سەرکەوتی جیهاز و بەختیار شارەزوری: کۆنفرانسی نیشتمانی بۆ هەڵبژاردن و ئاشتی کۆمەڵایەتی.
عێراق و هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەڵبژاردنێکی گرنگدان، سەرەڕای ئەوەی کورد دەبێت ناکۆکیەکانیان و ململانێکانیان تەواو هێواش و نەرم بکەنەوە دەبێت بە یەک هەڵوێستی کار بۆ پێگەی کورد بکرێت تا قورسایی زیاتری هەبێت لە ناوەنددا ، چونکە بەریەککەوتنی وڵاتانی ناوچە و جیهان لە ناوەنددا دەبێت و بەشێکی گرنگی مافەکانی کورد لە بەغدادا دەبێت، واتا دەبێت لە هەرێمەوە کۆنتڕۆڵی ئاشتی و پێکەوە ژیانی خەڵکی عێراق بکرێت تا مافەکانی کورد زیاتر بە پێی دەستور بەهێزتر بێ. لە هەرێمیش ئەوە دەزانین کە بەردەوام هەرێم کەوتوەتە سەر هێڵێکی سیاسی پڕ جوڵەوە، ئەمەش پێویستی بە ئاشتی کۆمەڵایەتی قوڵ هەیە تا بتوانرێت مانەوەی خۆی بەهێز تر بکات.
ئەم هەڵبژاردنە دەبێت خەتی سور دابنرێت لە نێوان لیست و کاندید و حیزبەکاندا و نەهێڵرێت کەس ئەم خەتە سورە ببڕێت، با ململانێ هەبێ و کاری ڕیکلام هەبێ! بەڵام نەک لەسەر ئەژماری تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی، بەڵکو لەسەر کاری باشتر و پتەوکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و بەهێز کردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی.
پارتەکانی هەرێم لە ئێستادا لە هەمو کات زیاتر بەرپرسیاریەتیان لە ئەستۆدایە، دەکرێ بڵێین بۆچی.؟
ئەگەر چی هەرێم لە ئێستادا کەوتوەتە سەر هێڵی بەرژەوەندی وڵاتە زل هێزەکان و وڵاتانی زلهێزیش ئەوە دەزانن کە هەرێم بوەتە دو زۆن و کۆنتڕۆڵیان لە ئەنقەرە و تارانە، بەڵام سەرەڕای گڵۆپی سەوزی ناچاری وڵاتە زلهێزەکان، هێشتا هەرێم بە ناوەندێکی جیپۆلەتیکی گرنگ دەزانن و لە ڕوی ئابوریەوە پێگەیەکی گرنگی جیهانیە و لە ڕوی سیاسیەوە بە ناوەندی ئاشتی گرنگی عێراقی دەزانن، سەرەڕای ئەمە تا ئێستا هەرێم وەک بەشێکی فیدڕاڵی عێراق دەزانن، هەربۆیە لەسەر نەخشەی دابەشکاری دەستەڵاتەکانی ناوەنددا، کورد سەرۆکی کۆماری بەرکەوتوە و شیعە سەرۆکی حکومەت و سونە سەرۆکی پەرلەمان، کە ئەمانە نیشانەی کۆبەرژەوەندی وڵاتانی ناوچە و جیهانە.
کورد لە عێراق گەر بیەوێ سەقامگیری قوڵتر بونیاد بنێ دەبێ لە ڕێگەی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئابوری سەربەخۆی کۆمەڵایەتی کار لەسەر دو هێڵی گرنگ بکات:
1- پێگەی بەهێزی گشتگیر لە ناونددا.
2- کارکردن بۆ کۆتایی هێنان بە پاشکۆیەتی.
هەردو خاڵەکە بە بەکارهێنانی کارتە بەهێزەکانی دەبێت لەسەر ئاستی سیاسی و مێژویی و ئابوری و جوگرافی و دبلۆماسی و سەربازی، هەمو ئەمانەش شەمەندەفەرێکن لەسەر سکەی ئاشتی کۆمەڵایەتی دەڕوا، هەربۆیە لە ئێستادا لەبەردەم هەڵبژاردنەکانداین و ئەگەر چی وەک پێویستی بەهێزبونی هەرێم ئاشتی کۆمەڵایەتی نیە، بەڵام کار بکرێت بۆ بونیادنانی ئاشتی قوڵی کۆمەڵایەتی بەم شێوەیە:
1- پێش هەڵبژاردن هەمو کاندید و حیزبەکان بە یار و نەیارەوە کۆنفرانسێکی نیشتمانی ببەسترێ هێڵەکانی ململانێی هەڵبژاردن دیاری بکرێ و ڕای گشتی بکەن بە چاودێر بەسەر خۆیانەوە.
2- هێزەکانی سەربازی بە پێی بەڵێنێکی شەرەفی نیشتمانی بۆ بە دامەزراوی کردن و بە نیشتمانی بون چالاکتر بکرێ لەوەی کە هەیە.
3- چاکسازی گشتی لە هەمو بوارەکاندا لەو کۆنفڕاسەدا بنوسرێ و کاری لەسەر بکرێ و ڕای گشتی بکەن بە دادوەر بەسەریەوە.
4- هەر لەو کۆنفرانەسدا هێڵەکانی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی دیاری بکرێت و کۆ واژۆی لەسەر بکرێ.
5- هێڵەکانی ململانێی هەڵبژاردن دیاری بکرێت و لە ڕێی کۆمیسۆن و دادەوری و شارەوانیەکانەوە جۆری سزای سەرپێچی دیاری بکرێت.
6- هەمو کاندیدەکان پەیمانی شەرەف بدەن بە کارکردن بۆ پێگەی هەرێم بە پێی دەستور.
ئەگەر کورد دوای ئەو هەمو هەڵەیەی کە یەک بە دوای یەکدا کرا پەندی وەرنەگرتبێ و ئاشتی کۆمەڵایەتی قوڵ بەرهەم نەهێنن! دور نیە بچینەوە چوارگۆشەی یەکەم و دوبارە بڵێین: تا شۆڕشێکی تر خواتان لەگەڵ.