عه‌بدوڵڵا که‌ریم مه‌حمود: ئازاد هه‌ورامی له لوتکه‌ی قه‌ندیل.
هه‌موو ساڵێ له 31ی ئاب دا، کۆتری رۆحی ئازاد هه‌ورامی له لوتکه‌ی قه‌ندیل ـه‌وه ده‌دات له شه‌قه‌ی باڵ و ده‌گاته بابه گوڕگوڕ، له‌وێوه به‌رەو قوڵایی ئاسمان به‌رز ده‌بێته‌وه، له باڵای که‌رکوک دا له چاو ون ده‌بێ. بیست و یه‌ک ساڵی یاده‌وه‌رییه‌کانی ته‌مه‌نی له گه‌ڕه‌که میللییه‌کانی ئه‌و شاره‌دا به‌ڕێ کرد. سیانزه به‌هاری ته‌مه‌ن به پێشمه‌رگایه‌تی و شاخ به‌خشی، دوا هه‌ناسه‌کانیشی به خاک سپارد. سروشتی یاده‌وه‌رییه‌کانی ئه‌م نیشتمانه پڕه له ترژیدیای تاڵ.
ناسنامه‌ی ویستگه‌کانی ژیانی منداڵی له ئیمام قاسم و ئیسکان و پێشمه‌رگایه‌تی و گیتاره‌که‌ی و عه‌شقی بێ سنووری ئه‌و بۆشنۆ، ئه‌و فیلمه‌یه تراژیدیاییه، مه‌گه‌ر به‌همه‌نی قوبادی تۆماری بکات.
ئازاد هه‌مان هه‌ناسه‌و رۆح و بیر‌و بۆچونی شاسواره‌که‌ی سلێمانی بوو، ئازاد‌و ئارام دوو مه‌سیحی نیشتمانێکی سه‌ربڕاو بوون، ناو و نیشان و ئارامگه‌که‌یان یان بوو به وێردی سه‌رزمانی پێشمه‌رگه‌و خه‌ڵک.
ئه‌و رۆژه‌م له یاده له گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌یه‌کی هاوڕێم له گوندی مێوڵاکهوه رومان کرده هه‌ڵه‌دن، به ژێر سێبه‌ری باڵای شۆڕه چناره‌کان دا شۆڕبوینهوه، شنه‌ی باکه شه‌پۆلی گه‌ڵاو باڵای چناره به‌رزه‌کانی خستبوه سه‌ما، گه‌یشتینه بن که‌پره گه‌وره‌که‌ی باره‌گای ده‌زگای رۆشنبیری کۆمه‌ڵه، ده‌مزانی کاک ئازاد پێشمه‌رگه‌و که‌سێتیه‌کی بێ وێنه‌یه، نوسینه‌کانیم خوێندبووه‌وه، دڵم به‌وه ده‌کرایه‌وه، ئێستا سه‌رکرده‌یه‌کی روناکببیریی پڕ له ره‌وشتی شکۆی باڵا ده‌بینم، له‌و بیرکردنانهوهدابووم، پێشمه‌رگه‌یه‌ک به دۆله‌که ئاوێکی سارده‌وه به‌خێرهاتنی کردین، دوای تاوێک به چپه به هاوڕێکه‌م وت:
-کوا کاک ئازاد هه‌ورامی؟.
ئه‌ویش وتی: ئه‌و پێشمه‌رگه متوازعهی، ده‌رونی فێنک کردیته‌وه، کاک ئازادی لێپرسراوی ده‌زگای رۆشنبیری کۆمه‌ڵه بوو.
دواتر چه‌ندانجار له به دیداری کاک ئازاد له (هه‌ڵه‌دن، چاڵاوا، بهگهڵو)شاد بووم، ده‌مزانی ئازادێکی ترمان نییه، جارێک کاک ئازاد، باسی شه‌هید نه‌به‌ز* کرد، ده‌یوت: گهرنهبهز له شاره‌وه بێته شاخ، نابێ له هیچ شوێنک کار بکه‌ن، ته‌نیا له گه‌ڵ خۆم دا نه‌بێ.
ئێواره‌یه‌کی دره‌نگ من و هاوڕێ (نه‌ریمان )، ده‌مانویست له ئیستگه‌ی گه‌لی کوردستانه‌وه له بهرگهڵوهوه بگه‌ڕێینه‌وه بۆ هه‌ڵه‌دن، له‌و کاته‌دا کاک ئازاد بۆ کارێکی تایبه‌تی گه‌یشته ئێستگه، دواتر پێکه‌وه گه‌ڕاینه‌وه. باڵی تاریکایی به‌سه‌ر زنجیره چیا‌و دۆڵ و رێگاکەمان دا کشا، به درێژایی رێگاکه باسی ئه‌ده‌ب و مۆزیک و دنیای رۆمانسیه‌تی رۆحی جوانی سوشت و پێشمه‌رگایه‌تی بۆ کردین.
ئازاده‌که‌ی هه‌ورامان و که‌رکوک، پێشمه‌رگه‌و هونه‌رمه‌ندو نووسه‌ر و سیاستمه‌دارێکی ورد‌و قوڵ، سه‌رکرده‌یه‌کی تایبه‌تمه‌ندو به‌وه‌فاو خاکی بوو، هه‌نگاوی نوێی ده‌نا، دوای ئه‌و کێ؟ له هه‌رامان و که‌رکوک و سه‌راپا نیشتمان، به هه‌مان هه‌ناسه‌و رۆح و هه‌ڵوێسته‌وه، خاکیانه، دوور له نه‌رجسیه‌ت، به گیانی وه‌فاو ئه‌مه‌که‌وه، ده‌توانێ هه‌نگاوه‌کانی ئه‌و ته‌واو بکات، ببێ به وێردی سه‌ر زمانی خه‌ڵک.
هاوکێشه سیاسییه‌کان به‌جۆرێک گۆڕاون ئه‌وسا، ئه‌وسا بوو، ئیستاش ئێستایه، ئه‌م روخسارانه‌ی ئێستا، خاوه‌نی هه‌موو شتێکن و هیچێش نین، که‌س خۆشی ناوێن، ته‌نیا ماستاوچی و ئینتیهازییهکانی ده‌وروبه‌ریان نه‌بێ، ئه‌ویش هه‌مووی درۆ‌و فێڵ و سیناریۆی سهوزوزهردو نیلی و سووره.
ئازاد وه‌ک مه‌سیح پێشمه‌رگه بوو شۆڕشی کرد، هەڵوێسته‌کانی ئازاد مه‌سیح ئاسا پڕبوو، له به‌های ئاشتی وخۆشه‌ویستی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی، وه‌ک مه‌سیح له خاچ درا، به ده‌م سوێی ئازاره‌کانی یه‌وه تا دوا هه‌ناسه سروودی رێی خه‌باتی بۆ( خاک بۆ پێشمه‌رگه بۆ شنۆ) ده‌وت:
رێی خه‌باتمان چه‌نده سه‌خت و دووربێ
با چوار ده‌ورمان کڵپه‌ی ئاگربێ
له‌م رێ یه پیرۆزه هه‌رگیز لاناده‌ین
ئێمه‌ین بۆ مردنیش ئاماده‌ین
*نه‌به‌ز ، ناوی نهێنی شه‌هید ( ئارام محه‌مه‌د که‌ریم)بوو ،له 17/12/ 1985 ،( ئارام و سه‌ردار و هیوا) له به‌رده‌م سانه‌وی رۆشنبیردا ، گوله باران کران.
- Latest Posts by عەبدوڵا کەریم مەحمود
عەبدوڵا کەریم مەحمود: ئاسۆیەک ئاوا نابێ.!
-عومەر سەیدە: دادگایی‌کردنی تاوانبارێکی ئەنفال، ئەم تاوانبارە بناسن.
-عەبدوڵا کەریم مەحمود: سەرۆک جاشەکان و کەسایەتییە دیارەکان!
- All Posts