عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: تێرامان و خوێندنه‌وه‌یه‌کی تر بۆ ده‌وڵه‌ت و خێڵ ــی فالح عه‌بدولجه‌بار/ بەشی چوارەم.
سه‌دام له جه‌نگی 8 ساڵه‌ی عێراق –ئێران دا، پێویستی به هێزێکی بێ شوماریی مرۆیی له سوپا بوو ، لە هه‌موو چین و تویژه‌کانی عێراقی له هیزه چه‌کداره جیاجیاکان دا کۆکرده‌وه، ژماره‌ی ئه‌ندامانی سوپاکه‌ی گه‌یانده یه‌ک ملوێن.
بۆ رووبه‌رووبونه‌وه‌ی وتاری ئیسلامی رادیکاڵی شیعه له ئێران، پێویستی به هێزێکی ئایدۆلۆژیایی هه‌بوو، به هۆی سەرقاڵی ده‌زگاکانی ئه‌من و ئیستیخبارات و موخابهرا ت و سوپا به جوغرافیایه‌کی به‌ربڵاوی به‌ره‌ی جه‌نگ، ده‌زگاکانی تری ده‌وڵه‌ت به ناچاری ده‌بوایه پشت به سه‌رچاوه‌ی مرۆیی و ئایدۆلۆژیای نوێ ببه‌ستن. سه‌دام ئه‌م سه‌رچاوه‌یه‌ی له به‌های خێڵ و شێخه‌کان دا بینی یه‌وه.
سه‌دام و دام و ده‌زگاکانی زانیان، هه‌ندێک له هۆزه‌کانی باشوری عێراق، له سه‌ر لۆژیکی ئاینی بیر ناکه‌نه‌وه، به‌ڵکو نوقمی لۆژیکی ناوچه‌ین. سه‌دام ئه‌م کاره‌شی به (روکان عه‌بدولغه‌فور-ی سه‌ر به ماڵی مه‌جیدو له باڵی غه‌فور- ی سه‌ر به بێجات ی سپارد، که جه‌مسه‌رێکی خێڵی ( ئه بو ناسر)بوون، روکان په‌یوه‌ندی به‌هه‌موو خێڵ و شێخه‌کانی باشووره‌و چه‌کداره‌کانیانه‌وه کرد.
له سه‌رهه‌مان نه‌ریتیش، رۆکان عه‌بدولغه‌فور به‌شێک له عه شیره ته‌کانی کوردستانی له (هه‌رکی و سورکی و زێباری ) چه‌کدارکرد، ئه‌م عه‌شیره‌تانه بۆ ده‌سکه‌وت و پاره‌و پله‌و پایه، چه‌کیان به‌سه‌ر زۆر له گه‌نجی عه شرهتهکهیاندا دابه‌ش کرد،کردیانن به‌جاش و پشت و په‌ناو پاڵپشتی هێزه‌کانی سوپای عێراق دژ به‌بزوتنه‌وه‌ی رزگاری خوازی نه‌ته‌وه‌ی کورد.
به پێچه‌وانه‌شه‌وه هه‌ندێک له‌سه‌ره‌ک خێڵ و عه‌شره‌ت و شێخه‌کانی کورد، له به‌ره‌ی گه‌له‌که‌یان مانه‌وه. چه‌کی خیانه‌ت و پاره‌و پول و پله‌و پایه‌یان هه‌مووی ره‌ت کرده‌وه، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ خێڵ و شێخ، سه‌ره‌ک جاشێکیان تیا هه‌ڵنه‌که‌وت، ئه‌مانه رۆڵی گه‌وره‌و دیاری پڕ له سه‌روه‌ریان له خه‌باتی رزگاری گه‌له‌که‌یان دا بینیووه.
سه‌دام توانی به پاره‌و پله‌و پایه‌ی جیاجیا و ده‌سکه‌وت کۆنترۆڵی عه‌قڵی زۆر سه‌رۆک خێڵ و هۆزو شێخه‌کانی خوارو ناوه‌ڕاستی عێراق و کوردستا ن بکات.
دوای جه‌نگی که‌نداو عێراقییه‌کان توشی تێڕامان بوون،کاتێ سه‌دام حسین یان له ناوباخچهیهکی کۆشکه‌کانی دا بینی، چۆن پێشوازی له سه‌ره‌ک خێڵ و هۆزو شێخه‌کان ده‌کات، هه‌ر خێڵ و هۆزوشێخێک، به پێ ی تایبه‌تمه‌ندی خۆیان، جۆره ره‌نگ و جۆره ئاڵایه‌کی تایبه‌تی خۆیان هه‌بوو، ئه‌وان به حه‌ماسه‌وه هۆنراوه‌ی شه‌عبی و دروشمیان به باڵای سه‌دام دا هه‌ڵده‌دا، هه‌موو کرده‌وه و وتار‌و قسه‌کانیان به باڵی ( حهفیزوڵلا ) بوو، ئه‌وان به جۆرێکی وا خۆیان له به‌رده‌م سه‌دام دا سوک ده‌کرد، هه‌موو ره‌نگ و ئاڵاکانی عه‌شره‌ته‌که‌یان فڕێ ده‌دایه ژێر پێڵاوه‌کانی سه‌دام.
ئاڵا‌و ره‌نگی خێڵ و هۆزه‌کان هێمای پڕ له شکۆمه‌ندی و جوامێری ئه‌وان بوو. هێمای ئه‌و هه‌موو سهروەریانه بوو که به درێژایی مێژووی کۆن و ئێستایانه‌وه تۆماریان کردبوو، شانازیان پێوه ده‌کرد. به‌ڵام ئه‌و سه‌ره‌ک عه‌شره‌ت و شێخانه به جۆرێک له به‌رده‌م سه‌دام دا نمایشیان ده‌کرد ببوون به کۆیله، له به‌رده‌م سه‌دام دا مه‌قاش و ملکه‌چ و بێ ده‌سه‌ڵات و لاواز بوون. به جۆرێک هه‌ندێک سه‌رۆک عه‌شیره‌ت عه‌گاله‌که‌ی سه‌رشانیان که هێمای شه‌ره‌فیان بوو، فڕێیان ده‌دایه به‌ر پێڵاوه‌کانی سه‌دام، ئه‌مه‌ش به پێی پێوه‌ری خێڵ، نیشانه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی که له ئاستی سه‌رۆک دا خاوه‌ن شه‌ره‌ف نین.
سه‌رۆک خێڵ و شێخه‌کان که‌سیان یه‌کتریان خۆش نه‌ده‌ویست له کۆڕ‌و کۆبونه و بۆنهجیا جیاکان دا، له دیوه‌خان و ته‌کیه‌کانیان دا، به سیناریۆی درۆ نمایش، مجامه‌له‌ی عه‌شایه‌ری و شیخایه‌تی یه‌کتریان ده‌کرد، هه‌موو سه‌رۆک خێڵ و شێخه‌کان له به‌رده‌م سه‌دام دا به جۆرێک دڵسۆزی و وه‌فای پڕ له ماستاویان بۆ سه‌رۆک ده‌خسته روو، به‌های شهرەفی عه‌شره‌ت و شێخایه‌تی و عهگالهکانی یان کرده شاباشی سه‌رۆک.
ئه‌م هه‌موو نمایشه پڕ له کۆکتێلهی نێوان سه‌رۆک خێڵ و هۆزو شێخه‌کان بۆ سه‌رۆکی عێراق، بۆ به‌تاڵ کردنه‌وه‌ی به‌های شه‌ره‌فی عه‌شره‌ت و شێخایه‌تی و ره‌نگ و ئاڵا‌و عه‌گال بوو، هه‌مووی نیشانه‌ی لاوازی که‌سێتی و بێ ده‌سه‌لاتی سه‌رۆک خێڵ و شێخه‌کان بوو له به‌رده‌م سه‌رۆک. به جۆرێک کۆیله بوون، ته‌نانه‌ت شه‌ره‌ف و که‌رامه‌ت و ئازایه‌تی ویقارهکانی خێڵ و شیخایه‌تی هه‌ر هه‌مووی له ژێر بڕیاریی سه‌رام دابوو.
به‌مه‌ش هه‌موو داب و نه‌ریت و کلتوری خێڵ و شێخایه‌تی، بواری نه‌ته‌وه‌ییی عه‌ره‌بی هیچ سه‌نگ و قورساییه‌کی له به‌رده‌م سه‌رۆک دا نه‌ما بوو، سه‌دام به‌م جۆره نمایشانه، له خیتابه‌کانی دا به زمانێکی نه‌رجسیانه هه‌موو به‌هایه‌کی خێڵایه‌تی و شێخایه‌تی له ژێر کۆنترۆڵی خۆی دا له قاڵب دابوو، به‌مه‌ش نرخ و به‌هایه‌کی باڵاتر به سه‌دام به‌خشرا.
له دوای راپهرینەوه هه‌ردوو حیزبه سه‌ره‌که‌یه‌که ره‌وتی خه‌باتی رزگاری کوردستانیان به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌کی پێچه‌وانه‌وه‌ی شۆڕش ڕۆیشتن، له کایه‌کانی حیزب و حکومه‌تی هه‌رێم دا، ئه‌و هه‌موو مسته‌شارو لێپرسراوانی مه‌فره‌زه خاسە و خائین و جاسوسانه‌ی دژی پێشمه‌رگه و شۆڕش بوون، له کایه‌کانی حیزب و حکومه‌ت دانران. ئه‌وانه‌ی چه‌ندان پێشمه‌رگه‌یان شه‌هید کردبوو، ئه‌وانه‌ی به ده‌ستی پێشمه‌رگه کوژران، له لیستی خانه‌نشینی پێشمه‌رگه‌و شه‌هیدان دانران.
ململانێ نێوان ئه‌م دوو حیزبه ئه‌وه‌نده ناڕه‌واو ئاڵۆز بوو، هه‌موو به‌ها جوانه‌کانی پێشمه‌رگایه‌تی و شکۆی شه‌هیدان و به‌های کۆمه‌ڵی کورده‌واریان سڕییه‌وه. هه‌موویان کرد به‌قوربانی کورسی ده‌سه‌ڵاتی خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌کانیان و حیزب، ناکۆکییه‌کانیان بۆ ئه‌وه بوو، کامیان ده‌توانن زۆرترین خائین له ناو حیزبه‌که‌ی دا کۆبکاته‌وه.
دواتر بۆ ئه‌وه‌ی حیزبه‌کانیان ده‌نگی خه‌ڵک بکڕن، به ده‌یان و سه‌دان ،هه‌زاران که‌سیان له سلکی پۆلس و ئاسایش، پاسه‌وانی خۆیان و کۆشکه‌کانیان دامه‌زراند، کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی موشهخۆری ته‌مه‌ڵی بێ به‌رهه‌می عه‌قڵی و جه‌سته‌ی یان دروست کرد، ته‌نیا موچه وه‌ربگرن.
جگه له پاسه‌وانه تایبه‌تیه‌کانی خۆیان، گه‌ر به‌لای ته‌لارو باره‌گاکانیان دا تێپه‌ریت، ئه‌و هه‌موو پاسه‌وانه ده‌بینرێ، ده‌ڵێ له به‌ره‌ی جه‌نگن، ئایا گه‌ر ئه‌وان نوێنه‌ری خه‌ڵکن بۆ ئه‌وه هه‌موو چه‌ک به‌ده‌سته، رووی جهکهکانیان ئاراسته‌ی خه‌ڵکه، ئایا ئه‌وان له خه‌ڵک سڵ ده‌که‌نه‌وه‌و ده‌ترسن.
ئه‌م هه‌موو ئه‌ندام په‌رله‌مان و وه‌زیرو به‌رێوه‌به‌ریی گشتی و راوێژ کارانه‌ی حکومه‌ت، ئه‌م هه‌موو ئه‌ندام مه‌کتەبی سیاسی و سه‌رکردایه‌تی و پله‌و پایه باڵانه کە موچه‌ی خه‌یاڵی وه‌ده‌گرن و ژیانی فه‌نتازیانه ده‌ژین.
ده‌یان سه‌رۆک خێڵ و عه‌شره‌ت و شێخ و خاوه‌ن ته‌ریقه‌ت له هه‌موو سه‌رده‌مێکدا، کێ له‌ده‌سه‌ڵات دابێ ئه‌وان جاش و کۆیله‌و سێبه‌ری ئه‌وه‌ن، له‌م سه‌رده‌مه‌ی دوای راپه‌رێن له به‌ر ململانێی به‌ده‌ست هێنانی زۆرترین ده‌نگ بۆ کورسی، سه‌رکرده و حیزبه‌کان هه‌موو توانای سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و میدیایی و بواری خێڵه‌کی و شێخایه‌تی ئاینی یان خسته گه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین ده‌نگی خه‌ڵک بکڕن.
سه‌رکرده‌ی حیزبه‌کان، سه‌دان ده‌مانچه‌و چه‌کی جۆرا و جۆر‌و ده‌یان دۆنم زه‌ویان به‌و سه‌رۆک خێڵ و شیخی ته‌ریقه‌تانه به‌خشیوه، ده‌یان برژوازیی نا نیشتمانی دوور له هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و مرۆڤ و مرۆڤ دۆستیان دروست کردووه، ئه‌م که‌سایه‌تی یه دیارانه، وه‌ک زه‌رو خوێنی هاوڵاتیان ده‌مژن.
ده‌یان و سه‌دان خوێندکاریی خاوه‌ن بڕوانامه‌ی به‌کالۆریوس و ماسته‌ر و دکتۆراو پرۆفیسۆر، نه له که‌رتی گشتی حکومه‌ت، نه له که‌رتی تایبه‌تی کاریان چنگ ناکه‌وێت، گرنگی بهپسپۆرییه جیا جیاکانیان نادرێت و خراونه‌ته په‌راوێزه‌وه.
له‌دوای راپه‌رینه‌وه ئه‌و هه‌موو گه‌نجه به ده‌رونێکی بریندار‌و تێک شکاوه‌وه، به قاچاخه رێی هات و نه‌ها، به یه‌ختێکی شه‌ق و شڕه‌وه خۆیان ده‌خنه به‌ر شه‌پۆله‌کانی ده‌ریای ئیجه. زۆربه‌یان بونه خۆراکی ماسی و زینده‌وه‌ره‌کانی ده‌ریا. یا به رێکەوت ده‌گه‌یشتنه وڵاتانی ئه‌وروپا، به‌دوای ناسنامه‌و چاره‌نووسی ونی خۆیاندا ده‌گه‌ڕێن.
ئایا چاره‌نووسی هاوڵاتی ئه‌م نیشتمانه له مافه سه‌ره‌تاییه‌کانیان بێبه‌ری کراون و دوا ڕۆژی ئه‌م سه‌رکردانه‌ی کهنهتهوهو خاکه‌که‌یان ده‌که‌ن به سێبه‌ری پێگه‌ی دهسەڵاتیان به‌ره‌و کام ئاڕسته‌ی تاریک، چاره‌نووسی تراژیدیای ونیان ده‌بێته‌وه.
- Latest Posts by عەبدوڵا کەریم مەحمود
عەبدوڵا کەریم مەحمود: ئاسۆیەک ئاوا نابێ.!
-عومەر سەیدە: دادگایی‌کردنی تاوانبارێکی ئەنفال، ئەم تاوانبارە بناسن.
-عەبدوڵا کەریم مەحمود: سەرۆک جاشەکان و کەسایەتییە دیارەکان!
- All Posts