عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: تێرامان و خوێندنه‌وه‌یه‌کی تر بۆ ده‌وڵه‌ت و خێڵ ــی فالح عه‌بدولجه‌بار/ بەشی دووەم.
له‌و توێژینه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و خێڵ دا، رۆشنایی خراوه‌ته سه‌رلاپه‌ڕه‌کانی ژیانی سه‌دام حسین، توانی سوود له ئه‌زمونی هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاته تێک شکاوه‌که‌ی پێش خۆی وه‌ربگرێت، سه‌دام گه‌یشته ئه‌و بڕوایه‌ی به ته‌نیا ( سوپا ) یا (سوپا و خێڵ )، ناتوانن پاڵپشتی ده‌سه‌ڵاتێکی به‌رده‌وام و به‌هێزبن.
تێكشکانی ساڵی1963-ی حیزبی به‌عس، ئه‌زمونێکی نوێی لای سه‌دام هێنایه کایه‌وه، ده‌بێت ده‌سه‌ڵات له کۆکتێلی ( حزبی و جه‌ماوه‌ریی و سیسته‌می خزمایه‌تی و عه‌شایه‌ریی و خێڵه‌کی ) پێک بێت.
به دابه‌شکردنی پله‌و پایه‌و ده‌سکه‌وت بۆ دامه‌زراندنی، (ده‌زگایه‌کی ئه‌منی توند‌و تیژ و ترسناک).
سه‌دام ئه‌و دهزگایهیانهی بۆیه دامه‌زراند، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو خولیا‌و خه‌ونه‌کانی سه‌دام-ی جێگری سه‌رۆک کۆماری عێراق بهێنێته دی، هه‌موو که‌سه نزیکه‌کانی خانه‌واده‌که‌ی و بنه‌ماله‌که‌ی و خێڵه‌که‌ی له خێڵی (بیجات) به تایبه‌تی به‌ره‌ی خه‌زووری که ناسرابوون به (البوغهفور) خسته ناو کایه گرنگه‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌وه.
سه‌دام له‌سه‌ر نه‌خشه‌و به‌رنامه‌یه‌کی دارێژراوی چڕ و پڕ‌و ورد، هه‌موو توانای خۆی خسته گه‌ڕ بۆ گرنگی دان به‌خزمه‌کانی له نێو ( حیزبی به‌عس، ده‌سه‌ڵاتی کۆماری عێراق، ده‌زگاکانی ئه‌من، ئیستیخبارات، موخابه‌رات، سوپا، هێزی تایبه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی رۆڵی دیاری خۆیان ببینن له پارێزگاری له کۆشکه‌کانی ).
به‌مه‌ش له جوغرافیایه‌کی دیاری کراوی ( عوجهو تکریت) -ه‌وه توانی کۆنترۆڵی سه‌راپا عێراق و ده‌ره‌وه بکات، سه‌دام کوڕه هه‌ژاره‌کانی خێڵه‌که‌ی هان دا، ده‌ستبه‌رداری خوێندن ببن، به بڕوانامه‌ی خوێندنی (سه‌ره‌تایی، ناوه‌ندی، ئاماده‌یی)ه‌وه بچنه خوله تایبه‌تییه‌کانه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ێ ببن به ئه‌فسه‌ر له‌داموده‌زگاکانی (ئه‌من، ئیستیخبارات، موخابه‌رات، سوپا، له هێزی تایبه‌تی) بۆ پارێزگاری له کۆشکه‌کانی.
به‌مه‌ش هه‌موو نه خوێنده‌وارو خوێنده‌وارانی پله نزمی هۆزی (بیجات) له پله‌و پایه جیاجیاکان، وه‌ک جه‌لاد و لێپرسراوی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ترسناک ده‌رکه‌وتن و رۆڵیان بینی و ناوبانگیان په‌یدا کرد.
سه‌دام توانی له گوندێکی بچوکی عۆجه‌وه سیسته‌می خێڵه‌کی هۆزو و تیره به‌ده‌سه‌ڵاتێکی باڵا‌و به‌هێزه‌وه بگه‌یه‌نێته ناو حیزبی به‌عس و ده‌وڵه‌تی عێراق، به شێوه‌یه‌کی ئه‌وه‌نده دڵره‌قانه و بێ به‌زایانه، به سیناریۆی کوشتن و ىڕین، ئه‌و سیسته‌مه‌ی به جۆرێکی وا چه‌سپاند، هیچ متمانه‌یه‌کی له نێوان لێپرسراوه‌کان دا نه‌هێشت، هه‌مووشتێک مایه‌ی (ترس و گومان ) بوو،به جۆرێک حیزبی له ناو ده‌وڵه‌ت و ده‌وڵه‌تی له ناو حیزب دا چه‌سپاند.
به‌شێوه‌یه‌ک ( خێڵی بیجات) به‌تایبه‌تی هۆزی (البوغفور)بونه گه‌وه ره‌ترین ده‌سه‌ڵاتی باڵای هه‌موو کایه سیاسییه‌کانی حیزبی به‌عس و ده‌وڵه‌تی عێراق. به‌مه‌ش عه‌قڵی به‌سته‌ڵه‌کی خێڵه‌کی و گۆشکراو به هێزی عه‌شایه‌ری و پشت به‌ستوو به توند‌و تیژی و رق و کینه‌و پیلان و تۆڵه و خۆسه‌پاندن له ژێر په‌رده‌ی ئایدۆلۆژیای و نوێگه‌ریی و پێشکه‌وتن و سۆشیالیزم و ناسیۆنالیزمێکی داخراوی عه‌ره‌بی چه‌ق به‌ستودا خۆیان نواند.
هه‌ندێ له سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد، ده‌بوایه په‌یڕه‌وی هه‌مان به‌رنامه‌و نه‌خشه‌ی گرێی ئاڵۆزی سه‌دام و حیزبی به‌عس یان نه‌کردایه، به‌رنامه‌ی خێڵه‌کی و عه‌شایه‌ری و خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌ی خێڵ و ته‌ریقه‌تی ئاینی یان، به به‌رنامه‌ی جیا جیا نه‌هێنایه‌ته ناو کایه‌کانی حیزب و حکومه‌ت و دام وده‌زگا گرنگه کانی به‌رێوه‌بردن.
له کام شوێنی گرنگی کایه‌کانی حیزبی و حکومی دا، ئه‌و ده‌م و چاو روخسارانه‌ی که که‌س و کاری سه‌رکردایه‌تی حیزبه‌کانن رۆڵی گرنگیان نیه. ئه‌م دیارده سلبیانه به جۆرێکه کورو کچی خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌و هۆز و خێڵ و عه‌شره‌ت و شێخایه‌تی و ته‌ریقه‌تی ئاینی گرتوه‌ته‌وه، رۆڵی سه‌ره‌کی و پێشه‌نگیان هه‌یه له هه‌موو کایه‌کانی حیزبایه‌تی، له‌سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه، له ئۆرگانه‌کانی حیزبه‌وه شۆربوه‌ته‌وه بۆ ناو هه‌موو کایه‌کانی په‌رله‌مان و حکومه‌ت و هه‌رێم و ده‌وڵه‌ت.
گهرههر تاکێک له‌م هه‌رێمه سه‌ر به یه‌کێک له‌و حیزبانه نه‌بێت، ئه‌وا مافی هاوڵاتی بونی نییه، رۆڵی هه‌بێ له کایه جیاجیاکانی حکومه‌ت دا، گه‌ر پسپۆریش بێت له بوارێک دا. بواری پێ ناده‌ن رۆڵی خزمه‌ت کردن ببینێ و ده‌خرێته په‌راوێزه‌وه، که‌سێکی سه‌ر به خانه‌وادو بنه‌ماڵه‌و خێڵ و حیزب، گه‌ر بێ بڕوانامه‌و بێ توانا ش بێت، له کایه‌کان دا داده‌نرێت، گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌و که‌سه هیچ له باره نه‌بووه، سه‌ر به خانه‌وادو بنه‌ماڵه و حیزبی بێ، ئه‌و که‌سه بێ توانایانه. ده‌کرێن به خاوه‌نی بڕیار، ئه‌مه‌ش به‌جۆرێک کاریگه‌ری سلبی له ئۆرگانه‌کانی حیزب و دام و ده‌زگاکانی په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێم وسه‌رۆکایه‌تی هه‌ڕێم دا دروست کردوه.
رۆژانه ده‌یان دیارده‌ی سلبی نه‌شیاو نابه‌جێ له دام وده‌زگاکان دا ده‌بینرێ، ئه‌م گۆڕستانی خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌و عهشرهتگهرو شێخایه‌تی یه و ته‌ریقه‌تی ئاینی و حیزبایه‌تی یه، سه‌رچاوه‌ی ناعدالهتین، کاردانه‌وه‌ی خراپیان هه‌یه له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا، کۆمه‌ڵگا ی کوردی، رهو هه‌ڵدێری شه‌وه‌زه‌نگ بردوه، ئاینده‌یه‌کی تاریکستانی تیا ده‌بینین، تروسکه‌یه‌ک رۆشنایی لێ نابینین.