كەمال محەمەد: نەخۆشخانەی هیوا شوێنێكە بۆ مەرگ دۆستی یان ژیان دۆستی؟
هیوا شوێنێكە كە خۆی تەرخان كردوە بۆ زیندوبونەوەی ژیان، ئەو مەبەستی بوە هەمیشە ڕایبەگەنێت دروشمی بژی مەرگ و مەرگ دۆستی زۆر نامۆیە، بۆیە لەنێو ئەم نەخۆشخانەیەدا كۆمەڵێك هەن كە ژیانی خۆیان تەرخان كردوە بۆ ژیانەوە. لەلای ئەم مرڤانە گەورەترین بەرهەمی ژیانیان خوڵقاندنی ژیان و زیندوبونەوەی ژیانە بۆ ئەو كەسانەی كە بە بێ ویستی خۆیان بێ هێزێن. ژیان و كار لای كارمەندانی ئەم نەخۆشخانەیە بەئاراستەیەكی سەرەكی ژیان و بیركردنەوەیە بۆ مێژوی خۆیان و بەرەو داهاتوو ژیانەوەیە بۆ ئەو كەسانەیە لەچاوەروانی شیفای یەزدان و دەرمانە چارەسەرییەكاندان، هەرچەندە لای هەموان مردن لە واقیعدا تاكە یەقینە لە ژیانیاندا، بەڵام هێشتا هەموان ئەیانەوێ بەسەر ئەو یەقینەدا زاڵ بن بۆ ئەوەی زاڵیش بن بەسەر ژیاندا، ئەمە مەیلە بۆ ژیان لەنێو هەمو گیانلەبەرێكی زیندوو كەلە دەوروپشتمان بونی هەیە!
كارمەندان و نەخۆشانی هیوا خاوەن چەن سیمایەكی تایبەتن كە لە دەموچاویاندا هەستی پێ ئەكرێت، سیمایەك كە مەیلی پارێزگاریكردن لە ژیان و شەڕكردن لەدژی مەرگ شێوەیەكی بنەڕەتی مەیل ئەم كەسانەیەو لە سیمایاندا هەستی پێ ئەكرێت، هەمو هەوڵێكی ئەمانە بۆ بازنەی ژیانە كە بریتییە لە بازنەی گەشەسەندن و مانەوە بە زیندوێتی لەبەرامبەر بازنەی مەرگدا، هەمو ئەمانە كەسانێكن كە ژیانیان خۆش ئەوێت كەسێكیش كە ژیانی خۆش بوێت هەوڵ ئەدات لەهەمو بوارە جیاوازەكانی ژیان پرۆسەی زیندوبونەوەی ژیان بەئەنجام بگەیەنێت.
داخستن و لەمپەر دروستكردن بۆ كارەكانی ئەم نەخۆشخانەیە لەلایەن هەركەس و لایەنێكەوە بێت دەری ئەوە ئەخاتە ڕوو كە خاوەن مۆڕاڵێكن كە پرەنسیبی تایبەتیان دەربارەی چاكەو خراپە نییە و نایانەوێت لەوە تێبگەن كە چاكە هەمو ئەو شتانەیە كەلە خزمەتی ژیاندایەو خراپەش ئەوانەیە كەلە خزمەتی مەرگدایە، هۆشیاری مرۆیی و مۆڕاڵی مرۆیی ئەوەیە كە خۆت لە كاریی خراپەو هەمو ئەو شتانە بەدور بگریت كە ژیان بۆ كەسانێك كە حەزی مانەوەیان هەیە خەفەو خامۆش بكەیت، هەروەها ئەم مۆڕاڵە مرۆییە ئەوەیە كە خۆت لە چاكە نزیك بكەیتەوەو جەخت لەسەر ئەو كارانە بكەیتەوە كە ژیان دۆستە بۆ هەموان.
ئەخلاق لای سپیۆنزا هەردەم نمونەیەكی باڵا بوە، لای سپیۆنزا ژیان دۆستی لە پشت هەمو میتۆتەدە فەلسەفی و پرەنسیبەكانی مرۆڤێكی خاوەن مۆڕاڵ و عاقڵەوەیە كە ژیان دۆستە و ئامانجی خۆشویستنی هەمو ئەو مەیلانەیە كە مرۆڤ لە بێ بەهاكردن و بەكاڵاكردنییەوە دورئەخاتەوە، بەڵام ئەوەی كە ئێستا مەترسییە پێچەوانەی ئەو مەیلەی سپیۆنزایە لای ئەوانەی كە نازانن لەسەر زەوی ژیان دەژین و كارەكانیان و هەڵپەی كۆكردنەوەی سامان لایان و ژیانی تاك كە بۆتە گۆڕەپانی تێركردنی غەریزەكانیان وایكردوە كەلەسەر زەوی مەرگ بژین بۆ ئەوانەی كەنایانەوێت ژیانیان لەدەست دەربچێت و بەداخستنی ئەم تاكە هیوایەشیان ئیتر جارێكی دیكە هیچ هیوایەكیان نەبێت كەبۆ ژیان بگەڕێنەوە.