بورهان شێخ ڕەئوف: جینۆسایدى ئێزدیەکان لەلایەن داعشەوە لە دۆکۆمینتى نێو نەتەوەییدا.
کەریم خان سەرۆکى تیمى نەتەوەیەکگرتووەکان (( UNITAD )) بۆ پرسى لێپرسینەوە و بە دۆکۆمینتکردنى تاوانەکان داعش لە عێراق ڕایگەیاند، زۆر بەڵگەو دۆکۆمینتى ڕوون و ڕاشکاو جێمتمانەو بڕوا پێهێنەرمان دۆزیووەتەوە،گەواهى دەرن تیرۆریستانى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام تاوانى گەورەیان دەرهەق بە ئێزددیەکان ئەنجامداوە ساڵى 2014.
ڕاپۆرتەکەى تیمى نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژى 11/5/ 2021 بڵاوکراوتەوە، ئاشکرایکردووە ڕێکخراوى داعش سەرکەوتوو بووە لە بەرهەمهێنان و پێشخستنى چەکى کیمیاوى ،هەروەها چەکدارەکانى دەوڵەتى داعش هەردوو غازى کیمیاوى کلۆرو خەردەلیان بەکارهێناوە لە کردەوە تیرۆریستیەکانیاندا لە عێراق، بەتایبەتى دژبە ئێزدییەکان کە بەر گەورەترین شاڵاوى قڕکردنى ئتنیکى و پاکتاوى ڕەگەزى کەوتن، ژن و مناڵەکانیشیان تاوانى ئەتککردنى سێکسییان دەرهەق کراو بە کۆیلەو سەبایا کران.
هەرلەو سۆنگەشەوە بوو لە ئەیلولى 2017 ئەنجومەنى ئاسایش بە کۆى دەنگ بڕیارى پێکهێنانى تیمێکى لێکۆڵینەوەى دا بۆ یارمەتیدانى عێراقیەکان بۆ کۆکردنەوەى هەموو بەڵگەو دۆکۆمینتەکان بۆ ئەوەى کارئاسانى بکرێت بۆ لێپرسینەوە لە تاوانبارانى داعش واتە ئەندامان و چەکدارانى دەوڵەتى ئیسلامى ئەوانەى ئەو تاوانەیان ئەنجامداوە کە لە ڕیزى تاوانەکانى جەنگ و تاوانى دژ بە مرۆڤایەتى و کۆکوژییدایە.
ڕاپۆرتى شەشەم
کەریم خان سەرۆکى تیمەکەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانى داعش لە شەشەمین ڕاپۆرتى لیژنەکەیاندا بۆ ئەنجومەنى ئاسایشى نێوەدەوڵەتى کە لە شەش مانگى ڕابردوودا کۆیان کردۆتەوەو زۆر بەڵگەو دۆکۆمینتى گرنگى تێدایە لەسەر تاوانەکانى داعش.
هەروەها باس لە پێشڤەچوونى گرنگ دەکات لە کۆکردنەوەى بەڵگەى جینائى و ئاماژەى ڕوون لە ناو گۆڕە بە کۆمەڵەکان و زانیارى وردو جێمتمانە لە سى دى ( قرس ) ى دیجیتاڵیەکانى دەوڵەتى ئیسلامى داعش، هەروەها بەکارهێنانى زانست و تەکنۆلۆجیا ى پێشکەوتوو بۆ چارەسەرکردن و گەڕان و بەدەستهێنان و پاراستنى ئەو زانیارییانە، کەئەمەش بوارى ڕەخسان بۆ تیمەکە کە خشتەیەکى کات دیاری بکات بۆ چالاکى و جموجووڵەکانى داعش.
بەڵگەى تەواو لە سەر کۆکوژى ئێزدییەکان
کەریم خان سەرکەوتنى تیمەکەى لە دۆزینەوەى بەڵگەو دۆکۆمینتى ڕاست و دروست و بڕواهێنەر بەوەى کە توندئاژۆکانى داعش تاوانى کۆکوژى و قڕکردنى بە کۆمەڵیان بەرامبەر بە ئێزدییەکان وەکو تاقمێکى ئایینى جیاواز بەمەبەستى لەناوبردنیان لە ڕووى جەسەدى و بیۆلۆجیەوە بە چرکەساتێکى مێژوویى وەسفکرد.
تیمەکەى کەریم خان زانیارى زیاتر لەسەر کوشتنى هەزاران ئێزدى ئاشکرادەکات، ئەویش لە ڕێگەى ئیعدامى بە کۆمەڵ یان گوللەبارانکردنیان لە دواوە لە کاتى ڕاکردنیان یان خوڵقاندنى دۆخێکى سەخت بۆئەوەى بمرن و گیان لە دەست بدەن بە تایبەتى لە چیاى شەنگال کە شوێنێکى زۆر سەخت و دژواربوو کە لە کاتى هەڵاتنیان گیانیان لە دەستدەدا.
هەروەها تیمەکە ئەوەشیان ڕوون کردۆتەوە هەزاران لە ئێزدییەکان کراون بە کۆیلەو ژن و مناڵەکانیان ڕفێنراون ولە خێزانەکانیان دوور خراونەتەوە، ناشیرنترین شێوەى ڕەفتارى هۆڤیانەیان لە گەڵدا کراوە لەوانە دەستدرێژى سێکسى بەردەوام و بەکۆمەڵ جۆرەهاى تر لە توندوتیژى سیکسى کە مرۆڤ ناتوانێت بۆ ماوەى درێژو ساڵەها بەرگەى بگرێت کە ئەمەش بووە هۆکارى مردنى چەندانى تریان.
لەلایەکى ترەوە تیمەکەى کەریم خان ئەوەشى ئاشکرا کردووە تاوانەکانى داعش تا ئێستاش درێژەى هەیە بە بەردەوامى کاریگەرى وکاردانەوەکانى ئەو تاوانانە، لەوانەجیاکردنەوەو دابڕانى هەزاران ژن و مناڵ لە خێزانەکانیان، فڕاندنى ژنان و کچانى ئێزدى و بە کۆیلە کردیان و دوورخستنەوەیان بەتایبەتى ئەوانەى سکپڕبوون تاوەکو مناڵەکانیان لێ بسَننەوە، بە تایبەتى تا ئێستا هەندێک ژن و کچانى ئێزدى ون بوون و دیار نین کەس چارەنووسیان نازانێت، یان دیلن و کۆیلەو سەبایاى جەنگن لەلاى چەکدارانى دەوڵەتى ئیسلامى!.
بەرنامەى چەکى کیمیاوى داعش
کەریم خان جگە لە کارەکەى سەرۆکى ئەم تیمەیە، ڕاوێژکارى نەتەوەیەکگرتووەکانیشە باس لەوەدەکات بە گوێرەى ئەو زانیارییانەى کە لە ئامێرو دەزگا ئەلیکترۆنیەکانى داعشەوە دەستیان کەوتووە، داعش بەرنامەى پێشخستن و بەرهەمهێنانى چەکى کیمیاوى و بایۆلۆجى هەبووە ،کەئەمش تیمەکەیانى ناچارکردووە کە دۆسێیەکى لێکۆڵینەوەش بۆ ئەو بابەتە بکەنەوە.
کەریم خان ئەوەشى ئاشکراکردووە ئەو بەڵگەنامەو دۆکۆمینتانەى دەست تیمەکەى کەوتوون باس لەوەدەکەن کە تیرۆریستانى داعش تاقیگەکانى زانکۆى موسڵیان بەکار هێناوە وەکو ناوەندى بەرنامەى چەکى کیمیاوى دەوڵەتى ئیسلامى بە پشت بەستن بە شارەزایى وتوانا زانستیەکانى مامۆستایانى زانکۆ و پزیشکەکان لە ناوەوو دەرەوەى عێراق.
سەرەتا کەریم خان دەبێژێت داعش دەستى گرت بە سەر ئەو ماددەى کلۆرەى کەلە وێستگەکانى پاڵاوتنى ئاودا هەبوو لە ساڵى 2014، دواتر کلۆرەکەیان پێشخست بۆ ئاوێتەى ژەهراوى کوشندەى لەوانە سالیۆم، دواتر ئەم پێکهاتە ژەهراویانە تاقى دەکرایەوە بەسەر زیندانیە زیندووەکاندا دواى دەبووە هۆى مردن و گیان لەدەستدانیان.
هەروەها باس لەوەش دەکات دواتر داعش سیستمەکەی پێشخست و غازى خەردەلى بەرهەمهێنا ناسراوە بە (( خەردەلى کبریت )) کە دواتر لە مانگى ئازارى ساڵى 2016 بۆ لێدانى شارۆچکەى تازەخورماتوو لە پارێزگاى کەرکوک لە ڕێگەى چل مووشەکەوە بەکارى هێنا.
کەریم خان ئاماژەى بەوەشکردووە کە خۆى دەبێتە سەرۆکى داواکارى گشتى لە دادگاى جنائى نێودەوڵەت لە 15 حوزیرانى 2021، ئەم دۆسێیە بە خێرایى بۆ پێشەوە دەڕوات، پێدەچێت ئەنجامە سەرەتاییەکانىلە ماوەى پێنج مانگدا تەواو ببن، تاکۆتایى ئەمساڵ 2021، هەروەها تیمەکە پێشبینى دەکات ئەنجامى سەرەتاییش دەربکەوێت کە باسى تاوانەکانى دژ بە کەمینەکانى کریستیان و کاکەیى و شەبەک و تورکمان و شیعەو و سونەلە عێراق بکات سەربارى کوشتارى زیندانیە شیعەکان لە زیندانى بادۆش کە 600 کەسى تێدا کوژرا.
کەریم خان ئەنجومەنى ئاسایشى ئاگادار کردەوە کە تیمەکەى گەیووەتە ئەو ئاکامەى کە ڕێکخراوى داعش تاوانى جەنگى دەرهەق خوێندکاران و فەرمانبەران و بەڕێوەبەرانى ئەکادیمیەى ئاسمانى تکریت ئەنجامداوە،ئەویش دواى دیلکردنیان و ئەشکەنجەدانیان بەکۆمەڵ لەناویان بردوون لە حوزەیرانى 2014.
لەلایەکى ترەوە کەریم خان باسى ڤیدیۆیەک دەکات کە داعش لە تەموزى 2015 بڵاوی کردۆتەوەکە پرۆسیسى کوشتن پیشاندەدات، کە ئەمەش هاندانێکى ڕاستەوخۆ و ئاشکرایە تاوانى کۆمەڵکوژى شیعەموسڵمانەکانە.
لە کۆتاییدا کەریم خان هیواى وایە کە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق یاسایەک دابڕێژێت کە ببێتە بنەمایەک بۆ دادگاییکردنى هەموو ئەندامانى تاوانبارى دەوڵەتى ئیسلامى داعش، بەرامبەر بە تاوانى جەنگ و تاوانى دژى مرۆڤایەتى و کۆمەڵکوژى ئەنجامیانداوە.
بەڵێ منیش لە گەڵ بەرێز کەریم خان دەبێژم نەک هەر بۆ داعش بەڵکو پێویستە بۆ هەموو تاوانەکانى ترى ئەنفال وکیمیاباران ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتیش ڕێکارى پێویست بگرنە بەر بە ناساندنى بە جینۆسایدو قەربووکردنەوەى قوربانیان و زیانلێکەوتووان.