نەوزادى موهەندیس: ئەفغانستان، قوربانى بەرژەوەندیە نێودەوڵەتیەکان!
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ئەفغانستان و گەلى ئەفغانستان ئەو وڵات و کۆمەڵگایەى کە نەفرەتى پەروەردگارى لێکراوە لە ئەزەل و دەستپێکى دروستبونیەوە، بەهۆى فرە پێکهاتە نەتەوەیى و ئاینى و مەزهەبى و هەڵکەوتە جیۆسیاسى و ئابورى و تۆپۆگرافیى خاکەکەى و دوورە دەستى و هەژارى و دواکەوتوویى و خۆخۆرى و عەشرەتگەرایى و، لە هەمووشیان ماڵوێرانتر دواکەوتەى ئاینەکانە بەتوندیەکى دەمارگیرى بێوێنەوە کە لەناوجەگەرى عەرەبەکان خۆشیاندا هێندە دەمارگیرنین بۆ ئاینى ئیسلام.
هەربۆیە ئەم وڵات و کۆمەڵگایە بە درێژایى 100ساڵى ڕابووردووى دواى داگیرکردنى ئینگلیزەکان بەبەردەوامى لەشەڕ و ململانێى براکان و ئاین و مەزهەبە جیاوازەکاندا بوە و نەیتوانیوە بپەرژێتە سەر بوارى گەشەو پێشکەوتن و ئاوەداکردنەوەى وڵاتەکەى، ئەمەش هۆکارى زۆلاى هەیە لەوانەش هەڵوێستى وڵاتە دراوسێکانى بەتایبەتى پاکستانى سونە مەزهەب کە هەمیشە هەوڵیداوە پشێوى و ململانێ ناوخۆیەکانى ئەفغانیەکان توندتر و قوڵتر بکاتەوە. بەناوى ئاین و مەزهەبى سونەى زۆرینەوە و چەوساندنەوەى کەمینە شیعەکانەوە. هەر ئەو هەڕەشە و ململانێیانە پاڵیان نا بە یەکێتى سۆڤیەتى جارانەوە لەساڵى 1979دا داگیریبکات بەهاندانى ئەمریکا و ڕۆژئاوا و تێوەگلاندنى لە گۆمى لیخنى ئەفغانستان و لەبیربردنەوەى پیلان و خەونە دێرینەکەى بۆ گەیشتن بە ئاوە گەرمەکانى کەنداوى عەرەبى کە سەرچاوەى زۆرینەى وزەى دونیان.وئەنجامیش بە زەرەروزیان و شکستخواردوویەکى گەورەوە پاشەکشەى کرد.
ئەفغانستان بەهۆى پێگە و هەڵکەوتە جیۆپۆلەتیکیە گرنگ و ناوازەکەى لە نێوان سۆڤیەت بۆ کەنداوى عەرەبى و لەسەر سنورەکان و دراوسێیەتى لەگەڵ کۆمارەکانى جارانى سۆڤیەت کە بە نەتەوە و ئاین و مەزهەب لەگەڵیاندا نزیکە و لەلاى سێهەمیشەوە وەک خەنجەرێک وابوە لە پشت و کەمەرى ئێرانەوە بەتایبەتى لەسەردەمى کۆمارى ئیسلامى ئێرانى شیعە مەزهەبدا.کە دوژمنى سەرسەختى ئەمریکا و ڕۆژئاوایە گەرچى بە ڕووکەشیش بێت.
ئەفغانستان لەساڵى 1979وە دەرگاى جەهەنەمى بەسەردا کراوەتەوە و تاکو ئێستاش بەکراوەیى ماوەتەوە و پێناچێت بەم زووانەش دابخرێتەوە، چونکە سەرى فیتنە و ئاشوبەکان ئەفغانیەکان خۆیانن کە تەنها دواى بەرژەوەندى وڵاتانى دراوسێ و دەرەکى دەکەون و ئایندە و بەرژەوەندى خۆیان لەبیرنەماوە. لەوکاتەوە کە ڕێکخراوە ئیسلامیە توندڕەوە عەرەبەکان بە فیت و هاندان و سەروەت و سامانى زۆر و زەوەندى عەرەبەکان شەڕى دژى سۆڤێتیان هەڵگیرساند و دواتریش دواى ڕزگارکردنى لەساڵى 1989دا و دەستدانە چەک بەرامبەر برا و خەباتکارەکانى دوێنێى خۆیان ودروستبوونى ڕێکخراوى قاعیدەى ئوسامە بنلادنیش ئیدى ئەفغانستان بوە گۆمى خوێن و بەبەردەوامى داواى خوێن و خۆراکى لاشەى ئەفغانیەکانى دەکرد و هەموو دونیاش سەیرى دەکردن.تا ئەوکاتەى سەرکێشیە گەورەکەیان ئەنجامدا لە 11ى سێپتەمبەرى 2001 و بە گژ قولەى قافدا چوون لە نێویۆرک و واشتنۆنى ئەمریکادا. ئیدى وەک ئەوەى دەستیان کردبێتە ناو کونى زەردەواڵەوە و ئەمریکا و هەموو ڕۆژئاواین کردە دوژمنى خۆیان و لێیان وروژان کە ماوەى زیاتر لە 10ساڵ پشتیوانیان لە ئەفغانیەکان دەکرد دژى سۆڤێتیەکان لەسەردەمى جەنگى سارددا.
لە ساڵى 1996دا لەناکاو و بێ ئامادەسازى پێشوەختە یان ئامادەکراوبوە و لە قووتوى کەپسدا هەڵگیرابوون و بزوتنەوەى سەلەفى توندڕەوى تاڵیبان سەریهەڵداو لەماوەیەکى کەموکورتى وەکو ئێستادا بۆ یەکەم جار توانى سەرکەوتنى گەورە بەدەستبێنێت بەسەر هەموو هێزە بەناو موجاهیدەکانى دژى سۆڤیەتى جاران و خۆیکردە حاکمى ڕەهاى ئەفغانستان و ئیمارەتێکى ئیسلامى توندڕەوى دامەزراند و لە زۆر وڵات و جێگەى دونیاش لایەنگر و سەرمەستانى بزوتنەوەکە دروستبوون بە کوردستانى خۆشمانەوە و گەرەکیان بوو ئیمپراتۆریەتێکى ئیسلامى و خەلافەتێکى پانوپۆڕ لەناوچەکە و دونیادا دامەزرێنن. بەڵام تەمەنیان تەنها 5 ساڵ بوو کەوتنە بە گورزى تۆڵەى ئەمریکاوە و سەرەونگونى کردن بەڵام نەیکوشتن و لەناوینەبردن و لەجێگەیاندا حکومەتێکى بەناو دیموکراسى و ئازادى و کراوە و پێشکەوتوخوازى دامەزراند و ماوەى 20 ساڵیش بەخوێن و سەروەت و سامانى ئەمریکیەکان پاڵپشتى کردن، بەڵام ئەنجام لەماوەى کەمتر لە 1 مانگدا جارێکى تر بزوتنەوەى تاڵیبان توانى شکست بەو حکومەتە لەرزۆک و گەندەڵ و بێبنەمایە بهێنێت و بێ تەقە و کوشتارى زۆر جارێکى تر خۆى کردەوە بە حوکمڕانى ڕەهاى ئەفغانستان و گەلى ئەفغانستان و تەواوى ناوچەکە و جیهانى تووشى شۆک و سەرسوڕمان کرد.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆچى ئەفغانستان ئاوهاى بەسەرداهات؟بۆچى حکومەتێکى 20 ساڵە بەرگەى 20ڕۆژى نەگرت؟کوا هێز و توانا و مقاوەمەتى هێزە ئازادیخوازەکانى ئەفغانستان؟ ئەى بۆچى ئەمریکا لە ناکاو و لەماوەیەکى کەمدا بڕیارى کشانەوەى هێزەکانى دا لەو وڵاتە؟ ئایا ئەمە سروشتى ئەمریکایە و دەکرێت پێشبینى بکرێت لەناوچەکانى ترى ململانێکاندا هێزەکانى بکشێنێتەوە ؟ و دەیان پرسیارى تریش..
بەکورتى و کرمانجى ، ئەفغانستان بوە قوربانى بەرژەوەندیە سیاسى و ئابوری و ئەمنیەکانى وڵاتانى ناوچەکە و زلهێزەکان و هەموانیان ڕێکەوتون لەسەر ئەو سیناریۆیەى گەڕانەوەى تاڵیبان دواى دوو مانگ دانوسانى چڕوپڕ لەنێوان تاڵیبان و ئەمریکا لەدەوحەى پایتەختى قەتەر. چونکە حکومەتى ئەفغانستانى دروستکراو نەیتوانى لەماوەى 20ساڵدا حوکمڕانیەکى ڕاست و دروست و شەفاف و پتەو دابمەزرێنێت و دیاردەکانى گەندەڵى و ناعەداڵەتى و مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و ناوچەگەرێتى و مەزهەبچێتى و عەشرەتچێتى وایکرد کە بنەمایەکى تۆکەمە و بەهێزى نەبێت و گەندەڵى شۆڕببوە بۆ ناو تەواوى جومگە و ءئۆرگانەکانى دەسەڵات و زۆرینەى خەڵکیش هەژار و کەمدەرامەتبوون و سوپا و هێزەچەکدارەکانیش بێ مووچە و بێ خواردن بوون، دیموکراسیەت و ئازادیەکانیش هەر بەناوبوون.بۆیە ئەمریکیەکان چیدى تواناى پاڵپشتى و دەستپێوەگرتنى ئاوها حکومەتێکیان نەما کە سوودى نە بۆ ئەوان و نەبۆ بەرژەوەندیەکانیشیان نەبوو لە ناوچەکەدا دژى ڕوسیا و ئێران و… هتد.
هەربۆیە گەرەکى بوو کە گۆڕانکارى بکات و تاڵیبان بەمەرج و شێوە و سیمایەکى نوێەوە بهێنێتەوە سەر شانۆ دواى ئەوەى کە ((کردیە تەیرێکى مەعقول)) و بەرژەوەندى و ئامانجە دوورمەوداکانى خۆى بێنێتە دى لەلایەک دژى خەونەکانى سۆڤیەت و هاتنە پێشى بۆ ناوچەى کەنداوى عەرەبى و لەلایەکى تریشەوە بۆ فشار خستنە سەر ئێرانى دوژنى ئەمریکیەکان و تەنانەت وەک ڕێگریەکیش لەبەردەم خەون و فراوانخوازیەکانى چینیشدا بۆ ئاسیا و و خوارووتر.
هەربۆیە ئەم هەنگاوەى ئەمریکا لە کشانەوەى هێزەکانى لە ئەفغانستان دوورنیە لەناوچەکانى وەکو عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن و… هتد. بکشێنیتەوە و گەلانى ئەو ناوچانەش ڕووبەڕووى قەدەرى نادیارى خۆیان بکاتەوە، چونکە ئەمریکا بەرژەوەندى لە کوێ و تاکوێ بڕبکات هەر ئەوەندە پشتیوانە و هیچ کات کوڕى خۆى ناکاتە قوربانى کچى کەسى تر. بەڵام ئایا تاڵیبان دەتوانێت ئەو مەرجانەى ئەمریکیەکان بهێنێتەدى و شەڕى لەجیاتى بەرپا بکات؟
نەخێر ناتوانێت تاسەر ئەو کارە بکات، چونکە لەلایەک ململانێ ناوخۆییەکانى ئەفغانستان لێناگەڕێن حوکمڕانیەکى ڕەها بکەن و هەر لە ئێستاوە لەلایەن هێز و نەوەى دواى تاڵیبانى 2001 وە ناڕازین لە تاڵیبان و خۆپیشاندان دەکەن و لە ناوچەى پێنجشێریش بەسەرۆکایەتى کوڕى ئەحمەد شامەسعود لە گردبونەوەدان بۆ دژایەتى تاڵیبان، هەربۆیە زۆر نزیکە شانۆگەریە خوێناویەکەى هەشتاکان و نەوەدەکانى سەدەى بیست دووبارە ببێتەوە، چونکە نە تاڵیبان دەستهەڵدەگرێت لەتوندڕەویەکەى خۆى کە پێى ناسراوە و لەسەرى دامەزراوە گەرچى لە ئێستادا جۆرێک لەنەرمى دەنوێنێت تا تەواو دەسەڵاتەکانى دەچەسپێنێت و نەهێزەکانى دژى تاڵیبانیش گەرەکیانە ئەفغانستان تاسەر پێشکەش بە تاڵیبان بکەن.
هەربۆیە ئایندەى ئەفغانستان و ئەفغانیەکان بەنادیارى دەمێنێتەوە و لە بازنەیەکى بۆشى خوێناویدا خول دەخوات و تاهەتاهەتایە ئاشتى و ئارامى بەخۆیانەوە نابینن، چونکە سروشت و هەڵکەوتە و بیر و تێڕاونینى ئەو کۆمەڵگایە هەر بەداخراوى و ململانێى و دواکەوتوویى و هەژارى ڕاهاتوون و ناتوانن تاسەر بەرگ و بیر و گوتار و کرداریان بەجۆر و مۆدێلێکى سەردەمیان بگۆڕنەوە.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی