زمناکۆ ئیسماعیل: کەمپەینی ناوی من ناوی دایکمە و لێدەرەکانی.
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی مرۆڤی ئێمە، قسەکردنە لەسەر هەموو شتێک، قسەکردنە لەسەر هەموو کارو کردارێک، پرژاندنی قسە بۆتە ناسنامەی زۆرینە، لەنێو ئەو زۆرینەیەش سوپایەکی لێدەر لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستبووە، بەجۆرێک، بۆشاییەکیان نەهێشتۆتەوە، بۆ خەڵکانی پەیوەستدار بەو بوارەی کە دەبێت قسەی لەسەر بکات قسە بکات، بەڵکو بەرلەوەی ئەو کەسە قسە بکات، لێدەرەکانی نێو فەیسبوک، بەکامی دڵ، لەو پڕۆژەو لەو کارو ئامانجە ئەدەن، کەدەیکەنە نێچیری نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەشێوەیەک شڕو شیتاڵی دەکەن، مەگەر شڕەبا بەو جۆرە شڕی کردبێت.
کەمپەینی (ناوی من ناوی دایکمە)، یەکێکە لەو هەزاران ئامانجەی کە کەوتۆتە بەردەم لێدەرەکانی، ئەم پڕۆژەیە لەبنەمادا، بەمەبەستی پاراستنی شوناسی ئەو منداڵانەی کە پاشماوەی جەنگە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقە دروستبووە، بەڵام لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، سوپایەکی موتوربەکراو بەووشەو جنێو، هێزێکی ئامادەبووی قسەکار لەسەر هەموو شتێک، کەوتونەتە لێدان لەم کەمپەینە، بەجۆرێک خەڵکی گشتییان وەها تێگەیاندووە، کە ئەم پڕۆژەیە بۆ گۆڕینی پاشناوی باوکە بۆ پاشناوی دایک، بۆ نمونەو بەقسەی ئەوان بێت، دەبێت (من کەناوم زمناکۆ ئیسماعیلە بکرێم بە زمناکۆ زەکێ)، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەو پڕۆژەیە، هیچ پەیوەندییەکی بەگۆڕینی پاشناوی باوکەوە نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکە، باس لەگێڕانەوەی ماف بۆ مرۆڤگەلێکی دیاریکراوی کۆمەڵگا دەکات، ئەو مرۆڤگەلەش بەپێی یاسای عێراق مافیان بۆ دیاریکراوە، کە خۆی دەبینێتەوە لەئامادەكردنی رەشنوسى هەموارکردنی تایبەت بە (یاساى کارتى نیشتیمانى عێراقى ژمارە 3 بۆ ساڵى 2016، كە تیایدا “چارەسەری گونجاو” بۆ ئەو منداڵانە دیاریدەكات کە رەچەڵەکیان نادیارە).
واتە هەموو ئەو منداڵانەی کە لەشەڕە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، بەهەر هۆکارێک بێ باوک بوون، لەناسنامەیاندا لەجێگای ناوی باوک، ناوی وەهمی کراوە بەپاشناویان، دەکرێت و دەبێت مافی هەڵبژادنی ناوێکی دیکەیان پێبدرێت، کە بۆ ئەوەش ناوی دایکیان بەگونجاو دەزانرێت، چونکە لەئەنجامی ئامادەنەبوونی باوکیان، دایکیان زەحمەتی زۆری لەگەڵدا چەشتوون و دەبێت پاش نەبوونی ناوی باوک، ئەو مافە بەدایکیان بدرێت و ناوی دایکیان بکرێت بەپاشناویان.
هەتا ئێرە مافی ئەوانەو دەبێت کاریان بۆ بکرێت، بەڵام ئەوەی کە مافی من و تۆی هاووڵاتی و هاونیشتیمانییە، ئەو مافە لەو مافخوراوانە نەسێنینەوە کە خەریکە بۆیان دەسەندرێتەوە، ئەوەی کە ئەرکی ئێمەیە، هاوکاریکردنی ئەم کەمپەینەیە، کە لەبنەمادا هاوکاری کۆمەڵێک منداڵی هەتیووە، خۆ ئەگەر ناتوانین هاوکاری ئەو منداڵە بێ باوکانە بکەین، دەکرێت پشتگیری هەڵسوڕاوانی نێو ئەو کەمپەینە بکەین، ئەگەر ناشمانەوێت هاوکاری چالاکوان و هەڵسوڕاوانی ئەو کەمپەینە بکەین، دەتوانین بەجوڵەیەکی بچوکیش بێت، بەشێک نەبین لەو سوپا گەورەی لێدەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە لەهەوڵی شکاندنی ئەم کەمپەینەو چەواشەکردنی کۆی گشتی خەڵکدان.
ئەگەر تۆی هاووڵاتی لەڕووی دینییەوە دەتەوێت رێز لەمنداڵی بێ باوک بگرێت، ئەوا لەقورئاندا 21 ئایەت لەسەر رێزگرتنی منداڵی هەتیوو هاتووە، ئەگەر لەڕووی مرۆڤایەتییەوە دەتەوێت هاوکاری ئەو منداڵانە بکەیت، بەتەنها بەشێکبە لەو کەسانەی کە بەچاکە لەسەر ئەم پڕۆژەیە دەپەیڤێن، ئەگەر رۆشنبیریت، میدیاکاریت، هونەرمەندو نوسیارو مامۆستاو فەرمانبارو خوێندەواریت، بەشێکبە لەگەیەنەری گۆتاری راستەقینەی پاشناوی دایک بۆ ئەو منداڵانەی بێ باوکن، کە کەسانێک گەرەکیانە لە کەمپەینی (ناوی من ناوی دایکمە)، ئەو مافەیان بۆ بسێننەوە.
دەبێت ئەوە لەیاد نەکەین، بەتەنها لەشەڕی چەکدارانی داعش لەعێراق، نزیک بە 12 هەزار منداڵی بێ ناسنامە هەیە، بەتەنها لەنێو ئێزیدییەکان هەزار و 400 منداڵی بێ باوک هەیە، کە زۆرینەیان دەرئەنجامی دەستدرێژی سێکسی چەکدارانی داعش هاتونەتە بوون، بەوپێیەی ئێستا ئەو منداڵانە بەبێ باوک ماونەتەوەو وەک هەتیوو تەماشا دەکرێن، دەبێت مرۆڤانە لێیان بڕوانین، ناکرێت ئێمە لەچاکەیەکی گشتی لەوجۆرەدا دژبین، ناکرێت خۆمان بکەینە نێو سوپای لێدەرەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خەڵک چەواشە بکەین، ناکرێت و نابێت، هەڵسوڕاوانی ئەو کەمپەینە بکەینە نێو سەنگەرێک و بەکامی دڵ لێیان بدەین، ئەمەش لەکاتێکدایە بەسەدان منداڵ لەبەردەم هەڕەشەی جیاکاری رەچەڵەکدان، هەزاران منداڵی هەتیوو هەیە کە پێویستیان بەدەستی هاوکارییە، هەزاران مرۆڤ هەیە پێویستیان بەخوێندن و ژیانکردنە، هەزاران منداڵ هەیە پێویستیان بەوەیە وەک مرۆڤ تەماشا بکرێن، دەبێت و دەکرێت، ئەم پرسە لەپرسی زۆرە ملێ جیا بکەینەوە، دەبێت و دەکرێت ماف لەو مافخوراوانە وەرنەگرینەوەو بەڕێزەوە فەرمویان لێبکەینەوە بۆ نێو کۆمەڵگا، باشترین بژاردە بۆ من و تۆی بەکارهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەوەیە، ئامانجی ئەو کەمپەینە بخوێننەوەو بزانن چەند منداڵی بێ باوک لەبێ ناسنامەیی رزگار دەکات، ئەگەر دژ بەچاکەی گشتی بوو، ئەوکات بکەونە سەر ووێزەی بانگەشەکارانی ئەو پڕۆژەیە، خۆ ئەگەر بەمەبەستی رێکسازی چاکەی گشتی بوو، با بەهەموومان گوڵبارانیان بکەین، خۆ ئەگەر ناتوانین گوڵبارانیان بکەین، با سەر بەقوتابخانەی جنێوبارانکردنی لێدەری نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەبین.