ھوشیار ئەحمەدی: (خەیاڵ و دیدە و دڵ) لای “مەولەوی” بە کورتی!
خەیاڵ باڵات، نە ئاینەی چەم
سەبتەن چون یادت، نە دڵەی پڕخەم
(خەیاڵی باڵاشت، لە ئاوێنەی چاوما
وەک یادت لە دڵەی پڕ خەمم دا تۆمارە)
ئەمە دوو دێڕ لە قەسیدەیەکی مەولەوییە کە بە زمانی باوکێکی جەرگ سووتاوەوە وتوویەتی.
“عەبدولڕەحمانی کوڕی حاجی مەحمودی یاروەیسی، بە فیشەکی شێخ ھیدایەتی کوڕی حاجی شێخ ئەحمەدی تەوێڵە ئەکوژرێ، گوایە فیشەکەکەی لە دەست دەرچووە و عەبدولڕەحمانی جوانەمەرگ کردووە.
وەک چۆن شێعرەکانی بێسارانی پڕن لە چراغ، ئاوا شێعرەکانی مەولەویش پڕن لە چەم(چاو، دییە، دیدە). بە جۆرێ کە ھەمیشە “چەم”ی مەولەوی و دڵی مەولەوی گەنجینەی ھەڵگرتنی ئازیزترینەکان و بەنرخترینەکانە.
زۆر جاریش ئەم دووانە ناکاتە جێگای ھەڵگرتن، بەڵکوو وەک ئازیزترینەکان و بەنرخترینەکانی ئەیانکاتە دیاری، ئەیانکاتە قوربانی، ئەیانکاتە خەڵات و ئەیانبەخشێ.
“خەیاڵ”یش ھاوسەنگی خاڵ و دڵ و چەم لای مەولەوی ئازیزە، بەنرخە و ئەکرێ بێژین خەیاڵ لە شادەمارەکانی ھەست و نەستی مەولەوییە. خەیاڵ لە مەولەویدا خالقە، خوڵقێنەرە، داھێنەرە. مەولەوی کاتێ گەرەکی بووە قەسیدەیەک بھۆنێتەوە، شاکارێ بخوڵقێنێ، بە شاباڵی خەیاڵ داویە لە شەقەی باڵ و ئەوەنە بەرز ئەبێتەوە کە فڕینی خەیاڵی خەڵکی ئاسایی وەک فڕینی پەپولەیە لە ئاست فڕینی ھەڵۆ و شاھین و سیمرغا. بەگشتی شاعێر واتە فڕین بە شاباڵی خەیاڵ، ئەگەر پەڕو باڵی شاباڵەکانی خەیاڵی بکەی، ئێتر ناتوانێ بفڕێ و سەرئەنجام ئەمرێ.
لای مەولەوی چەم⁄ چاو ئاوێنەیە، ئاوێنەیەک لە جامی جەم فراوانتر و رۆشنتر. بۆیە وەک چۆن بە شاباڵی خەیاڵ ئەفڕێ، ئاوا لە ئاوێنەی دڵ و چاویشا ئەوەی بە چاوی خەڵک نابینرێ، ئەیبینی.
لێرە لە زمانی باوکی عەبدولڕەحمانی جوانەمەرگی دەستی کوڕی شێخەوە، ئێژێ: خەیاڵی قەد و بەژن و باڵات لە ئاوێنەی دیدەما، تۆمارە، وەک نەخشی سەر دار و بەرد ھەڵکەنراوە.
لێرەشدا لای مەولەوی، ئاوێنەی دیدە فراوانترە لەو ئاوێنە دیدەی کە تەنیا شێوەی پێ ئەوینرێ، بەڵکوو دیدە وەک جامی جەم ئەبێتە پەنجەرەیەکی سێحراوی بۆ روانین بەو دونیایەدا کە عەبدولڕەحمانی تێدا بووە و چرکە بە چرکەی وەک فیلمێ تۆمارە و ھەر کاتێ گەرەکی بێ، لە جامی جەمی ئاوێنەی دیدەیەوە ئەیبینێتەوە.
لە دێڕی دیکەدا ئێژێ:
خەیاڵی باڵات لە ئاوێنەی دیدەما وەک یادت لە لەی پڕ خەمما سەبتە، تۆمارە. دڵ لای مەولەوی ھەم بۆ خەمە و ھەم بۆ شایی. گرینگتر لەوە ئەوەیە کە چ ھی خەم بێ، چ ھی شایی، ھەر جێگای ئازیزترین و بەنرخترینەکانە.
خەمی ئازیزان و شادیی ئازیزان. واتە کە لێی ورد ئەبیتەوە، لای زۆربەی شاعێرانی ئێمەش، وەک شاعێرانی نەتەوەکانیتر، دڵ وەک ناوەندی فەرماندەیی ھەست و سۆز ناسێنراوە. جا ئەمە چەندە کاریگەریی ئەو ھەڵە تێگەییشتنەی بەسەرەوەیە کە بە شێوەی گشتی لە پزشکیی کۆنیشا شوێن و کاری دڵ و مێشک بە ھەڵەتێگەییشتن گۆڕاوە، لای منیش بە تەواوی رۆشن نیە. بەڵام ئەگەر ھەڵەتێگەییشتنیش بووبێ، دیسان شتێکی جوانە، چونکی دونیای فڕینی ھەڵبەستوانان و شاعێران و گۆرانیبێژانی بۆ دونیای دەرەوەی سروشت، دەرەوەی دونیای رەق و داخراوی مادیی ئاسان کردوەتەوە. دڵ و خەیاڵی کردووەتە دوو شاباڵی بەھێزی فڕین تا بێ کۆتا.
رۆحی مامۆستا مەولەوی و عەبدولڕەحمانی جوانەمەرگ شاد بێ.