بورهان شێخ رەئوف: ستراتیژیەتى نوێى ئەمریکا لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دواى دەستبەکاربوونى سەرۆک جۆبایدن لەکۆشکى سپى و بڕیارى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە ئەفغانستان تا 11سبتەمبەرى 2021 ، هەروەها ڕێککەوتن لە گەڵ حکومەتى عێراق بۆ کشانەوەى هێزەجەنگاوەرکانى ئەمریکا لە عێراق تا کۆتایى ساڵى 2021 و مانەوەى ڕاهێنەرو ڕاوێژکارانى ئەمریکا بەتەنها، ئێستا باس لە ستراتیژیەتێکى نوێى ئەمریکا دەکرێت لەناوچەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست.
ئێستا مەترسى گەورە ئەوەیە دواى گۆڕانکارییە ئەمنیەکانى ناوچەکە و پێشڕەوییەکانى تالیبان لە ئەفغانستان و جموجوڵ و پەلهاویشتنى وڵاتانى ئیقلیمى بۆ پڕکردنەوەى بۆشایى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا، ئایا ستراتیژیەتى نوێى ئەمریکا چیە بۆ پاراستنى هاوپەیمانەکانى بە تایبەتى وڵاتانى عەرەبى لە دواى ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەى کە لە فۆرمى کارە لە پێشینەکانى ئەمریکا دا لە ناوچەکە هاتۆتە گۆڕێ؟
ئەوەى تا ئێستا دیارەو بەدى دەکرێت لە سیاسەتى سەرۆک بایدن لەوەناچێت زۆر جیاواز بێت لە ئیدارەکانى پێش خۆى، بە کەمکردنەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق و سوریاو وڵاتانى کەنداوى عەرەبى، بەڵکو بە پلەى یەکەم هەوڵى پشتگیریکردنى ئەو وڵاتانە دەدات لە ڕێگەى ڕاهێنان و ڕاوێژو پێشکەشکردنى بۆندى چەک و کەرەسەى جەنگى و پێشخستنى تواناى جەنگى سوپاکانى ئەو وڵاتانە ، ئەم هەنگاوەى ئەمریکا لە کاتێکدایە کە چین و ڕوسیاش وەکو دوو جەمسەرى بەهێز لە ناوچەکە لە هەوڵى فراوانکردنى هەژموون و جێ پێ خۆشکردندان، جگە لە بەریتانیاو ئەڵمانیا ئەوانیش بە شێوازێکى کەمتر هەمان ئامانجیان هەیە.
ستراتیژیەتە تازەکەى ئەمریکا زیاتر گرنگى بە کەمکردنەوەى ژمارەى سەربازەکانى دەدات و پێشکەشکردنى هاوکارى ئاسایش بۆ وڵاتانى هاوپەیمانى بەتایبەتى ئەوانەى کە خاوەنى پەیوەندییەکى توندو تۆڵن لە گەڵ ئەمریکادا.
هەرچەندە لە دواى پرۆسەى هەڵسەنگاندنى تەواو بۆ بوونى بنکەو بارەگاکانى هێزەکانى ئەمریکا لە ناوچەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست لە لایەن ئیدارەى سەرۆک بایدنەوە، وادیارە ئەمریکا دەستبەردارى ئاسایشى ناوچەکە بووبێت، بەڵام ڕێنمایى و دەلیلى ستراتیژى ئاسایشى نەتەوەیى ئەمریکا کە بە شێوەیەکى کاتى ڕاگەیەنراوە لە 3 /3/2021 سروشتى دەستوەردانەکانى ئەمریکاى لە ئایندەدا دیاریکردووە.
ڕێنمایى و دەلیلە ستراتیژییەکەى ئەمریکا ئەوەیە کە واشنتۆن لە گەڵ هاوپەیمانەکانى لە ناوچەکەدا کار بۆ بەرگرتن لە دەستوەردانى وڵاتانى ئیقلیمى بە تایبەتى ئێران لە کاروبارى وڵاتانى ناوچەکەدا دەکات، لەناوبردنى داعش و قاعیدەو هەموو تۆڕو ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان و هەروەها بوارنەدان بە سەرهەڵدانەوەى داعش ( هەرچەندە داعش ماوەو تا ئێستا و جموجووڵى تیرۆریستى گەورەى هەیە )، پاراستنى بەرژەوەندییە گرنگەکانى ئەمریکا. هەربۆیە سەرۆک بایدن هەمان ئەو وتانەى لە گەڵ مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراقدا دووپات کردەوە لە دوا کۆبوونەوەیاندا لە واشنتۆن وتى ڕۆڵى سەربازانى ئەمریکا لە عێراق تەنها پێشکەشکردنى ڕاوێژو ڕاهێنانە بە هێزەکانى عێراق و یارمەتیدانیان بۆ بەگژاچوونەوەى داعش، ئیتر بە بێ ئەوەى هیچ خشتەیەکى کات دیارى بکات بۆ کشانەوەیان یان زانیارى تر لە سەر ژمارەیان.
ئەوەى تایبەتە بە عێراقەوە زۆرێک لە چاودێرانى سیاسى لەو باوەڕەدان سیاسەت و پلانى دوورمەوداى ئەمریکا مانەوەى درێژخایەنە، بەڵام ئەم لێداون و هەنگاوانەى ئەم دواییەى ئەمریکا تەنها بۆ کەمکردنەوەى ئاڵۆزى و نیگەرانى هەندێک هێزى شیعەی نزیک لە ئێرانە.
لە کۆتاییدا ئەمریکا لەکۆى 210 ملیار دۆلار کۆمەک و یارمەتى سەربازى دەرەکى 55% تەرخانکردووە بۆ ناوچەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست، بەڵام ڕاستیەکى تریش هەیە ناردنى چەک و چۆڵ و کەرەسەى سەربازى کێشەو ململانێ ئتنیکیەکانى ناوچەکەدا ئاڵۆزتر دەکات، پێناچێت فاکتەرێک بێت بۆ سەقامگیرى و ئارامى.
ماوەتەوە بڵێین ئەگەر ئەمریکا خوازیارى پاراستنى بەرژەوەندییەکانیەتى و بەر لە هەژموونى هێزە ڕکابەرەکانى بگرێت لەناوچەکەدا دەبێت هەوڵ و چالاکیە دیبلۆماسیەکانى لە هەموو بوارەکاندا پەرە پێ بدات و پەیامەکانى ڕوونتر بکات و زیاتر پابەندبێت بە پێداویستى هاوپەیمانەکانیەوە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت