ئارام هادی: مەزڵوم كۆبانی” لیژنە بۆ هۆكاری مردنی (ئەمین عیسا) دروست دەكات.
مەزڵوم كۆبانی” بڕیاردەدات لیژنەیەكی سەربەخۆ لە كەسانی پسپۆر دروست بكات بۆ دووبارە پێداچونەوە بە هۆكاری گیان لەدەستدانی (ئەمین عیسا)، كەسانی دەرەكیش دەتوانن ببنە ئەندامی لیژنەكە، گەر پێویست بكات ئامادەن تەرمی ناوبراو لە گۆڕ دەركەنەوە و دووبارە توێكاری پزیشكی بۆ ئەنجام بدرێت، هەر بۆ ئەم مەبەستەش “مەزڵوم كۆبانی” فەرماندەی گشتی (هەسەدە) لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەفدێكی ناردوەتە ماڵی خانەوادەی (ئەمین عیسا) و ئەم پەیامەی “مەزڵوم كۆبانی” یان گەیاندوە و خانەوادەی ناوبراویش خۆشحاڵیان بۆ پەیامەكە دەبڕیوە.
بۆچی (ئەمین عیسا) دەستگیردەكرێت؟
دوای دەستگیركردن و دانپێدانانی ژمارەیەك فەرمانبەر كە بەرتیلیان لە (ئەمین عیسا) وەرگرتوە، بەبڕیاری دادگا (ئەمین عیسا) لە 2021/6/1دەستگیركراوە و دواتر كەسوكارەكەی بە لێپرسراوانی زیندانیەكە دەڵێن “كوڕەكەمان نەخۆشی درێژخایەنی هەیە و دەرمانی پزیشكی دەخوات” و دەرمانەكانی بۆدەبەن و لە زیندان بەڕێكو پێكی دەیانخوات، پاشان لە ڕێكەوتی 2021/6/27 بە (جەڵدەی مێشك) گیان لە دەستدەدات، لەم بارەیەشەوە ڕاپۆرتە پزیشكیەكان بە وێنەوە لەلایەن پزیشكانی نەخۆشخانەی حەسەكەوە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا بۆ ڕایگشتی بڵاو كرانەوە، كە هیچ ئاسەواری ئەشكەنجەی پێوەنیە، لەلایەكیترەوە ئەم جۆرە تاوانەی ناوبراو ئەنجامی داوە، نمونەی لە كۆمەڵگەدا زۆرن و هیچ پێویست بەئەشكەنجە ناكات، چونكە ناوبراو (داعش)نەبوە تا مەبەستیان بوبێت زانیاری لێوەبگرن، بەڵكو تاوانێكی بەرتیل دان بوە بە فەرمانبەری حكومەت”، ئەمەش دەی سەلمێنێت كە ئەشكەنجەدانی دوورە لە ڕاستیەوە، (ئەو ڕاپۆرتە ڤیدیۆیەی لەلایەن بنەماڵەکەیەوە بڵاو کراونەتەوە گومانی لای کاربەدەستانی ڕۆژئاوا دروستکردوە کە ئەو تەرمە (ئەمین عیسا) نیە و کەسێکیترە، چونکە وێنە و ڤیدیۆکەش زۆر ڕوون نیه.
دوای گیان لە دەستدانی ناوبراو ئەم كەیسە لەلایەن (توركیا. پارتی. ئەنەكەسە)وە، بەبیانوی ئەوەی كە (ئەمین عیسا) ئەندامی (پارتی دیموكراتی كوردستان_ سوریا)یە كرایە سیاسی!، “لە كاتێكدا ئەمین عیسا سەرپێچی یاسایی كردوە گەر ئەندامی پەیەدەش بوایە هەر دەستگیردەكرا، چونكە سكاڵای یاسایی لەسەر تۆمار كراوە”، (مەگەر زیندانەكانی ڕۆژئاوا سەدان ئەندامی پەیەدەیان تێدانیە و لەسەر تاوانی جۆرا و جۆر دەستگیركراون)؟.
ئامانج لە جوڵاندنی مردنی (ئەمین عیسا) پەیوەندی بە دوا دانیشتنی گفتوگۆی (كوردی_ كوردی)ە كە نزیكەی دوومانگ پێش ئێستا بە سەرپەرشتی (مەزڵوم كۆبانی) و دبلۆماتكارەكانی (ئەمریكا و فەرەنسا) لە نێوان (پارتەكانی یەكێتیی نیشتمانی كورد و ئەنەكەسە)بەڕێوەچو، وەفدی ئەنەكەسە ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ڕێككەوتن، بەڵام بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی (پ. د. ك)هاتونەتە هەرێمی كوردستان و تا ئێستاش وەڵامیان نیە!، گیان لەدەستدانی (ئەمین عیسا)ش بیانویەكی باشە بۆئەوەی لە قوڵكردنەوەی كێشەكان سودی لێوەربگرن كە ئەمەش ئەوەیە كە توركیا دەیخوازێت و شكست بە ڕێككەوتنەكەبێنن.
پێویستە ئەم هەوڵانە بۆ ناشیرنكردنی بەها جوانەكانی ڕۆژئاوای كوردستان ڕابگیرێن، مێژووەكە هێندە دوورنیە و لە 2011ەوە دەست پێدەكات، شایەدی ئەو كارەسات و جینۆسایدانەین كە خوشك و براكانمان لە ڕۆژئاوای كوردستان بەدەست (داعش. توركیا. گروپە تیرۆرست)ەكانی ترەوە چیان بەسەر نەهات؟، ئەرێ ئەمانەی ئێستا خۆیان كردووە بە داكۆكیكەر لە (ئەمین عیسا) لە (شەڕی كۆبانی. داگیركردنی عەفرین و سەرێكانی و گرێ سپی لە كوێ بون؟)، ئەدی بۆچی ئەوكاتە دەنگیان نەبوو كە توركیا بە چەكی قەدەغە كراوی كیمیایی و فسفۆڕ لە هاوڵاتی مەدەنی ڕۆژئاوای كوردستانی دەدا؟!.
لێرەدا پێویستە نمونەیەكتان لە مامەڵەی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان بەرامبەر بە تاوانباران بۆ باس بكەم.
فەرماندە (هەمزە تۆرهەڵدان) ساڵی 2014ئەوكاتەی لێپرسراوی ئاسایشی شارۆچكەی (عامودا) دەبێت، لە لێكۆڵینەوە لەگەڵ تاوانبارێكدا شەقازلەیەكی لێدەدات، پاش كەمێك بیردەكاتەوە كە ئەم شەقازلەیە لە دەرەوەی یاسایە و سزای لەسەرە، هەر خۆی پەیوەندی بە سەروی خۆیەوە دەكات و دەڵێت “ئەمڕۆ خۆم زیندانی دەكەم لەبەر ئەوەی لە دەرەوەی یاسا شەقازلەیەكم لە زیندانیەك داوە”، ئەمە یەكێكە لەو سەدان نمونە جوانانەی كاربەدەستانی ڕۆژئاوای كوردستان، ئیتر چۆن دەبێت گومان لە كوشتنی كەسێك بە ئەشكەنجە بکرێت كە لە ڕاستیدا بە (جەڵدەی مێشك ) گیانی لە دەستداوە.
سەرباری هەموو ئەو ڕاستیانە دەبێت چاوەڕێی دەرئەنجامی ئەو لیژنەیە بكەین كە بڕیارە بەسەرپەرشتی “مەزڵوم كۆبانی” دروست بكرێت، ئەوکات كێ تاوانباربو بەسزای خۆی دەگات.