ھوشیارئەحمەدی: سیمۆرغەکەی سپا قاچ گوێرەکەکەمانی شکاندو تێی تەقاند.
من و مامۆم کە مناڵ بووین، گریاین بۆ قاچ شکیان نەوەنەکامن و بێدەسەڵاتیمان بەرامبەر ئەو زاڵمە داگیرکەرگەلە.”
تاوسانی ساڵی 69_70ی ھەتاوی بوو، پشووی ھاوینەی قوتابخانە بوو، گر ساڵێ لەو وەختگەلا ئەچووینە لای ماڵ باوام لە قووڕەشک(ھەردەکەیان)، لەو دەشت و دەرە پان و بەرین و لە ناو ئەو باخە مێوە تامەوتام و رەنگاوڕەنگ گەلا، ناو ئەو دەخڵ و دان و زەوی و جۆگە و چەم و دارستانگەلا، گەرچی لە فرە شت بێ بەش بووین، وەلێم راستییەکەی ئارام، شاد و بەھەشتییانە ئەژیاین.
جارجارە ئەچووین لە کانییا تەک دایاما(نەنک) ئاو چیاگمان ئەھاورد بۆ مەشکە و بۆ خواردنەوە بۆ ناو جواھەکە، جارجار تەک باواما ئەچووین بۆ زەرحات دێران و ئەچووین ئاومان بۆ بەرئەداوەو بە باوەرەکانا، ئاومان ئەخستە کەلەوەرەکانا، بژارمان ئەکرد تەکیانا، مامر و چتەکانمان ئەھاوردەو تا مام ریوی شەو نەیانخوا و جارجارێکیچ لە تەک مامۆ بەختیارما ئەچووین بۆ شوانی و ماڵیاتەکانمان ئەورد بۆ لەوەڕاندن، جارجاریچ لە وەخت بێکارییا مارەقۆڵێمان دروس ئەکرد، لە سەر جۆگەکانەو بە کوچک و دار و ھەڕگ پردمان دروس ئەکرد، یان ئەچوین بۆ چەم و ناو گۆمەکان بۆ مەلە و ماسی گرتن.
ماڵ باوام ھەمیشە گاو مانگاو و نەوەنە و نەوەژن و پارگوێر و گوێرەکەیان فرەو. ھەمیشەیچ کەرێکیان بوو کە تەنیا کاری ئەوە بوو باوامی بەھاران ھاتوچو پێ ئەکرد بۆ ھەرد و دێ و تاوسانانیچ ئەیوردەو بۆ دێ بۆ نوێژ جەحمە و ئەیھاوردەو بۆ ھەرد. ئەننا ئێتر وەک جاشەکان ھیچ کارێکی نەو، ھەر ئەلەوەڕیا و چاخەو ئەوو.
ئەو عانە ھێشتای ھێزەکان کۆمەڵە و دیمۆکرات ھەر بڕەویان بوو، زوو زوو گرمە و نرکەی تۆپ لە کۆساڵان و شاھۆ و کوڕەی میانە و کوڕەی مریەم و بەنەن بێساران و چەم ھویە و سەرھویە و ساڵیان و نجێیەو ھەڵئەسا. مناڵ بووین خەریک لەوەڕاندن ماڵیات بووین، زوو زوو عەلیکۆتر(ھێلیکۆپتر) یەک پەروانە و دوو پەروانە ئەھاتن بەبان سەرمانا ئەچوون بۆ شەڕگەکان، زوو زوو ستوونە جاش و پاسدار و سەربازی دەموچاوتۆقیاگ لە پردسانەو ئەیانکردە ئەمبەرەو و ڤڕکان، ڤڕکان وەک عەلیکۆترەکانیان، وەلێم ئەمان بە تۆز کردن ئەچوون بەرەو مەیان شەڕ و فرەی پێ نەئەچوو، لەو سەرەو ئامبۆڵانس بە قیژە قیژ کەلاکی ئەھاوردنەو و ئێوارانیچ کاک ئەحمەو شێربەیگی بە دەنگە دلێرەکەیەو لە ئیزگای حیزب سەرەنج بدەن، سەرەنج بدەن، سەعاتێ بەس ناوی جاش و پاسدار و جاش سەرباز و سەربازی کوژیاگی داگیرکەر و دەستکەوتی شەڕی ئەخوەندەو و فرە وەخت لە ئاخریچەو ئەیوت بەخۆشییەوە پێشمەرگە قارەمانەکان بە سڵامەتی شوێنی شەڕەکەیان بەجێھێشت.
جادەکان رۆژانە بە دەس رێژیمەو بوون و ھەر دووسەو سێسەو میتر تەئمین جادەی دانیاوو. تەئمین جادەکان جاشەکان بۆڕیەر یان ئەو سەربازگەلە بوون لە جاشخانەکەی بۆڕیەر بوون. سۆحا تەک خوەر کەفتنا بە سیمۆرغەکەی جاشخانە ئەیانھاوردن دایان ئەخۆزاندن و تەک خوەرپەڕینا ئەھاتن وەک چۆن حەمەتاڵ کەرسێن کەری بار ئەکرد، ئاوا باریان ئەکردنەو و ئەیانوردنەو بۆ دێ.
ترس رژیم لە مەنتەقەی ژاوەرۆ و چەم و ھەردەکان بۆڕیەرا فرەتر بوو، وەلێم بەشەر ھەق بێژێ، حیزب لەبەر ئەوەی موشکڵ بۆ مەردم بۆڕیەر دروس نەکا، لەو ناوچە دەسی نەئەوەشاند ، وەلێم کۆمەڵە دەسی نەئەپاراست و رژیمیش ئەوەی ئەکردە بیانو، بەو بیانوەو فرە خەڵک بۆڕیەر بەدەس رێژیمەو بریندار و ئێعدام کریان.
ئەو جاشگەلە فرەیان تا ئێوارە یان دڵیان ناو شواڵەکەیانا بوو. بەشێ لە جاشەکان لە ژێرەو خوەیان نزیک پێشمەرگە ئەکردەو و فرە خراویچ نەون، ھەم زانیارییان لەسەر جموجوڵ و پلان و پیلانەکان رێژیم ئەدا و ھەمیش تا لەدەسیان بھاتایا مھێمات و دەواو دەرمانیان بۆ پێشمەرگە رەوانە ئەکرد.
رۆژێ تەک مامۆ بەختیارما چووبووین بۆ شوانی، گا لیمۆ، گا خورما، مانگا رێحان و مانگا مارۆ و نەوەنە خیشە و چەن نەوەژن و کەڵەگامان پێ بوو. لای نیمەڕۆ بوو، سەعاتمان نەو، سەعات ئێمەو شوانەکانتر گشتمان کوچکە حەمۆڵا بوو. کوچکە حەمۆڵا شاخە کوچکێکی گەورە بوو لە پشت ھەردەکان ئاوایی خواشت و بەرامبەر چەمە بەھەشتییەکەی دەرەزەنجیر.
ھەر عانێ لارەسێوەر کوچکەحەمۆڵا ھەڵیکێشایا بۆ بن کوچکەکە، ئەوە سەعات نزیک یانزە بوو، ئەگەر سێوەرەکە تەخت بن کوچکەکە بوایا، ئەوە ئێتر نزیک دوانزەو و ماڵیاتەکانمان جەمەوئەکردەو و ئەھاتینەو و بە عەزرەتەو رایان ئەکردەو سەر جۆگەی قازی تێر ئاویان ئەخواردەو و ئەوان ئەچوونە گەوڕە و ئێمەیش ئەچووینەسەر بۆ کەوێڵ. دوای نان خواردن و ھەوا فێنک کردن ، ھەمیسان ئەمانوردنەو بۆ لەوەڕاندن.
ئەو رۆژە لە قاوەتوو لایداوو و نزیکەو نیمەڕۆ بوو، ماڵیاتەکانمان جەم کردەو، من فرە مناڵ بووم، وەلێ ھۆشم تێ. وابزانم لە لای کوڕەمریەم، پشت پایگەلانەو شەڕ دیمۆکرات و رێژیم بوو. ستون جاش و پاسدار ڤڕکان ڤڕکان ئەچوون، جادەکە خاکی بوو، تۆز ئەو مەنتەقەیە دائەپۆشی، دار توو و دار ھەڵوچە و شێڵانە و سێفەکان ماڵ باوام و کا حسەینە کەوەی ھاوسا زەویمان ناو تۆزا گوم ئەوون. دایام زوو زوو ئەیوت، ھەی چوونتان بێ و ھاتنتان نەوێ بۆخاتر فەخری عاڵەم.
ئەو رۆژە ماڵیاتمان ھاوردەو، لە پشت توەکان خوەمانەو خەریک بووین ماڵیاتەکان بکەینە ئەمبەر جادەوەو و بیانوەینەو بۆ گەوڕ، تویتایەک سپا فرە تنگ ھات و راس دای لە دانەی لە نەوەنەکان و داراندیەو و قاچی لای قولەپەیەو شکاند. تویتا ھەر حەساویچی بۆ ناکردین و نەوێسا، تنگتری کردەو و بۆی تێتەقاند و دەرچوو و تەنیا نەوەنە پا شکیاگەکەی ھێشتەو بۆمان و تۆزەکەی، تەواو ناو تۆزا گوممانی کرد.
نەوەنەی بەسەزوان لە تاو ئێش پا شکیاگەکەی ھاواری ئەکرد و ئەقۆڕاند و وەک بەشەر ئەیناڵاند. مامۆم کە کەسێکی میھرەبان و بەڕەحمە و ماڵیاتەکانیچی فرە خوەشگەرەک بوو و قسەی تەکیانا ئەکرد و ناوی بۆ دانیاوون و زوانیان وەک بەشەر حاڵی ئەوو، دانشت بەسەر نەوەنەکەوەو فرە گریا. منیش تەکیا دڵم پڕ بوو و چینێ شیوەنم ھەس کرد.
گریانەکەمان ھەم بۆ نەوەنە بەسەزوانەکە بوو کە قاچی شکیابوو و لەوێ کەفتوو، ھەم بۆ بێ دەسەڵاتیمان بەرامبەر بەو غەدار و زاڵمگەلەی کە حەسێواین نە بۆ گیان بەشەرە کوردەکان ئەکرد، نە بۆ گیاندارەکانمان و نە بۆ زەوی و دار و دەخڵمان.
وابزانم من چوومەو و ماڵ باوامم ئاگادار کردەو و ھاتن بە حەر جۆرێ بێ نەوەنە قاچ شکیاگەکەمان بردەو بۆ لای کەوێڵ و لە گەوڕا دایاننیا و باوام قاچی بەستەو و گرڕۆژێ رۆن و گریسیان لێ ئەدا و خاوێنیان ئەکردەو و ئاخرەکەی قاچەکەی ئەو خاسەو بووەو، وەلێم ئەو رۆژە زەخمێ کەفتە ناو دڵ من جارجارە بە خوەندنەوەی ھەواڵ سەرکەفتن شەڕەکان لە ئیزگای حیزبەو و کوژیان جاش و پاسدار تۆزێ سوکنایی ئەھات وەلێم تەنیا بە راماڵین داگیرکەری دڵپڕلە قین لە خاکەکەمانا قەتماخە ئەوەسێتەو و بە رزگار بوونی نەتەوە و خاک و وڵاتەکەمان لە ژێر دەس داگیرکەرا بە یەکجاری ساڕێژ ئەوێ.
_ ئەم رووداوە واقێعی بوو.