زەبەنگ بەهادین: نرخی کاڵا بەرز دەبێتەوە و بەهای مرۆڤ دادەبەزێت لە کوردوستان.
هاتنی داعش بۆ عێراق لە 2014 خاڵی وەرگەرانی ئابووری بوو لە کوردوستان، هەڵبەت بۆ دەسەڵاتدارانی سیاسی هەریمی کوردوستان زیاتر بوو، ئەو کاتەی کورد بریاری تەواوەتی هاوردەکردنی نەوتی دا دەیزانی ئەو نەوتەی لە بەر دەستە بەشی بەرێوەبردنی ناوخۆ ناکات، بەلام پشتی بەو پارەیە قایم بوو کە لە بەغدادەوە دەهات.
لە دوای هاتنی داعش و وەستانی هاتنی پارە لە بەغدادەوە دۆخی ئابووری تاک بەرەو خراپ بوون رۆشت لە هەرێمی کوردوستان ، سەرەتا بە پاشەکەوتی مووچە پاشان بە لێبرین، هاوتەریب بە دۆخی خەڵک دۆخی حیزبەکانی دەسەلات و بنەماڵە سیاسیەکان بەرەو هەڵکشان گەشەی کرد ، نەوتی خۆماڵی لەو رۆژەوە بۆ میللەت بوو بە دەرد و بۆ دەسەڵاتداران بۆ بە کێوی تەڵا.
بەرهەم هێنانی نەوتی کوردی و فرۆشتنی کەس نایزانێ دوو بنەماڵەکە نەبن، هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوە بوو شەرعیەت بدەن بەو دزینی نەوتە و دایان لە پاش رێکەوتنی هەرێم و بەغداد.
ئەوەی بەدی دەکرێت نرخی نەوت بەرز بۆتەوە لە هەمان کات بەهای دینار کەمیکردووە لە ئاست دۆلاردا، نرخی هەموو کاڵایەکیش بەرز بوونەوەی باشی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام بە ئاراستەی پێچەوانە بەهای مرۆڤەکان رۆژ لە دوای رۆژ کەم دەکات لە هەرێمی کوردوستان.
مرۆڤ لێرە لە دۆخی بێکاری دەژی لە دۆخی لێبرینی مووچە لە گرتن و زیندانی کردن لەسەر نوسین و خۆپیشاندان، تێکدانی رەوشی پەروەردە و بڵاو کردنەوەی بەدکاری لەناو کۆمەڵگا، زۆربوونی رێژەی خۆکوشتن و کوشتن و پەلاماردان و دەستدرێژی سێکسی و رەوی گەنجان بۆ دەرەوەی ولات، دروستکردنی دیواری گەورەی نێوان بەرپرسان و خەلکی ئاسایی نەمانی یاسا و پەرەسەندنی سولحی عەشایەری، هەموو ئەمانە لە پاڵ دەوڵەمەند بوونی زیاتری دەسەلاتداران و گەشەی نەوەکانیان و بەزاندنی یاساکان لە لایەن خۆیان و بنەمالەکانیانەوە، قۆرخکردنی خۆشیەکانی ژیان و پێداویستیەکان بۆ خۆیان دەستگرتن بەسەر سەرجەم جومگەکانی کۆمەڵگادا لە تەندروستی و پەروەردە و وەرزش و یاسا و تەنانەت گۆرەپانی مردنیشدا.
دەبینین لە دوای 2014 رۆژ لە دوای رۆژ هەموو شت گران دەبێت لە کوردوستان تەنها مرۆڤەکان رۆژ لە دوای رۆژ خوێنیان هەرزان دەبێت و بەهایان کەم دەکات، بە تەنها لە پێناو مانەوەی دەسەلاتی بنەماڵەکان و خۆشبەختی نەوەکانی ئەواندا، دەبێت مرۆڤ بێ بەها بکرێت و بازار گرانتر.