بورهان شێخ رەئوف: نزیکبوونەوەى سعودیەو سوریا.
دواى ساڵانێکى زۆرى دابڕان و لێکترازان و دڕدونگى لە نێوان بەشێک لە وڵاتانى ناوچەکەبەتایبەتى دواى بەهارى عەرەبى، واجارێکى تر جموجوڵێکى دیبلۆماسى خێرا هاتۆتە ئاراوە، هەموو ئەولێداوان بانگەشانەیان بیرچووەتەوە کەبە یەکتریان وتبوو، بەجۆرێک کورد واتەنى با بە دەوارى شڕى نەکردبوو.
من هەر لەم گۆشەنیگاى خۆمەوە کەمو زۆر باسى ئەو پەیوەندى لێکنزبوونەوانەم کردووە لە سەرەتاکانیدا، هەرلە نزیکبوونەوەى میسرو تورکیا ،عەرەبستانى سعودیەو ئێران، قەتەرو سعودیە،ئیسرائیل و ئیماراتى عەرەبى، ئیسرائیل و وڵاتانى ترى کەنداوى عەرەبى.
ئەوەى ئەمجارى دەخوازم باسى بکەم لێکنزیکبونەوەى عەرەبستانى سعودیەو سوریایە کە پەیوەندییەکانیان لە ساڵى 2011 ەو بچڕاوە بە هۆکارى شۆڕشى سوریا و شەڕى ناوخۆیى ئەو وڵاتە دەستوەردانەکانى سعودیە لەسوریا و لێدوانەکانى عادل جبیر ى وەزیرى دەرەوەى ئەوکاتى سعودیە کە دەیوت ناکرێت پەیوەندى و دانیشتن لەگەڵ خوێنڕێژو جەلادى گەلى سوریادا ئەنجام بدریبت، بە هەرحاڵ لە سیاسەتدا هیچ شت مەحاڵ نیەو بەرژەوەندى و پێشهاتەکان دواجار بڕیاردەدەن.
ڕۆژنامەى بەناوبانگى (گاردیان ) بەریتانى لە 4/ئایارى 2021 ئاشکرایکرد سەرۆکى هەواڵگرى سعودیە خالید حمیدان سەردانى دیمەشقى کردووە و چاوى بەهاوتا سوریەکەى عەلى مەملوک کەوتووە.
پەیامنێرى ئەو رۆژنامەیە لەناوچەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست نووسیوویەتى لە ڕۆژى 3/5/2021 یەکەم کۆبوونەوەلەنێوانیاندا بەڕێوە چووە، کە ئەمە هەنگاوى یەکەمى کرانەوەى چاواڕوانکراوە لە نێوان دوو وڵاتدا لە دواى ململانێیەکى درێژ.
ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان
بەرپرسەکانى عەرەبستانى سعودیە ئەوەیان بە ڕۆژنامە بەریتانیەکە ڕاگەیاندووە کە هەفتە داهاتوو لە دواى جەژنى رەمەزان ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵاتى عەرەبى سعودیەو سوریا دەستپێدەکاتەوە، ئەمەش هەنگاوێکى گرنگە بۆ سوریا و سەرۆکەکەى بەشار ئەسەد لە ئێستادا بە تایبەتى کە لە 25ئایارى 2021 بەشار ئەسەد خۆى کاندید کردووتەوەبۆ خوولى چوارەمى سەرۆکایەتى کۆمارى عەرەبى سوریا و هەڵبژاردن لە سووریادا بەڕێوەدەچێت.
هەموو ئەم پێشڤەچوون و پەیوەندییانە لە کاتێکدا ڕودەدەن عەرەبستانى سعودیە وڵاتێکى سەرەکى بوو لە و پلانەى لەئارادا بوو بۆ کۆتایى هێنان بە ڕژێمى ئەسەد لە سوریا، ئەویش لە ڕێگەى چەکدار کردن و کۆمەکى هێزەکانى ئۆپۆزەسیۆنى سوریا، دواتر دواى دەستوەردانەکانى ڕوسیا لە سوریا تەرازوى هێز گۆڕا و پێگەو ڕۆڵى عەرەبستانى سعودیە پاشەکشەى کرد.
گرنگى نزیک بوونەوەى ئەم دووانە
هەنگاوى پاشترى ئەم کرانەوەیە کردنەوەى باڵوێزخانەى سعودیەیە لە دیمەشق کە ئەمەش گرنگى زۆرى بۆ سوریا هەیە لە ڕووى سیاسى و ئابووریەوە کە پێگە و هەژموونى وڵاتانى ئیقلیمى لەسوریا لاواز دەکات و بە پێچەوانەوەى پێگەى عەرەبى بەهێزدەکات.
لە ڕووى ئابوریشەوە بەهۆى جەنگى درێژخایەنى سوریاوە ئابورى ئەو وڵاتە داڕوخاوەو گەلى سوریا ئێستا بە یەکێک لە هەژارترین گەلانى ناوچەکە دێتە هەژماردن، نزیکبوونەوەى سوریا لە وڵاتانى زەنگینى کەنداو بە تایبەتى عەرەبستانى سعودیە دەستەکەوتى گەورەى بۆ خەڵکى سوریا دەبێت و بەتایبەتى تر بۆ سەرۆک ئەسەد کەبەجۆرێک لە جۆرەکان ڕەوایەتى بەدەست دەهێنێتەوە.
لەلایەکى ترەوە بۆ سعودیە گرنگە بەشدارى لە ئاوادەنکردنەوەى سوریادا بکات، ڕوسیاش پێى باشە سەرمایەى کەنداو بگەڕێتەوە بۆ سوریا، ڕوسیا و سوریاش هەوڵدەدەن لە ڕێگەى نزیک بوونەوە لە سعودیە کاریگەریان لەسەر ئەمریکا هەبێت دەربارەى دۆسیەى سوریا بە تایبەتى کە هێزەکانى ئەمریکا لە باکورى سوریا و هاوپەیمانى هەسەدەن.
هۆکارى کرانەوەى سعودیە بەڕوى سوریادا؟
دواى ئەوەى هەردوو هاوپەیمانى ناوچەیى سعودیە میسرو ئیمارات پەیوەندیەکانى خۆیان ئاسایی کردەوە لە گەڵ سەرۆکى سوریا بەشار ئەسەد، ئیتر سعودیەکانیش خێرا وەخۆ کەوتن و هەنگاوى هاوشێوەیان نا.
کورد و ئەم لێکنزبوونەوانە
یەکێک لەو بابەتانەى کەلەم کۆبوونەوانەدا باس دەکرێت بێگومان مەسەلەى کوردو ئایندەى کوردە لەم ناوچەیەدا، چونکە کورد یەکێکە لە چوار نەتەوەى ئەم ناوچە ( تورک عەرەب فارس کورد ) ئەگەر تائێستا بێبەش و بێبەرى کرابێت لەمافە سیاسى و سەرەتاییەکانى خۆى، ئەوا ئەم ناوچە نەئارامى و نەسەقامگیرى بەخۆیەوە نەبینیوە ؟، بۆیە بۆ لەمەودواش ئەگەر بخوازن بەهەمان ڕیتمى ڕابردوو ئەم ناوچەیە بەڕێوەبەرن دڵنیابن ئارامى و سەقامگیرى بەدىنایەت و ئەو هاوکێشەیە هاوسەنگ نابێت.