زمناکۆ ئیسماعیل: 19 ئۆگەست، شۆڕشە مەزنەکەی فۆتۆگرافی.
نۆزدەی ئۆگەستی هەموو ساڵێک، ساڵڕۆژی پەخشاندنی فۆتۆگرافییە لەجیهان، ئەم ڕۆژە لەڕووی واتاییەوە، مێژوویەک و دەستپێکێکی دیاریکراوی هەیە، بەڵام لەڕووی ووێژەگەرییەوە، شۆڕشێکی زانستییە لەژیانی مرۆڤایەتی، شۆڕشێکی ئەوەندە گەورەیە کە توانی ژیانی مرۆڤ، لەقۆناغێکی وەستاو بچەرخێنێت بەرەو قۆناغێکی دیکەی جوڵاو، مرۆڤایەتی لەقۆناغی نەبوونی ووێنە، ببات بەرەو قۆناغی هەبوونی ووێنە، کە ئەمەش لەڕوانگەی منەوە بەرلەوەی داهێنان بێت، شۆڕشە، شۆڕشی جوڵە پێکردنی مرۆڤە لەنەبوونی خود ناسییەوە، بۆ بەدەستهێنانی خود ناسی، شۆڕشی بەدەستهێنانی فۆتۆو ڤیدیۆو سینەماو تەلەفزیۆن و پێشخستنی تەکنەلۆژیاو ناسینی جیهان و دونیایی ئەمڕۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، لەوڕوانگەیەوە، بۆ ئەوەی نەوەکانی دوای فۆتۆ بناسین، دەبێت خودی فۆتۆ بناسین و بزانین چیی؟.
فۆتۆ منداڵە نازدارەکەی کامێراو مرۆڤە.
بەرلەوەی باسی فۆتۆ بکەین، دەبێت بزانین کامێرا چییە؟، چونکە فۆتۆ منداڵی کامێرایە، بەبێ کامێراو مرۆڤ, فۆتۆ نایەتە بەرهەم، دەبێت بزانین، دەرئەنجامی یەکگرتن و جوتبونی بیرکردنەوەکانی مرۆڤ لەگەڵ کامێرا، فۆتۆ هاتۆتە بوون، ئەمە هاوکێشەیەکی قوڵی ژیری و بیریارییە (عقل و فکر)، دەبێت لەنێوان مرۆڤ و کامێرادا هاوسەنگی ئەو هاوکێشەیە بدۆزینەوە، دەبێت دەرئەنجام بزانین، فۆتۆ دەرخستەی ئەو دوو هێزەیە، بەڵام بەر لەفۆتۆ دەبێت بزانین مێژووی کامێراو فۆتۆ چییە و چۆن دروستبووە؟.
لەڕووی واتاییەوە زۆر کەس وادەزانن، ووشەی کامێرا(camera), ووشەیەکی ئەوروپی یاخود ئینگلیزییە، بەڵام بەپێچەوانەوە، ووشەیەکی گۆڕاوی عەرەبی عێراقییە بۆ فەرەنسی، کە لە ووشەی قومرە (qumrah)، وەرگیراوە، ئەو ووشەیە لەنێو عەرەبدا بەواتای ماڵی تاریک یاخود ژووری تاریک هاتووە، بۆ یەکهەم جار (أبو علي الحسن بن الحسن بن الهيثم البصری)، زانای فیزیاو بیرکارو فەلەکناس و تەندروستکاری سەردەمی عەباسی و لەدایکبووی شاری بەصرە، کە بە (ابن الهيثم)، ناسراوە، توانی ژووری کامێرا دەستنیشان بکات، ئەوەش لەکاتێکدا بوو، ئەو لەبواری زانستی تەندروستیدا، پێویستی بەوەبوو بزانێت، مرۆڤ چۆن دەتوانێت ببینێت، کونیلەکانی بینینی مرۆڤ، لەنێو ماڵێکی دروستکراوی بچوککراوەی شێوە سندوقدا شی دەکردەوە، لەو ڕوانگەیەوە توانی، ماڵی تاریک قومرە (qumrah)، دروست بکات، کە پاش 850 ساڵ لەو دۆزینەوەی ابن هیثم، لەئیمبراتۆریەتی فەرەنساو لەمێژووی 19 ئۆگەستی 1839، ناوبرا بە کامێرا(camera), لەوێوە شۆڕشە مەزنەکە دەستی پێکرد، شۆڕشی فۆتۆگرافی، لێرەوە دەبیت بزانین، کامێرا سندوقێکی تاریکە، بەڕێگایەکی زانستی فیزیا، دەتوانێت دەستنیشانی ئەو ئامانجە بکات کە دەکەوێتە ڕووی هاوێنەکەی، پاش بەئەنجام گەیاندنی کاری میکانیکی یاخود ئەلەکترۆنی لەهەردوو جۆرەکەی کامێرای فیلم و میمۆری، دەتوانین ووێنەی ئەو ئامانجەمان دەست بکەوێت، کە بەراوبەر هاوێنکۆی کامێرا وەستاوە.
مێژووی دروستبوونی فۆتۆ.
زانای ئەڵمانی لەبواری فیزیاو کیمیا (يوهان هاينريش شولز)، لەساڵی 1717، هەوڵیدا بگات بەئەنجامێک بۆ دەرچاندنی فۆتۆ، بەڵام هەوڵدانەکەی شکستی هاورد، لەساڵی 1744 بەو ئاواتەوە سەری نایەوە، لەپاش ئەو، زانای بەریتانی (توماس ويدگود)، لەساڵی 1800، هەوڵیدا بگات بەدەرچاندنی فۆتۆ، بەڵام پاش پێنچ ساڵ، ئەویش لەساڵی 1805، بەبێ ئەنجام سەری نایەوەو نەگەیشت بەو ئاواتەی، پاشتر زانای فەرەنسی (جوزيف نيبس)، کە بە (نیسفۆر نیبس)، ناسرابوو، لەساڵی 1826، توانی یەکهەم ووێنەی تۆمار کراو، لەپەنجەرەی ژوورەکەیەوە بچرکێنێت، ئەم کردەیە ماوەی هەشت دەمژمێری خایاند، پاشتر بەهاوکاری هونەرمەندی فەرەنسی و زانای بواری (لويس جاك ماندي داگێر)، کە بە (لویس داگێر) ناسراوە، توانی کاری شۆردنەوەی ووێنەو تۆمارکردنی لەسەر لاپەڕە بۆ بکات، بەوەش یەکهەم فۆتۆ لەمێژووی مرۆڤایەتی هاتەبوون، لێرەوە ڕەوڕەوەی مێژووی مرۆڤایەتی، بەرەو قۆناغێکی دیکە وەچەرخا، وەک دەبینین، هەتا ئەمڕۆش کاریگەری ووێنە لەسەر ژیانی تاک بەتاکی مرۆڤایەتی بەردەوامی هەیە.
ووێنە یاخود فۆتۆ کە ئەمڕۆ دەکرێت بە دوو بەشەوە، ووێنەی وەستاو (فۆتۆ)، ووێنەی جوڵاو (ڤیدیۆ)، بەرهەمی بیرکردنەوەی هەریەکە لەو زانایانەیە کەناومان هێنان، بەڵام بەهۆی سەرکەوتنەکانی (جوزيف نيبس)، و (لویس داگێر)، ئەم هەوڵدانە بۆ مێژوو، بەناوی ئەوانەوە تۆمار کراوە، لە ساڵی 1835 زانای بەریتانی (وویلیام هێنری فۆکس تالبوت)، هەوڵی زۆریدا بۆ ئەوەی فۆتۆگرافی پێشبخات، ئیمبراتۆریەتی ئەوکاتی فەرەنسا، ئەمەیان بەمەترسی زانی لەسەر داهێنانی زانایان (جوزيف نيبس) و هاوکارەکەی (لویس داگێر)، هەرچەندە (جوزيف نيبس)، پاش حەوت ساڵ لەداهێنانی فۆتۆو لەساڵی 1833، لەتەمەنی 63 ساڵی، ژیانئاوایکرد، بەڵام لویس داگێر بەردەوام بوو لەسەر لێتێژینەوەکانی، بۆیە لەساڵی 1837، ووێنەیەکی دیکەی چرکاند، ئەمەش بوو بەهۆکاری ئەوەی گڕوتین بدات بە بەرپرسانی ووڵاتەکەی و زیاتر پێداگری بکەن لەسەر ئەم داهێنانە، هەر بۆیە (لویس داگێر) توانی، (داگێروتایپ)، دروست بکات، بۆ ئەوەش بەڕێککەوتن لەتەک حکومەتی ئەوکاتی فەرەنسا، لە ڕۆژی 19 ئۆگەستی 1839، بەئامادەبوونی لیوس داگێر و بەرپرسانی ووڵاتەکەی، لەئاهەنگێکی مەزندا توانرا، (داگێروتایپ) و شێوازی کارکردنی بۆ ئامادەبووان راڤە بکرێت.
لەوڕوانگەیەوە (داگێروتایپ) سەرکەوتوو بوو، پاش 171 ساڵ بەسەر ئەو رۆژە، لە 19 ئۆگەستی 2010، یەکهەم ئاهەنگی رۆژی فۆتۆگرافی لەجیهان سازکرا، ئەو رۆژە وەک دەستپێکی رۆژی فۆتۆگرافی لەجیهان ناسێندرا، دەبێت ئەوەش لەیاد نەکەین، ووشەی فۆتۆگرافی (photography)، کە بەکوردی ووێنە یاخود دیمەنی پێ دەگۆترێت، لە ساڵی 1839، لەلایەن زانای بەریتانی (جون فریدریک ولیام هێرشڵ)، کە بە (جۆن هێرشڵ) ناسراوە، خرایە نێو فەرهەنگی جیهان، ووشەی فۆتۆگرافی (photography)، کە لەهەردوو ووشەی (photo) لەگەڵ (graphy)، پێکهاتووە، ووشەی (photo) بەواتای ڕووناکی دێت، ووشەی (graphy)، بەواتای کێشان یاخود نەخشاندن دێت، ئەوەش وادەکات کە ووشەی فۆتۆگرافی (photography)، بەواتای کێشان بەڕووناکی بچوێنین.
بەلاتانەوە سەیر نەبێت، تەمەنی کامێرا(camera), دەگەڕێتەوە بۆ نزیک بە هەزار و 40 ساڵ، بەڵام تەمەنی یەکهەم ووێنەی چرکاو 195 ساڵە، تەمەنی پەخشاندن و سەپاندنی کامێراو فۆتۆ لە پڕۆژەکەی (داگێروتایپ) ی هونەرکاری فەرەنسی (لویس داگێر)، 182 ساڵە، لویس داگێر لە ساڵی 1851 و لەتەمەنی 63 ساڵی ژیانئاوایکرد، بەڵام داهێنانە مەزنەکەیان بەردەوامە، ئەو داهێنانەی کە من وەک شۆڕشێکی نوێی مرۆڤایەتی تەماشای دەکەم، رەنگە کەسانێک بڵێن بۆ شۆڕش؟!، چونکە ئەگەر سەرکەوتنەکانی (جوزيف نيبس)، و (لویس داگێر)، نەبوونایە بە داهێنانی کامێراو فۆتۆ، مرۆڤایەتی بێ ووێنە دەبوو، ئەگەر مرۆڤایەتی بێ ووێنە بوایە، ناسنامە و پاسپۆرت بەبێ ووێنە دەبوو، مۆڵەتی شۆفێری و زۆر هەڵگری ووێنە بێ ووێنە دەبوو، بیهێننە پێش چاوی خۆتان، ئەگەر ووێنە نەدۆزرایەتەوە ئەوا لەساڵی 1882، زانای فەرەنسی (ئیتیان جول ماری) هەوڵی دۆزینەوەی کامێرای ڤیدیۆی نەئەدا و لەساڵی 1891یش (تۆماس ئەدیسۆن)، نەیدەتوانی کامێرایی جوڵەی ووێنەی کارەبایی بدۆزێتەوە، خۆ ئەگەر کامێرای ڤیدیۆش نەبوایە نە تەلەفزیۆن دەبوو، نە سینەماش دەهێنرایە بوون، خۆ ئەگەر دیمەنی وەستاو فۆتۆگرافی نەبوایەو دیمەنی جوڵاوو ڤیدیۆ نەبوایە، دونیایی بینینی مرۆڤایەتی، خاڵی بوو لە بینینی راستەقینە، بینینی مرۆڤ بۆ پێناسەکردن و پێناساندنی هەموو بەرکەوتنەکانی ژیان، بەتەنها لەخەیاڵکردن و پێناسەیەکی کورت نەبێت، درێژەی نەدەکێشا، ئەگەر ووێنە مرۆڤی نەبزواندایە ئەوا مرۆڤی لەنێوان کورت بینیدا دەهێشتەوەو ئەم درێژ بینی و قوڵبینیەی ئەمڕۆی بەمرۆڤایەتی نەدەبەخشی، لەوڕوانگەیەوە فۆتۆگرافی، بەرلەوەی داهێنان بێت شۆڕشە، شۆڕشی سەرکەوتنی زانستی فیزیا و بیرکارییە، شۆڕشی پەڕاندنەوەی مرۆڤە لەقۆناغی نەبوونی ووێنەی راستەقینە، بۆ قۆناغی بەرکەوتنی ووێنەی راستەقینە.