ھوشیار ئەحمەدی: صيدی” لە خەڵک نەترسایا، یارەکەی بە خواوەندگار وەسفەکرد.
لای “صيدی ھەورامی” یارقیبلە بووە. دیوانەکەی پڕی قیبلەیە، چەندین ھۆنراوەی ھەن بە “قیبلەم” دەست پێ ئەکەن. قیبلەم لای ئەو بە واتای “دڵبەرە، یارە مەعشوقە.
وەک ئەزانین “قیبلە” لە ئیسلاما ئەو شوێنەیە ماڵی خودای لێیە، ئەو شوێنەیە خەڵکی وەک پەرستگا بەکاری دێنن، ئەو شوێنەیە بە پیرۆز ئەزانرێ، ئەو شوێنەیە کڕنۆشی لە بەرامبەرا ئەبرێ. بە کورتییەکەی قیبلە واتە جێگایەک خودا لەوێ لە گرشوێنێ زیاتر پێتەوە نزیکە و بوونی ھەس.
لەوەش رۆشنتری بکەمەوە، مەبەست لە قیبلە لەم شێعرا ئەتوانێ ئێلاھە و خواوەندگار بێ، ئاخر لە کوردستانی کەوناریشا، لای پیاوی کورد، ژن پێگەی خواوەندگار و ئێلاھەی بووە، وەک خواوەندگاری “ئاناھیتا”. قیبلە لێرە کەسێکە سەیدی ئەمادەیە کڕنۆشی بۆ ببات، ئامادەیە لە بەر دیوانیا بکەوێتە سەر ئەژنۆ. بکەفێتە خاکی، لەوەش ڕۆشنتر ، قیبلە لای سەیدی واتە خۆشەوێستە دڵبەرەکەی.
زۆر کەس ھەوڵیان داوە “صيدی ھەورامی” زنجیر و پاوەن بکەن و وەک دەروێشێ، وەک سۆفیلەیەک، وەک کۆیلەیەک لە کونجی لە خانەقا و مزگەوتێکا، لە بەردیوان و قاپییەی شێخەکانا ، ھەزار حاشای ئەو، بیبەستنەوە، بەڵام ئەو بە شێعرەکانی، بە بڕوا و ئێرادە یاغی و سەرکەشانەکەی، بە حەزیای ژیان بوونی، بە عاشق و ئەویندار بوونی، بە باوڕی قووڵی بە عەشقی زەوینی، بە عەشقی مرۆڤ بۆ مرۆڤ، بە باوڕە ئازادانەکەی، بومەلەرزە لە خانەقا و مزگەوت و حوجرە و تەنانەت مەلا و شێخەکان ئەدا و قەت ئامادە نەبووە ئێرادەی خۆی تەسلیم و رادەستی ئەوان بکات، لەوەش خۆشتر، لە چەندین شێعرا ، پێشتر باسی یەکێکیانم کردگە، بەرەو ڕووی شێخ و خانەقا و مەلا دەروێش سیفەت و خانەقاییەکان ئەبێتەوە و راستەوخۆ ھەنگوس ئەکاتە چاو شێخی نەقشبەندییا و ئێژێ من ئەوەم کە ھەم، حەساو بۆ ئێوە و کۆیلەکانتان.
با لە مەبەستە سەرەکییەکەمان دوور نەکەفمەو، حەیفە. لەم شێعرەی ژێرەوا ، “صيدی ھەورامی” بە ئاھێکی دووکەڵاوی و سووتێنەرەوە ئاوات ئەخوازێ، ئاواتێ سادە و ئینسانیی کە لە بەر دڵڕەشی دەورووبەری، مەلا و خانەقا و شێخ، بردیە ژێر گڵ، ئاواتێ ئەکرا وەک مافێ ئینسانی سەێر کرابا. ئاواتی گەییشتن بە دڵبەرەکەی، دڵبەرێ کە لەم شێعرا بە قیبلە ناوی تێرێ.
ھەست ئەکەم بابەتەکە خەریکە درێژ بێتەوە، کاکڵی کەسایەتیی عاشق و دڵدەری سەیدیم لەو دێڕانەی سەرەوا کردە کاکڵە مەژگەیەک و دامە خزمەتتان. بۆیە شێعرەکەی بە وردی شیتەڵکاری ناکەم. ھەر ئەوەنەی وابکەم لێی تێبگەن ، شوکرانەبژێرم.
قیبلەم چی دونیا قیبلەم چی دونیا
ئیندە ئاواتم مەندەن چی دونیا
(قیبلەم⁄ خۆشەویستەکەم لەم دونیایا، [جەخت ئەکاتەوە] خۆشەویستەکەم لەم دونیایا.
ھەر ئەو ئاواتەم ھەس⁄ماوە لەم دونیایا.)
ڕوێ وەر جە مەرگ بە دیدەم بدیا
لەب وە بانی لەب لاڵی تۆم بنیا
(رۆژێ بەر لە مردنم⁄ نەمردایام و بە چاوەکان خۆم بموینیایا.
لێوم بخستایاتە سەر لێوە یاقووتییەکەی تۆ. “لاڵ” پێشتر باسی وشەی لاڵم بۆ کردوون، لاڵ یاقووتێکی تایبەتە، بە چەندین رەنگ ھەس، بەڵام بەنرخترین و جوانتڕینیان رەنگی ھەناری و ئاگرینە. ئەو یاقوتە لە بەرد دروست ئەکرێ و فرەیش بەنرخە. جا ھەم بێسارانی و ھەمیش سەیدی شێعرەکانیان بەو یاقووتە رازاندگەسەو و بەردەوام لێو و خاڵی یار و خۆشەویستەکەیان بە لاڵ چواندگە.)
هەردوو بنیامان سەر وە یەک سەرین
کەردامان ڕازی ویەردەی دێرین
(ھەردووکمان سەرمان بنیایاتە سەر بالیفێ، سەرنگایەک
جا سەری ڕازە سەربەمۆر و دێرینەکانی خۆمان بۆ یەکتری کردایاتەوە.)
بدیام دەستی تۆم وستەن نە گەردەن
ئەوسا بواستام ئاوات وە مەردەن
(بموینایا دەستی تۆم خستوەتە گەردەنی خۆم.
دوای ئەوە ئەوجا ئێتر ئاواتی مردنیشم بخواستایا، قەیدی نەئەکرد.)
بۆ بنیام وە بۆی زوڵفی موشکینت
بگەردام تەواف کابەی جەمینت
(بۆی زوڵفە عەنبەربۆ و موشکینەکەتم کردایا. “موشکین” پێشتر باسی ئەم وشەیەشم بە وردی کردگە. موشک لە مادەیەکی شلەی ناوکی غەزاڵی نێر وەرئەگیرێ، بۆنێکی بێ ھاوتای ھەس، شاعێڕان بۆی زوڵف و لەشی یارەکانیان پێ چواندگە.)
باڵای وێم پەخشان باڵات بکەردام
داخم نەمندا ئەوسا بمەردام
( خۆم لە بەژن و باڵات بئاڵاندایا، ئاوقە و ئاوێزانی شان و مل و بەژن و باڵات بوایام.
ئێتر ئەوسا داخم نەئەچوو بە دڵەو ئەگەر بشمردایام.)
ئەوسا جەو دما ئەگەر مەمەردەم
پەی مەردەیی وێم شادی مەکەردم
(جا لە دوای ئەم بەتۆ گەییشتنە، دوای ئەم بە ئاوات و ئارەزوو گەییشتنە، ھیچ شتێکی ترم نەئەما ئاواتی بۆ بخوازم. بۆیە بۆ مردنی خۆم شاییشم ئەکرد. لەبەر ئەوەی بە قیبلەم، بە خواوەندگارەکەم گەییشتگم. مەراقەدڵ و ئاوات و ئارەزووم نەماگە، خەون و خولیام نەماگە بۆی بمێنمەوە. واتە گەییشتن بە دڵبەر، کۆتایی ھەموو شتێکە، قیامەت و بەھەشتێکی ئەبەدییە بۆ “صيدی ھەورامی”.
مخابن بەو مەراق و ئاوات و خولیەوە سەری نیایەوە. مەراق و ئاوات و خولیایەک کە مافێکی سەرەتایی ھەر مرۆڤێکە، بەڵام لە کۆمەڵگایەکی ئەودەم خانەقاو مزگی و شێخ و مەلا و دین لێدراوا بە سادەیی خنکێنراوە و بووەتە ئاواتێکی حەسرەتاوی و بەدینەھاتووی زۆری وەک “صيدی ھەورامی”.
رۆحی “صيدی ھەورامی” شاد و ھەزاران سڵاو لە گیانی پاکی ئەو و بێسارانی و ئەوانەی وەک ئەوان بە برینی ناسۆری عەشقی نامورادییەوە سەریان نایەوە.