بەهرۆز جەعفەر: زنجیرە کتێبی کامبریج : کتێبی دەربارەی کورد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆ بەڕێز/ وەزارەتی ڕۆشنبیریی
کامبریج وەکو دانیشتگایەکی شارستانی-زانستی بە نزیکەیی (830) ساڵە هەیە، لە کۆتاییەکانی سەدەی دوانزەوە هەیە. نزیکەی ( 120 ) ساڵە لە (1902) ەوە ئەم ناوەندە شارستانییە کار لەسەر کتێبی قەوارە گەورە ئەکات لە کۆکردنەوەی ئەرشیف و نوسینی مێژووی گەلان دا.
لە ئەپرێلی ئەمساڵی (2021 ) ەدا، کامبریج کتێبکی دەربارەی کوردو مێژووەکەی چاپ کردووە. من تا ئێستا کتێبەکەم نەخوێندۆتەوە. بەڵام دڵنیام گرنگی زۆر گەورەی لەسەر پرسی ئێستاو داهاتووی کورد ئەبێت. کتێبەکە نزیکەی (960) لاپەڕەیە، لە (41) چاپتەر پێکهاتووەو (41) نووسەری بیانی و کورد بەشداریان لە نووسینی دا کردووە. سێ نوسەریش لەو چلو یەکە کە دووانیان بە دڵنیایی کوردە سەرپەرشتی چاپ کردنەکەیان کردووە، کە حامید بۆزئەرسەلان و جەنگیز گونەز و والی یادیرگی.
ئەم کتێبەی کامبریج لە زنجیرە بەردەوامەکانی خۆیدا چاپی کردوە، ئامادەکردنەکەی نزیکەی ( 3 ) ساڵی خایاندووە. هەر لە سەدەی پانزەهەمەوە باسی هەموو رەهەندێکی کۆمەڵایەتی و جوگرافی و سیاسیی و ئابوریی کوردستانی کردووە.
ئەوەی سەرنجڕاکێشە، دیارە کە کتێبەکە هەموو ووردبینی و شارەزاییەکی تیا خراوەتە ڕوو، بۆ نمونە یەکێک لەو مێژوونووسە بیانیانەی کە نزیکەی چل ساڵە قسەو کتێبی لە سەر کورد هەیە خوێندنەوەی بۆ کتێبەکەی کامبریج کردووە، ئەویش “ دەیڤید ماکداوڵ” ە نوسەری کتێبی “ مێژووی هاوچەرخی کورد” ئەم کتێبە خوالێخۆشبو مامۆستا ئەبوبەکر خۆشناو کردویەتی بە کوردیی.
زنجیرە کتێبە مێژووییەکانی کامبریج (Cambridge Histories). گرنگی زۆر زۆریان هەیە. هیوادارم وەزارەتی ڕۆشنبیریی وەک پرۆژەیەکی گەورە بودجە بۆ بە کوردیی کردنی ئەم کتێبە تەرخان بکات و، تیمی پسپۆر یان دامەزراوەی زانستی بۆ ڕابسپێرن و، لە ماوەی ساڵێکدا وەربگێڕێتە سەر زمانی کوردیی و دەیان هەزاری لێ چاپ بکرێت.
بەڕێزان… ئەم کتێبە گرنگی زۆری هەیە، بە بڕوای من یەکێک لە ماهیەتەکانی ئەم کتێبانە ( بەڵگە زانستییانە)، کە لە ناوەندە دانسقەو شارستانییەکانی خودی ڕۆژئاوا لەبارەی کوردەوە ئەنوسرێت، سەلماندنی ئەو ڕاستیانەیە کە کورد لە مێژوودا هەبوە، کورد جوگرافیایەکی گەورەی هەبوە لە ئاوەوە بۆ ئاو فەرمانڕەوایی کردووە. ئەوەتا ئیمڕۆکە لەگەڵ ئەوەی کەس لەناو کورددا نەماوە بڵێت“ موسڵ کوردستانە”، بەڵام بەڵگەنامەکانی خودی دەوڵەتی عوسمانی، دواتر کۆمەڵەی گەلان “ عصبة الأمم” و ئینجا دەولەتی عێراق خۆیان ماوە کە موسڵ و کەرکوکیش کوردستانە. بەڵگەیەکی زانستی مەوسوق کتێبی (مشکلة ولایة موصل والحاقھا بالعراق) دکتۆرانامەی (فازل حسین) کەسێکی عەرەبیشە، ساڵی (1952 ) پێشکەشی کردوە، لەزانکۆی (اندیانا-Indiana university) لەویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا. لەم کتێبەدا توێژەر باسی ئەوە دەکات کە:” تورکیا خۆی بەواریس و خاوەنی ھەتاھەتایی موسڵ ئەزانێت، بەریتانیاش ویستویەتی شارەکە سەربە دەوڵەتی عێراقی نوێ بێت. بەڵام شارەکە کوردییە.
کوردستان، ئەگەر سبەینێ ببێ بە دەوڵەتیش، تەواوی دونیاش پاڵپشتی بکات، هێشتا پێویستی بەوەیە بیانو بۆ بون بە دەوڵەتی بهێنێتەوە… بۆچی تۆ ببی بە دەوڵەت!؟. لەبەر خودی ئەم بەڵگەو ئەرشیف و پاشخان و نوسینانە..
بەڕێزان..
بە دەیان بەڵگە ساسانییەکان کورد بون، پاشای فارسەکان ئەردەوانی پێنجەم نامەیەک بۆ ئەردەشێری دامەزرێنەری ئیمپراتۆریەتی ساسانییەکان نوسیوە، نامە پڕ سوکایەتی پێکردنەکەی (پادشا ئەردەوانی پێنجەم) لە کۆشکی پاشایەتی و لە بەردەم کاربەدەستانی شانشینی ساسانیدا دەخوێنرێتەوە. لە نامەکەدا ئەمەی خوارەوە نوسرابوو:
“هەی بەچکە کورد تۆ سنوری خۆتت بەزاند و مەرگی خۆتت دیاری کرد، تۆ لە ژێر دەواری کوردیدا پەروەردە بوویت، کێ ڕێی پێداوی بە لەسەرکردنی ئەو تاجە؟ “.
هەریەکە لە “تەبەری” و “ئیبن ئەسير” ئاماژەیان بەو نامەیە داوە لە؛
١- ابو جعفر محمد بن جرير الطبري. تأريخ الرسل والملوك. المجلد الثاني، المطبعة الحسينية، مصر، 1336 هـ، صفحة 57.
٢- إبن الأثير. الكامل في التاريخ، المجلد الأول، صفحة 133.
نامەکەی پادشای ئەشکانیە فارسەکان (ئەردەوانی پێنجەم)، بە ڕوونی دوپاتی ئەو ڕاستیە دەکاتەوە کە بنەماڵەی ساسانیەکان کورد بوون.
ئازیزان، تراژیدیا لە هەژاریی فەرهەنگییەوە دێت، ئەو گەلەی فەرهەنگی نەبێت جێگەی لە شارستانییەتی هاوچەرخ دا نابێت، ئەوانەی بە دوای مێژووی خۆیان ناکەون، هەمیشە مەحکومن بە دووبارەبونەوەی کارەساتەکانی ڕابردوو.
جا بۆیە، ئێوە لە ئێمە باشتر و، ئێمەش لە ئێوە باشتر ئەزانین بە سەدان ملیۆن و ملیار لەم کوردستانە بۆ باری لابەلا چووەو ئەچێت. با چوار کاری واگەورەش بکرێت و دوو ناوەند بۆ ئەم کارە ستراتیجیانە بخەنە سەر پێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت