عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: خالقی و ده‌نگ و ئاواز/ بەشی دووەم.
له منداڵییه‌وه عاشقی گۆرانییه‌کانی هونه‌رمه‌ند مه‌زهه‌ری خالقی بووم، به به‌رده‌وامی گوێم له‌و ده‌نگه تایبه‌تیی و ئاوازه پڕله سیحری خۆشه‌ویستی یه‌و ئه‌و مۆسیقا ئه‌فسوناویانه ده‌گرت، بێ سنوور هه‌ستم به ئاسووده‌یی ده‌کرد، بی سنوور هه‌ستم به خه‌مێکی پڕ غوربه‌ت ده‌کرد، به جۆرێک ده‌نگی ئه‌و تێکه‌ڵ به رۆحم ده‌بوو، دنیایه‌ک خۆشه‌ویستی و جوانی و نامۆیی پێ ده‌به‌خشیم، به باڵی خه‌یال به ناو سروشت وپه‌نهانییه ونه‌کانی ژیان دا ده‌فڕیم، هه‌ست و هۆشم له گه‌ڵ شه‌پۆڵی ده‌نگ و هاژه هاژی سیفۆنیای مۆسیقاکه‌ی دا بوو، ته‌نیا به جه‌سته له شوێنی خۆم دا بووم، ده‌نگ و ئاوازی ئه‌و ئه‌وه‌نده تێکه‌ڵ به غوربه‌ت ببوو، هه‌موو شوێنێک بۆنی نامۆ یی، بۆنی دابڕان و ون بوون و گه‌ڕانه‌وه چیرۆکێكی شێرین و یاده‌وه‌ریی و تاڵی لێ ده‌هات؟
ئه‌و کاته‌ی که سه‌رقاڵی نوسینی کتێبێک بووم، له‌باره‌ی هونه‌رمه‌ند مه‌زهه‌ری خالقی، هاوڕێ ئازیزم کاک ئازاد عه‌بدوڵڵا هه‌ورامی، به‌ته‌مای هه‌مان کار بوو، به‌رنامه‌ی کاره‌که‌م زۆر قورس و دژوار بوو، هیچ تروسکایه‌ک نه‌بوو، وه‌ک سه‌رچاوه په‌نای بۆ به‌رم، له هیچ کام له رۆژنامه و گۆڤار‌و که‌ناڵه‌کان، هیچ دیدارێک له گه‌ڵ خالقی دا ساز نه‌کرابوو، تابتوانم سودی لێ ببینم، سنووری عێراق – ئێڕان به پاسه‌وانی سنووری هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت داخرابوو، هونه‌رمه‌ندێک نه‌توانیت بیبینیت، نه‌توانیت به نامه په‌یوه‌ندی پێوه بکه‌یت، هه‌موو وشه‌و و نوسینێک سانسۆری له‌سه‌ر بوو، ته‌نانه‌ت چاودێری له‌سه‌ر به‌ریدیش بوو، به هۆی رێکه‌وتن نامه‌ی جه‌زائیرو هه‌ره‌سه‌وه هه‌موو سنووره‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان داخرا بوو، سانسۆری وردی له سه‌ر رۆژهه‌ڵات بوو، ده‌یان کۆسپ و ته‌گه‌ره‌ی تر هاته رێگام، بواریان نه‌دەدا، به قه‌د ئه‌و خولیا‌و خه‌ونه‌ی هه‌مبوو، به‌رنامه‌ی کاره‌که‌م بهێنمه دی.
بۆ ته‌واوکردنی کتێبی خالقی و ده‌نگ و ئاواز، په‌نام برده‌بەر ئه‌م سه‌رچاوانه، به‌مه‌ش له یه‌که‌م وشه‌ی نوسینه‌که‌وه تا دوا وشه به بڕوایه‌کی ته‌واو و ئیراده‌یه‌کی به‌هێزه‌وه، ده‌ستبه‌رداری نوسینه‌که‌م نه‌بووم، کاک جه‌مال حه‌مه‌ره‌شید ره‌باتی له سه‌رچنار، دوو شریتی بۆ هێنام له هاوڕێ یه‌کی خۆی وه‌رگرتوو له سه‌رچنار، بریتی بوو له:
1-گفتوگۆیه‌ک به زمانی کوردی له گه‌ڵ مه‌زهه‌ری خاڵقی، له ده‌نگی هونه‌ر، به دوو زنجیره، له ئاماده‌کردنی محه‌مه‌دی که‌مانگه‌ری.
2-گفتوگۆیه‌ک به زمانی عه‌ره‌بی له گه‌ڵ خالقی، به زمانی عه‌ره‌بی له ئێستگه‌ی قه‌سری شیرین تۆمار کرابوو.
ئه‌م دوو سه‌رچاوه‌یه ده‌رگایه‌کی زۆر گرنگی به روی کاره‌که‌م دا کرده‌وه.
له 20 / 2 / 1978 خۆم، دیدارێکم له گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند عه‌لی مه‌ردان سازکرد، له باره‌ی هونه‌ری گۆرانی کوردییه‌وه، له ماڵی خۆیان له گه‌ڕه‌کی (تل محه‌مه‌د ) له به‌غداد به‌مانه و 11 سه‌رچاوه‌ی ترەوه، ئه‌مجا توانیم کتێبی (خاڵقی ده‌نگ و ئاواز ) له کۆتایی ساڵی 1978ته‌واو بکه‌م.
له مانگی کانوونی یه‌که‌می 1978، ده‌ست نووسی خالقی و ده‌نگ و ئاوازم دا به کتێبخانه‌ی گه‌ل له که‌رکوک چاپی بکه‌ن، محه‌مه‌د عه‌بدولرحمان زه‌نگنه ره‌زامه‌ندی ره‌قابه‌ی له به‌غداد بۆ وه‌رگرت، هه‌موو نوسینی ناو کتێبه‌که و ناونیشانی کتێبه‌که، به ده‌ست و خامه‌ی هونه‌رمه‌ند عه‌بدولره‌حمانی خه‌تات له که‌رکوک نوسرایه‌وه، له سه‌ره‌تای ساڵی 1979به تیراژی 5 هه‌زار دانه له چاپخانه‌ی ئیشبیله له به‌غداد له لایه‌ن کتێبخانه‌ی( گه‌ل )-ی که‌رکوک چاپ و بڵاو کرایه‌وه، به‌ڵام بێ که‌م و کوڕی نه‌بوو، پێش بلاوبونه‌وه‌ی له سلێمانی و که‌رکوک و هه‌ولێڕ، وه‌سڵیان بۆ بری، له ماوه‌یه‌کی کورت دا هیچ ژماره‌یه‌کی له کتێبخانه‌کان دا نه‌مایه‌وه.
- Latest Posts by عەبدوڵا کەریم مەحمود
عەبدوڵا کەریم مەحمود: ئاسۆیەک ئاوا نابێ.!
-عومەر سەیدە: دادگایی‌کردنی تاوانبارێکی ئەنفال، ئەم تاوانبارە بناسن.
-عەبدوڵا کەریم مەحمود: سەرۆک جاشەکان و کەسایەتییە دیارەکان!
- All Posts