بورهان شێخ رەئوف: هەوڵەکانى فەرەنسا بۆ یەکخستنى کوردەکانى سوریا.
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووى نزیکى سوریاو فەرەنسا بدەینەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت لە دواى داڕمانى دەوڵەتى عوسمانى سوریاو لوبنان کەوتنە ژێر ئینتیدابى فەرەنساوە لە ساڵى 1920 تا 1946، بۆیە ئێستاش فەرەنسا بە جۆرێک لە جۆرەکان هەر چاوى لەو دوو وڵاتەیە و لە کاتى هەرکێشەو قەیرانێکیاندا خۆى دەکات بە خاوەنیان، نموونەى تەقینەوەکەى ئەمدواییەى بەندەرى بەیروت بوو سەرۆکى فەرەنسا یەکسەر گەیشتە ئەوێ.
بۆ سوریاش هەر بە ناوچەى هەژموونى خۆى دەزانێت، سەرەڕاى ئەوەى ئێستا سوریا ناوچەى هەژموونى وڵاتانى ترى وەکو ڕوسیاو ئێران و تورکیایە و هێزى چەکداریان لەناو خاکى سوریادایە.
هەر لەو سۆنگەشەوەیە فەرەنسیەکان لە هەوڵ و کۆششى چڕدان بۆ ئەوى ڕۆڵێکیان هەبێت لە داڕشتنەوەى ڕێکارو هەنگاوەکانى ڕێکخستنەوەى کاروبارە سیاسى و ئەمنى و سەربازییەکانى ئایندە لە سوریادا و پەراوێزە نەخرێن لەو ڕوداوە خێراانەى کەلەسەر گۆڕەپانى سوریا لەم دواییانەدا هاتونەتە ئاراوە.
دوا هەوڵى پاریس ئەو ئاماژانەن کە فەرەنسیەکان دەخوازن ڕۆڵى نێوەندگیرى بگێڕن لە نێوان لایەن کوردیە ناکۆکەکانى خۆرئاواى کوردستان واتە کوردەکانى سوریا بەمەبەستى یەکخستن و نزیککردنەوەى دیدو بۆچوونەکانیان ، ڕاپۆرتەکان لە پاریسەوە باس لەوە دەکەن کە کۆشکى ئەلیزیە داوەتنامەى ئاڕاستەى هەردوو لایەنى ناکۆى کوردى واتە (ئەنەکەسە) و (تەڤدەم )کردووە بۆ ئەوەى سەردانى پاریس بکەن و باسى بارودۆخى سوریا بە گشتى و کورد بە تایبەتى بکەن.
ئامانجى فەرەنسا لەم دەستپێشخەریە
مەبەستى پاریس لەم دەستپێشخەرییە بۆ ئاشتکردنەوەو لێکنزیک خستنەوەى کوردەکانى باکورو خۆرهەڵاتى سوریا بە دەست هێنانى چەند ئامانجێکە لەوانە:
1. پاراستنى دەستکەوتەکانى کورد لە دەساڵى ڕابردوودا بەتایبەتى لە دواى سەرهەڵدانى شۆڕشى گەلانى سوریا،کوردەکانى سوریا دواى کشانەوەى هێزەکانى حکومەتى سوریا توانیان کۆنترۆڵى ناوچەکانى خۆیان بکەن بە هاوکارى پێکهاتەکانى ترى باکورو خۆرهەڵاتى سوریا لە کریستیان و تورکمان و عەرەب و ئەوانى تریش، بەر لە تاقم و گروپە توندڕەو تیرۆریستەکان بگرن بێنە ناوچەکانى ئەمانەوە، لە ساڵى 2013 و ئیدارەى خۆسەر ڕابگەیەنن و بە جوانترین شێوەى بەڕێوە ى ببەن کە بووە مایەى دەستخۆشى و سەروەرییەکى گەورە بۆ پێکەوەژیان و پەنادانى هەموو ئتنیکە جیاوازەکان و تەنانەت پەناگەیەکى ئارام بۆ ئاوارەى ناوچەکانى ترى سوریا، هێزەکانى سوریاى دیموکرات رکە بە(50) هەزار کەس دەخەمڵێنرێن ڕۆڵى سەرەکى و پێشەنگ بگێڕن لە شەڕى تیرۆر و لە ناوبردنى داعش، هەر لە سەر دەستى ئەمانیش شارى ڕەقەى پایتەختى خەلافەتى داعش ئازاد کرا، بە جۆرێک لە ڕیزبەندى هێزو هەژموون و دەستەڵاتدا هەسەدە بە دووەم هێز دێتە ئەژماردن لەسوریادا.
2. ئامادەکردنى کوردەکانى سوریا بۆپێداویستى و پێشهاتەکانى قۆناغى داهاتوو لە سوریا:
ئەمیش لە ڕێگەى هاندانى لایەنە کوردیەکانى سوریا بۆ ئەوەى ناکۆکى و ململانێکانیان وەلا بنێن و خۆیان سازو ئامادە بکەن بۆ گۆڕانکارى و پێشهاتەنوێکانى سوریا، بەتایبەتى پێشبینى دەکرێت قۆناغى داهاتوو زۆر جیاواز بێت لە ئێستا، بە تایبەتى کزبوونى شەڕو کوشتارو توندوتیژى و بەریەککەوتن ئەگەرى ئەوە هەیە لێکتێگەیشتنى نوێ بێتە ئاراوە لە گەڵ حکومەتى دیمەشق، بۆیە بەلاى پاریسەوە زۆر گرنگە کورد لە سوریادا یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بێت بۆئەوەى بتوانن زۆرترین دەستکەوت بەدەست بهێنن و بەشدار بن لەو هەوڵە نێو دەوڵەتیانەدا کەلە ئارادان بۆ چارەسەر کردنى قەیرانى سوریا ،لە هەمانکاتدا ئەو سەرکەوتنانەى لە ساڵانى ڕابردوودا بە دەستیان هێناوە بیپارێزن.
3. بەکارهێنانى وەکو کارتى فشار لە هەمبەر تورکیا:
ئەم جموجوڵ و هەوڵانەى پاریس لە باکورى سوریا و هەروەها پێداگیرى لەسەر پەیوەندى توندوتۆڵ لە گەڵ کوردەکان خۆى لە چوار چێوەى ئەو ململانێ ئیقلیمى و نێودەوڵەتیانەدا دەبینێتەوە کەلە نێوان پاریس و ئەنقەرەدا هەن لە زۆر دۆسیەدا ، بەتایبەتى ئەم هەوڵانەى فەرەنسیەکان لەلایەن تورکیاوە بە دەستوەردان لە کاروبارى سوریاو دابەشکردنى ئەو وڵاتە و دامەزراندنى دەوڵەتێکى کوردى لە قەڵەم دەدرێت، نەک بەگژاچوونەوەو لەناوبردنى تیرۆر.
بەربەستەکانى بەردەم ئەم پرۆسەیە
ئەم هەوڵ و تەقەلانەى فەرەنسا بۆ یەکخستن و نزیککردنەوەى کوردەکانى سوریا کارێکى ئاسان و بێ سەر ئێشە نیەو گەلێک کۆسپ و بەربەستى گەورەى لە بەردەمدان لەوانە:
1. نەبوونى متمانە:
ئەمەش بۆخۆى بەربەستى گەورەیە لە نێوان هەردوو بەرەى ناکۆک ئەنەکەسە کە ئەندامى بەرەى ئۆپۆزەسیۆنى ئیئتلافى سورى نزیک لە تورکیان و بنکەو بارەگانیشیان هەر لە تورکیایە و لە ژێر فشارى ئەواندا ناتوانن نزیک بنەوەو ناکۆکیەکانیان بەلاوە بنێن، تەڤدەمیش ئەو حزبانەن کە پارتى یەکێتى دیموکراتى ڕابەرایەتیان دەکات.
دوا بەربەست و کێشە کە بووە هۆى بە بنبەست گەیشتنى گفتوگۆکان لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا ئەوە بووە کە حزبەکانى ئەندامى ئەنەکەسە پارتى یەکێتى دیموکراتى تاوانبار دەکەن بەوەىکە لە 17/4/2021 بارەگایەکى یەکێک لە حزبەکانى ئەنەکەسە لە شارى رمیلان داگیرکردووە لە ریفى حەسەکە،کەئەمەش زیاتر متمانەى لاوازتر کرد لەنێوانیاندا لە گەڵ گیانى ئەو ڕێککەوتننامەدا یەکناگرێتەوە کەلە 21/9/2020 ئیمزایان کردبوو بۆ دروستکردنى مەرجعیەتێکى یەکگرتووى باڵا بۆ کورد لە سوریا.
2. ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى تورکیا لە باکورى سوریا:
ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکانى سوپاى تورکیا لە باکورى سوریا لە ئۆکتۆبەرى 2020 ەوە تاوەکو ئێستا لە چوارچێوەى هەردوو ئۆپەراسیۆنى( کانى ئاشتى) و( قەڵغانى بەهار ) بەربەستى گەورەى بەردەم هەوڵ و کۆششەکانى فەرەنسان بۆ یەکخستنى کوردەکانى سوریا، چونکە تورکیا پێشڤەچوونەکانى دۆزى کورد لە سوریا بە مەترسى گەورە بۆسەر ئاسایشى ئستراتیجى خۆى دەزانێت.
3. ململانێ ى ڕوسى و ئەمەریکى بۆ پشتیوانى کورد:
هەرچەندە هەر لە سەرەتاى دروستبوونى ئیدارەى خۆسەر لەلایەن کوردانى خۆرئاواى کوردستانەوە ئەمریکیەکان پشتیوانیان کردوون بە تایبەتى بۆ شەڕى تیرۆرى داعش، بەڵام لەم دوایەشدا ڕوسەکان لە هەوڵى ئەوەدان خۆیان لە کوردەکانى سوریا نزیک بخەنەوەو هەوڵى ئەوە بدەن لە گەڵ حکومەتى بەشار ئەسەد ڕێکیان بخەن و دیدو بۆچوونەکانیان لە یەک نزیک بکەنەوە، کە ئەمەش کاریگەرى نەرینى بۆسەر هەوڵ و کۆششەکانى فەرەنسا دەبێت بۆ یەکخستنى کوردەکان، بە تایبەتى کە کوردەکان پرژو بڵاو دابەشبوون لە نێوخۆیاندا بۆ چۆنیەتى بەستنى پەیوەندى لە گەڵ وڵاتانى خاوەن بەرژەوەندى.
لەلایەکى ترەوە مۆسکۆ هەمیشە واشنتۆن تاوانبار دەکات بەوەى کە یارمەتى و کۆمەکى کوردەکانى سوریا دەدات دژ بە حکومەتى سوریا وهانى دابەشکردنى سوریا دەدات.
لە کۆتاییدا سەرەڕاى بەردەوامى هەوڵ و تەقەلاکانى پاریس بۆ چارەسەرکردنى ناکۆکى و ململانێکانى کوردەکانى سوریا، ڕوداو پێشهاتەسیاسى و مەیدانیەکانى ئەو وڵاتەو جیاوازى بەرژەوندى لایەنە ئیقلیمى و نێودەوڵەتیەکانى تێوەگلاو بە قەیرانى سوریا ڕێگرن لە بە مەنزڵ گەیشتنى هەوڵەکانى فەرەنسا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانى لە سوریا.