عهبدوڵا کهریم مهحمود: دایک.
کورته جیرۆک
له ژماره 16 ی گۆڤاری نووسهری کوردستان ی، نووسهرانی شاخ، ئهم چیرۆکهم لهشاری سهقز بڵاو بوهوه، پێشمهرگهیهک رووی تێ کردم، وتی ئهم چیرۆکه من و دایکم و شارهکهم ههڵهبجهیه، ئهو پێشمهرگهیه کاک شێخ جهمال ی بێژهری رادیۆی گهلی کوردستان بوو.
دا یک
وەک هەر ڕۆژێکى تر، لەئوتێل ئازادییەوە بەرەو فولکەى چوارڕێ کەوتە ڕێ، هێزو قورسایى لەشى بەتوندى خستبووە سەر دارشەقەکەى، دارشەقێکی ستێل جێ دەستێکى پلاستێک… قاچى ڕاستى بەتەواوى لەکار کەوتبوو، نزیکەى نیو مەترێک گەچى تێ گیرابوو، کە لەخەستەخانە دەریان کرد، دکتۆر پێ ی ووت: ماوەیەکى کەمەو چاک دەبیتەوەو دەگەرێیتەوە ناوچەکەى خۆتان.
لەدواى بریندار بوون، چەند مانگێک لەژێر چاودێرى دابوو، دکتۆرەکان ئەوەندە پەرۆشى نەبوون، تەنانەت بەقێزو بێزێکەوە برینەکەیان چارەسەر دەکرد، هەمیشە خۆزگەى بەدکتۆر ئاسۆ دەخواست بەکۆمەڵى داودەرمانى سادەوە، ئەم شاخ و ئەو شاخ، ئەم سەنگەرو ئەو سەنگەرى لەگەڵ دا دەگرتن، لەچاوەکانى دا، سۆزو خۆشەویستى، گیانى مرۆڤانە، ئازارو ماندووبوونى دەبینى، لە چاوەکانى ئەمانیش دا، گومانی بازرگانى و دەوڵەمەند بوون. خۆ ئەگەر دکتۆرى تیپەکە یان نەبووایە، ئێستا خاوەنى قاچى راستى نەدهبوو، تاوێکى تر خوێنى لەبەر برۆشتایە، کار لەکار دەترازا.
گەیشتە ئاستى فولکەى چوار ڕێ، پەرییەوە ئەوبەر، ئیستێکى گرت، خەڵکەکە سەرگەرمى سات و سەودا بوون، هەر فرۆشیارەى بەجۆرێک لەخولیاى بازارى کەلوپەلى خۆیدا بوو، پاڵى دا بەقەد درەختێکەوە، هەر ماشین بوو وەک تیسکەى تفەنگ بە بەردەمیا ڕادە بوورد. ماتۆر و عەرەبانەى دەستى و گارى سێ چەرخە، دەوروبەرى فولکەکەیان سیخناخ کردبوو، دووبارە دارشەقەکەى خستەوە ژێر باڵى، وردە وردە بەرەو خوارەوە هەنگاوى نا.لەدوکانەکان رەت بوو، گەیشتە ئەو بۆشاییەى بەرامبەر باخچەکەى منداڵان بوو. ئەوێ شوێنى ئارام گرتنى ئەو بوو. هەر رۆژە بۆ ماوەى چەند چرکەیەک دەچووە دنیاى بێ دەنگى و نوقمى دەریاى مەینەت دەبوو.
لەرۆخى شەقامەکە بەرامبەر باخچەى مناڵان. کوختێکى بچکۆلانەى لەتەختە و تەنەکە دروستکردبوو. لەگەڵ تێپەڕبوونى هەر رێبوارێکدا، بۆنێکى ناخۆش بەسەرو چاویدا دەڕژا، هەرکەس بەوێدا بڕۆشتایە پەلەپەلى ئەوەى بوو زووتر لەو ئاستە تێپەێ، تەنیا ئەم بوو بۆ ماوەى چەند چرکەیەک لهوێ ئارامى دەگرت، پەپوولەى خەمەکانى بەسەر دەکردەوە، بەچەند وشەیەک سۆزى راستەقینەى مرۆڤانەى خۆى هەل دەڕشت. گەیشتە ئاستى ئەو کۆخە بچکۆلانەیە. چاوى پێدا گێڕا. ئینسان لەسەردەمى تەکنیک و چەکى کیمیایى و ئەتۆم دا .. تف.. تف لەهەزار ژیانى وا. تف لەوانەى ئەم بارودۆخەیان هێناوەتە گۆڕێ. مرۆڤ لەم سەردەمەدا ئاوا بژى. لەوڵاتێکدا خاوەنى گەورەترین رێژەى زێڕى ڕەش بێت.
دەنگى دهسڕێژێک زنجیرەى بیرکردنەوەى بچڕى، گەیشتە بەردەمى کوخهکه، دەرگاکەى کردەوە، بۆن و بەرامەیەکەى توندى هەڵمژى.
- دایەگیان هاتمەوە بۆ لات!
- پیرەژنێکى شەست ساڵەبوو. ئیفلیج و پەک کەوتە، پرچەکانى سپى ببون، قاچەکانى تواناى جوڵەیان نەبوو، پشتى چەماوە بوو، تەنیا دەیتوانى دەستەکانى بجوڵێنێ، نەى ئەزانى چۆن بەو جۆرەى لێ بەسەرهاتووە.
ئاخۆ بەمناڵى. بەگەورە کچى. هەر بەو جۆرە بووە. یان چەرمەسەرى رۆژگار دووچارى کردووە. دەمێک بوو دەبوایە بمردایە، مردن بۆ ئەو ژیانێکى پیرۆز بوو. هۆى نەمردنیشى دەگەڕایەوە بۆ ئەو چەند ماڵەى دەوروبەرى.
– دایە گیان بۆ وەڵامم نادەیتەوە، ئەوە هاتووم بۆ لات، مەگەر لەم غەریبی ییە لە تۆ زیاتر دیدەنى کێ بکەم، کەدێمە لات دڵم دەکرێتەوە، دایکى خۆمم بیر دەکەوێتەوە.
دارشەقەکەى دانا، بەهێواشى لەبەر دەرگاى کوختەکە دانیشت.
- خەفەت مەخۆ دایەگیان، هەر تۆگیرۆدەى ئەم ژیانە سەختە نەبوویت. هەر کەس بەجۆرێ تووش بووە. ئەوە منیش چەند مانگێکە گیرۆدەى دەردى خۆم هاتووم، قاچێکم لەگەچ گیرا.
داپیرەش گوێ بۆ قسەکانى شل کردبوو، چاوە بچووکەکانى قەتیس مابوو، بەئاستەم دەنگى دەردەهات.
- کوڕەکەم تۆ بەچى وات لێهاتووە؟
- لەکاتى شەڕا.. لەچیادا بریندار بووم
مەگەر تۆش بێ کەسیت؟
- ڕەنگە بەو جۆرە بێت، تەنیا دایکم هەبوو، دایکیشم هەر منى هەبوو. بەهەتیوى بەخێوى کردم، بەجل شۆرى و نانکردنى ماڵان و وردەواڵە فرۆشتن و ساوەر هاڕین و مامانى.. بەهەزار دەردى سەر!
- ئەى بۆچى بەجێت هێشت.
- ئاخ پێشمەرگایەتى، هەر خزمەتە بەهەموو دایکێک تەنانەت بەتۆش. کە دێم بۆ لات لەزۆر شت دا ، دایکم دەبینم. لەبێ کەسی دا. لەبێ دەرەتانى و داماوىدا.
- هیچ هەواڵێکى نازانى
- دەمێکە برینداربووم. بێ هەواڵم، بەڵام ئەو شارەى دایکمى لێ بوو، بوو به گۆڕەپانى شەڕ. قەسابخانەیەکى گەورەى لێ دروست کراوە، دڵنیام ئێستا یان وەک خۆم ئیفلیج بووە، یا دواهەناسەى داوە.
خەمێکى قوڵ بەسەر سەروچاوە کزەکانى دا خۆى داسەپان. بێ دەنگى باڵى بەسەردا گرت. هەناسەیەکى قوڵى هەڵکێشا. دەستە لەرزۆکەکانى بەرزکردەوە. بەئاستەم به لێوە لەرزەوە، لەوێ هەستا .. وردە رودە بەشەقامەکەدا بەرەو خوارەوە هەنگاوى نا. لەوسەرى شەقامەکە، بەدەستى ڕاستدا پێچى کردەوە، خەڵکەکە لە باوەشى ئەو ئێوارەیەدا نوقم ببوون. کۆمەڵ ، کۆمەڵ قەرەباڵغییان دروست کرد بوو. بەرەو لاى خەڵکەکە کشا.
لەبەردەمى هەر دەستەیەک کەلوپەل و شڕەو پڕەو ئەساسى ناوماڵ و لێفەو دۆشەک، یەخە چاڵ و تەلەفزیۆن هەراج دەکرا. بەناو خەڵکەکەدا گەڕا، لەم لا بەرەو ئەولا، بەرەو ئەولاتر، لە پێش دا لە رووداوەکە بەئاگانەبوو. کە گەیشتە دوا قەرەباڵغى، لێفە شڕێک و کۆمەڵێ قاپ و قاچاخ دانرابوون. لێفەکە خستیە گومانەوە. لکێکى لێفەکەى راکێشا، جاجمە سوورەکە دەرکەوت، نەخشى جووتێک کۆترو ئاسکێکى گەورەى تیا بینى، زیاتر کەوتە گومانەوە.
( خۆیەتى، ئەى هاوار! ئەمە چۆن گەیشتووەتە ئێرە، هەراج دەکرێت).
خۆى پێنەگیرا.. زیاتر لێفەکەى ئاواڵا کرد. پینەى سەر لێفەکەى بینى.
بەتەواوى دڵنیا بوو، پارچە قوماشى پینەکەى ناسییەوە. دەسماڵی چەند ساڵی، لەمەوبەرى دایکى بوو.
کات و شوێنى پینەکەشى بەبیرداهاتەوە.
هێشتا برینەکانى سارێژ نەبوو، ئەم ئازارەى هاتە سەر. دوو دونیاى جیاواز باڵى بە سەر ئەو چەند کەسەدا کێشا. سەرى لەوە دەرنەدەچوو، مەگەر، چۆن گەیشتە ئێرە. ئەى دایکى ماوە. مردووە، بریندارە!
کابراى فرۆشیاریش زیاتر ڕووى تێکرد بوو، کڕیارێکى باش، نرخێکى بەرز. بە پەشۆکاوییەوە چاوى بڕىیە فرۆشیارەکە. پرسیارەکەى ئەم، هەردوو دنیا جیاوازەکەى لە باوەشى چەند وشەیەکدا خنکاند!
- ئەم لێفەیەت لەکوێ بوو؟. لەکێت کڕیوە.؟
پرسیارەکەى پێ خۆش نەبوو. خەونەکانى تیا نەدەبینرا.
- بەکۆمەل کڕیومە. دەیفرۆشم. منیش دەمەوێ چەند تمەنێکى لێ قازانج بکەم.
- لەکێت کڕیووە؟.. لەکێ؟.. ئەمە لێفەى خۆمە!
- ئەمەوێ بزانم. خاوەنەکەى ماوە یان تەنیا ئەو دایکەم هەبوو؟!
خەڵکەکە لەڕاستى ڕووداوەکە تێگەیشتن، بێ دەنگى لەڕووى هەموویان دەبینرا. رووى سەرنجیان کردە ئەم. ئەمیش تەنها نەخش و نیگاى لێفەکە و بیرەوەرىیە تاڵەکانى دنیایەکى بێ هیواو بێ سنووریان لەبەردەمیا نەخش کردبوو. بێ دەنگى زیاتر دایگرت. ئازارێکى زۆر کاسەى سەرى خروشاند، چاوەکانى ڕەش داگیرسا. هەموو لەشى بووە بورکانى ئاگرى قین، تواناى بینینى نەما. چى نەما تەختى زەوى بیت. سەرى خستە سەر دارشەقەکەى. چەند دڵۆپە فرمێسکێک بەروومەتەکانى دا هاتە خوارێ. دارشەقەکەى خستە بن باڵیەوە و هەنگاوەکانى بەرەو ئوتێلەکە کێش کرد.
1988سهقز- گهڕهکی بهرد بڕان .