دكتۆر كارۆخ خالید سەعید & ئیدریس ئیبراهیم گەڵاڵەیی: یەکێتی نیشتمانی کوردستان!
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
یەکێتی هێزێکی نوێی كوردستان بوو، بۆیە هاتەگۆرەپان و دەستی بە خەبات كرد تا ناسنامەی نیشتیمان و هاوڵاتیەكانی مۆركی رەسەنایەتی خۆی بپارێزێ و وەك نەتەوەكانی ناوچەكە خاوەنی ناسنامەی خۆیبێ و خاوەن هزری خۆی بێت.
سەرەتا بە خوێنەوە دەستی پێكرد و بە خوێنیش گەورەبوو، بووە چرۆی هیوای نەتەوەیەك و دێوێكی مەزنیش بوو، بەرانبەر داگیركەران، ئەو نەهاتبوو دژی نەیارەكانی بجەنگێ، ئەو دەیویست بەدوژمنەكانی كوردستان بڵێ: ئێمە رۆژێكی پرشنگداری كوردستانین.
یەکیتی باڵای كرد، دوژمن و نەیارەكانی لێی كەوتنە سەنگەری چەواشەكاریی، بەڵام خوێنی تێكۆشەرەكانی زیاتر رەونەقی بەنیشتیماندا، هەزاران تێكۆشەر بوونە هەوێن و قوربانی ی ن ك. سەرەتا هزری كوردستانی لە ناو هەموو ماڵێكی نیشتیمان پەروەردا ڕەواند، رۆژگار ماندوی نەكرد تا گەیشتن بە بەشێكی زۆری ئامانجەكانی، نەیارەكان دەیان گێچەلیان بۆ دروست كرد. دوژمنەكانی سەدان پیلانیان بۆ دارشت، ئەو هەر بەرزتر بوو. تا ئەو كاتەی خۆرەك لەجەستەی دا، ئەو خۆرەكە هی هەناوی خۆی بوو، كە لێ بووە تیراوە. لەژیانی حزبایەتی دا ئاسایە مرۆڤ ماندووبێ و بۆچوونی جیاوازی هەبێ و ئاسایە سەركردەو ئەندامەكانی وازبێنن و ژیانێكی تر هەڵبژێرن، بەڵام ئەوەی ئاسایی نیە ئەوەیە سەنگەر لەیەكتر بگرن و هەرچی نەشیاوە بە یەكتر بكەن.
ی ن ك مولكی هیچ سەركردەو ئەندامێك نەبوو، بەڵام خوێندنگایەكی مەزن بوو بۆ پێگەیاندی تاكی كورد و شۆرەسوارانی نیشتیمان، هزرێكی هاوبەشی رەفتار ئازادیخوازانە بوو، دەرگایەكی كراوە بوو بۆ لە گەوهەر گەیشتنی كوردایەتی و هزرە دێموكراتیەكانی كوردستان و رەسەنایەتی كولتور و ستیراتیژیی بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوایەتی. كاتێک تێكۆشەرەكانی رێبازی مرۆڤایەتی لە هزری راستەقینەی خۆیان لادا، ئەوا دەکەوێتە بەردەمی نسكۆ لە دوای نسكۆ. بۆیە ئێمە چاوەروانی ئەوەمان دەكرد گۆری تێكۆشەرانی وەك مام جەلال و كاك نەوشێروان لە تەنشت یەكەوە بن،گەرچی هیواكانمان بوونە بەرژەوندی و وەك چەپکەگوڵ خەڵات کرا بۆ نەیارەكانمان. ئێمە چاوەروانی ئەوە بووین لە شوێنی هەركەوتنی سەركردەیەك و پێشمەرگەیەكی خاوەن هزر و هەلۆێست، دەیان سەركردەو و ئەندامی خاوەن هەڵوێست شوێنیان بگرنەوە، گەرچی دەبینین هەر یەكە ئاوازێك دەژەنێ. ئێمە چاوەروان بووین هەڵوێستی ئەندام و سەركردەكانی زۆر بە توندی و بە شێوازێكی زانستی و ئاكاریی و هەست كردن بە بەرپرسیارەتی رووبەرووی رەفتارە نا دیموكراتیەكانی ئەو تاكەكەس و سەركردانە ببنەوە و كە دەیانەوێ زامی نیشتیمان و بنەماڵەی شەهیدان قوڵتر بكەنەوە. گەرچی ی ن ك ئێستا خۆی بەسوشیال دیموكرات دەزانێ، بەڵام هەڵسوكەوتی بەرپرسیارانی و بێدەنگی ئەندام و بەشێكی تێكۆشەرانی شاخ و ئەو هزرە دەخاتە بەرپرسیارو هەلگەرانەوە لە ئازادی و دێموكراتی و ئاشتی و یەكسانی كەسوشیال دێموكراتەكان خەباتی بۆ دەكەن.
ئەوەی ئێمە دەبینن ئێستاش لە گەڵدابێ و سەركردایەتی و ئەندامەكانی نەیانتوانیوە لەرێبازی سوشیال دێموكراتی بگەن، نەیان توانیوە ئیدارەی ململانی بەرەو پێشەوە چوونی سوشیالدیموكراتەكان بكەن و چاكسازی بنەرەتی بكەن لەبری شكاندی هاورێكانیان. نەیان توانیوە لە هزریی نەشیاویی حزبایەتی رۆژهەلاتی ناوەراست و بە مەزنگرتنی گروپێك بەسەر كۆی هاووەڵاتیان دەرباز ببن. ئەو نسكۆیەی ئێستا زەنگێكی مەترسیداری روخانی ناسنامەی خەباتی چەندین ساڵەیە. ئەو سەركردانەی ئێستا ئەزموونیان لە جیابوونەوەی سوشیالیست و ئالای شۆرەش و گۆران وەرنەگرتووە، ئەزمونیان لە جەمسەرگیری دوژمنەكانی خاكی كوردستان وەرنەگرت، ئەزمونیان لە پشتیوانی ئەوروپا و ئەمرێكا بۆ دۆزی كێشەی كورد وەرنەگرتووە، بەڵام ئەزمونیان لە توركیا و ئیران و سوریاو عێراق و نەیارەكانی خۆیان وەرگرت، تا ئەو بالاخانەی حزبی شەهیدان وێران بكەن. ئەزمونیان وەرنەگرت كوردستانیكی خۆشگوزەران بناخە بنێن و سەركردە تێكۆشەرەكانیان بكەنە چەندین ماندێلاو غاندی، بەلام ئەزموونیان وەرگرت تێكۆشەرە شەهیدەكانیشمان بێنە رێزی كوژراوانی گەركەكان و كوژراوانی دەستە وگروپەكان. ئەوەی سەركردایەتی بە ی ن ك دەیكات هیچی ترنیە، بێجگە لە شكاندنی شكۆی شۆرەشێك و شكۆی شەهیدەكانی كە خەباتیان كردوە بۆ بەرزراگرتنی نیشتیمانی كوردستان لە ئاستی نەتەوەكانی خاوەن مافخوراو و گەیاندنی بە دوقۆناغ. ئەوەی ئێمە دەبینن گەرانەوەی كوردستانە بۆ سەدەكانی رابردو هزری خۆ چەسپاندن و چارەسەری كێشەكان بە ڕێگای دژە دێموكراتی و دژە شارستانی.
و
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە