لوقمان محەمەد شلانی: ئەمریکا، لە عێراق دەکشێتەوە.؟!
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
ئەمریکا، لە دوای جێهێشتن و چۆڵکردنی ئەفغانستان، قسە و باس و نوسین و لێدوانی زۆری لە دەرەوەی ئەفغانستان بۆ چاودێر و ڕۆژنامەنوس و شرۆڤەکار و سیاسییەکانیش دروستکرد و بە دوای خۆیدا هێنا. هەر چی بۆ ئەفغانستانە کەمتر قسە و باس دێنێ، بەڵکو گۆڕانکارییەکی جۆری و دراماتیکی و واقیعی بە دوای خۆیدا دێنێ.
هەرچی بۆ دەرەوەی ئەفغانستانە، بە تایبەت بۆ عێراق و کوردستان بە تایبەتتر ئەوەیە، کە ئایا هەمان سیناریۆ و بەزم لە عێراق و کوردستان دوبارە ئەبێتە، تەنانەت ئەگەر بە شێوەی جیاوازیش بێ..؟!
ئەگەر ئێمە جارێ باسی ڕێککەوتنەکەی نێوان ئەمریکا و بزوتنەوەی تاڵیبان نەکەین و وازی لێبێنین کە لە قەتەر کرا، بەڵام ناکرێ هەندێ واقیع و ڕاستی هەن باس نەکرێن. بە تایبەت خاڵە لە یەکچو و جیاوازەکانی نێوان ئەو دو وڵات و کۆمەڵگایە (عێراق و ئەفغانستان). ڕاستییەک هەیە ئەبێ لە بەرچاوی هەموان ڕون و دیاربێ، ئەویش ئەوەیە، کە ئەمریکییەکان لە کەم کات و ساتدا نەبێ، یان لە مەسەلە هەستارییەکانی وەک یەک پارچەی خاکی عێراق نەبێ(کە ئەمەش دوای تێگەیشتن و خوێندنەوەی ئاستی بیرکردنەوە و داواکارییەکانی سەرکردایەتی سیاسی کورد بە تایبەت پارتی و یەکێتی لە لایەن ئەمریکییەکان لە 2003 وە)، هیچ کات ئەمریکا وەک یەک پاکێج و یەک شێوە مامەڵەی لەگەڵ کوردستان وەک عێراق نەکردوە. هەمیشە بە جیاوازتر تەماشای کردوە و هیوای زیاتری پێبوە، بەڵام ئەوەش مانای وانییە کە گلەیی و ڕەخنەی نەبوە و نییە، ئەگەر نەڵێم هەزاران، بەڵام سەدان جار ئاگادارکردنەوە و هۆشداری بە کاربەدەستانی هەرێم داوە.
بۆ ئەمریکا ئەم کشانەوەیە زۆر سادە و ساکارە و بە ئاسایشی وەردەگرێ، چونکە ئەمە یەکەم جار نییە لە وڵاتانی لێوەبوی دەکشێتەوە. پێشتر لە سۆماڵیش کشاوەتەوە، بەڵام ئەوەی بۆ ئەمریکا سادە نییە و جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە، کە هەرسێ وڵات(ئەفغانستان، سۆماڵ، عێراق) وڵات و کۆمەڵگایەکی نەگۆڕ و ئەقڵ بەستون. گۆڕان بەسەر بیرکردنەوەیان دانایەت. بۆ نمونە، ئێستاش گەلی عێراق وەک ئەفغانی و سۆماڵییەکان بیر دەکاتەوە، بەوەی ئەمریکا خاکەکەی داگیرکردوە، پێویستیان بە ئەمریکا نییە. لە کاتێکا ئەگەر ئەمریکا و هاوپەیمانان نەبونایە، هەرگیز ڕۆژێکی وایان بە چاوی خۆ نەدەبینی، کە بگەنە دەسەڵات، چونکە ڕژێم و دەسەڵاتێکی ئەوتۆ لە مەیدانبو کە ئەو پەڕی دیکتاتۆر و سەرکوتکەر و چەوسێنەربو. ئێستاش گەلی عێراق و هێزە سیاسییەکان خۆشی وەردەگرن لە کوشتن و ئازاردانی ئەمریکییەکان.
کەواتە ئەوەی ئەمریکاییەکان هاندەدا بۆ جێهێشتنی ئەم جۆرە وڵاتانە، بیرکردنەوە و کردەوەی ئەوانە نەوەک خواستی ئەمریکییەکان. تۆ سەیرکە لە دوای 20 ساڵ لە ئازادکردنی وڵاتەکەیان (عێراق، ئەفغانستان، سۆماڵ) یەک هەنگاوی جددی و باشی ئەوتۆیان نەناوە کە دڵی هاوپەیمانەکانیان خۆشکا بە ئەمریکاشەوە. ئەگەر نەڵێم زۆر هەنگاو گەڕانەتەوە دواوە، وەک لە ئیدارەدان و بەرێوەبردن خەریکە گەندەڵی سەریان دەخوا، هەرسێ وڵات لە یەکەمەکانی گەندەڵین لە جیهان، جیاوازییەکی زۆر کەمیان هەیە لە ڕیزبەندی گەندەڵی. مافی مرۆڤ هەر باس ناکرێ، تەنانەت بێ بەهاترین شت لەم وڵاتانە مرۆڤە وەک خود، هەمو شتەکانیتر لە ئەو بە بەهاترن. باسی ئازادی ڕۆژانەمەگەری، قسەکردن، سیاسی، خۆپیشاندان، چاپەمەنی، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، ئازادی کەمە نەتەوەیی و ئایینییەکان.. ئەگەر نەڵێم نینە، بەڵام زۆرخراپن.
کەواتە ئەم وڵاتانە نابنە جێگەی ئومێدی ئەمریکا، یان بە واتایەکیتر، ئەمانە نابنە وڵاتی دیموکراسی و خۆشگوزەرانی، بەڵکو هەر هەمان عەقڵیەتی پێش خۆیان دوبارە دەکەنەوە و درێژە پێدەریەتن. ئەم جۆرە ئەنجام دانە بەدەست و دەرئەنجامی 20 ــ 30 ساڵی خزمەت و ماندوبون و مانەوەی ئەمریکا لەم وڵاتانە، وا دەکا کە ئەمریکا دوبارە پێداچونەوە بە ستراتیژ و بەرنامەکانی بکا، مادامە ئەوان نەگۆرن، ئەو خۆی ئەگۆڕێ و چیتر پارەیان بۆ خەرج ناکا و سەربازەکانی ناکاتە قوربانی بۆیان. ناکرێ وڵاتێک زیاتر لە (تریلیۆن) دۆلاری لێ خەرج بکەی، هێشتا میلیشا هەبێ، ئازادی نەبێ، ڕزگارکەر بە داگیرکەر بناسی. دەوڵەت و سوپا و هێزێک نەتوانێ بەرگەی دوهەفتەی شەڕێکی کۆمەڵە مەفرەزەیەکی پارتیزانی بگرێ، شیاوی ئەوەیە زۆر زوتر و خێراتر لەناوبچێ.
ئەم کێماسیانە بۆ عێراقیش بە زیادەوە ڕاستن، ئەگەر لە ماوەیەکی کورت خۆی چاک نەکا، کە چاکبونیشی ئەستەم و مەحاڵە، چونکە چەقی زۆربەی جەمسەری ململانکەرەکان، وەک ئەمریکا، چین، ڕوسیا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئێران، تورکیا، ئیسڕائیل، وڵاتانی ئەوڕوپی و عەرەبییە.
هەرچی تایبەتە بە کوردستان، دەبێ قسەی واقیعیتری لەبارەوە بکەین. لە هەمو بارێک لە مانەوە و ڕوخانی وڵات، جێهێشتنی وڵات لە لایەن ئەمریکییەکانەوە، ئەوان وەک ئاڵا و وڵات و خاک دەمێنەوە، بەڵام کوردستان جگە لەوەی وەک گەلێکی بێ پشت ئەمێنێتەوە، ئەوەیتری هەموی ئە دۆڕێنێ و لە دەستی ئەچێ. ئەبێ لەمەو دوا کاربەدەستانی هەرێم بە تایبەت پارتی و یەکێتی، زیاتر مافە مەدەنی و مرۆییەکان بۆ هاووڵاتی و خەڵکەکەیان دەستەبەر بکە. زیندانییە سیاسییەکان ئازاد بکەن. خزمەتگوزاری زیاتر بکەن. گەندەڵی کەم بکەنەوە، هێزە جیاوازەچەکدارییەکانیان بکەنە یەک سوپای بە هێز و تۆکمە. ئومێد بۆ خەڵک بگێڕنەوە کە وەلا و خۆشەویستیان بۆ خاک و سیستەم بگەڕێتەوە، ئەگەرنا لە هەر بارێک و کەمە جوڵە و گۆڕانکارییەک حاڵیان لە کاربەدەستانی ئەفغانی باشتر و جوانتر و خۆشتر نابێ.
لە کۆتاییدا ئەگەینە ئەم ئەنجامە، ئەمریکا بەرنامە و ستراتیجیەتی خۆی بەرمەبنای دو شت دادەڕێژێ. یەکەم بەرژەوەندییەکانی خۆی. دوەمیش ئاستی بیرکردنەوە و هۆشیاری گەل و کاربەدەستتانی وڵاتی لێیەوە. ئەگەر هاتو بە خواستی ئەو نەبو، بە دڵنیاییەوە جێهێشتنی وڵاتەکەی زۆر لا ئاساییە
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە