زەبەنگ بەهادین: ریفراندۆم هاوتەریب بە زیندانی کردنی چالاکوانی سیاسی.
لە ساڵی 2017 دا بارزانی باوک بێ وەرگرتنی رەزامەندی ووڵاتانی هاوپەیمانان و بەرەنگار بوونەوەی ووڵاتانی دراوسێ تاکڕەوانە ریفراندۆمی ئەنجامدا ، هەموانیش بینیمان ئەنجامەکەی لەدەست دانی بەشێکی زۆری خاکی کوردوستان بوو کە بە خوێنی رۆڵەکانی کورد ئازاد کرابوو ، لە هەمان کاتدا زویر بوونی ئەو وولاتانەی پێش ئەو بەروارە پشتگیری کوردیان دەکرد، ئەمەش سەرەنجامی بڕیاری تاکە کەسی و بێ بەرنامەی و گوێ نەگرتن بۆ شارەزایانی سیاسی لە ناوچەکەدا بە تایبەت ئەمریکیەکان، لەپاش ئەو شکستە گەورەیە بارزانی برازا توانی کەمێک لە هاوکێشەکان ڕاست بکاتەوە بەلام دوای داڕمانێکی زۆری ماڵی کورد.
لە ئێستادا هەمان سینارێو دووبارە دەبێتەوە، بەلام بە بەرگێکی جیاوازەوە کە هاوتەریبە بە بابەتی ریفراندۆم، زیندانی کردنی چالاکوانی سیاسی و رۆژنامەنووسان لە بادینان چۆتەوە قاڵبی ریفراندۆمەکەی بارزانی لە ڕووی بەدەنگەوە هاتنی وولاتانی زلهێز و بەرز بوونەوەی دەنگی شەقامی کوردی لە بەرپەرچدانەوە و و رەتکردنەوەی کۆتا بڕیاری دادگا، لە سەرەتای زیندانی کردنی چالاکوانانی بادینان سەرۆکی حکومەت لە کۆنگرەیەکی میدیای دا تایبەت بە پرسی بودجە و مووچە کۆمەلی تۆمەتی درکان لەسەر چالاکوانە زیندانی کراوەکان وەک ئەوەی بڕیاری کۆتای دادگای درابێت، لەو کاتەدا تۆمەتەکانی ئاراستەی چالاکوانانی سیاسی بادینان کرا شێواندنی دۆخی ناوخۆی هەرێم و پلان دانان بۆ کاری تیرۆریستی دژی کونسوڵگەری و بارەگای و ولاتان بوو لە هەرێم لەگەل کۆمەلێ تۆمەتی دی، ئەمە لە کاتێکدا بوو زیندانی کراوان نەچووبوونە بەر دەم دادگا، سەرەنجام دادگا بڕیاری زیندانی بۆ چالاکوانان دەرکرد بە تۆمەتێک کە هەر یەک لە کونسوڵگەری ئەمریکاو و ئەلمانیاش تاوانبار دەبن لەگەل ئەماندا بە پێی بڕیاری دادگا ، تا ئێرە بابەتەکە یاساییە و جێی دەهێلین بۆ شارەزایانی بواری یاسای.
ئەوی ئێستا بابەتی زیندانیانی بادینان هاوتەریب دەکات بە ریفراندۆمەکەی بارزانی ئەو هەموو دەنگە نارازیەیە کە داوای ئازادکردنی ئەو چالاکوانانە دەکات، لە پاڵ ئەمەشدا هەر یەک لە کونسولگەری ئەمریکی و بەریتانی و ئەلمانی و کەنەدی تەنانەت ئەوروپاش داوای پێداچونەوە بە بڕیارەکەی دادگا دەکەن و داوای ئازادی رۆژنامەگەری دەکەن لە کوردوستان، لەگەل ئەم هەموو دەنگە ناڕازییە، بەلام بارزانی کوڕ گوێ ناگرێت و لەسەر بڕیارە سەرەتای یەکەی سوور دەبێت، رەنگە ڕواڵەتی بابەتی ریفراندۆم و زیندانیان بادینان جیاواز بن، بەلام لە سەرەنجام هەردوکیان هەمان رەنگدانەوەی خراپیان دەبێت بۆ سەر ئەزمونی هەرێمی کوردوستان، بە دڵنیای ئەگەر ئەو بڕیارە پێداچوونەوەی پێدا نەکرێت ئەنجامی نەرێنی زۆری دەبێت لە داهاتودا.
وەک چۆن بارزانی برازا توانی دوای ریفراندۆم کەمێک لاسەنگی هاوکێشە کانی دوای ریفراندۆم رێکبخاتەوە ئێستاش بە هەمان شێوە هەمان فرسەت لە بەردەم سەرۆکی هەرێمە کە بە بڕیارێکی سەرۆکایەتی زیندانیانی چالاکوانە کانی بادینان ئازاد بکات و دەرگای ئاشتەوای بکاتەوە بۆ جارێکی دی، بۆ رازیکردنی شەقامی کوردی و نیشاندانی وێنەیەکی جوان بە ولاتان تاکە رێگا ئازایەتی و بڕیاری دروستە لە لایەن بارزانی برازا کە لە ئێستادا سەرۆکی هەرێمە و دەسەلاتی ئەو لێبوردنەی هەیە.