بورهان شێخ رەئوف: پەلاماردانى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق و سوریا.
لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا هێزەکانى ئەمریکا کەوتنە بەر پەلامارو شاڵاوى میلیشا چەکدارەکان لە عێراق و سوریا لە هەماهەنگیەکى ورد و نەخشە بۆ داڕێژراودا.
سوپاى عێراق لە 8/7/ 2021 لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە شەوى چوارشەمە سێ مووشەک لە نزیک باڵوێزخانەى ئەمریکا لە بەغدادى پایتەخت کەوتوونەتە خوارەوە، دواى ئەوەى بنکەى عەین ئەلئەسەدیش لە پارێزکاى ئەنبار کەوتە بەر پەلامارێکى ڕۆکێتى تر، لە سوریاى دراوسێ ى عێراقیش هێزەکانى ئەمریکا بەر شاڵاوى هاوشێوە کەوتن، هێزەکانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بەسەرکردایەتى ئەمریکا هێرشێکیان بە درون ( فڕۆکەى بێفڕۆکەوان ) بۆ سەر چاڵە نەوتەکانى عومەر لە ریفى دێرزور شکست پێهێنا.
هەر لەو چوارچێوەدا دواى چەند سەعاتێک شەوى دووشەمە لە سەر سێشەمە ى ڕابردوو پاش خستنە خوارەوەى درونێک لە سەر باڵوێزخانەى ئەمریکا لە بەغداد، فڕۆکەخانەى نێو دەوڵەتى هەولێریش لە هەرێمى کوردستان کە بنکەى هێزەکانى هاوپەیمانى نێو دەوڵەتى تێدایە کەوتە بەر هێرشى فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوان، بەگوێرەى ڕاگەیەندراوى حکومەتى هەرێمى کوردستان زیانى واى لێ نەکەوتۆتەوە تەنها هەندێک پووش و پەڵاش سووتاوە. لە هەمانکاتدا وتە بێژى هێزەکانى هاوپەیمانیش ڕایگەیاند کە درونێک لە نزیکى فڕۆکەخانەى هەولێر تەقیوەتەوە زیانى گیانى نەبووە. ئەوەشى ڕاگەیاند کە هاوپەیمانان هاوکارى و پاڵپشتى هێزى پێشمەرگە دەکەن بۆ پاراستنى هەرێم.
دواى دوازدە سەعات لە هێرشەکەى هەولێر بنکەى عەین ئەسەدیش لە خۆرئاواى عێراق کەوتە بەر 14 مووشەک لە جۆرى گراد.
ملیشیاکانى سەرایاى ئەولیائولدەم بەرپرسیارێتى هێرشەکەى هەولێریان گرتە ئەستۆ، لەلایەکى ترەوە میلیشاکانى تۆڵەى خوێنى موهەندیس بەرپرسیارێتى خۆیان لە هێرشەکەى سەر بنکەى عەینوئەسەد ڕاگەیاند.
سوپاى ئەمریکا زانیارى وڕاپۆرتى وردى داوە بەحکومەتى عێراق لە سەر ئەو لایەنانەى کە لە پشت هێرشەکانى سەر هەردوو بنکەى عەینلئەسەد و هەولێرو ناوچەى سەوزى بەغداوەن، شوێن و کاتى هەڵسانى فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و بەکارهێنانى تواناکانى حەشدى شەعبى بۆ ئەنجامدانى پەلامارەکانیان.
پرسیارە گرنگەکە و مەترسى گەورەى ئەم هەڵکشانى توندوتیژییە ئەوەیە کۆسپ و بەربەستى گەورە بۆ هەڵبژاردنە پێشووەختەکەى مانگى تشرینى یەکەمى داهاتوو دروست بکرێت و ئەنجام نەدرێت بۆ مانەوەى زۆرتاقم ومیلیشات کە جومگەى گەورەى دەستەڵاتیان لە عێراقدا قۆرخکردووە، دەترسن لە دواى هەڵبژاردنەکە لە دەستى بدەن.
لە لایەکى ترەوە ڕۆژى سێشەمەى ڕابردوو کۆبوونەوەى وەزیرى بەرگرى عێراق جومعە عیناد و باڵوێزى ئەمریکا لە عێراق(ماسۆ تیلەر) پێش هێرشەکەى سەر فڕۆکەخانەى هەولێر بە داخراوى ئەنجامدرا و بە وەزیرەکەى عێراقى ڕاگەیاندووە کە زانیارى و بەیاناتى وردیان لە بەردەستدایە لە سەر ئەو تاقم و چەکدارانە کە هەڕەشەو مەترسین بۆ سەر هێزەکانیان و بارەگاکانى حەشدى شەعبى بەکاردێنن و پێ ی ڕاگەیاندووە کە ئەمە کاردانەوەو کاریگەرىسیاسى توندى دەبێت نەک هەر ئەمنى.
لە بەرامبەریشدا سەرکردەکانى حەشدى شەعبى ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە شوێنگۆڕکێیان بە هێزو سەرکردەکانیان کردووە، لە ترسى هەر کاردانەوەو گورزى هێزەکانى ئەمریکا، پێشبینى ئەوە دەکەن ئەمجارە گورزەکانى ئەمریکا شوێن و جێگەو پێگەى تر بگرێتەوە نەک سنوورەکانى سوریاو عێراق.
لە کۆتاییدا هەموو ئەو کێشەو ململانێ ى درێژخایەنانەى نێوان ئێران و ئەمریکا لە سەر خاکى عێراق ئاکامەکەى کارەساتبار دەبێت بۆ گەلى عێراق بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، بۆیە بڕیاردان لە سەر هەر پێشهات و بڕیارێک لەسەر ئەم مەسەلە هەستیارانە پێویستى کۆدەنگى نیشتمانى یە لە ئەنجومەنى نوێنەران و حکومەتى فیدراڵى عێراق، نەک تەسلیم بوون بە ئیرادەوخواستى هەندێک تاقم و میلیشیاتى وابەستە.