میران محەمەد: تکایە مەبنەوە مقاشی دەستی دوژمن؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

1- ئەردۆگان هەر کە پێویستی بە یەکێتی نەما، مەکتەبی پەیوەندیەکانی یەکتی لە تورکیا داخست و بەرپرسەکەشی دیپۆرتی هەرێم کردەوە!
2- لە سەرو بەندی ڕێفراندۆمەکەشدا جگە لە ڕاگەیاندنکارو کەسایەتیە تورکیە ڕەگەزپەرستەکان و وەزیرو گزیرەکانیان، خۆدی ئەردۆگا خۆی لە کەناڵە جیهانیەکانیەوە کەوتە سوکایەتی کردن بە کوردو بە خودی بارزانی خۆی! بەوەی گوایە بە قەرزێکی زۆری ئەوانیشەوە، موچەی موچە خۆرانیان پێ نادرێ، کەچی باسی دەوڵەت دەکەن! بە تانە لێ دانەوە وتی، دەبێ بارزانی باش سنوری خۆی بزانێ، کەهەر گیز شانی لە سەرەك خێڵێك زیاتری هەڵنەگرتووەو هەڵیناگرێ! ئەوانە قسەی من نین، لە یوتوب هەن، ئەوەی بیەوێی ئەتوانێت بیان دۆزێتەوە!
ئێستاش چ سیاسەتێكی گەمژانە ئەبێت، لە دژی برایانی خەباتگێڕی باکورتان ببنەوە چاوساغ و داردەست و کراس سوری بەر لەشکری سوڵتانۆچکە ئەردۆگان؟
سادەترین هاوڵاتی پەی بەوە دەبات، کە بە سودوەرگرتن لە سەرقاڵبونی وڵاتانی دونیاو دامودەزگا نێودەوڵەتیەکانی بە هەوڵە گرانەکانیانەوە بۆ چارەسەرکردنی پەتای کۆرۆناو دورخستنەوەی مەترسیە گەورەکانی لەسەر تەندروستی مرۆڤەکان و تێکنەشکانی سەرجەم کایە گرینەکانی بەردەوام بوونی ژیانی مرۆڤایەتی لە سەرانسەری گۆی زەویدا، ئەردۆگان و دارودەستەکەی ئەیانەوێت فرسەت بهێنن و پلانە لەمێژینەکانیان بهێننەدی بۆ داگیرکردنەوەی ویلایەتی مۆسڵ!
ئەوەتا هێزی سەربازی و ژمارەیەکی بەرچاو لە چەتە تیرۆستە هاوپەیمانەکانی بە چەکدارە کوردەکانی هێزی بەناو ڕۆژیشەوە، ناردە لیبیا، بە فڕۆکەو بڕێکی زۆر چەك و کەرەستەی جەنگی پێشکەوتوەوە، بە مەبەستی گۆڕینی پارسەنگی جەنگی حکومەتە ئیخوانیە هاوپەیمانەکەی لە تەرابلوس دژی سوپای نیشتمانی لیبی بە سەرۆکایەتی حەفتەر، کە ئەونەیان نەمابو سەرکەوتنی کۆتایی ڕابگەیەنن و هاوپەیمانەکانی تورکیا وەدەرنێن!
جموجوڵی چاوەڕوان نەکراوی لە ناکاوی هێزە کوردیەکانی هەرێم لە ژێر هەژمونی ئەردۆگاندا ئاماژەن کە تورکیا بەتەمابێت لای خۆشمان بە چاوساغی و پێشەنگی هێزە کوردیە هاوپەیمانەکانی لە باشور گورزێکی کوشندە لە برایان و خوشکانی پەکەکە بدات. کە مەبەست لێی بە دڵنیاییەوە قڕکردنی یەکتری و ماندبوون و لاوازکردنی هەمو لایەنە کوردیەکانە! ئەوسا تورکیا، بە پارەی تاڵانی سەروەت و سامانی هەرێم لە بانکەکانی تورکیادا و شابەشانی پاشماوەی هێزەکانی داعش لە عێراق، کە لە غیابی چالاکیەکانی هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانەیەکانیدا تەوا خۆیان ڕێکخستوەتەوە و پڕ چەك کراونەتەوە، بە ئاسانی ویلایەتی موسڵ بە کەرکوك و حەلەبیشەوە داگیرکەنەوەو بیانخەنەوە سەر تورکیا! مژدەی هاتنەدی ئەم خەونە لەمێژینەیەی تورکیا خودی ئەردۆگان خۆی لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا دای بە گوێی خەڵکی تورکیاداو وتی ڕۆژە نزیك بۆتەوە کە شارەکانی موسڵ و کەرکوك و حەڵەب بگەڕێنینەوە سەر تورکیا!
ئەمانە ڕەنگە بەلای زۆربەمانەوە خەون و خەیاڵ بن! بەڵام ئەوە پلانی لە مێژینەی ئەردۆگان و پارتە نەتەوەپەرستەکانی تورکیایەو بە جدی کاریان بۆ کردوەو دەیکەن.
لە گریمانەی هاتنە دی ئەو پلانەدا، بەڕای ئێوە داهاتوی کوردستان بە کوێ دەگات؟ چارەنوسی پارتە کوردیەکانی هەرێم و سەرۆکەکانیان چی لێ دێت؟
کەس لێیان دەبێتە سەرۆكی دەوڵەت؟
یان بەفەرمانێکی سوڵطانی هەر یەکەیان لە گوندێك یان چەند گوندێك دەکرێنە بێگ و ئاغایەك!؟ ئەسا هەر کامێکیشیان سەرپێچیان کرد بە برایەکی خۆی لە ناو دەبرێت؟
تکایە پشت و پەنای یەك بن. گەر شەڕیش ئەکەن، پێکەوە شەڕ بۆ داهاتوی هەمو کورد بکەن. مەبن بە مقاشی دەستی دوژمنان، نەبا کە ئیشیان پێتان نەما، بە سەرشۆڕی و ڕوڕەشی توڕتان بدەنە خەڵوزدانێکەوە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت