ســــەرکۆ یونس: گــەشتوگوزار، لەسەردەمی کــــۆرۆنادا.
کۆمەڵەی گەشتوگوزاری جیهانی، قەبارەی زیانە داراییەکانی سەرکەرتی گەشتوگوزاری، بە ترلیۆنێک و 300 ملیار دۆلار خەمڵاندووە. هەروەها ئاشکرای کرد، بەنزیکەی 100 بۆ 120 ملیۆن هەلی کار، لەسەرجەم ئەو کاروچالاکیانەی کەپەیوەستن بە کەرتی گەشتوگوزارەوە، لەدەستدراوە.
کەرتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستانیش، بێ بەش نی یە لەکاریگەرییە نێگەتیڤەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەدەیان هەلی کار لەدەستدراوە و بەسەدان ملیۆن دۆلار زیان بەم کەرتە گەشتووە.
دواجار بڕیاری قەدەغەی دە ڕۆژەی هاتووچۆی حکومەتی بەغدا، نەتوانرا جێ بەجێبکرێت، بەبڕیارێکی تر هەڵوەشێنرایەوە. هەرچەندە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی نێوان هەرێم و شارەکانی تری عێراقی دەرکردبوو، بەڵام لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە جێ بەجێنەکراو، زیاتر لەهەولێرو دهۆک پەیڕەو کرا،دواجار جارێکی تر خودی وەزارەتی ناوخۆ، بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە.
دەیان و سەدان گەشتیاری شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق، لەم جەژنەدا سەرەڕای کۆرۆنا و مەترسییەکانی، خۆیان گەیاندە شوێنەگەشتیارییەکانی هەرێم بەگشتی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بەتایبەتی.
کەرتی گەشتوگوزار، یەکێکە لەسیماکانی ئابوری سەردەم، زۆربەی وڵاتانی جیهان برەو بەم کەرتە دەدەن، چونکە خەرجیەکانی گەشتیاران، پشت بە حەزو ئارەزوو دەبەستێت، ڕێـژەیەکی بەرزی پارەی خەرجکراوی گەشتیاران دەچێتە گیرفانی خاوەن چێشتخانەو میوانخانە و هۆتێل ومۆتێل و شوێنەگەشتیاریەکان و… هتد.
ئەوەی تێبینی دەکرێت، باوترین جۆری گەشتیاری لەهەرێمدا، گەشتیاری ژینگەیی یە، واتە زۆربەی گەشتیارانی ئەم وەرزە، بۆ ژینگەیەکی لەبارو ئاووهەوایەکی خۆش و دڵفڕێن و ئاودار گەشت دەکەن.
لەم ناوەندەدا ژینگەی هەرێم، زەرەرمەندین بوارە کەبەهۆی زۆری گەشتیاران و پابەندنەبوونیان بەپاراستنی ژینگە و شوێنەگەشتیارییەکان، دەبێتەهۆی زیانگەیاندن بەژینگەی هەرێم.
گەشتوگوزاری هەرێم، زۆربەی زۆری خۆرسکە و دیاری خوای گەورەیە، لەهەندێ شوێن و جێگا، تاڕادەیەک حکومەت و کەرتی تایبەت وخاوەن جێگاکان، بەسادەیی دەستکاریان کردووە.
هاتنی زیاتر سەد هەزار گەشتیار، بۆ هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، جگەلە گەشتیاری ناوخۆی هەرێم، هەواڵێکی موژدەبەخشە بۆ برەوسەندن و هەستانەوەی ئەم کەرتە گرنگە، لەبارودۆخی نەخواستراوی ئابوری و دارایی هەرێم و بڵاوبونەوەی جیلی دووەمی کۆرۆناڤایرۆس لەهەرێم وعێراق و ناوچەکەدا.
لەکەرتی گەشتوگوزاری هەڕێمدا، حکومەتی هەرێم، داهاتێکی بەرچاوی دەستناکەوێت، چونکە زۆربەی شوێنەگەشتیاریەکان و ئۆتێل و چێشتخانەکان، موڵکی تایبەتن.
لەهەمانکاتدا ئەو گەشتیارانەی کەدێنە هەرێمەوە لە شارەکانی تری عێراقەوە دێن، واتە پێویست بە ڤیزەو مۆڵەتی دامودەزگاکانی ناوخۆی هەرێم ناکات، گەشتیاران هیچ جۆرە ڕسوماتێک نادەن لەبەرامبەر هاتنیان، زۆربەیان بەپاس و ئۆتۆمۆبیلی تایبەت گەشت دەکەن.
لەم ڕوانگەیەوە، زۆر گرنگە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەگرنگی زیاترەوە لەم کەرتە بڕوانن و بەپلان و بەرنامەی زانستی و کەسانی پسپۆر و ئەکادیمی، بەدوای کێشەکان و بەربەستەکاندا بچن و هەوڵی چارەسەرکردنیان بدرێن.
چونکە لەم بارودۆخەدا، کەهێشتا حکومەت بەدەست کەمی داهات و بودجەوە دەناڵێنێت و توانای خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی نی یە، بەتەواوی و تائێستا لێبڕین بەردەوامە. هەربۆیە وەک دەرفەتێک، کەرتی گەشتوگوزار، ئەو بوارەیە کە داهات دەست چینێک لەهاونیشتیمانیان دەکەوێت و دەتوانن پێداویستیەکانیان دابین بکەن.
بەئومێدی ئەوەی لەپاش نەمانی کۆرۆناڤایرۆسەوە، کەرتی گەشتیاری هەرێم وەک ساڵــانی 2018 و 2019 لێ بێتەوە و ڕێژەی گەشتیاران بگەنە سەروو ملیۆن گەشتیارەوە.
* ئابووریناس
- بابەتەکانی تری سەرکۆ یونس
سەرکۆ یونس: پارەو بێ پارەیی.
-سەرکۆ یونس: ووردە سەرنج، لەسەر بڕیاری ڕاگرتنی هەندێ لەباجەکان.
-سەرکۆ یونس: بڕوانامە، یان مەعریفە.
- All Posts