حەسەن ڕازانی: ناڕەوایە! ئەوەی دەرهەق بە لاهوری شێخ جەنگی دەکرێت.
ئەگەر ناهەقییەک بەرامبەر هەرکەس و لایەنێکی سیاسی، دینی، مەزهەبی، کەلتووری و… هتد، بکرێت دەبێت لەبەرامبەریدا وەدەنگ بێین. هەروەها، بە بڕوای من، دەبێ لە بەرامبەر ئەو ناهەقییە ناڕەزایی نیشان بدرێت. چونکە ئەگەر وا نەکرێت ئەوا هەموو شتێک لە گرێژنە دەردەچێت و وەڵات دەبێتە دارستانێک و تەنها هێز دەتوانێ دەنگی هەبێ.
هەربە پێی بڕوابوون بەم ڕێسایەش ئێمە: کە ئێن ئاڕ تی سوتێنراو چەندین جار فشاری خرایە سەر، بە ڕێگەی هێز نەک بە پێی یاسا، وە دەنگ هاتین، کە بارەگاکانی حیزبە ئیسلامییەکان هێرشیان دەکرایە سەرو دەسوتێنران وە دەنگ هاتین، کە خەڵکی ئیسلامی و چەپ و کۆمۆنیست و ڕۆژنامەنووس تیرۆر دەکران وەدەنگ هاتین، کە ڕۆژنامەکان فشاریان دەخرایە سەر و ڕۆژنامەنووسان دادگایی دەکران لەسەر بیروڕاو لەسەر بەدواداچوون وەدەنگ هاتین، کە خەڵک لەسەر بیروڕای سیاسییان لە سەر کارەکانیان دەردەکران و نانبڕاو دەکران وەدەنگ هاتین، کە خەڵک بە گشتی و فەرمانبەران و مامۆستایان بە تایبەتی خۆپیشاندانیان لە پێناوی مووچەکانیان ئەنجام دەداو لە باتی، وەڵام دانەوە بە داواکارییەکانیان دەخرانە زیندانەوە یان بێرێزییان پێدەکراو توندوتیژی لەبەرامبەریان بەکار دەهێنرا ئێمە وەدەنگ دەهاتین، ئێمە وەدەنگ دەهاتین لە بەرامبەر لەناوبردنی ژینگەو ئاژەڵی کێوی و ماڵیش، ئێمە وەدەنگ دەهاتین لە بەرامبەر تیرۆرکرن و ڕاوەدوونانی ئۆپۆزسیۆنی پارچەکانی تری کوردوستان، وە دەنگیش دەهاتین بە بەردەوامی لەسەر هاتنە ناوەو تۆپباران و لەشکرکێشی دەوڵەتانی دراوسێ بۆ ناو خاکی کوردوستان، وەدەنگ دەهاتین لەسەر مەسەلەی شەنگال و کەرکوک، تەنانەت وەدەنگ هاتین لەسەر مامەڵەو بازرگانی هەندێک بەرپرس لەگەڵ داعش، وەدەنگیش هاتووین لەسەر ئەم هەموو دزی و تاڵانی و گەندەڵییەی کە لە ژێر سایەی حکومەتی هەرێمی کوردوستاندا ئەنجام دەدرێ، ئێمە وەەدەنگ دەهاتین لەبەرامبەرهەرناهەقییەک کە ئەنجام دەدرا لە لایەن هەر کەس و دەسەڵاتێکەوە کە ڕێکاری یاسایی تێدا نەدەگیرایە بەر بەڵک و هێزو دەسەڵات هەموو شتێکی دەبڕییەوە.
هەر بە هۆی ئەم وەدەنگ هاتنەشمان بوو کە جارێک دەکراینە گۆڕان و جارێک دەکراینە ئیسلامی و جارێک دەکراینە پارتی و جارێکی تریش بە یەکیەتی و هەندێک جاریش چۆنیان ئارەزوو لێ بووبێ و بەباشیان زانیبێ کە لە ڕووی سیاسی و ئۆتۆریتەی کۆمەڵاتییەوە بمان شکێنن ئاهوا ناوزەدیان دەکردین!.
پارتی نەبووین، بەڵام کاتێک کە لە زۆنی سەوزدا ناهەقییەک دەربارەی دۆست و لایەنگرو ئەندامانی پارتی دەکرا وەدەنگ دەهاتین. هەر بۆیەش ئەنتی پارتییەکان بە گشتی وەک دوژمن سەیرییان دەکردین. کە وەدەنگ دەهاتین لەسەر لایەنگر و ئەندامانی یەکیەتی کە لە نێو زۆنی زەردا ناهەقییان دەربارە دەکرا، زۆرێک لە پارتییەکان پێیان وابوو کە یەکیەتی بۆ ئەو مەبەستە پارەی داوینەتێ. کاتێک کە بەرگریمان لە حیجاب دەکرد پێمان دەگوترا کە بیرکدنەوەمان هی چاخەکانی بەردینە. وە کە دیفاعمان لە ئازادی پۆشاک دەکرد پێیان دەگوتین کە لایەنگریی لە بەرههەڵدایی دەکەین.
ئیتر ئا بەم شێوەیە هێناومانە. لە بەرامبەردا بە شێوەیەک ئێمەیان دەویست کە وەک تەماشاکەرێک بوەستین و بێلایەن بین یاخود وەک و لایەنگرانی تیپێکی یاری هەر چەپڵە لێدەین و شایی و لۆغان بگێڕین بۆ لایەک لە دژی لایەکەی تر. هەموو لایەک هەروای دەویست. هەر بۆیەش ئێستا ئەم مێژووە بەو شێوەیە هەربەردەوامەو بە داخیشەوە کە دەبێ بڵێم بەشێکی خەتای خەڵک خۆیەتی.
ئەوەی کە ئێستا دەرهەق بە لاهوری شێخ جەنگی دەکرێت ناهەقییە چونکە:
1- تەنها هێز دەنگی هەیەو دەرگای بۆ کراونەتەوە. تەواوی ڕێگاو دەرگاکانی تر بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە تا ئێستای نووسینی ئەم بابەتە داخراون.
2- لاهوری شێخ جەنگی هاوار دەکا کە ملی لە موو باریکترە لە بەرامبەر یاساو دادگادا. بەڵام لایەنی هێزو حکومەت بەدەست، گوێ لەو دەنگە ناگرێت!
ئەمە ئەوە دەگەێنێت کە نە ڕێگای ئەو حیزبەی کە خۆیان بە حیزبی مامی دەزانن دەگرنەبەرو نە ڕێگای ئەو دادگاو یاسایەش دەگرنە بەر. کە حیزبەکەی مام کاراکتەری سەرکییە تێیدا.
بۆیە جێی سەرسوڕمان و دیقەت دانێکی وردە و ئەو پەندە کوردییەشمان دێنێتەوە بیر کە دەڵێ: ئەو ماستە بێ موو نییە!… چونکە کەسێکی وەک لاهوری شێخ جەنگی ئەم هەموو تاوانە گەوریەی خرابنە پاڵ و توانای سەلماندنیش هەبێ و خاوەنی هێزێکی بێ شوماری حیزبی و حکومی و یاسایی و عەشائیری و تەکنیکی و تەکتیکی بیت، تۆ بێیت لە باتی ئەوەی بیگریت جا یا تەسلیم بە حیزبەکەی مامی بکەیت و حیزبەکەی مامیش بە پێی پەیڕەوو ڕێکاری حیزبییانە مامەڵەی لەگەڵ بکات یاخود بیدەیتە دەست دادگای حکومەت کە ئەویش حیزبەکەی مام تێیدا کاراو باڵادەستە کە چی بەو تاوانبارە گەورە بڵێی بڕۆ وەڵات بەجێ بهێڵە! کەواتە ئەم ماستە گوریسی تێدایە نەک موو.
بە بڕوای من ئەم کێشەیە ی نێوان کوڕانی مام و ئامۆزاکانیان نابێ وەک کێشەی خێزانی سەیری بکرێت. چونکە بە بڕوای من ئەم کێشەیە دەتەنێتەوە بۆ دەوروبەری خۆی و لە چوارچێوەی خودی خێزانیی دەردەچێت و زۆریش نزیکە کە تەواوی دەڤەرەکە پێیەوە گرفتارببێت. ئەمە کێشەی نێوان دوو هاوسێ نییە. ئەم کێشەیە لە نێوانی دوو لایەنی خاوەن نفوزی سەربازی و تەجروبەی سەربازین.. بۆیە بۆی هەیە بە خراپ بشکێتەوە بەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی دەڤەرەکە بە گشتی و بە تایبەتیش بەسەر ژیان و گوزەرانی دۆست و لایەنگرانی هەر لایەکیان کە بەرەو پوکانەوە بڕوات. بێنە پێش چاوی خۆت کە دوو هێزی سەربازیی خاوەن تەجروبەو مێژووی سەربازیی لە یەک بدەن دەبێ چ ئاسەوارێک بەدوای خۆیدا بێنێت و دەبێ کێ ببیتە سووتەمەنی ئەو پێکدادانە؟ لە لایەکی تریشەوە بە سەدان لە لایەنگران و دۆستانی هەر لایەک کە بەرەو پوکانەوە بڕوات نان بڕاو دەکرێن وەک چۆن لە ڕابردوودا لە گۆڕانەکان ڕوویداو هێشتا بەشێکیان بە نانبڕاوی دێن و دەچن. بۆیە من هیوادارم ئەمە ڕوونەداو بە یاساییانەو لە ڕێگەی یاسایی حیزبەوە یان دادگای مەدەنییەوە چارەسەر بکرێت.
بۆیە بە بڕوای من هەر لایەک پەنا بۆ دادگای مەدەنی و ئاشکرای خەڵک بەرێت ئەوە دیارە ئەو لایەنە لەسەر هەقەو توانای ئەوەشی هەیە کە لە ڕێگەی دادگاوە لەسەرهەق بوونی خۆی بسەلمێنێت. بە پێچەوانەوە پەنابردنە بەر هێزی سەربازی، لاوازیی دەگەێنێت. مێژووی شاخ پڕە لەو نموونانە. پڕە لە هەڵکوتانە سەریەکترو تۆمەت بۆ یەکتری هەڵبەستن و یەکتر تەسفیە کردن. وا ئێستا وردە وردە ئەم دیاردەیە خەریکە بەرەو شارو حوکمی شاریی بگوێزرێتەوە. بۆیە دەبێ بەری پێبگیرێت.