دلێر محەمەد نوری: ئاڵای فەڕەنسی و ئاماژەکانی لە ئۆسلۆوە بۆ هەولێر.
ئاڵای فەڕەنسی و ڕەنگەکانی سێ ئاماژەی جوانی باڵای، پڕ مانا بۆ مرۆڤایەتی، لە هەموو ئان و ساتێکدا، لە خۆگرتووە. کە ئەوانیش ئازادی و یەکسانی و برایەتین.
فەرەنسا لە ساڵی 1794 ەوە ئەم سێ ڕەنگەی بۆ ئاڵاکەی خۆی هەڵبژاردووە. کە ئەم سێ ڕەنگەش خۆی لە ئامانجەکانی شۆڕشی فەرەنسیدا ئەبینێتەوە. ئەو شۆڕشەی ماوەی 10 ساڵ درێژەی کێشا و تیادا گەلی فەرەنسی و فەرەنسا بە گەورەترین کێشمەکێشی کۆمەڵایەتی و سیاسی خۆیاندا تێپەڕین. بە کورتی لە ساڵی 1789 ەوە فەڕەنسییەکان دەست و پەنجەیان لە گەڵ بنەماکانی ئازادی و یەکسانی و برایەتی نەرم کردووە.
ئیمانوئێل ماکرۆنیش کە لە 2017 ەوە سەرۆکی فەرەنسایە و بۆ خۆیشی، خاوەنی چەند بڕوانامەیەکە لە بەڕێوەبردن و خۆیندنی سیاسەت، تۆ بڵێی ڕەنگە پڕماناکانی ئاڵاکەی لە بلاجکتۆرە ڕەنگاوڕەنگەکانی دیواری قەڵای هەولێر جیانەکاتەوە؟
ماکرۆن گەیشتە “هەولێری ئازادی و هەولێری یەکسانی و هەولێری برایەتی”. تا بڵێی لە شاشەکانەوە دیمەنی جوان و شایستەمان دی بەو سەرۆکە جیهانییە. ئەوە لە فەرشی سور ڕاخستن و چی کراوە و چی خوراوە لەو دیو پەرژینی ماڵەکەی سەرۆکەوە هەر لێی گەڕێن.
هەولێر لە چاوی کامێراکانەوە و بەو ڕووکەشییەی کە ماکرۆن بینی لە فەرەنسا ئازادتر ئەهاتە بەرچاو. ئەو فەرەنسا ئازادەی کە جورئەتی دایە پیاوێک تا بەوپەڕی لەخۆبووردەوە شەپازلەیەک لەسەرۆک بدات، بەبەرچاوی کامێراکانەوە، بەڵام ئاخۆ ماکرۆنیشو ئێمەش لەخۆمان پرسیوە گەر ڕەشو ڕوتێکی هەولێر شەپازلەیەک بدات لەسەرۆک، لەنێو حەشامات و بە بەرچاوی کامێراوە، چارەنووسی بە کوێ دەگات؟ دەبا جەنابی ماکرۆن سەردانێکی زیندانیانی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینانی کردبا لە زیندان، تا بیزانیبا چ ئازادییەک وا لەم هەرێمەدا بەرقەرارە؟
جا هیوادارم بەڕێز مامۆستا دکتۆر عادل باخەوانی سۆسیۆلۆجی گەورەی کوردی- فەرەنسی، کە تیشکی زۆری خستۆتە سەر دۆستایەتی نێوان سەرۆکی فەرەنسی و سەرۆکی هەرێم، ئەرکی کێشابا و ئەم کورتە وتارەی کردبا بە فەرەنسی، تا بەو هیوایەی ماکرۆن چاوی پێ کەوتبا و تێفرایبا چ ئازادییەک وا لە هەولێرا!
بۆ تێگەیشتنی جەنابی ماکرۆنیش لە یەکسانییەکەی دەسەڵاتدارانی پیرە هەولێرێ، با تەماشایەکی ماشێنەکەی سەرۆکی هەرێم بکردایە، کە دیمەنە دڵڕفێنەکانی شاری نیشاندا و سەردانێکی ماڵەکەشی بکردایە و بیبینیایە کە تاکە ماڵی سەر ڕووی زەوییە، کە بە ماشێن بتوانی بە نێویدا بسووڕێیتەوە و لەوێشەوە بچوایە، بۆنێکی بەرباخەڵی خەڵکی باداوای بردایە و بیپرسییایە، ئەڕی بەڕاست ئەوە لە کەیەوە خۆتان نەشووشتووە؟ ئێوە زاهیدن یان چی؟ باوەڕ ناکەم لە کەم ئاوی بێت، بەوەی من دیوە لە ماڵی سەرۆک، دەبێ هەر نەبێ ئێوە هیچ کەم کوڕییەکتان نەبێت. ئەی گوایە یەکسانی ئەبێت چۆن بێت؟
بۆ برایەتیش باوەڕ ناکەم ماندووبوونێکی زۆری بوێ، ئەگەر تۆ لەم سەردانەدا لە پارتی و زێڕەڤانی و مام و کوڕ و بڕازایەک، زیاترت بینی بێ، ئەوە من بە هەڵەدا چووم. ئەگەر گێڕانەوەکانی نادیە موڕاد و برادەرانی هەولێر و وەفدی شەڕڤانان و شەنگالییەکان فەرقی نەبوو لە گەڵ گێڕانەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم، سەبارەت بە دۆخی برایەتی نێوان خۆیان و شەنگالییەکان و کوردانی ڕۆژئاوا، ئەوە دیسان من بە هەڵەدا چووم.
خۆ ئەگەر زۆر وردی بکەمەوە بۆ برایەتی نێوان دەسەڵاتی هەولێر و حزبەکانی دیکە، بفەرموون سەرێک لە حزبەکانی سلێمانیش بدەن، بزانن ئەوان چی ئەڵێن. گەر نەیانووت لە برا زۆر بچووک و تێهەڵدراوەکە یان مشەخۆرێک زیاتر، دەنا ئەو برادەرانەی هەولێر، کەسیان بە برای ڕاستەقینە قبووڵ نیە، ئەوە دیسانەوە بە هەڵەدا چووم، جا با دروشمی سەرەکیشیان برایەتی بێت، دوا تکاشم جەنابی سەرۆکی فەڕەنسا ئەوەیە، گەر ئەم جارە هاتیتە دیدەنی برادەرانی هەرێم، هەوڵ بدە هەندێک لە ماناکانی ئازادی و یەکسانی و برایەتییان بۆ شیبکەیتەوە، خۆ ئەوان شت هەر هەر لە تاران ستەم و ئەنکەرەی ڕەگەزپەرستەوە، فێربوون، با هەندێک بەهاش لەتۆوە فێربن.
تێبینی: سێ تەوالێتی گشتی هەیە لە چەقی شاری ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج کە بە تەنیشت یەکەوە دانراون و بە ڕەنگی ئاڵای فەرەنسی ڕەنگکراون و لە سەر هەر یەکێکیان، یەکێ لە ئامانجەکانی شۆڕشی فەرەنسی نووسراوە. بەمەشە دەگەمە ئەوەی لە زۆر شوێنی ئەم دونیا ئازادی و یەکسانی و برایەتی مەگەر هەر لە تەوالێتدا بەرجەستە بێت.