بورهان شێخ رەئوف: ئەم هەموو سووتان و تێکدانە لە پاى چى؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زۆرێکمان لە بیرمانە ساڵى پار بەروبوومى دەغڵودانى جوتیارانى زۆربەى ناوچەکانى عێراق و سوریا ئاگریان تێ بەردراو بوونە خۆراکى ئاگر، بۆخۆیشم دواى ئەوەى دەغڵودانى ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى هەرێم زۆریان سووتێنران، بەدوداچوونم بۆ کردوو وتارێکم لە سەرنووسى، ئەوەشم بۆ ڕوون بووەوە ئەم ئاگرە هەر تایبەت بە و ناوچانە نییەو تاوانەکە فرە گەورەترو قێزەونترە پلان بۆ داڕێژراوبووەو، بەشێکى زۆرى ناوچەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراقیشى گرتەوە، جگە لە سوریا بە خۆرئاواى کوردستانەوە.
ئەوەى ئەمساڵیش ڕوویدا هەمان تاوان و کردارى قێزەوەنە لە شوێنى و کاتى تردا بە جۆرێکى جیاوازتر، سووتانى نەخۆشخانەکانى (ئین خەتیب لە بەغداو ئیمام حوسێن لە ناسریە )، جگە لە زۆر کۆگاو بازاڕ لە هەولێرى پایتەختى هەرێم و شوێنەکانى تریش، شەپۆلێکى ترى تێکدان وێرانکردنى ژێرخانى ئابوورى عێراقەو دەبێت خوێندنەوەى جیاوازى بۆ بکرێت.
ڕاستە ڕوداوى ئاگرکەوتنەوە دەچێتە خانەى نەخوازراوەو لە زۆر شوێنى ئەم جیهانە ڕودەدات و قوربانى وزیانى لێدەکەوێتەوە، بەڵام ئاگرکەوتنەوە بەم فراوانیەى ئێستا ناکرێت بە سروشتى وەربگێرێت و مایەى سەرسووڕمان و هەڵوەستە لە سەرکردنە ، ئیتر چ ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە ئاستى عێراقدا و پەرلەمانى کوردستان لە هەرێم بێت، یان دامودەزگاکانى حکومەت، یان میدیاو ڕۆژنامەوانان ڕاپۆرتى بنکۆڵکارى لەسەربکەن.
دەکرێت بپرسین دۆخى لاوازى دامودەزگاکانى دەوڵەتى عێراقە وایکردووە کە سنوورەکانى ئاوەڵا بن بۆ دەستوەردانى وڵاتانى دەرودراوسێی و دەزگا هەواڵگرییە کانیان کار لە سەر تێکدانى ئارامى و ئاسایشى ئیستراتیجى عێراق بکەن و بەر لە بنیاتنانى ژێرخانى پێویست بگرن لە عێراق بە هەرێمیشەوە بۆ ئەوەى هەمیشە عێراق ببێتە بازاڕى ساغکردنەوەى کاڵا و شتوومەکانیان ؟
کار بە سووتان و ئاگر تێبەردانەوە نەوەستا، ئەوەى لە چەند هەفتەى ڕابرددودا هەموومان بینەرو بیسەرى بووین هەواڵى ڕووخاندن و تەقاندنەوەى بورجەکانى گواستنەوەى تەزووى کارەبا بوو لە عێراقدا لە هەموو پارێزگا جیاوازەکان و تا ئێستاش درێژەى هەیە، حکومەتى عێراقیش دەستەوەستانە لە ئاستیدا.
ئەوەى لە عێراقى نوێدا مایەى نیگەرانیە بەستنەوەى خزمەتگوزارییە پێویست و سەرەتاییەکانە بە کایە سیاسەت و ململانێ سیاسیەکانەوە، بە تایبەتى لە کاتى هەڵبژاردندا.
بۆنموونە لە پارێزگاى زیقار لە ناوەندى پارێزگاکە شارى ناسریە نەخوشخاانەیەک دروستکراوەو تەواو بووە ماوەیەکیشە، بە نەخۆشخانەى تورکى ناسراوە هەرچەندە بە پارەو ماڵى عێراق دروستکراوە، وادیارە کۆمپانیایەکى تورکى پڕۆژەکەى جێبەجێى کردووە، بەڵام نەخۆشخانەکە ڕادەستى بەڕێوەبەرایەتى ساغڵەمى زیقار نەکراوە بۆ ئەوەى سوودى لێ ببینن و بیخەنە خزمەتى هاوڵاتیانى بەش مەینەتى ئەو پارێزگاوە، بە بیانووى ئەوەى هێزێکى سیاسى لە کاتى نزیک بوونەوەى وادەى هەڵبژاردنە پێش وەختەکەى 10/10/ 2021 دا بیکات بە دەسکە گوڵى خۆى و بانگەشە بۆ هەڵبژاردنەکان و بە هاوڵاتیانى بفرۆشێتەوە، وەکو ئەوەى خۆى لە پارەى باخەڵى خۆى وەکو خێرو سەدەقە پیشانى هاوڵاتیانى بدات!
لە کاتێکدا ئەو نەخۆشانەى کۆرۆنا کە بۆ چارەسەرکردن لە نەخۆشخانەى ئیمام حوسێن بوون کە لە کەرەڤانەدا بوون و لە موادى پلاستیک دروست کرابوو، بوونە قوربانى ئەو سیاسەت و ڕەفتارە نابەرپرسانەى ئەو تاقم و لایەنانە کە بەرژەوەندى تەسکى حزبایەتیان خستە سەرووى بەرژەوەندى باڵاى گەل و نیشتمانەوە.
لە کۆتاییدا دواى ئەو ماڵوێرانییەى بە سەر هاوڵاتیانى زیقاردا هات کە نزیکەى سەد کەس بوونە قوربانى و جگەلە بریندارانیش، وەزارەتى تەندروستى عێراق بڕیارى دا هەموو ئەو نەخۆشخانانەى کە لە کەرڤانەدان دابخرێن لە بەرئەوەى مەرجەکانى سەلامەتیان تێدا نییە، بەڵام دواى چى؟
بۆیە پێویستە دامودەزگا تەنفیزى و تەشریعیەکانى عێراق ئیتر بینەر نەبن بە تەنها لە ئاست هەموو ئەو خەمساردى و نابەرپرسیارێتیەى کە دەرهەق بە هاوڵاتیانى وڵات دەکرێت، بەڵکو پرنسیپى سزاو پاداشت بخەنەگەڕ بۆ پاراستنى گیان و ماڵى هاوڵاتیانى عێراق بە هەرێمیشەوە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت