دلێر محەمەد نوری: پارتی لە نێوان پەکەکە و تورکیادا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نزیکەی 2 ساڵ بەر لە ئێستا لە نووسینێکدا لە سایتی ئاوێنە و لە ژێر ناوی (دووربینی ماکیافیلی وکوردبینی کورد) ئاماژەم بە بڕگەیەک لە کتێبە بەناوبانگەکەی مێکیافیلی(1469-1527ز) کە ناوی (الامیر یان شازادە)یە کرد.
نزیکەی 500 ساڵ بەر لە ئێستا میکیافیلی ئەو کورە سیاسیەی درکی بە سیاسەتی داگیرکاری تورکەکان کردووە لە ئیتاڵیاوە و کوردیش ساڵەهایە لە ناو هەناوی تورک ئەژی تا ئێستاش نەک هەر تێینەگەیشتوون بگرە بوون بە بکەر و گێڕەری پیلانەکانی تورکیا.
میکیافیلی باس لە جۆرێکی داگیرکاری ئەکات کاتێک زمان و هەڵسوکەت و ژیان و یاسا و ڕێساکانی داگیرکەر تەواو جیاوازن لە داگیرکراو، ڕێگرییەکانی بەردەم مانەوەی داگیرکەر زۆر گەورە و درێژمەودا دەبن. داگیرکەریش لە پێناو ئەمەدا دەبێت بەشێک لە خەڵکانی خۆی ڕابگوێزی بۆ ناوچەی داگیرکراو و لەوێ نیشتەجێیان بکات، تا جێگەی پێی خۆی قایم بکات و پایەکانی دەسەڵاتیشی لێ داکوتێت.
میکیافیلی بۆ ئەمە داگیرکاری تورک بۆ ناوچەی گریکەکان بە نموونە ئەهێنێتەوە، کە چۆن لە هێرشەکانیاندا هەرچییان کردووە هێندەی ئەوە کاریگەری نەبووە کە خەڵکانی خۆیان لەوێ دانەمەزراندووە و نیشتەجێ نەبوون. گەر وردبینەوە لەم چەند دێڕەی ماکیافیلی و تەماشای پێشهاتەکانی داگیرکاریی تورک بکەین لە باشور بۆمان دەردەکەوێت کە تورکیا لە ساڵی 1992ەوە هەوڵی لەناوبردنی پەکەکە دەدات و بۆی ناچێتەسەر.
تورکیا چەندین جار پارتی و جارێکیش یەکێتی و پارتی پێکەوە بەکارهێنا و لە هەموو جارەکانیش چەک و تەکنەلۆژیا و هەواڵگری ناتۆ و ئیسرائیلی لە گەڵدا بووە و هیچی بە هیچ نەکردووە. هۆکارەکەشی ئەوەیە گەر سیاسەت و حزب و سەرکردە نۆکەرەکان بێ لایەن و بێ تەرەف بکەین لە کێشمەکێشی نێوان پەکەکە و تورک، کوردی هەر چوار پارچەکە لە گەڵ پەکەکەدایە و لە گەڵ هەر‌ حزبێکی کوردیشە دژ بە داگیرکەرەکەی بەشەکەی خۆی.
کەواتا هیچ کاتێک زەمینەی جەماوەری لەبار نیە بۆ تورک و دژ بە کورد. بڕوانە کەمپینی بایکۆتی کاڵای تورکی وخۆپیشاندانە بەردەوامەکانی خەڵکی باشور و کوردانی ئەوروپا و توڕەەیی سەرجەمی خەڵک و پەلامارە جەماوەرییەکەی شیڵادزێ دژ بە بنکەکانی تورک و… هتد. کەوابێت ئێمەی کورد لە ئاستی جەماوەری یەکین و لە چاوی تورکیش هەر یەکین و هەر وەکو یەکیش تورک بە دوژمن دەمانبینن. کەواتا ئەوە زمان و بیر و هەڵسوکەوتیشمانە کە یەکە وەک میکیافیلی ئاماژەی بۆ کردووە.
بۆیە ئەستەمە تورک بە ئۆپەراسیۆنی ساڵانە و وەرزانە هیچی دەرهەق بە پەکەکە بۆ بکرێت. هەمووان دەزانین کە لە سەردەمی تانسۆچیلەر چ ئۆپەراسیۆنێکی گشتگیر و گەورە دژ بە پەکەکە ئەنجام درا و ئیتر لەو کاتەوە ماشێنی سەربازی و ئیعلامی و لۆبی تورکی بەردەوامە ولە هەڵکشاندایە دژ بە پەکەکە و پەکەکەش هەر لە فراوانبوون و گەورەبووندایە چ لە مەیدان و چ لە دڵی خەڵکیدا. تورکیا تێگەیشتووە لەوەی پەکەکە نە بە ئاگر و نە بە ئاسن و نە بە زیندانی کردنی ڕابەرەکەشیان لە ناو نەچووە.
هەر بۆیە تورکیای ئەردۆگانی گەڕاوەتەوە سەر بیری کۆنی باپیران لە داگیرکاری کە ئەویش بەوەی بەشێک لە خەڵکی مەدەنی و هەواڵگری و سەربازی خۆی بهێنێتە ناو مەیدای ململانێکان و هەر وەک خۆشیان نایشارنەو کە ئەوان هاتوون بمێننەوە و کرێ و پارەی ئەم خاکەشیان داوە بە پارتی و کڕیویانە. داری ببڕن هەر هی خۆیانە و ڕێگە لێدەن هەر هی خۆیانە.
ماوەتەوە ئێستا بۆ تورکیا فراوانکردنی ناوچەی داگیرکراو وهەڵکەندنی پەکەکەیە لە شوێنە هەستیار و قایمەکان. تورکیا لەوەش گەیشتووە کە ئەم کارە بە خۆی ناکرێت و دەبێت دەردە کورد بەرپا بکات. دەردە کوردیش تەنها بە شەڕی کورد بە کورد بەرپا دەکرێت.
هەموو پێشبینی و پێشهاتەکانیش وایان دەگووت کە پارتی کەوتۆتە نێو ئەم پیلانەوە‌ و پارتی مانگ زیاترە خەریکی جوڵەپێکردنی پشمەرگەیە بۆ ناوچەکانی پەکەکە. پارتی ئەیەوێ پەکەکە ئەو جێگایانە بۆ پێشمەرگە چۆڵ بکات و ئەنجا ئەویش ڕادەستی تورکیان بکات. پارتی گرێیەکی گەورەی پەکەکەی له دڵدایە بەوەی پەکەکە خەریکە دەچێتە دڵی زۆرێک لە بادینییەکان، هەر چۆن چووەتە دڵی شەنگالییەکان و تەنانەت گەرمیانی و کەرکووکییەکانیش. چونکە ئەوانەی پارتی بۆ داعشی جێهێشتن، پەکەکە ڕزگاری کردن. پارتی وای داناوە لە هاوکاری تورک دژ بە پەکەکە ناحەزێکی ستراتیژی لە کۆڵ ئەبێتەوە. بەڵام بێ خەبەرە لەوەی تورک پەکەکە لە ناو ببات و لێرە گەرا دابنێ دواتر دەبێتە ئەو مارە ژەهراوییەی کە بە گەستن و مژینی خوێنی پارتی و ئەوانی دیکەش ناوەستێت. تورک ئەزانێت عێراق ئیفلیجە، پارتی دەستەمۆیە، گەر پەکەکە لە ناوبچێت، بە بیانووی پاراستنی تورکمان ئەمێنێتەوە و هەر نەبێت کوردستان ئەکات بە مستعمرەیەک بۆ خۆی. ئاشکراشە کە مەبەستی سەرەکیی و ستراتیژی و دوورمەودای تورک لەم داگیرکارییە ئەوانەی سەرەوەیە، لە گەڵ ئەوەیشدا کە هەمیشە لە ناوبردنی پەکەکەی وەکو بیانووی سەرەکی نیشان دەدات. بەڕای من بۆ تورکیای ئەردۆگانی کە ئایە و مایەی دۆڕاندووە، ستراتیژی گەورەتری لە پشت ئەم داگیرکارییە داناوە لەوەی بە تەنها ئامانجی لەناوبردنی پەکەکە و خنکاندنی زیاتری ڕۆژئاوا و کۆنتڕۆڵی شەنگال و مەخموور بێت.
گەر خوێنەر یان پارتی بشپرسن پەکەکە چی ئەکا لە خاکی هەرێم؟
ئەوا بزانن کە مانەوەی پەکەکە لەمپەرێکی گەورەیە بۆ ئەو ستراتیژە دوورانەی تورک.
ئی چۆنە ئێمە و پەکەکەش بپرسین ئەی میت و تورک چی ئەکەن لێرە؟ گەر ئێوە لەوەڵامدا بڵێن بە بیانووی پەکەکە هاتوون؟
ئێمەش دەتوانین بپرسین ئەی تورک لە لیبیا و سوریا و ئازربێجان چی ئەکات؟
ڕاستییەکەی پەکەکە تەنها بیانووە، گریمان پەکەکە وجودی نیە و گەر کوردی باشور سەربەخۆیی ڕاگەیێنێت تورک تەنها سەیرکەر ئەبێت؟
ئایا تورک هیچ کات شاردوویەتییەوە کە ئەگەر کورد لە مەریخیش قەوارەیەکی هەبێت تێکی دەدەین؟
من تێناگەم لە سەرکردایەتی ‌پارتی کە هیچ کات بیری لەم تەسریحاتانەی ئەردۆگان وتورکەکان نەکردۆتەوە؟ ئایا مانەوەی پەکەکە باشترە یان نەمانی بەرانبەر‌ بە تورک؟
باشە پارتی بە کام عەقلییەت و سیاسەت لە پلانی وەها خەتەرناکی تورک گلاوە؟
پرسیاری جەوهەریش لێرە ئەوەیە ئەی پارتی چی بکات؟
پارتی دەبووایە یان ئەگەر درەنگ نیە، بێ لایەنی هەڵبژێرێت. لە چ سەردەمێکدا قەندیل و ئەو لوتکە سەربەرزانە کۆنترۆڵ کراوە تا ئێستا تورکیا کە بە خۆی ناکرێت پارتی تەکلیف بەو کارە بکات و دەستی کوردی بە خوێنی کوردی سور بکات؟
پارتی ئەبێت بە هەمووان بڵێت وبە دەنگی بەرز کە ئێمە شەڕی براکان ناکەین، ئەوسا تورکەکان باش لەمە دەگەن. نەک تۆ ببی بە دەست و قاچ و چاوی تورک، پێشمەرگە و زێڕەڤانی بکەی بە قۆچی قوربانی ئەرتەشی تورک. نە ڕێگە بە بنکەی هەواڵگری و سەربازی تورک دەدەم و نە دەبمە داردەستیشی. تورک شەڕی خۆی چۆن دەکات با بیکات. تورکیا و ئێران و عێراقیش چاک ئەزانن کە ئەوان هەرگیز خاوەنی ئەو چیا سەرکەشانە نەبوون. قەندیل جارێ پارتی و سەردەمێ یەکێتی و هەندێ کات دیموکرات و ساڵانێکیشە جێگەی پەکەکە، تاقە ڕۆژێکیش سەربازێکی ئێران و عێراق و تورک پۆستاڵی لە لوتکەی قەندیل نەداوە بە زەویدا.
جا تورک چۆن دەیگاتێ با بێگاتێ. یان ئەوەتا باری پارتی وەها لاری ژێر شانی تورکە کە نەتوانێ لە قسەی دەربچێت؟

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت