نەوزادى موهەندیس: هەرێمى کوردستان و … مەڕى قوربانى!
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
بەداخەوە دۆخى سیاسى و ئابورى و ئەمنى و کۆمەڵایەتى و سەرتاپاى جومگەکانى ژیان و گوزەرانى کۆمەڵگەى کوردەوارى و دەسەڵاتە سیاسیەکەشى هیچ کاتێک بە هێندەى ئەم قۆناغەى لە مەترسیدا نەبووە (هەرچەندە بە درێژایى مێژوو کورد هەر دڕدۆنگ و ناتەبا و دژ بەیەکتر بوون و لەمەترسیشیدا بووە) لانى کەم لەماوەى ئەم 30 ساڵى دەسەڵات و ئەزمونەدا،کەچى هیچ سەرکردەیەک یان حیزبێکى سیاسى یان شەقامى کوردى یان ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى ( کە هێندە زۆرن وەکو گەڵاى دار وان) هیمەتێک خەمخۆریەکى جدى یان دەستپێشخەریەک ناکەن بۆ خۆ ڕاپسکاندن لەم دۆخە مەترسیدارە و پڕ ئاڵنگاریانە کەهەر چوار دەورى هەرێمى کوردستانیان تەنیوە، هیچ کەسێک بوێرى کارێکى مەزن ناکات یان تەنانەت سەرکێشیەکیش بۆ ئەوەى لەناوخۆى هەرێم و بۆ دراوسێکانیشى بسەلمێنێت کە کورد و دەسەڵاتەکەى هەیە و ماوە و دەمێنێت و تواناى بەرگریکردنى پیرۆزیشى هەیە.
سەرکردەکان یان حیزبە سیاسیەکان، هەیانە خۆى لە کونجى قەباعەت خنیوە و بێدەنگ و مڕومۆچ لێیدانیشتوە یان خۆى شارۆدتەوە و هیچى لەدەست نایە و چاوەڕوانى قەدەرى خۆیەتى بۆ گرتن و ڕاوەدونان و کوشتن و تیرۆرکردنى لەگەڵ ئەوەى حەزدەکات یان هەوڵدەدات کە ببێتە مەرجعیەت و دەمڕاستى نەتەوەیەکیش.حیزب و سەرکردەى تریش هەن هەڵپە و جوڵە و خۆدەرخستنى زۆریان هەیە بەڵام هێشتاش نەبونەتە جێگە متمانەى ناوخۆ و دەرەو و دەرودراوسێش و سەنگ و قورساییان پەیدا نەکردوە کە گوێیان لێبگیرێت یان ڕێگەیان پێبدەن زیاتر لە قەبارەى خۆیان هەڵبسڕێن.
زۆرینەکەى تریش بێدەسەڵات و ( لا حول له ولا قوە ) لە جێگە و لەناو بارەگا حیزبیەکانى خۆیان دانیشتون و قسە و ورتە ورت و تەنها بۆڵە بۆڵ دەکەن و لە پێناو نەبڕینى مانگانە و یارمەتى و بۆ چەند پلەو پۆستێک خۆیان کڕکردوە.
جا ئەمە حاڵى ناوخۆمانە و هەموانیش هیچیان لەگەڵ یەکتردا ئاشت و دۆستى ڕاستەقینە نین و متمانەیان بەیەکتر نیە و هەندێکیشیان تەنها ڕۆڵى گواستنەوە یان ڕاپۆرت نوسین دەبینن دواى کۆبونەوەکانیان بۆ حیزبەکانى دەسەڵات.
جا تا ئەو دڕدۆنگیە و ئەو بێ متمانەییە نەڕەوێتەوە هیچ کات بەهێز و خۆڕاگر و پتەونابین لەناوەوە و بەرامبەر دەرودراوسێکانیشدا. ئاخر چۆن داگیرکەرانى کوردستان بسەڵمنەوە لەم دەسەڵاتە کە تەنها سەرمەستى کۆکردنەوە و گەندەڵیە لە حوکمڕانى و سەروەت و سامانى سەرزەوى و ژێرزەوى ئەم هەرێمە، ئاخر چۆن حسابێکى بۆ بکرێت کە هەموانیان لەخەوێکى قوڵ و شیریندان و گوێ نادەنە داگیرکارى تورکیا کە زیاد لە 40 کم هاتۆتە خاکى هەرێمەوە و ڕۆژانە تۆپباران و کوشتن و بڕینى مرۆڤەکان و دار و درەخت و پاوان و ڕەزوباخى ئەم وڵاتە سووتماکدەکەن. لەولاشەوە ئێرانیش بەسیاسەتە نامرۆڤانە و نادۆستانەکانى و بەنەرمى و بە ناڕاستەوخۆ و بەهێواشى ژەهرخواردمان دەکات وچەندین میلیشیاى چەکدارى شیعەى دژى کورد ڕاستکردۆتەوە و هەفتە نیە بۆردومانى پایتەختەکەمان نەکەن و بە گرتنەوەى ئاوى ڕوبارەکان و داخستنى سنورەکان و… هتد، دوژمنایەتى تا سەر ئێسقانمان دەکات.
عێراقى لاواز و بێدەسەڵاتیش ئەویش بە دەست لە پشتدانى تورکیا و ئێران خۆى لێمان گیڤکردۆتەوە و نایەتە ژێر بارى بەجێگەیاندنى داواکارى و مافە ڕەوا سیاسى و دارایى و ئەمنیەکانمان و گەرەکێتى ڕۆژێک زووتر ئەم دەسەڵات و تاکە هەرێمەى ناو عێراقیش نغرۆى زەوى ببێت و نەمێنێت.
ئەمە دۆخ و وێنە مەترسیدارەکەى هەرێمى کوردستانە کە وەکو ئەو مەڕە بێدەسەڵات و بەستەزمانەم دێتە بەرچاو کە هێواش هێواش لە جەژنى قوربان نزیک دەبێتەوە و مەرگى خۆى بەچاوى خۆى دەبینێت و لە چاوەڕوانیەکى کوشندە و مەترسیداردایە و هیچیشى لەدەست نایەت بۆ خۆڕزگارکردن و کاتێک دەزانێت قەسابێکى بەتوانا و بەخۆوە و دەست بە کێردێکى تیژى دەبانەوە و لەچاوترکاندنێکدا گیانى لێدەسێنێت و تەپڵى سەرکەوتن لێدەدات و ئەمیش بۆ هەتاهەتایە دەچێتە ڕیزى نەبوانەوە.
بەداخەوە هەرێمى کوردستان و دەسەڵاتە سیاسیەکەى و سەرکردە و حیزبە سیاسیەکانى گەر وەخۆ نەکەون و خۆ ڕانەپسکێنن و بەکار و کردەوە و گوتارى خۆیاندا نەچنەوە و دوورنەکەونەوە لە خۆخۆرى و دژایەتى یەکترى ئەوا زۆر نیزکە لەم جەژنى قوربانەدا ئەم هەرێمە تەمەن 30 ساڵەییە و لەو پەڕى توانا و گەنجێتیدا بکرێتە قۆچى قوربانى.چونکە دڵتان خۆش نەبێت بە هەندێک دەعوەتنامە و سەردانى وڵاتانى دەرودرواسێ و دونیا و ڕاخستنى فەرشى سوور بۆتان و هاتنیان بۆ کوردستان، چونکە مێژوو دەریخستوە کە ئەوان مامەڵە لەگەڵ ئەمرى واقیع دەکەن و بەس.جا هەر کەسێک بێت، بەڵام بەهێزبێت چەندە دیکتاتۆر و دڕندەش بێت.
ئەوکاتیش پەشیمانى و بەسەریەکدانوسان دادى هیچ کەس نادات و هەموان سەرشۆڕ و زەلیل دەکەوین لەبەر قاپى دوژمنان و داگیرکاراندا و تادەورانێکى ترى مێژوویى و سوڕاندنێکى چەرخى فەلەک لە بەرژەوەندى کورد دەبێت چاوەڕوان بین.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی