بەهرۆز جەعفەر: بەرەو کوردستان- پیترۆلیۆمی نیشتیمانی!
وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان “ کەمال ئەتروشی” لە 28 ی حوزەیرانی 2021 لە پەرلەمانی کوردستان دۆخ و توانا هایدرۆکاربۆنییەکانی هەرێمی کوردستانی ڕوون کردەوە:
یەکەم/ ئەوەی وەزیر باسی کرد چارەسەرەکان نەبون، بەڵکو گرفتە قووڵەکان بون. بۆ نمونە؛ گرفتی هەرە گەورە کە تاهەتایە ئەبێتە نۆستالجیایەک بۆ کوردستان ئەوەیە؛ دەبو لەسەرەتاوە کورد کۆمپانیایەکی خۆماڵی بواری نەوت دابمەزرێنێت و توانا نێوخۆییەکانی تیادا بخاتە گەڕ و پیشەسازیی پیترۆ-کیمیاویی و توانای تەکنیکی خۆی لەگەڵیدا بخاتە گەڕ، کەچی هەریەکەو بەپەلە- پەل چوون لەسەر بنەمای قازانجی کەسیی کۆمپانیای دەرەکیی جۆراوجۆریان هێنایە هەرێمی کوردستانەوە، لەلایەک ئەمانە دەیان ملیار دۆلار قازانجی نێوخۆییان بردە دەرەوە، لەلایەکیش میللەتەکەیان بەرخۆر و بەرکار “ مستهلک” کرد، لەسەرێکی دیکەشەوە هیچ سۆزو وەلائێکیان بۆ ووڵاتی خانەخوێ کە کوردستانە نەبو وە نییە. سەرباری ئەوەش چەند دانەیەکیان سکاڵایان لەسەر حکومەتی هەرێم لە دادگاکانی لەندەن و پاریس تۆمارکرد!. هەروەها کادری خۆماڵی و بەشداری دەرچووەکانی ناو زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستانیشیان پشتگوێ خست لە پسپۆڕییە جیاوازەکاندا.
ئێمە لە پانزە ساڵی ڕابردوودا ئەگەر کۆمپانیایەکی کوردیی- خۆماڵی- نیشتیمانیی- سەرپێخراومان هەبوایە ئێستا ئەزمونێکی زۆرمان لە بواری گەڕان و پشکنین و بەرهەمهێنانی نەوت و گازدا بەرجەستە کردبو.
جگەلە هەموو ئەمانەش، داخەکە لەوێدا گرانتر و جێی هەڵوەستەکردنە، سەیری مێژووی دامەزراندن و ئەزمونی هەریەکە لەو ( 53 ) کۆمپانیایە بکە کە گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم واژۆکردووە، زۆربەیان لە دوای ساڵی ( 2003 ) ەوە دامەزرێنراون!. هەندێکیان تەمەنی دامەزراندن و کارکردنیان ڕێک هاوتای تەمەنی دروستکردنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمە و لەساڵی ( 2006 ) دا دروست بون!. یان ساڵێک دواتر لە دەرەوەی کوردستان بە ئاسانی مۆڵەتیان وەرگرتوەو هاتوون بۆ کارکردن لە کێڵگەکانی کوردستان!!.
دووەم/ لەخاڵی یەکەمەوە بۆمان دەرئەکەوێت بێ ئەزمونی و بێ توانایی کۆمپانیا نەوتییەکان ، وە نەبونی هیچ چاودێرییەک لەسەر شێوازی کارکردنی کۆمپانیاکان، هەروەها زۆریی تێچووی کۆمپانیاکان، هۆکاری شکستیانە لە بەرهەم هێنان و لە خراپکردن/ خراپبونی هەندێ کێڵگە یان بیری ناو کێلگەکاندا!!. یان ئەتوانین بڵیین لێرەدا دەرئەکەوێت بۆچی تا پرۆسە نەوتییەکان پێش ئەکەوێت قەیرانە داراییەکان لە هەرێمی کوردستان زیاتر ئەبن!.
سێهەم/ وەزیر هۆکاری زۆری ئاستی تێچوو -Cost ی گەڕاندەوە بۆ کاری خودایی و قەدەری ئیلاهی کە شێوازی هەڵکەوتەی جیۆلۆجی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان لە قووڵایی پێویستدا نا- ڕێک و پێچاوپێچە، بۆیە لە هەرێم تێچووی دەرهێنانی ( 1 ) بەرمیل نەوت ( 11 ) دۆلارە، بەڵام لە عێراق ( 2 ) دۆلارە!. هەر بەڕێزیان لە قسەکانیدا وتی کوردستان بەشێکە لە حەوزەیەکی ووزە کە لێرە دەست پێ یەکات تا عومان.. هەمووی یەکپارچەیەو دەیان ملیۆن ساڵی ویستووە تا ئەمانە بوون بە هێڵێکی دانەبڕاوی دەوڵەمەندی نەوت لە ژێر زەویدا!. وتیشی نەوتی ئێمەو عێراق لە ژێرزەویدا یەک مەکمەنەو نەوتەکە سنور ناناسێت ، کوردو عەرەب و تورکمان نازانێت، یەک ئاست و پێکهاتەیە. ئەوە جێی گومانێکی زۆرە عێراق یەک پارچە جوگرافییە لە باکورەوە تێچووی بەرمیلێک ( 11 ) دۆلار و لە ناوەراست و باشورەوە (2.16) دۆلار بێت!. عێراق لە ( 2014 ) دا تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت تیایدا ( 6.2 ) دۆلار بووە!. دیارە وەزیر لەلایەنە جیۆلۆجییەکەوە باسی تێچوو- کۆست ی کرد، ئەوە تەنها تێچووی کارکردن (تەشغیلییە) ئەگینا تێجووی گشتی یەک بەرمیل لە عێراقدا تا ( 10 بۆ 12 ) دۆلار ئەڕوات، ئەوەشمان بیرنەچێت لەکاتی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت ( 2 ) دۆلاری ڕاستەوخۆ ئەچێت بۆ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی وەک قەرەبوی ئەوەی عێراق ساڵی ( 1991 ) کوەیتی داگیرکردووە.
ئەمە کارێکی ئاساییە، لە بەریتانیا تێچووی بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل (52.4 بۆ 53) دۆلارە. لە سعودیە بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل نەوت تێچوەکەی ( 3 ) دۆلارە، لە فەنزەویلا لەنێوان ( 10 بۆ 12 ) دۆلاردایە، بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل تێچووەکەی لە نەیجیریا لە نێوان ( 21 بۆ 31 ) دۆلاردایە، لە بەرازیل تا ( 41 ) دۆلار و لە ئەمریکا تێچوی یەک بەرمیل تا ( 36 ) دۆلار ئەڕوات. ئەم تێچوونانە بە پێی کات- ساڵ گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.
بۆیە، لە کۆتاییدا، هەرێمی کوردستان تەنهاو تەنها ئەوە بەکەڵکی دێت، خێراو زۆر خێرا بیر لەدامەزراندنی کۆمپانیایەکی نەوتی خۆماڵی بکاتەوە، وە لیستینیگی بکات لە بازاڕی کاخەزە داراییەکان (بۆرسە) ی وەک لەندەن و نیۆرک و دوبەی و… تادوایی. ئەگەر ئەمە نەکات ئەوە ئەقلیەتی خێڵ و حیزب وەکو لیبیای لێدەکات، ویفاقی نیشتیمانی بەشێک لەکێڵگەکان بەڕێوە ئەبەن و خەلیفە حەفتەریش بەشێکی تر، هەرلایەکیان بونەتە هاوپەیمانی جەمسەرێکی سیاسی و ئابوریی جیاوازی ئەم دونیایە!.
لە لایەکی ترەوە، دۆخی ناو پەرلەمان و کوالێتی ئەندامانی پەرلەمان بە بەراورد بە ئارگیۆمێنتەکانی وەزیری سامانە سروشتییەکان، دەریخست، کە زۆربەی ئەندامانی پەرلەمان و سەرۆکی لیژنەکان و ئەندامانی لیژنە جیاوازەکان هیچ تایبەتمەندی و پسپۆڕییەکیان نییەو، تەنها ئەوە ئەزانن قیڕە- قیڕ و دەنگە دەنگی حیزبی و موزایەداتی بێ تام و سواو بکەن، هەندێکیان لەسەر بنەمای سواربونی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و هەندەکەی تریش لەسەر بنەمای نەگونجاوی حیزبی و کەسیی دانراون و ئیتر بە گۆترە قسە ئەکەن ( لەگەڵ ڕێزم بۆ چەند پەرلەمانتارێک کە ژیرن و بەدواداچون ئەکەن و توانستی ئەکادیمیی ڕاستەقینەیان هەیە).
لە ووڵاتە پێشکەوتوەکان، سیاسییەک ، پەرلەمانتارێک پێش ئەوەی چاوپێکەوتن بکات یان هەر قسە بکات ئەچێت بۆ ئینتەرپرایزو چاتام هاوس و پەیمانگە تایبەتەکانی وەک ئۆکسفۆرد و ڕاند کۆپەرەیشن و…تادوایی، کەچی ئەوانەی کوردستان ئەچن سەیری فەیسبوک و فڵان و فیسار سایتی سێبەر ئەکەن، یان ئەگەڕێنەوە بۆ پەندی پێشینان و قسەی سەرکانی و بەرئاگردانی خەڵکی فڵان ناوچەو فیسار ناوچە… !.
- Latest Posts by بەهرۆز جەعفەر
بەهرۆز جەعفەر: لەبارەی پاڵێوگە نایاساییەکانەوە.
-بەهرۆز جەعفەر: کورد یان ئەردۆگان دەرفەتیان زۆرترە؟
-بەهرۆز جەعفەر: ئایا ئیسرائیل بەڕاستیەتی؟
- All Posts