بەهرۆز جەعفەر: عێراق و ئەفگانستان، مەترسی و ئەگەرەکان.
پرسیار زۆر ئەکرێت، ئایا دۆخی ئەفگانستان لە عێراق دووبارە ئەبێتەوە؟.
بە ڕەهایی: نەخێر” دۆخی ئەفگانستان لە عێراق بەرجەستە نابێت.
1- لە ڕووی هەڵکەوتەوە، ئەفگانستان سنوری بە سنوری چین و ڕووسیاوە هەیەو زیاتر لە (1000) کیلۆمەتریش سنوری لەگەڵ ئێران هەیە. هەریەکە لە ئەمریکاو چین و ڕووسیا وەک گرەیت پاوەر لە ئەفگانستان ڕاستەوخۆ پرۆژەو دەستوەردانیان هەیە. هەریەکە لە تورکیاو ئێران و پاکستان و هیندستان لەو سنورە وەک هێزی ناوچەیی کاریان بەسەر گرفتی ئەفگانستانەوە هەیە. جگە لەوەی قەتەر پاڵپشتییەکی ئابوریی و سیاسی و لۆجستی و میدیایی بزوتنەوەی تاڵیبانە. کەناڵی جەزیرە بوەتە زمانحاڵی موجاهیدەکانی تاڵیبان و بەسەرکەوتنەکانیان شاگەشکەیە. ئەم حاڵەتە لە عێراق نییە.
2- لە ئەفگانستان بزوتنەوەی تاڵیبان هەیە، کە ڕەگ و ڕیشەی ئەو ژینگەیەیە، تاڵیبان زادەو زەمینەی کۆمەڵایەتی و کەلتوری و سیاسیی ئەفگانستان خۆیەتی. تاڵیبان جگە لەوەی لەم دوو مانگەدا بە هەزاران تانک و تەیارەو سەیارەو کەرەستەی سەربازیی سوپای ئەفگانستانی کەوتە دەست، بۆخۆی هێزێکی بە ئەزمون و خۆڕاگرە. شەڕی ئەمریکاو ڕووسیای کردووە، شەڕی ناوخۆی دیوە، ئەزمونی لە دەستوپەنجە نەرمکردن لەگەڵ قاعیدەو بزوتنەوە ئوسوڵی ( فەندەمێنتاڵیستەکان) ی جیهان هەیە. لە عێراق کوا بزوتنەوەیەکی وەک تاڵیبان هەیە؟. نەخێر. ئەوەی لە عێراق هەیە دوو گروپن، یەکێکیان داعش و کۆنە بەعسییەکانن، ئەوەی تریش حەشدی شەعبییە. ئەو دوانەش پەیوەستن بە ئێران و ئەمریکاوە نەک بە عێراق خۆیەوە.
3- سیاسەتی ئیدارەی بایدن لە عێراق جیاوازترە وەک لە ئەفگانستان، ئەوەش بە پێی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست، نوسەرو ڕۆژنامەنووس “ دەیڤید ئیگناتوس” لە شیکارییەکیدا، لایوایە بایدن نەیویست کێشەی ئەفگانستان بۆ سەرۆکی دوای خۆی بە جێ بهێڵێت، بەپەلەو لەناکاو و بە تەواوی مانا لە ئەفگانستان کشایەوە، بەڵام بۆ عێراق ڕێگەیەکی جیاوازتر پەیڕەو ئەکات، بەوەی ژمارەیەک لە هێزی سەربازیی ئەهێڵێتەوە، هەروەها کاری هەواڵگریی و مەشق کردن بە هێزە عێراقییەکان لە لایەن سوپای ئەمریکاوە بەردەوام ئەبێت، هەروەها ئەمریکا پاڵپشتی هەندێ هێزو کوتلەی سیاسیی ئەکات.
4- ئەگەرێک لە ئارادایە ئێران هەرکاتێک وابکات گروپەکانی حەشدی شەعبی پەلاماری کوردستان بدەن، تورکیاش ئەم ویستەی هەیەو هەبوە بە تایبەت بۆ سەر کەرکوک ( کەرکوک خاڵی بەیەکداکێشانی زۆربەی هێزەکانە). ئەم ویستەش بە پلەی ئیمتیاز بۆ ئەوەیە کورد لەپرسی ووزە بە تایبەت هێڵی بۆڕی گازو هاوپەیمانێتیە ستراتیجییەکانی رۆژهەڵاتی دەریای سپی ( مێدیتریانە) دووربخەنەوە. بەڵام ئەوەی ئەم ئەگەرەی ئێران دوائەخات و لاواز ئەکات لە هاندانی حەشدی شەعبی دژی هەرێمی کوردستان ئەوەیە سەرۆکی تازە لە ئێران “ ئیبراهیمی ڕەئیسی” پرسی دیبلۆماسییەتێکی کراوەی بۆ ناوچەکە ڕاگەیاندوە، ئێران خۆی دەیان گرفتی نێوخۆیی هەیە، لە خوارەوە گرفتی ئەمنی هەیە، لەسەرەوە نازانرێت لە چ ئایندەیەکدا تاڵیبانی دۆستی ئێران ئەبێت بە دوژمن لەم گۆڕانکاریانەدا. نازانرێت تاڵیبانی سووننەو جەماعەت ئێرانی شیعەو ئیمامەت کەی بەریەک ئەکەون!. بۆیە ئێران بەرەیەکی دیکە نا- ئارامی بۆخۆی دروست ناکات، دەنکە شقارتە بە پووش و پاوانێکەوە نانێت لە پاڵ خەرمانەکەی خۆیدا بێت!.
٥- لە پاڵ هەموو ئەمانەدا، ململانێیەکی ئیتنی و نەتەوەیی لەو ناوچەیە هەیە کە کەس باسی ناکات، ئەویش لە نێوان ئۆزبەگەکان و تاجیکیەکان و ئەفگانستان ( تورکیاش جارجار ختوکەیەکیان ئەدات) جگە لەوە بونی کەمینەیەکی شیعە لەناوخۆی ئەفگانستان…
“گەندەڵی و بندیوار خاڵی هاوبەشی نێوان ئەفگانستان و هەرێمی کوردستانن”
بۆیە ناڵێین عێراق، چونکە ئەگەر بێتو ئەزمونی ئەفگانستان دووبارە ببێتەوە، ئەوا بەسەر عێراقدا ناچەسپێت، بەڵکو مەترسییەکە بۆ سەر هەرێمی کوردستانە، چونکە لەلایەک داعش وەک کارتێکی ئەمریکی لە نێوان دەشتی نەینەواو هەولێردایە، لەلایەکیش حەشدی شەعبی وەک کارتێکی ئێرانی لەبنا گوێی هەرێمی کوردستاندایە.
ئەوەی لە ئەفگانستان بوە هۆی خێرا داڕمان و پوکانەوەی حکومەت و سوپای ووڵاتەکە، ئەوەی وایکرد پەیتاپەیتا تاڵیبان لە شاخەکان بێنە خوارەوەو سوپای ئەفگانیش کلیلی شارەکانیان ڕادەست بکەن و هەڵبێن هوکارە سەرەکییەکەی گەندەڵی و بندیوار بو، بە پێی حکومەتی وڵاتەکەو ئەمریکا حکومەت ( 300.000) سێ سەت هەزار چەکداری هەیە، بەڵام دەرکەوت چەکداری ڕاستەقینە لە ئەفگانستان ( 50.000) پەنجا هەزار کەسێکن!. ئەمەش واتا جوگرافیایەکی زۆر و شەڕکەرێکی کەم!. سەرباری ئەوەش گەندەڵی و بێ باری سەرکردەکانی حکومەت لە ساڵانی ڕابردودا. جگەلەمە هۆکارە سەرەکییەکە خودی ئەمریکا بو کە مەگەر بیست ساڵی دیکە بزانین چی لە پشت ئەوەوە وەستاوە ئەمریکا ئاوا ئەفگانستان دوای زیاتر لە ( 20 ) ساڵ ڕادەستی تاڵیبان بکاتەوە!. ئەمریکا پێش ئەوەی ئەمە بکات دوو ساڵە تەرویج بۆ تاڵیبان ئەکات و بە فەرمی دانوستانیان لەگەڵ ئەکات و…تادوایی. جگە لەوەی دەیان هۆکارو نیشانە هەن کە پەیوەندی نێوان ئەمریکاو بزوتنەوەی تاڵیبان بە بەهێزی نیشان ئەدەن ( مەلا عەبدولغەنی برادەر، سەرۆکی ئێستای مەکتەبی سیاسی تاڵیبان ساڵی 2010 لەلایەن پاکستانەوە دەستگیرکرا ساڵی (2018 ) بە فشاری ئەمریکا لە زیندان ئازادیان کرد- لە دوایین کاریدا مەلا عەبدولغەنی سەرپەرشتی گفتوگۆکانی تاڵیبانی لەگەڵ ئەمریکا کرد کە لە قەتەر بەڕێوە چوو، بەدوایدا کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفگانستان هات).
لێرەدا، بەمانایەکی تر ، ئەگەر هەرێمی کوردستان؛ گەندەڵی کەم نەکاتەوەو، سوپاو هەواڵگری و هێزەکانی تۆکمە نەکات و لەگەڵ ئەمەشدا دیبلۆماسییەتێکی هاوسەنگ پەیڕەو نەکات، ئەوا تا ئەندازەیەک مەترسیی ئەوە لە ئارادایە هەرکاتێک بە ویستی ئێران یان ئەمریکا وەکو ئەفگانستان بکەوێتە بەر پەلاماردان.
بونی دەستگایەکی هەواڵگیریی کوردیی- نیشتیمانی پاڵپشت بە دیراساتی زۆر ووردو هاوچەرخانە زامنی ئەوەیە بەرانبەرەکان ئامانجەکانیان نەپێکن، نەبونی ئەمە وەکو ئەوە وایە پاڵەوانێکی یاری بۆکسێن چاوی توند ببەستن و هەر لەخۆیەوە بۆکس بوەشێنێت!.
- Latest Posts by بەهرۆز جەعفەر
بەهرۆز جەعفەر: لەبارەی پاڵێوگە نایاساییەکانەوە.
-بەهرۆز جەعفەر: کورد یان ئەردۆگان دەرفەتیان زۆرترە؟
-بەهرۆز جەعفەر: ئایا ئیسرائیل بەڕاستیەتی؟
- All Posts