ڕه‌سوڵ بۆسكێنی: ڕێزێك له هه‌ستی ده‌روون پاكهكان.
ڕۆژانه ڕووداوگه‌لی زۆر له‌گه‌ڵ به‌خشراوه‌كان و ده‌روون ماندووه‌كاندا ڕووده‌ده‌ن، بێ ئه‌وه‌ی حیساب بۆ هه‌ست و ده‌روونی ئه‌وان بكرێت، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی هاوكاری بكرێن، كێشه‌كه‌یان زۆر گه‌وره ده‌كرێت و به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی پیشانی كۆمه‌ڵگا ده‌درێت، بۆیه ده‌مه‌وێت لێره سه‌رنجی خۆم له‌سه‌ر شێته‌كان بنووسم، هه‌رچه‌نده نووسین و لێدوان ده‌رباره‌ی سروشتی شێته‌كان كارێكی سه‌خت و ئاڵۆزه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر شاره‌زاییم له‌سه‌ر هه‌موو شێته‌كانی جیهانیش نه‌بێت، له‌سه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتی شێته‌كانی كوردستان به‌پێی ئه‌و وته‌یه‌ی كه ده‌ڵێن: “شێت هه‌ر شێته” ئه‌گه‌ر كه‌مێكیش بێت، ده‌توانم سروشتی شێته‌كانی هه‌موو دنیا وێنا بكه‌م و ده‌رباره‌ی پاكی و ساده‌یی ئه‌و مرۆڤه دڵپاكانه ڕای خۆم ده‌ببڕم.
له ناو ناز و نيعمه‌ته‌كانى مشه‌ى ئه‌م ژيانه كاتيهدا، له‌ناو خۆشى و ناخۆشيه‌كانى ئه‌م گه‌ردوونه پرِ كێشه و ئاشوبه‌دا، له‌ناو هيوا و ئاواته‌كانى ئه‌م جيهانه رِاگوزهرهدا، هه‌موومان ئاره‌زووى زۆرێك لە پێويستيمان هه‌یه، وه‌ك ئاره‌زووى تێركردنى برسێتى و ئاره‌زووى تێركردنى سێكسى و ئاره‌زووى تێركردنى خۆشگوزه‌رانى، به‌ڵام له هه‌موويان گرنگتر ئاره‌زووى تێركردنى هه‌ستى به‌بايه‌خ بوونه .
به وته‌ى(فرۆيد) زاناى نه‌مساوى گه‌وره ده‌رونناسى سه‌ده‌ى بيسته‌م (ئاره‌زووى خۆبه‌گه‌وره زانين) بهواتايهكى تر، هه‌موومان پێمان خۆشه كه‌سانى تر بهشتمان بزانن، قسه و كهسايهتيمان به‌هه‌ند بگرن و… هتد.
ئه‌م ئاره‌زووى خۆ به‌گه‌وره زانين و هه‌ستى به‌بايه‌خ بوونه، یه‌كێكه له گرنگترين و گه‌وره ترين ئاره‌زووى تاكه‌كانى ناو كۆمه‌ڵگا، بۆ يهكلايى كردنه‌وه‌ى جياوازى نێوان مرۆڤه‌كان، پێشموايه ئه‌م هه‌ستى خۆ به‌بايه‌خ زانينه، له‌نێوان مرۆڤه‌كاندا كاريگه‌رى باشى كردۆته سه‌ر به‌ره‌و پێش چوونى زانستى مرۆڤ و داهێنان و گه‌شه‌سه‌ندنى شارستانيهتى، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر ئاره‌زووى بايه‌خ بوون نه‌بوايه، گۆرِانكاريش له ژياندا نه‌ده‌بوو.
هه‌ر ئه‌و هه‌ستى به‌بايه‌خ بونه‌یه مرۆڤ وا لێ ده‌كات جلى جوان و گرانبه‌ها بپۆشێت، كۆشكى به‌رز و باڵه‌خانه‌ى بڵندتر له‌دراوسێكانى بنيات بنێت، ئه‌گه‌رچى پێويستيشى پێى نه‌بێت، هه‌ر ئه‌و هه‌سته‌یه، كه مرۆڤ ده‌یه‌وێت خۆی به‌زیره‌ك و هوشيار و لێهاتوو پيشان بدا.
هه‌ستى به‌بايه‌خ بوون، لاوێك والێ ده‌كات سه‌رۆكى وڵاتێك بداته بهرگولـلهى چه‌كێك، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵك به‌گرنگ باسى بكه‌ن و دڵداره‌كه‌ى شانازى پێوه بكات، له‌وه‌ش گرنگتر مرۆڤه‌كان ده‌يانه‌وێت وشه‌ى پرِ بايه‌خ له‌سه‌ر گۆڕهكانيان بنوسرێت، بۆ ئه‌وه‌ى پاش مه‌رگيش به بايه‌خه‌وه نووسينى سه‌ر گۆڕه‌كه‌يان بخوێندرێته‌وه.
ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ى سه‌ربازه‌كان پێیان ده‌لێن گه‌وره‌م، به سڵاوێكى ڕه‌سمیه‌وه له به‌رده‌ميان رِادهوهستن، ئه‌و ئه‌فسه‌رانه چێژ له‌م وشه‌یه وه‌رده‌گرن، ئه‌و پیاهه‌ڵدان و ستايشه‌ى به سه‌رۆكه‌كاندا هه‌ڵده‌درێت شادى و خۆشيان پێده‌به‌خشێت. زۆرن ئه‌وانه‌ى خۆيان به‌نه‌خۆش له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، تاكو له‌م ڕێگایه‌وه هه‌ست به‌گرنگی و بايه‌خى خۆيان بزانن، له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته نموونه‌یه‌كتان بۆ ده‌گێڕمه‌وه:
چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر خاتونێك بۆ ئه‌وه‌ى گرنگی و بايه‌خى خۆى له‌لاي خێزانه‌كه‌ی بزانێت، زۆر جار خۆى دهبوراندهوه و نه‌خۆش ده‌كه‌وت، به‌جۆرێك مه‌ترسى ئه‌وه‌ى لێده‌كرا، ئه‌م نه‌خۆشيه له‌داهاتوودا بگاته پایه‌ى شێتى، به‌مه‌ش هه‌موو ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌ى له‌ده‌ورى كۆده‌بوونه‌وه، له‌په‌رۆشیدا داخ و حه‌سره‌تيان بۆ ده‌خوارد، ئه‌م كاره ئاسووده‌يى به‌خاتوون ده‌به‌خشى، چونكه هه‌ستى به‌بايه‌خ بوونى خۆى به‌م جۆره زياتر بۆ ده‌رده‌كه‌وت، دڵنيام له‌دڵى خۆىدا ده‌یگوت: دياره من كه‌سێكى زۆر به‌بایه‌خم، بۆیه هێنده گرنگم له‌لايان، به‌ڵام هه‌ستى خۆ به‌بايه‌خ زانينى ئه‌م خاتونه لهرِێگاى نهخۆشيهكهیهوه، هێنده سه‌خت و دژواربوو، هه‌موو ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌ى شه‌كه‌ت و ماندووكرد، تاكو باوكى هاته سه‌ر ئه‌و رِايهى كچه‌كه‌ى ته‌نها بۆ ئه‌وه نه‌خۆش ده‌بێت به گرنگى بزانن، ئيتر باوكی ناچارى ئه‌وه كرد ههڵَسوكهوتێكى توند په‌یڕه‌وبكات، توندوتيژى له‌به‌رامبه‌ردا بنوێنێ، له‌مه‌ودوا هه‌ر كاتێك خاتوون نه‌خۆش ده‌كه‌وت و دهبورايهوه، بابى لێى تورِه ده‌بوو، په‌لامارى ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ى ئازارى بدات، ئيتر خاتوون له‌ترسى باوكی يهكسهر ده‌گه‌ڕایه‌وه دۆخى هوشيارى، له‌دوا جاردا خاتوون كه‌بۆى ده‌ركه‌وت چاره‌یه‌كى نيه، ئه‌وه‌ى پێشتر كردوويه‌تى بۆى ناچێته سه‌ر، به‌ناچارى ملیدا و رِاستيهكانى قبوڵ كرد و هه‌رگیز نه‌خۆش نه‌كه‌وت، به‌ره‌و ژیانێكى ئاسايى و دوور له‌ده‌ست كرد ملی نا، ئايا ئه‌م به‌سه‌رهاته نا تان هه‌ژێنێ ؟ !.
زۆربه‌ى ده‌رونناسان له‌و باوه‌ڕه‌دان هه‌ندێ له‌تاكه‌كانى ناو كۆمه‌ڵگا بۆ زانينى گرنگی و بايه‌خى خۆيان، هێنده ده‌چنه ناو دنياى خه‌ياڵه‌وه تا ئه‌نجامه‌كه‌ى به‌شێتى ده‌گات، ئه‌وانه وا بيرده‌كه‌نه‌وه ئه‌و شتانه‌ى له بارى رِاستى و هوشياریدا ده‌ست خستنيان ئاسان نيه، بۆ رِازى كردنى هه‌ستى خۆ به بايه‌خ زانين، ئه‌بێ له‌ڕێگاى شێتیه‌وه به‌ده‌ستى بخه‌ن، ئه‌گه‌رچى داهاتوشيان بخه‌نه مه‌ترسی و ژيان له‌شێتخانه بگوزه‌رێنن.
هۆكارى شێتى چیه؟!
وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌م پرسياره زۆر دژواره، تائێستا رِێنمايى و رِوون كردنه‌وه‌كانى پزيشكانيش ئه‌نجامێكى دلَنيايى نه‌به‌خشیوه، ته‌نیا ئه‌وه‌ى ئێمه به‌شێوه‌یه‌كى ئاشكرا ده‌يزانين، هه‌ر هۆكارێك تێكده‌رى خانه‌كانى مێشك بێت، ده‌بێته هۆى شێتى و به‌شێكى نه‌خۆشيه ده‌رونيه‌كان له‌ڕێگاى ميكرۆب و ژه‌هراوى بوونى برينه‌كانه‌وه كاريگه‌رى خراپ ده‌كرێته سه‌ر مێشك، به‌ڵام به‌شه ئازاراوى و خهماويهكهى ئه‌وه‌یه، ئه‌و كه‌سانه‌ى هيچ كاريگه‌ريه‌كى خراپ له‌سه‌ر خانه‌كانى مێشكيان نيه و تووشى شێتى بوون، دڵنياشم ئه‌گه‌ر تاقى كردنه‌وه‌ى ورد له‌سه‌ر مێشكى ئه‌وانه بكرێت، مێشكيان له‌هى من و ئێوه‌ش ساغ تره .
ئه‌ى هۆكارى شێتى ئه‌مانه چى يه ؟
هيچ كه‌س ناتوانێ به‌شێوه‌یه‌كى رِوون و ئاشكرا هۆكارى شێتى بزانێت، به‌ڵام زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى لێهاتوو خاوه‌ن ئه‌زمونن، له‌سه‌ر ئه‌و رِايهن كه‌سێك توشى شێتى بێت، لهدنياى شێتىدا ده‌گاته رِادهى هه‌ستى خۆبه‌شت زانين، به جۆرێك ئه‌و هه‌سته‌ى لهدنياى شێتی‌دا نقومى ده‌بێت، هه‌رگيز لهدنياى واقيعيدا پێى نهگهیيشتووه.
رِهسوڵ شێتێكى رِۆح سوك و قسه‌خۆشى خه‌ڵكى گهرمكانى لاى پشده‌ر بوو، هه‌ر كاتێك منداڵ له‌ده‌ورى كۆده‌بونه‌وه، بهدڵخۆشیيهوه ته‌ماشاى ده‌وروبه‌رى خۆى ده‌كرد ده‌یگوت: قائمقاميش هێنده‌ى من خه‌ڵكى له‌ده‌وره نيه.
جارێك يه‌كێك به‌گاڵته‌وه پێی ده‌گوت: نمايشێكى جوانى بۆ نه‌كات به ئۆتۆمبيله‌كه‌ى هه‌ڵى ناگرێت، رِهسوڵ بهبرِوا بهخۆبونێكى زۆره‌وه گوتى: رۆڵه پێويستيم به تۆ نيه، هه‌ر كاتێك بچمه سه‌ر جاده سه‌دان كه‌س ئۆتۆمبيلهكهيم بۆ رِادهگرێت، ده‌ڵێى قائمقامم.
زۆر جار وه‌ك كه‌ڵه‌شێر خۆی گیڤ ده‌كرده‌وه، كه‌پرسيارى لێ بكرايه ئه‌وه چیه؟ بهخۆرِانانهوه ده‌یگوت: سامێ دهنوێنم!.
ڕه‌سوڵ به‌راستی سروشتی زۆر خۆش و ڕێك و پێك بوو، پێشمه‌رگه‌ی خۆش ده‌ویستن، زۆر له‌ناوچه ئازادكراوه‌كان و لای پێشمه‌رگه بوو، به‌ڵام جارێكیش نه‌بوو راپۆرت له‌پێشمه‌رگه بدات و بڵێ پێشمه‌رگه‌م دیتوون. من ئاگاداری ئه‌وه‌نیم، به‌ڵام هیچ دوورنیه، پێشمه‌رگه‌كان كاریشیان پێ سپاردبێ، زۆر شێتی تریش هه‌روا.
زۆر جار خه‌ڵك كهشێتێك ده‌بينن، خۆزگه به‌ژيانى ده‌خوازن، چونكه وا ده‌زانن له‌و بارودۆخه‌ى كه‌تێيدا ده‌ژى له‌خۆشى و به‌خته‌وه‌ریدا نقوم بووه، شێته‌كان به‌جۆرێك چێژ له‌ژیان وه‌رده‌گرن، له‌من و ئێوه به‌خته‌وه‌رترن.
هۆكارى ئه‌م خۆش به‌ختيه چى يه؟
ئه‌وان ئه‌و بارودۆخه خهياڵیهى بۆ خۆيان دروست كردووه، هه‌ستى بايه‌خ و ئاره‌زووى گه‌وره‌يى خۆيان ده‌ست كه‌وتووه، ئه‌گه‌ر هه‌ستى به‌بايه‌خ بوون هێنده گرنگ بێت، تاكه‌كان ئاماده‌بن خۆيان بخه‌نه بازنه‌ى شێتیه‌وه، پێويسته بۆ رِێزگرتن له‌و هه‌سته‌يان گرنگيان پێ بدرێت، به‌ڵام له‌م وڵاته‌ى ئێمه‌دا ئه‌وانه‌ى خۆيان هه‌ستى خۆيان ده‌شێوێنن، ده‌وروبه‌رو كۆمهڵگايش به‌يه‌كجارى ژيانيان ده‌شێوێنێت.
لهبهنديخانهى ئه‌بوغرێبى له‌مه‌ڕ ئێمه‌ش، زۆرێك له‌و تاكانه‌ى ئه‌و هه‌سته‌يان لاپيرۆزبوو، هه‌موو شياوى ئافهرين و رِێزلێگرتن بوون، به‌ڵام به‌هۆى ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ى به‌عس شێوا بوون، سهرهرِاى ئه‌وه‌ش له‌لاى خه‌ڵك خۆشه‌ويست بوون.
به‌رخۆ” يه‌كێك بوو له‌و شێتانه‌ى له‌لاى خهڵَك زۆر خۆشه‌ويست بوو، مه‌سيحى بوو، ده‌يانوت: مامۆستاى بيركارى بووه، ئاره‌زووى ئه‌وه‌ى بووه ژيان له ده‌ره‌وه‌ى وڵات و له ئه‌وروپا به‌سه‌ر به‌رێ، له‌ڕێگاى رِهسميهوه ئه‌و ئاره‌زووه‌ى بۆ ده‌سته‌به‌ر نه‌كرابوو، ناچار ڕێگاى ناياسايى و قاچاغى هه‌ڵبژارد بوو، ويستبووى له‌ڕێگاى ئێرانه‌وه خۆى بگه‌یه‌نێته ئه‌وروپا، به‌ڵام كاتێك سنوورى به‌زاند بوو، چوو بووه ناو خاكى ئێرانه‌وه، له‌لایه‌ن حكومه‌تى ئێرانه‌وه ده‌ستگير كرابوو، به‌تۆمه‌تى سيخورِى بۆ عيراق تاوانبار كرابوو، به‌هه‌شت ساڵ به‌ندى حوكم درابوو، دواى ئه‌وه‌ى له‌ئێران لهبهنديخانه ئازاد ده‌كرێت، هه‌واى رِۆيشتن بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات لهكهلهىدا نامێنێت، يا به هۆى بارودۆخى ناله‌بارى ژيانى، دهگهرِێتهوه بۆعيراق، بۆ ناو خێزان و كه‌سوكارى، به‌ڵام ئه‌مجاره له‌لايه‌ن حكومه‌تى عيراقهوه گيرا بوو، به‌تاوانى به‌زاندنى سنوورى ووڵات، حوكمى ههميشهيى (مؤبد) حوكم درابوو، له‌نێوان هه‌موو ئاوات و هيوا به‌رزه‌كانى ژيان و كێشه و چه‌رمه سهريهكانى رِۆژگاردا، سه‌ره‌نجامه‌كه‌ى به‌شێتى گه‌یشت بوو، شێتیيهك سه‌رسه‌ختى ژيان و زۆر كارى بۆ مه‌يسه‌ر كردبوو، بايه‌خ و گرنگى له‌ناو خه‌ڵكدا، خۆشه‌ويستى و كۆبونه‌وه‌ى خه‌ڵك له ده‌وروبه‌ریدا، توانا و بوێرى و جنێودان به ده‌سه‌ڵات، ئه‌مانه هه‌مووى له‌ئه‌نجامى شێتىدا ده‌ستى خستبوون.
به‌رخۆ شێتێكى خۆشه‌ويست بوو، هه‌ميشه به‌نديه‌كان دهوريان لێده‌دا، به‌قسه خۆشه‌كانى بهنديهكانى ده‌خسته پێكه‌نين، له‌ناكاو ده‌كه‌وته جنێودان به سه‌دام حسين و ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ته‌كه‌ى، بۆ نمونه: دواى داگيركردنى كوێت له‌لايه‌ن عيراقهوه، ده‌وڵه‌ته هاوپه‌يمانه‌كان به‌زه‌برى هێزى سه‌ربازى عيراقيان له‌كوێت دهرپهرِاند و ناچار به‌كشانه‌وه له خاكى كوێت و ئاماده‌يى سه‌ر مێزى گفتوگۆ و دانوستاندنيان كرد، ئه‌م هه‌موو لووت به‌رزى و خۆبه‌زلزانين و سهرشۆرِى و ملكه‌چى سه‌دام حسين، به‌رخۆ پێى قبوڵ نه‌ده‌كرا، بێ ئه‌وه‌ى ناوى بهێنێ بهرِاست و چه‌پدا جنێوى ده‌دا، ده‌یگوت:كورِى قه‌حپه ئه‌گه‌ر ده‌تزانى سهرشۆرِى قبوڵ ده‌كه‌ى، وڵاتى خه‌ڵكت بۆ داگير ده‌كرد.
ئيتر به‌نديه‌كان له‌هه‌ر هێرش كردنێكى له‌م جۆره‌ى به‌رخۆ دا، له‌ترسى سزادان، به‌نديه‌كان ده‌ورى به‌رخۆيان چۆڵ ده‌كرد، وه‌كو تۆوى ناو زه‌وى هه‌ريه‌ك بۆ لايه‌ك دهرِۆيشتن .
من به‌رخۆم زۆر خۆشده‌ويست، رِێزم لێده‌گرت، ئه‌ويش هه‌ستى به‌و رِێزگرتنه ده‌كرد، هه‌ر پێويستيه‌كى هه‌بوايه به‌سه‌ربه‌ستى ده‌هاته لام، داواى ده‌كرد.
شوكور پياوێكى باڵا به‌رزى رِيش درێژ بوو، يه‌كێك بوو له‌و يهزيديانهى چوو بووه سوريا، به‌تۆمه‌تى سيخورِى كردن بۆ سوريا، له‌لایه‌ن حكومه‌تى عيراقهوه بهحوكمى ههميشهيى (مؤبد) حوكم درا بوو، شوكور پياوێكى نه‌فس به‌رز و نيشتمان په‌روه‌ر و هه‌قپه‌رست بوو، زۆر دژ به‌خه‌ڵكى خراپ و سه‌ر به‌ڕژێم بوو، ئه‌وانه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌ستى ئه‌و دا نه‌ده‌هاتنه‌وه به قێزه‌ونى باسى ده‌كردن، له‌ئاخاوتندا هێمن و له‌سه‌رخۆبوو، حه‌زى لهتهنیايى بوو، هه‌ميشه له‌گۆشه‌یه‌ك به‌ته‌نیا پياسه‌ى ده‌كرد، بێ ده‌نگى لاخۆشتربوو، هه‌رئه‌وه‌ش بوو به‌نديه‌كان به‌شێت ناويان ده‌برد، زۆر شانازى به‌وه ده‌كرد له‌ساڵانى كۆتايى حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى رِابردوو، له‌م بهنديخانهیهدا ئه‌ندامانى به‌رزى (ى.ن.ك) به‌ڕێزان فه‌ره‌يدون عه‌بدولقادر و جه‌بار فه‌رمان و هاورِێكانيان له‌گه‌ڵ ئه‌و دابوون، من و هاورِێكانم زۆر رِێزى شوكورمان ده‌گرت، ئه‌مه‌ش بووه هۆى ئه‌وه‌ى هاتوچۆى ئێمه‌ى زۆر ده‌كرد و لهتێكهڵاوی له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا ئاسووده بوو .
ئۆديشۆ كاكۆ خه‌ڵكى موسڵ بوو، مه‌سيحى بوو، رِهنگى سوور و سپی، چاوشين، قۆز و رِهزا سوك بوو، چوو بووه لوبنان به‌تۆمه‌تى لايهنگيرى حزبى (كه‌تائب) حوكم درابوو، يه‌كێك بوو له‌تووشبوانى نه‌خۆشى (شيزۆفيرينيا) تێكه‌ڵاوى كه‌س نه‌ده‌بوو، هه‌ر خه‌ريكى خواردن بوو، كه‌متر له‌سه‌ر خوان نانى ده‌خوارد، ئه‌و پاشماوه‌ى به‌نديه‌كان ده‌يان كرده به‌رميلى پاشهماوه، ئۆديشۆ به‌شى خۆى لێ ههلَدهبژارد و خۆى لێ تێرده‌كرد، به‌م جۆره خواردنه بێ بهرنامهييه، زۆر قه‌ڵه‌و ببوو، كێشى له‌سه‌ره‌وه بوو، كاتێك كه‌سوكارى ده‌هاتن بۆ سه‌ردانى هه‌ر به‌ده‌وریدا ده‌هاتن و ده‌چوون، خزمه‌تيان ده‌كرد، ئه‌م ديمه‌نه سه‌رنج رِاكێَشه دڵى مرۆڤى هوشيارى دهچوزاندهوه.
سالَح يه‌كێكى ديكه بوو، له‌تووشبوانى نه‌خۆشى ده‌رونى و شێتى، عه‌ره‌ب بوو، خۆى به(مه‌هدى) ئه‌م سه‌رده‌مه له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا، هه‌ميشه ته‌ماشاى به‌رى ده‌ستى چه‌پى خۆى ده‌كرد، به په‌نجه‌ى ده‌ستى رِاست له‌سه‌رى ده‌نووسى، لێوى ده‌بزواند، به‌ره‌و ئاسمان سه‌رى به‌رز ده‌كرده‌وه، ته‌ماشاى ناو له‌پى ده‌ستى خۆى ده‌كرده‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ى به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ په‌روه‌ردگارى هه‌ر دوو جيهان له په‌يوه‌ندى دابێت، چه‌ند جارێك له‌گه‌ڵى رِادهوهستام رِاستى هيچى لێ تێنه‌ده‌گه‌يشتم.
سهرهرِاى هه‌بوونى چه‌ندين به‌ندى له‌م جۆره، ئه‌وانه‌ى تريش، كهلهبارێكى ده‌روونى خراپ‌دا ده‌ژيان كه‌م نه‌بوون. له‌جیهانی ئازادی و ده‌ره‌وه‌ی به‌ندیخانه‌شدا، چه‌ندان ڕووداو و كێشه‌ی جۆربه‌جۆر له‌گه‌ڵ شێته‌كان ڕووده‌دات، ئه‌گه‌رچی ئه‌وانه به‌پێی یاساش به‌خشراون، پێویسته هه‌ریه‌ك له تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا نه‌رم و نیان و هانده‌ربێت بۆ هاوكاری كردنیان، به‌ڵام زۆرن ئه‌وانه‌ی خۆیان ده‌خه‌نه بازنه‌ی به‌رپرسیارێتی له‌گه‌ڵ ئه‌و بهخشراوانهدا، به‌تایبه‌ت هه‌ندێك له‌كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن، به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌به‌رپرسیارێتی بكه‌ن، كێشه‌كانیان زۆر گه‌وره ده‌كه‌ن و پیشانی كۆمه‌ڵگای ده‌ده‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی مرۆڤێكی ئاسایی ئه‌مه‌ی لێ ڕوودابێت، له‌كاتێكدا ئه‌ركی ڕاگه‌یاندن ئه‌وه‌یه كۆمه‌ڵگا ڕووه‌و هوشیاركردنه‌وه ئاراسته‌بكات.