نەوەی خۆی و دوای خۆی و دەواتریش.
بەو بڕیارەشی قانع ئەرکێکی قورس ھەڵئەبژێرێ، ئەرکێکی ھەستیار، بەڵام لەخۆشیا ئەبینێ دەرەقەتی ئەو ئەرکە بێ. بۆ ئەم ئەرکەشی لە ھەموو شتێ گرینگتر ، پێچەوانەی شاعێرانی دیکەی خانەقایی و حوجرەیی، زوان و وشەی ڕەق و تەق و لە دەما قلۆری عەرەبی ھەڵنابژێرێ، بەڵکوو زوانێ سادە ھەڵئەبژێرێ ، زوانێ ھەموو چین و توێژەکان لێی تێبگەن، زوانی کرێکار، جوتیار، بێری، شوان و گاوان، وڵاغار ھەتا ئەگاتە کاسبکار و بازاڕی. بۆیەش ناسناوی شەعێری چەوساوەکانی پێ بەخشرا و ئەمەش جارێکیتر جەختی کردەوە لەوەی، قانع رۆڵی رێبەرێکی دیاری رۆشنگەریی نەتەوەیی، نیشتمانیی قۆناغێکی گرینگی گەلەکەی بە ھوشیارییەوە گرتوەتە ئەستا و راشیپەڕاندووە.
ئەمەش دەقی تەواوی پێنج خشتەکییە بەناوبانگەکەی سەبارەت بە شێخ و دەروێش و سۆفی:
بـێ قـــەزابێ مــامـە ســۆفـی، تابێ ڕیشی پان ئەکا
(قُـل) بەفـل حاڵی بــووە چـی، ئیدیعای ویژدان ئەکا
خەڵکی گـەییە جــەلبی ڕوح و، ئـەوخەریکی شانەیە
حەز لەتەزبیحی گڵــین و ، خـــڕنــوک و قەزوان ئەکا
وادراوسێ کەشفی مانگ و، ڕۆژ ئەکەن ئێمەش شکور
کاکــە دەروێش واخــەریکــە، کەشفی دۆڵەی نان ئەکا
مامۆستاکانمان ئەڵێــن زۆر سـوننەتە سواری بەکـەر
هەرکەسێ سواری بەفۆردکا خۆی شەریک شەیتان ئەکا
ئەو بەتەیـیارەی نەفــاســە تــەی ئەکــا ڕێگـەی وڵات
ئەم بەســواری کــەر خــەیاڵی ، سـورییەو لوبنان ئەکا
کافـرە ســەگـبابەکان، کــەی ســەنعـەتە تەلسز ئەکەن؟
حــەمــدولیللا کــــوردی ئێمــە، قــوڵـینەو تەیمان ئەکا
(قانعـــــا) بێســــوودە یاشـــێخ، دوژمــنی پێشکەوتنە؟
هــۆش وبیــــرو یەکیەتــی، دەردی وڵات دەرمان ئەکا
تێبینی: ئەم بابەتە فرە ھەڵئەگرێ کە لە تاقەتی نووسینی وتارێکا نیە. کەوابوو بۆ ئەوەی خوێنەر مانی نەوێ، بەم سەرەداوگەلە قەناعەت ئەکەین.
سڵاو لە گیان و یادی بەرز و نەمری شاعێری نەتەوەیی و شاعێری چەوساوەکانی کوردستان، مامۆستا قانع.